دەقی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق

02/02/2026, 16:36 (GMT+1)
دەقی رەشنووسی "ڕێککەوتنی هاوبەش" لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاوکرایەوە، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە گرژییەکان و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولایە لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریادا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم رەشنووسە لە ١٤ خاڵ و چوار قۆناغ پێکهاتووە و جێبەجێکردنەکەی مانگێک دەخایەنێت، جگە لە قۆناغی پێنجەم کە تایبەتە بە پابەندبوونی هەمیشەیی نێوان هەردوولا. یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم رێککەوتنە بریتییە لە راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گشتگیر و راگرتنی هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردن، لەگەڵ بەردەوامبوونی هەسەدە لە پاراستنی زیندانەکانی داعش.
هەروەها لە بڕگەیەکی تری گرنگدا هاتووە کە هێزەکانی هەسەدە لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ دەکشێنەوە بۆ ئەو سەربازگانەی لەسەری رێککەوتوون، لە بەرامبەریشدا سوپای سوریا بە شێوەیەکی دەستبەجێ بۆ شارۆچکەی شەدادی لە باشووری حەسەکە دەکشێتەوە، هاوکات کێڵگە نەوتییەکانی ڕمێلان و سوێدییە رادەستی وەزارەتی وزە دەکرێن.
١- راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گشتگیر و راگرتنی هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵان بەپێی رووداوەکانی ئەم دواییە. لەگەڵ بەردەوامبوونی پاراستنی زیندانەکانی "داعش" لەلایەن "هێزەکانی سوریای دیموکرات" (هەسەدە). هەروەها پێشکەشکردنی تەواوی پشتیوانی لۆجیستی بۆ پرۆسەی چۆڵکردنی ئێستا.
٢- کشاندنەوەی سەربازیی هێزەکانی "هەسەدە" لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بۆ ئەو سەربازگانەی لەسەری رێککەوتوون، لە بەرامبەردا
٣- پێکهێنانی (فیرقە) سەربازی بۆ پارێزگای حەسەکە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی سوریاوە، لەگەڵ تێکەڵکردنی هێزەکانی "هەسەدە" لە چوارچێوەی سێ لیوادا.
٤- تێکەڵکردنی هێزی سەربازی لە کۆبانێ لە چوارچێوەی لیوایەکدا کە سەر بە فیرقەکی سەربازی بێت لە پارێزگای حەلەب.
٥- هاتنەناوەوەی ١٥ ئۆتۆمبێلی ئەمنی بۆ هەریەک لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، و دەستپێکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە "هەسەدە" لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ.
٦- دانانی بەرپرسە خۆجێییەکان:
دانانی پارێزگارێک بۆ حەسەکە بە بەربژێرکردنی "هەسەدە".
دانانی فەرماندەیەک بۆ ئاسایشی پارێزگاکە بە بەربژێرکردنی حکومەتی سوریا.
دانانی بریکارێک بۆ وەزیری بەرگری بە بەربژێرکردنی "هەسەدە".
٧- وەرگرتنی پێگە هەستیار و گرنگەکان:
وەرگرتنی کێڵگەی ڕمێلان و سوێدییە و تێکەڵکردنی فەرمانبەرانی مەدەنی لەلایەن وەزارەتی وزەوە.
وەرگرتنی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ لەلایەن دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنییەوە.
٨- ناردنی تیمێک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکانەوە بۆ دەروازەی سێمالکا و دەروازەی نوسەیبین بۆ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی مەدەنی و رێگریکردن لە بەکارهێنانی دەروازەکان بۆ هێنانی چەک و بیانییەکان لە دەرەوەی سنوور، و کاراکردنی دەروازەکان بە شێوەیەکی دەستبەجێ.
٩- وەرگرتنی تەواوی دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لەلایەن حکومەتی سوریاوە و تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا و جێگیرکردنی (دامەزراندنی) فەرمانبەرانی مەدەنی کە لەو دامەزراوانەدا کار دەکەن.
١٠- رێگریکردن لە هاتنەناوەوەی هێزە سەربازییەکان بۆ شار و شارۆچکەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە، بەتایبەتی ناوچە کوردییەکان.
١١- یەکلاییکردنەوە و پەسەندکردنی هەموو بڕوانامەکانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان کە لەلایەن بەڕێوەبەریی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەرچوون.
١٢- مۆڵەتدان بە هەموو رێکخراوە ناوخۆیی و ڕۆشنبیرییەکان و دامەزراوە میدیاییەکان بەپێی یاسا بەرکارەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.
١٣- کارکردن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێڕەوی خوێندنی کۆمەڵگەی کوردی و رەچاوکردنی تایبەتمەندیی پرۆسەی فێرکردن.
١٤- دابینکردنی گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکان بۆ شار و گوندەکانیان (عەفرین، شێخ مەقسود، سەرێ کانی)، و دانانی بەرپرسی خۆجێیی لە چوارچێوەی ئیدارە مەدەنییەکانی ئەو ناوچانە.