پارادیمەکەی پەکەکە و قورئانەکەی موحەمەد

24/02/2026, 1:53 (GMT+1)
گەر بە ووردی بڕوانینە ئەو هەموو بەڵێن و قسە خۆش و باق و بریقانەی قورئان بۆ موسڵمانان و باوەڕپێکراوانیان هەر لە بەهەشت و حۆری و ڕووباری هەنگوین و ژیانی تێر و تەسەلی بۆ کۆتایی و چەندینی تر،،، ئەوا لات سەیر نابێ کە چەندین مرۆڤ تەنها بۆ ئەو ڕۆژە ئەژین و لە پێناویدا جگە لە نوێژ و ڕۆژ و سەردانی مەککە و شەهادەت بەڵکە خۆشیان بتەقێننەوە و جیهان بەرەو وێرانکاری و نەمان بەرن. ئەم جۆرە مرۆڤانە بەو شتانەی قورئان بۆی ئامادە کردوون گوێ و مێشکیان وا پڕبوە چیدی شتی تر نابیستنن و چاوەکانیان هیچی تر نابینێ ..ئەم مرۆڤانە لەم ژیانە ڕاستەقینەیەدا بۆ ژیانێکی نا ڕاستەقینە ئەژین و ڕاستی و دروستی ئەم ژیانە لایان درۆیە و ئەوەی کە جارێ نەیان بینیەوە و کەسیش تا ئێستا لەوێ نەهاتۆتەوە، سەرسام و دڵخۆشن و ئامادەن تەڕ و ووشك پێکەوە بسووتێنن تەنها بۆ ئەوەی ئەو ژیانە ناڕوونە وەك دەست کەوت ، بەدەستیان بگا.
پارادیمەکەی ئۆچ ئالان و ئەوەی پەکەکە دای بە گوێی هەمواندا هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ ئەمەی موحەمەدا نیە،،ئەوەتا لەسەرەتاوە بەهەزارەها لاوی کورد لە هەردوو ڕەگەزەکە و هەزارەها گوند وشارۆچکەی کوردی وێران کرد بەوەی داوای دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆییمان بۆ فەراهەم ئەکەن،،،نەخێر دوای ئەوەی ئۆچ ئالان دەستگیر کرا لەساڵی ١٩٩٩ یەکسەر ١٨٠ پلە خولایەو ئەم جارە باسی کۆمەڵەی دیموکرات و خۆسەری و لەو پێناوەشدا چەندین هەزار کەسی تر بوونە سووتەمەنی ئەم جۆرە پارادایمە و بەردەوامی بەو کارە دا کە نەك مرۆڤی هۆشیار و زیرەك، بەڵکە کاڵفام و دەبەنگیش لەو باوەڕەدا نیە ڕۆژێك لە ڕۆژان تورك مافی کورد بدا،،هەر بەوەشەوە نەوەستاو ئێستا باسی (ئاشتی گەلان) هاتۆتە کایەو گوایە لەم پارەدایمە نوێیەدا کورد نەك هەر دەستکەوتی کۆمەڵگای دیموکرات تێئەپەڕێنێ بەڵکە ئەبێ کورد برای تورك بێت و لەخۆی زیاتر خۆشی بوێ.
ئەوەی قورئان و پارادایم کۆئەکاتەوە ئەو دەرزیە بەنجەیە کە وا لەتاکی ئیسلام ولایەنگری پەکەکە ئەکا بەبێ هیچ بیرکردنە و پرسیارکردنێك باوەڕ بکەن وهیچ ڕەخنەیەك وەرنەگرن.. بۆیە دڵنیاین لەوەی چەند ئیسلام و ئیسلامیەکان پاداشتی ئایینەکەیان وەرئەگرن، هەر ئەوەندەش پەکەکە و لایەنگرای ئەو خەونانە ئەبینن کە ئۆچ ئالان بۆیانی داناوە لە مانافیستۆکەیدا. نە ئیسلامیەکان لچ لە بەهەشت ئەدەن و نە ئاپۆچیەکانیش لچ لە دەوڵەتی سەربەخۆ وکۆمەڵگای دیموکرات و ئاشتی گەلان ئەدەن.