پەیامی نوێی ئۆجەلان لە ئیمرالییەوە
23/02/2026, 0:54 (GMT+1)
دەمەوێت بە هەڤاڵانمان و هەموو کوردان ڕابگەیەنم کە بەندە وازی لە هەر کردارێکی سیاسی هێناوە. کاری من تەواو بوو. لە هزری فەیلەسوفی ئەمەریکی بوکچینەوە تیۆرییەکی بەڕێوەبەریی خۆسەریم داناوە، هەروەها توێژینەوەی دیکەشم ئەنجام داوە، بەوەش کاری من تا ڕادەیەک تەواو بووە. ئەز دەخوازم گەلەکەمان بزانێت، ئەز لەو کەسانە نیم کە تەنانەت بە پیریش، کاتێک بە لۆکە ئاو بە دەمیانەوە دەکرێت، هێشتا هەر واز لە سیاسەت ناهێنن، ئەویش چونکە نازانن بەدووی ئەوەدا چی بکەن. وەلێ ئەز دەزانم چی بکەم: ئیستا بۆ خۆم دەخوێنمەوە، هەندێک جار دەنووسم، بەزۆریش خەریکی باخسازیم، بەوەش چێژ دەبینم لە چاندن و بینینی گەشانەوەی گوڵەکان، ڕادەمێنم لە سیسبوونیان، بەبڕێک خەمبارییەوە.
بەم پەیامە نوێیەم هەڵوێستی خۆم بەرانبەر هەموو هەڤاڵانمان ڕادەگەیەنم:
هەموو ئەو کەسانە کە دەشیڕێنن “ژیان بەبێ سەرۆک نابێت”، سووکن، لومپۆنن، پریمیتیڤن. نابێت لە تەڤگەردا کەمترین رۆڵی چالاکوانیان پێ بدرێت، نابێت تەنانەت سڵاویان لێ بکرێت، ئەوە بەشکم بە خۆیاندا بچنەوە و کەمێک لە لومپۆنێتیی خۆیان بهزرێن. ئاخر تەڤگەر و لومپۆن کوجا مەرحەبا؟
ئەو کەسانە کە لەنێو تەڤگەرماندا چالاکن و دەنووسن “سەرۆک دەفەرموێت”، “فەرموویەتی کە ...”، هەموویان لە کزۆڵەیی دەروونی خۆرهەڵاتییانەوە خۆیان ڕادەگەیەنن، بۆیە تا ئەمڕۆ نەیانتوانیوە تێبگەن کە ئەوان ئایینییانە جیهان دەبینن و لە داماوییانەوە دەیانەوێت پێغەمبەرێک دابتاشن و بیپەرستن. ئەز، وەک مرۆڤ، وەک دیلێکی شۆڕشگێڕ و ژینخواز، وەک کەسێکی جیهانی، کەرامەتم زۆر لەوە بڵندترە کە کەسانی داماو و دەروونتلیساوە بمکەن بە دەستوێژی ئارەزووە نزمەکانی خۆیان. ئەز وەک شۆڕشگێڕ ژیاوم و دەمەوێت وەک شۆڕشگێڕ جیهان جێبهێڵم. شۆڕشگێڕ، لای ئێمە، لە بوونەوەرێکی جڤاکییەوە کە خۆرهەڵاتی-ئیسلامییانە و کەمالیستییانە سۆسیالیزەکراوە (بەکەسکراوە)، مێتۆدیانە خۆی دروستکردووە، کەواتە ڕەخنەییانە لەو کەسە خۆرهەڵاتییەوە سەریهەڵداوە، بەوەش ئەو چیدی ناتوانێت لەسەر ڕێگەی باب و باپیرانی بڕوات. بێگومان ئەو هەرگیز بە بێڕێزی لێیان ناڕوانێت، بەڵکو بەزۆریی ڕەخنەییانە، جا گەرچی ئەو وەک مرۆڤ نەتوانێت دەستبەرداری گلەیی بێت لێیان، بەڵێ هەندێک جار بە بەزەیی و هەندێک جاری دیکە بە توڕەیی لێیان بڕوانێت. ئاخر وەک گۆتم، ئەویش مرۆڤە.
بەتایبەتی تکا لە هەڤاڵانم دەکەم، هیچ حیکایەتێک بە ناوی منەوە نەهۆننەوە. بەسە درۆکردن. درۆ شورەییە بۆ مرۆڤ، بەتایبەتی بۆ شۆڕشگێڕان کە خوازیاری گۆڕینی پەیوەندییە جڤاکییەکانی مرۆڤانن. ئێمە بەرخۆدێرین، کەواتە بەڕێوەین بۆ گۆڕینی جیهانەکەمان کە تەنراوە بە ستەم، شکاندنی کەرامەتی مرۆڤیی، رواڵەتگەری، سەرشۆڕی بۆ ماددە، خزمەتکاریی بێگانان. ئەم هەموو گەلە کە زمان و کولتوور و ئیدیۆلۆژیی نەتەوەییان بەسەرماندا دەسەپێنن و تەنانەت ژیانی شایستە بە مرۆڤمان پێ ڕەوا نابینن! وەلێ ئێمەی ژینخواز کییناوی نین، بوغزن نین، بەڵکو وەک شۆڕشگێڕ دەمانەوێت ئەوانیش بگۆڕین. تیۆرییەکەمان بۆ ئەوانیشە. ئەوان گەرەکە تێبگەن کە نابێت مرۆڤ مرۆڤانی دی بچەوسێنێتەوە، بە هەر شێوەیەک: بە زمان، توانجی “تورکی کێوی”، “نەوەی سلێمان” و چەندین گوزارشتی دیکەی پریمیتیڤ کە هەمووی لە دەروونی درۆزن و تەماعکارییانەوە هۆنراونەتەوە. ئاخر داماون. بەڵێ، زۆردار لە چەوساوەکان داماوترە، چونکە دەشێت چەوساوە لە ڕەوشی خۆی تێبگات و هەوڵ بۆ گۆڕینی بدات، وەلێ چەوسێنەر بە درۆی رواڵەتی و گۆڕینی مێژووی گەلێک، بە دزینی “قاوە” بەناوبانگەکەی و ناونانی بە “قاوەی تورکی”، بە نووسینەوەی مێژووی کورد و دانانی وشەی “تورک” لەجێی ناوی خاوەنەکەی، دەبێتەوە بە چەوسێنەری خودی خۆی کە هەردەم پڕترس و نابەختیار لێرەبوونی سەرزەمینییانەی ڕادەگرێت. لە چەوسێنەر خۆچەوسێنەرتر نەبووە و نابێت.
هەر لێرەوە بە هەڤاڵانی هزرڤانمان دەبێژم ڕەخنەییانە کار لە نووسینە تیۆرییەکانمدا بکەنەوە. ئاخر من لە هۆشسامیمەوە بۆ فەیلەسوفی مەزنی ئەمەریکی بوکچین کارم لە تیۆرییەکەیدا کرد و لێرەشدا دەبێت بزانین، کە هۆشسامی دەشێت بەر بە دیدی فرەلایەنی ئۆبژێکتڤی لە تیۆرییە ئۆریجیناڵەکە بگرێت، کە ئیدی مرۆڤ نەتوانێت ڕەخنەییانە بیخوێنێتەوە. ئەوەشتان لەیاد نەچێت، ئەز وەک دابراو لە هەر پەیوەندییەکی سۆسیال و سیاسی ئەو مەزنەم خوێندەوە. بۆیە گەرەکە هەڤاڵان لە پراکسیسدا بەگوێرەی پێویستییەکانی سیاسەتی ڕیال پێیدا بچنەوە، گۆڕانی پێبدەن، هەروەها کرداری سیاسییان پەیوەند بە پرسە نەتەوەییەکانی کوردەوە لەتەک ڕەوشی سیاسەتی جیهانیدا بگونجێنن. ئێمە بەم هەڵوێستە لە بەناو مارکسیستە سوننەتییەکان جیادەبینەوە کە هەر خەریکی دانەوەی تێڕوانینەکانی لێنین و ستالین و ماو بوون، یان مارکس، بەبێ ئەوەی بزانن مارکس مێتۆدە و ئەوانیش دەبێت هاوشێوەی مارکس و ئێنگلس مانیفێستۆی خۆیان بنووسن. ئێ منیش هەر لەم گۆشەنیگا مۆدێرنەوە مانیفێستۆی خۆمم نووسی. ئێستا باوەڕ دەکەم هەڤاڵانمان ڕوونتر جیاوازیی من لە پاشپاتکەرەوانی خۆرهەڵاتی-ئیسلامی ببینن.
بەڵی من لە زیندان گفتوگۆم لەتەکدا دەکرێت، پێشنیارگەل دەخرێنە بەردەمم، منیش هەندێک جار هەڵوێستی خۆم دەردەبڕم، یان وەڵامیان دەدەمەوە کە کاری من تەواو بووە و چیدی خۆم لە سیاسەت هەڵناقورتێنم. بێگومان پێم گۆتوون:
گەر هەڵوێستتان لە من دەوێت، فەرموو لە زیندان بەرم بدەن تا بڕۆم بۆ قەندیل، لەوێ لەتەک هەڤاڵانمدا دانوستانی پرسە سیاسییەکانی نێو تورکیا دەکەین. وەلێ لە ئێستاوە ئەوەشتان بەڕاشکاوی پێڕادەگەیەنم کە من لەوێش تەنیا هەڵوێستی جیهانبینییانەی خۆم دەردەبڕم نەک سیاسی. ئەز تەنیا تیۆریارم و هیچی دی. ئەمە مایەی شادمانیمە. ئەز ئازادم، بەوەش سەربڵندم. ئاخر بەڕێزان تێبگەن، دانانی تیۆرییەکی ئازادیخواز هاوکات خۆڕزگارکردنە لە موئانات، ئەزموونکردنی ئازادییە - ئەوپەڕی قووڵ لە ناخی خۆدا. هەرگیز تیۆرییەکی ئازادیخواز دانانرێت گەر کەس پێشتر ناخەکییانە ئەزموونی بێدادی و چەوسانەوەی پیاوسالاری، کولتووری و نەتەوەیی نەکردبێت، لە هەمووی وردنەبووبێتەوە، لە ناخەوە بەسەریاندا ڕاستنەبووبێتەوە و ئەوجا نەیگۆتبێت: “نابێت چەوسانەوە هەبێت”.
{ڕاگەیەنراوە لە زاری کەسێکەوە بە ناوی کاوە جەلال}
هەواڵی بەناوبانگ












