<

لەپاریس خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیری لەزەینەب جەلالیان بەڕێوە چو

30/04/2010, 12:00 (GMT+1)
ژنانی کورد لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا چالاکیەکی پرۆتستۆییان بۆ پشتگیری لە زەینەب جەلالیان ئەنجامدا و داوایان لە حکومەتی ئێران کرد چارەنوسی جەلالیان ئاشکرا بکا.

لەو چالاکیەدا کە لەلایەن لقی ژنانی رێکخراوی فەرهەنگی ئەحمەد کایاوە ئۆرگانیزە کرابو، ژنان بۆ بەردەم باڵوێزخانەی ئێران لەپاریس رێیان پێوا و ئەو پلاکاردانەیان بەرز کردبۆوە کە لەسەری نوسرابو "زەینەب جەلالیان لە کوێیە؟".

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فورات، ژنانی بەشداربو لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند: ئەوە دو مانگ زیاتر هیچ ئاگایەکمان لە جەلالیان نیە. بانگەوازی ئاڕاستەی ئێران دەکەین سەبارەت بەڕەوشی زەینەب رونکردنەوە بدات.

ژنان دروشمگەلی وەک "ئێران تیرۆریستە"، "ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی" و "بژی یەکێتی ژنان"یان بەرز کردەوە.

زەینەب جەلالیان خەڵکی شاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ساڵی 2008 بەتاوانی ئەندامێتی لەپەژاکدا لەشاری کرماشان قۆڵبەست کرا. رێبەندانی 2009 لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست