<

لەشاری سنە ژیان وەستا شەڕو پێکدادان رویداوە

14/05/2010, 12:00 (GMT+1)
لەشاری سنە ژیان وەستا
شەڕو پێکدادان رویداوە

24 کاتژمێر؛ لەشاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان ژیان بەتەواوی وەستا و خەڵکی ئەو شارە لە مانگرتنێکی سەرانسەری دان. بەهەزاران کەس لە هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاستی شاردا بڵاو بونەتەوە و چەندین پێکدادانی جیاجیاش هاتۆتە ئاراوە.

بەگوێرەی زانیاریەکان لەکاتژمێر (9)ی بەیانیەوە، هەمو دوکان و شوێنەگشتیەکان لە چوارڕای سیروس، مەیدانی ئینقلاب، شەقامی ولیعەسر، حاجی ئاباد، فەرح، گەڕەکی 25، فیردەوسی، شاهپور، چوارڕای وەکیل، شەقامی جامی و شەهرەک سەنعەتی و زۆربەی شوێنەکانی تر داخراون.

هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەشوێنە گرنگەکانی شار بڵاو بونەتەوە و هەوڵ دەدەن مانگرتنی خەڵک تێکبشکێنن و دەرگای هەندێک لە پاساژەکانیان شکاندوە و کۆمەڵێک لەدوکاندارانیان ناچار کردوە دوکانەکانیان بکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە کەمپینی داکۆکی لە زیندانیە سیاسی و مەدەنیەکان بڵاویکردەوە دوابەدوای ناڕەزایەتی خەڵکی سنە و مانگرتنی گشتی لەئاستێکی بەر‌بڵاودا، لەشەقامی کمربندی شاری سنە پێکدادانێک لەنێوان خەڵک و هێزەکانی ئێران دا هاتۆتە ئاراوە. لەو پێکدادانەدا دو هاوڵاتی بریندارن و چەند کەسێکیش قۆڵبەست کراون.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست