پێشنیاری تاڵه‌بانی بۆ ئه‌وه‌ی هێرۆ برایم ئه‌حه‌مد بکرێت به جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم
11/12/2010, 12:00 (GMT+1)

مێژووی ژیانی سیاسی تاڵه‌بانی پره له شه‌رمه‌زاریی، ته‌ژییه له خیانه‌ت، پڕه له درۆ و نه‌بوونی ئینتیمانی نه‌ته‌وه‌یی و وڵاتپارێزیی. که‌چی مه‌خابن ئه‌م کابرایه که چه‌ندین ساڵه بۆته رێوییه به‌رده‌می داگیرکه‌ران، که له پێستی شێردا لای خه‌ڵکی کوردستان خۆی نمایش ده‌کات، به‌خت یاوه‌رێتی، که تا ئیستا قاچی نه‌بووه به ته‌ڵه‌وه، مانه‌وه‌ی مام رێوی و به‌رده‌وام بوونی له‌سه‌ر خواردن وحه‌په‌لۆش کردنی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م میلله‌ته هه‌یه و هه‌رچی خاک و خۆڵ له‌م کوردستانه‌دا هه‌یه، به‌رده‌وامه و تا ئه‌و رۆژه‌ی به‌لادا دێت پاڵه‌وانی مه‌یدانه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ساویلکه‌یی جه‌ماوه‌ری کوردستان به‌تایبه‌تی که بێده‌نگن و دوای مام رێوی که‌وتوون، چونکه به‌راستی ئه‌م کوردستانه وای لێ هاتووه شێریش له ئاست رێویه‌ك ده‌سته‌وه‌ستانه.
ناخۆشتر ئه‌وه‌دایه، که چه‌ندیین له به‌چکه شێره‌کانی سه‌ختی خه‌باتی شار و شاخ و به ده‌یه‌ها پڵینگی رۆژه سه‌خته‌کان، ته‌فره‌یان خواردووه و ئه‌م رێوییه‌یان پێناگیرێت، جا رێویه‌ك بتوانێت ئه‌و هه‌موو ساڵه یاری به هه‌موو به‌هایه‌کی ئه‌خلاقی و ئه‌قڵی کۆمه‌لگا بکات و ته‌واویی خه‌لکی کوردستان و شۆرش و قوربانیه‌کان و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی به‌لاوه هیچ نه‌بێت، ئیتر چۆن ده‌توانێت له‌ناو ته‌ڵه‌شدا ده‌ست بۆ مام رێوی به‌رێت، به‌تایبه‌تیی ئه‌و ته‌ڵه‌یه له‌نێو دیوه‌خانی دوژمن و داگیرکه‌راندا پارێزرابێت؟!
دیاره لای جه‌ماوه‌ری کوردستان روون و ئاشکرایه به‌تایبه‌تی غولامه‌کانی سه‌ر به مام، که ئه‌م ململانێیه‌ی سه‌ر به کۆمپانیاکه‌ی مامه به‌شێکی بۆ پاراستن و هێڵانه‌وه‌ی هه‌یکه‌لی بوونی یه‌کێتی و په‌روه‌رده‌ی ئه‌ندام و به‌رپرسانی ده‌گه‌رێته‌وه ، که دیارده‌ی بنه‌ماڵه چه‌نده‌ها ساڵه ره‌گ داده‌کوتێ و زۆرینه‌ی شوێنه هه‌ستیاره‌کان داگیر ده‌کات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و به‌هێز بوونی پێگه‌ی خۆی بنه‌ماڵه‌که‌ی،
پۆستی جێگری سه‌رۆک هه‌رێم، له سه‌ره‌تاوه بۆ کۆسره‌ت ره‌سووڵ ده‌ستنیشان کرابوو، چونکه له‌ناو ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی هیچ کامێکیان وه‌ک کۆسره‌ت نه‌یده‌توانی له هه‌ولێر، که به‌ڕیوه‌بردنی ئیداریی کاره‌که‌یه، که‌سی تری ناو مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی ئه‌و توانایه‌ی هه‌بێت. جگه له‌مه‌ش دانانی کۆسره‌ت له‌و پۆسته هۆکاری تایبه‌تیی دیکه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان به نه‌هێنی به پێچه‌وانه‌وه شکایه‌وه و کار بۆ ئه‌مه کراوه له ژێر په‌رده‌ی ره‌ش نێوان خودی جه‌لال تاله‌بانی و مسعود بارزانی.
ماوه‌یه‌که به‌ته‌نسیقی یه‌کێتی و پارتی کار بۆ ئه‌مه ده‌که‌ن پێگای کۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ناو حکومه‌ت و یه‌کێتی، به‌تایبه‌تی له شاری هه‌ولێر که‌مبکه‌نه‌وه ، به‌ڵام ده‌کرا کۆسره‌ت ره‌سوڵ له ساڵی 2001 هه‌ڵویستی وه‌رگرتبا.
جه‌لال تاله‌بانییه‌ک هێنده سپڵه بێت و وه‌فای بۆ مێژووی شاخ و خوێنی شه‌هیدان نه‌بێت، یان ریز و وه‌فای بۆ نزیکترین هاوڕێی خۆی نه‌بێت که نه‌وشیروان موسته‌فا بوو، ئیدی چۆن بۆ کۆسره‌تی ده‌بێت؟
با لێره‌وه بێمه سه‌ر دوا دێڕی هه‌واڵه‌که‌م، که بۆ یه‌که‌مجار لێره‌وه رایده‌گه‌یه‌نم، ئه‌ویش ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه:
که‌سێکی باوه‌رپێکراو به‌ته‌له‌فۆن پێی راگه‌یاندم، دوێنێ جه‌لال تاله‌بانی له‌گه‌ل پیاو و دار و ده‌سه‌ته‌که‌ی خۆی له شاری هه‌وڵیر سه‌ردانی ماڵی کۆسره‌تیان کردووه به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی رازی بکه‌ن، تا هیرۆی برایم ئه‌حمه‌د و خێزانی جه‌لال تاله‌بانی، ببێت به جێگری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان.
دوای ئه‌مه چی دیکه روو ده‌دات، چاوه‌ڕێی هه‌واڵی تازه‌بن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان






