<

بەفر و خوێن گۆڕەپانی شەڕی داپۆشیوە

10/10/2025, 11:12 (GMT+1)
لەدەرەوە لەسەردەمی جەنگەکاندا
گۆشتفرۆش پزیشکن و
دزەکانییش فەرمان ڕەوا 
ئەم جیهانە پڕە لەدەنگی ئەوانەی 
کەڕاستگۆیانە درۆت بۆدەکەن و
شەرم ناکەن  
لێرە  هەوا بۆنی قاوەی لێدێت 

دەزانن جەنگ بەڕێوەیە ...!؟  
هەندێک دڵتەنگی هەیە گریانیش چارەی ناکات 
خەومان بەڕۆژێکی باشترەوە دەبینی 
لەناوقەڵا  گەورەو بەهەیبەتەکەدا
خۆمان مەڵاس دابوو ، وەکو مێژوو تۆز تێی دابووین 
 
 با جیهان بەماڵی خۆمان بزانین    
 ئێمە لەسەر خو ڕەوشتمان پاداش دەکرەین
 سەگێکی سپی لەدڵا شیرین هەبوو
 خاوەنە پیرەکەی جێنەهێشت 
کەجەنگەکە دەستی پێکرد
 ئەو دەیووت 
کێ پیرەکان دەشوات ؟
کێ بەسەر تەرمەکاندا بگری ؟
کێ گوێ لەحیکایەتەکانیان ڕادەگرێت ؟
کاتێک کەنەفت دەبن، لەسەر جێگە  
 جگە لەسەگە بەوەفاکە 
کە لمۆزی لەسەر زەویە ساردەکە دادەنا 
بێ دوودڵی ئێشکی دەگرت
لەچاوە خومارەکانیدا ،فرمێسکەکان قەیسمابوو 
 سەمەرە هەر لەوەدایە 
 بەیەک عێسقان سەد سەگ دەبێت بەهاوڕێمان  

لەبوولێڵی ئێوەرەدا لورەی ڕەوە گورک دەهات 
 بەبینینی ئاژەڵی کێوی زارەترەک دەبوون 
هێشتا جێگە پێتان  لەخوارەوە بەقوڕی ڕووبارەکەوەیە و
هەرڕێدەکەن 
 پێمان ووتن لەئەنفالدا  
 خەمی مشکی بنمیچەکەتان هەرگیز نەبێت 
 باخۆمان بەدوور بگرین لەهەر بەحس و جەدەلێکی شەڕهەیە
  دەمان زانی جەنگ...... بەڕێوەیە 
سەگەکە ماخۆلانی گرتووە  
پیاوە کوژراوەکە ، بە تەنها سەگەکەیەتی بۆی نیگەرانە 
کەس لەجەنگدا نایباتەوە هەر هەموومان دەدۆڕێن 
 هەندێکمان کە ڕاپێچی شەڕ دەکرێن دەگرین 
هەندێکمان گۆرانی دەڵێن  
لەجەنگی درۆنەکاندا 
  بۆ هەموومان   
تاهەفتەی داهاتوو کات ماوە بۆ بیرکردنەوە 
دلەڕاوکێ لەشەڕدا مانای مردنە 
تەنها کاتێک ئامادەبووم   
 بوغوردم لەسەر گۆڕی باوکم دابگیرساندایە 
 بێ دوودڵی دەچووم بۆجەنگ 
 بەقەڵەمبازەوە دەکەوتمەڕێ 
دەکەوتمەڕێ بێ ئەوەی ئاوڕ لەدوای خۆمەوە بدەمەوە 
دەچووم بۆجەنگ

 ئازیزەکەم ..تۆ دەزانی   
سەردەم گۆڕاوە ، جەنگ چیرۆک دەسکەنە ناکات
 سەنگەرەکان ، لە کوشتارگای ئاژەڵ دەچن 
لەم جەنگەدا  
تەرمەکان ئەسپەردە نەکەین
 بەدەمی شۆفڵە زەردەکان 
بەمەزەنە ، وەک سەروپێ 
دووقاچ ، دوودەست 
کەلەسەرێ ، گەر بێڕیش بوو،  ئەوە ژنە  یان منداڵە
تەرمەکان هەلا هەلان و
ئێمەکەسیان ناناسینەوە  
داڵەکەرخۆرەکان بەناشرینی دەیانخۆن
گەر ئەسپەردەیان نەکەین 
 
تاریکێکە پڕلەچپە چپ دەبوو
با دونیا بخەینەژێر ڕکێفی خۆمانەوە
 لەم جەنگی درۆنەدا 

 لەبیرم دێت 
بەباوەشێک پریاسەکەوە  چەند هەنگاو 
لەدوای باوکمانەوە ڕێمان دەکرد 
بە وشەقامەی کە هێشتا پەڵەی خوێنەکان پێیان ڵێ دەنرا
بێ شەرمانە 
تاشوێن پێی باوکێکی بزربوو هەڵگرین
ڕێمان دەکرد، بەدوای تارمایدا دەڕۆشتین   
کەواتە باڕابردوو لەدوایی خۆمانەوە جێبهێڵین 

ئێمە چاومان بڕیبۆ سەر 
پۆستەرێکی بەرباران و بەیان نامەیەکی قاچاغ لە سەردیوارە 
داخ بۆکەی شەقامی سابونکەران
لەنزیکی  خەڵوەتگاکەی  "نەجمەدینی مەلا" و
نوسینە یاخێکانمان دەخوێندەوە 
  
ئاگاداربن 
تەماشای خۆر مەکەن کاتێک لەم شارەدا ئاوادەبێت 
شەوان درەنگ بەرلەوەی بنوون  باسی چی دەکەن ؟
خەون بەچیەوە دەبینن ؟ 
خەڵکی شارو کۆڵانە تاریک و باریکەکانی ئەم شارە 

دەمان پرسی چۆن دەرگایەک دەکرێتەوە
کاتێک زەنگ لێی نەدابێت 
 پیاوە قۆشمە بێدانەکە 
 بازنەی بەدوکەڵی جگەرە دەکرد
 گوێ بۆ دەنگی تەقەو مەلای مزگەوت دەگرت 
لەبەرخۆیەوە هەردەیووت 
تۆ کۆسپەکان دەگۆڕیت بۆ جوڵەی سەما
دەروازەی دۆزەخ
بەڕووی جەنگدا  کراوەیە
 ئیتر دەیووسە کان لەناو تەشتی 
خوێندا  دەسنوێژ  هەڵدەگرن و 
ئایەتی فەتح و ئەنفال دەخوێنەوە 
درۆنەکان وەکو ڕەوە کولە 
بەئاسمانی شاردا دەڕۆن 
درۆنەکان 
لاشەکان لێرەو لەوێ جێدەهێڵن 
تورک و سیخوڕ 
لەجیهانێکی نائومێدکەر
 بەڕۆبۆرت  هیرشمان بۆ دەکەن 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان