پەڕلەمانی هەرێمی كورددستان بۆچی ؟.
18/02/2026, 12:00 (GMT+1)
بەشداریكردن لە حكومەتی ناوەندی بۆچی ؟.
پێشەكی با پێناسەیەكی كورتی پەڕلەمان بكەین . پەڕلەمان دامەزراوەیەكی یاسا دانانە كە نوێنەرانی گەل تێیدا كۆدەبنەوە ، بۆ ئەوەی بەناوی خەڵكەوە یاسا دابنێن ، چاودێری حكوموت بكەن ، بریارە گرنگەكان بدەن . پەڕلەمان زۆر جاریاسای نوێ دەردەكات و گۆرانكاری لە یاسا كۆنەكان دەكات بۆ ڕێكخستنی كارو باری خەڵك . چاودێری كارەكانی حكومەت ئەكات و ئەگەر پێویست بكات وەزیرەكان بانگ دەكات بۆلێپرسینەوەو ئەگەر پێویست بكات دەنگدان ئەدەن بۆ لێساندنەوەی متمانە . بودجەی ساڵانەی وڵات پەسند ئەكەن ، یان ڕەتی ئەكەنەوە و چاودێری ئەوە ئەكەن ئایا ئەو پارانە بە باشی بەكار هێنراون . لەبەر ئەوەی ئەندامانی پەرلەمان نوێنەری خەڵكن ، بۆیە داواكاریەكانیان ئەگەیەنن بە حكومەت . زۆر بە كورتی : پەڕلەمان دەنگی گەلەو سەرچاوەی یاسادانان و چاودێری حكومەتە .
تا چەندگرنگ و پێویستە پەڕلەمانی هەرێمی كوردستان هەبێت ؟.
ئەگەر بە وردی سەرنجی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بدەین ، ئەو مەرجانەی تێدا دەبینری كە لە پێناویدا دروست بووە ؟. وەڵامەكەی نەخێرە . ئەوە ساڵێكە پەڕلەمان دروست بووە، بەڵام تا ئێستا حكومەت پێك نەهێنراوە . كەواتە ئەم هەریمە بەبێ پەڕلەمانیش هەر بەڕێوە دەچێت . ئەی كەواتە بۆچی ئەو هەموو پارە بە خۆرأیی لە پەڕلەمانێكی بێ كەڵكی بێ ئیشو كاردا خەرج بكرێت . خۆ ئەگەر حكومەتیش پێك بهێنرێت ئەم پەڕلەمانە هەر ناتوانێت هیچ بڕیارێك بدات ، یان وەزیرێك بانگ هێشت بكات بۆ لێپرسینەوە ، یان یاسایەك دەركات كە لە دەرەوەی ویستی حیزبە دەسەڵاتدراەكان بێت . پەڕلەمان نەك ناتوانێت چاودێری حكومەت بكات وڵێپرسینەوەی لێ بكات ، بە پێچەوانەوە حكومەت كەی ویستی پەڕلەمان سزا دەدات چونكە زۆرینەی ئەندامانی پەڕلەمان سەربە حیزبە دەسەڵاتدارە كانن و ئەوان چۆنیان بویت ئەمانیش ئاوا دەنگ ئەدەن . ئەوە چەندین ساڵە پەڕلەمان هەر ئاگای لە بودجە نییەو موچەی خەڵكیش نادرێت و ناشتوانن هیچ بكەن . زۆر درێژەی پێ نەدەین ئەم پەڕلەمانە تەنها بۆ بەهەدەردانی سامانی هاوڵاتیان دروست بوەو بۆ ڕازیكردن و جێكردنەوەی ئەندامانی حیزبە دەسەڵاتدارەكان بۆ ئەوەی بێدەنگیان بكەن . ئەم پەڕلەمانە بەناو دەنگی خەڵكە بەلام لەڕاستیدا دەنگی دوو حیزبی دەەسەڵاتدارەو وەكو چەترێك دروستیان كردووە بۆ شاردنەوەی دزی و گەندەڵیەكانی خۆیان . پەڕلەمانێك كە هیچ سودێكی نەبێت و ئەو هەموو پارەی تێدا خەرج بكرێت ، نەبونی باشترە لە بونی و ئەو پارەیەی لەم پەڕلەمانەدا خەرج دەكرێت مانگانە چەندین كیلۆمەتر شەقامی پێ قیرتاو دەكرێت . سەرۆكی سەنگالی دەڵێت :هەستاین بە حەل كردنی پەڕلەمانی وڵاتەكەمان بۆ بنیات نانی كارگەیەك بۆ دروستكردنی وزەی كارەبا لە تێشكی خۆر ، چونكە وڵاتەكەمان پێویستی بە وزەی كارەبا زۆرترە لەوەی ئەندامی پەڕلەمانی هەبێت و موچەی بەلاش وەرگرن و هیچ كاریان نەبێت . كەواتە كارەبا زۆر باشترە بۆ وڵاتەكەمان لە ئەندامانی پەڕلەمانی بێ بەرهەم . لە ڕاستیدا ئەگەردادپەروەری هەبێت ، دەبوایە پەڕلەمانی كوردستانیش حەل بكرێت و بەو پارەیەی مانگانە بە بەڵاش وەری دەگرن ڕیگاو بانەكانی پێ چاك بكەن ، كارەبای زیاتربەرهەم بهێنن و قوتابخانەو نەخۆشخانەی پێ دروست بكەن.
تا چەند گرنگ و پێویستە كورد بەشداری پەڕلەمان و حكومەتی ناوەند بكات ؟.
لە بەر ئەوەی كورد لە پەڕلەمانی عێراق كەمینەیە ، هەرگیز لە ڕیگای دەنگی پەڕلەمان تارەكانی كوردەوە هیچ دەسكەوتێكی نیشتمانی بەدەست نایەت ، ئەگەربە ڕیكەوتن و تەوافوق نەبێت . ئەو كاتەش دەبێ كورت لە مەركەزی قوەتەوە داوای مافەكانی خۆی بكات و كارتی بەهێزی لەدەستدابێت ، واتە كورد دەنگی بەرزو دلێری هەبێت و حكومەتی ناوەند ناچار بێت داواكانی كورد جێ بەجێ بكات . ئایا كورد لەو ئاستەدایە و دەنگی ئەوەندە دڵێرە كە بتوانێت مافەكانی خۆی وەرگرێت ؟. وەڵامەكەی نەخێڕە . بۆچی ؟. هۆكار زۆرن كە كورد ناتوانێت مافەكانی خۆی بەدەست بهێنێت :
یەكەم : سەرەڕای ئەوەی دەنگی كورد لە بەغدا كەمینەیە بە بەراورد بەدەنگی عەرەب ، ئەندامانی پەڕلەمانی حیزب و لایەنە كوردیەكان نەك كۆك و تەبان ، بەڵكو بونەتە دوژمنی یەكتری و هەر یەكەیان بونەتە لایەنگری تەیارێكی عەرەبەكان . كار گەیشتۆتە ئەوەی لە دژی یەكتری و بۆ شكاندنی یەكتری كورد واتەنی هەرچی سڕو تڕی یەكتریش هەیە بۆ دوژمنانی ئاشكرا دەكەن .
سەیركەن ئێستا لە بری ئەوەی هەموو ئەندامانی پەڕلەمانی كورد لە بەغدا كۆببنەوەو پلانێك داریژن بۆ چونیەتی یەكخستنی دەنگەنیان ، هاتون شەڕیانە لەسەر ئەوەی كێ ببێتە جێگری سەرۆكی پەڕلەمان و كێ ببێتە سەرۆكی كۆمار ، ئەمە لەكاتێكدایە هەردو پۆستەكە كارتۆنین و هیچ بڕیارێكیان پێ نادرێت لەبەرژوەندی كورد . هەموو ئەوانەی ئێستا لە حكومەتی ناوەند پۆستیان هەیە ، هەر لەسەرۆكی كۆمارەوە تا دەگاتە خوارترین فەرمانبەر ، تەنهاو تەنها بۆ موچە وەرگرتن لەبەغدان نەك بۆ بەرگریكردن لە كوردو بەدەستهێنانی مافەكانی .
من چەندین جاری تریش ئاماژەم بەوە كردووە كە مامجەلال بەهێزترین سیاسەت مەداری كورد بووە لە بەغداو ماوەی دوو خوڵ سەرۆك كۆمار بووە ، لەسەر ئاستی ناوەو دەرەوە ناسراوە ، بەڵام نەیتوانی مادەی 140 جێ بەجێ بكات و مافە زەوت كراوەكانی كورد بەدەست بهێنێت كە چەندین ساڵە كورد خوێنی لە پێناودا دەڕێژێت . ئەوەش دوو هۆكاری هەیە : ئەلیف : پۆستی سەرۆك كۆمار لەعێراق پۆستێكی تەشریفاتییە واتە پۆستی بریاردان نییە . ب : هەموو ئەوانەی لەبەغدا لەسەر حسابی كورد پۆستیان وەرگرتوە بەسەرۆكی كۆماریشەوە و بە خودی مام جەلالیشەوە ، ئەوەندەی وێڵ و عاشق و تینوی وەرگرتنی پلەو پۆست و پایە بون ، ئەوەندە مەكور نەبون لەسەر وەرگرتنی مافەكانی كورد .
ئاخر تاوان نییە كورد لە پێناوی سەربەخۆیی و وەرگرتنی مافەكانی خۆیدا ساڵانێكی زۆرە ڕوبارێك خوێنی ڕشتوە ، ئێستا لە بەغدا دكتۆر لەتیف سەرۆك كۆمار بێت كە دلۆپێك عەرەقی بۆ كورد نەڕشتبێ و جێگری سەرۆك پەڕلەمانیش كوڕەجاشێك بێت . باشە ئێوە پێتان وایە كەسانی ئاوا لە خەمی مافەكانی كوردابن ، یان بەرژوەندی خۆیان ؟. كەسانێك دەتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی كوردبن لە بەغدا كە هەمیشە پێداگربن لەسەر وەرگرتنی مافەكاتی كورد و پۆست و پلەو پایە بەلایانەوە هیچ نەبێت و هەر كاتێك داواكانیان ڕەت كرایەوە ، شەقێك لە هەمو بەرژوەندیەكانی خۆیان هەڵدەن و بێنەوە كوردستان ، نەك وەكو ئەوانەی ئێستا بەشەقیش دەریانكەن شوێنەكانی خۆیان جێ ناهێڵن .
دووەم : هۆكاری دووەم كە كورد ناتوانێت بە مافەكانی خۆی بگات ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لەدەستدانی نیوەی زیاتری خاكی كوردستانە . دەست بەسەراگرتنەوی كەركوك لەلایەن حكومەتی بەغداوە ، كوردی گێرایەوە سەر خاڵی سفر ئەو هێزو قوەتەی كورد پێش لە دەستدانی كەركوك هەیبو بەهۆی ڕیفراندۆمەوە كورد بەدەستی خۆی لە دەستی داو ڕیگای بۆ بەغدا تەخت كرد چی بوێت بیكات بەرامبەر بە كورد .
هەرچەندە هەمیشە پارتی یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی كەركوكیان ڕادەستی بەغدا كردووە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم . بەڵام هەرچی ڕویدابێت ، ئەوە ئەنجامی ڕیفرندۆم بوەو ڕیفراندۆمیش پارتی كردویەتی و ئەگەر ڕیفراندۆم نەكرایا ، ئەوەش ڕوی نەدەدا . كەواتە تاوانباری یەكەم هەر پارتییە . دەبێ ئەو ڕاستییەش بزانن ئەو كاتەی كە سوپای عێراق و ئەمەریكاو هاوپەیمانان ڕیك كەوتن كە موسڵ بگرنەوەو داعش دەركەن ، مەسعود بارزانی بڕی 400 ملیۆن دۆلاری لە عەبادی وەرگرت لە بری دوو شت : یەكەم كە داعشیان لە موسڵ دەركرد ، دەبێ كوردیش كەركوك ڕادەستی بەغدا بكاتەوە كە ئەو كات لە ژێر دەستی كوردابوو .
دووەم : كورد بەشداری شەڕی داعش بكات لە موسڵ و شوێنەكانیتر . تا ئێستا دەیان جار عەبادی ئەمەی دوو بارە كردۆتەوە . واتە كاك مسعود بۆچی سەغڵەتی بەوەی كەركوك چۆتەوە ژێردەستی عێراق ، خۆ جەنابتان پێش رێفراندۆمە شومەكە خۆت پارەت وەرگرتوە بۆ ئەوەی كەرك ڕادەستی بەغدا بكەیتەوە. واتە پێ} وەخت كەركوكت بە پارە فرۆشتوەو مەگەر خواش بزانێت ئەو پاریە چیلێكراوە ؟ . كەواتە لە جێێ خۆیدایەتی كە بەردەوام پارتی یەكێتی تۆمەت بار دەكات بەوەی خیانەتی لەكەركو كردووە؟. وةلامەكەی بۆخۆتان جێ دێڵم و بەهیچ شێوەیەكیش نامەوێت بەرگری لە یەكێتی بكەم . لە نێوانی یەكێتی و پارتیدا كە كەركوك لەدەست درا قسەیەكی كەسێكم وەبیر دێتەوە كە وەكو پەندی پێشینان وایەو دەڵێت ( كلا الأخوين ضرات , ولكن شهابدين أضرت منه) . واتاكەی بەكوردی : هەردوو برادەرەكە تركەنن ، بەڵام شەهابەدین تڕكەنترە . بەو پێیەبێ یەكێتی و پارتی هەردوك لایان خائینن ، بەڵام نازانین كامیان خائینترە . گرنگ ئەوەیە هەردوك لایان خیانەتیان لە كەركوك كرد . واتە بە بە باو باران هەر لەبەفر كەم دبێتەوە . لەئەنجامدا دەركەوت كە كورد خۆخۆری یەكترن ، باشترین دوژمنی یەكترن و مس بیل پێش 125 ساڵ لەمەوبەر ئەوەندە بە باشی كوردی ناسیوە ، كە تا ئێستاش كورد نەیتوانیوە وەكو ئەو خۆی بناسێت .
سێیەم : كوردی عێراق هیچ كارتێكی بەهێزیان لە دەستا نەماوە دژی حكومەتی عێراقی بەكاری بهێنن . بڕیاری ئابوری سەربەخۆو دەرهێنانی نەت و فرۆشتنی ، كارتێكی زۆر بەهێز بوو ، بەلام بەداخەوە لە بری ئەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم بەهێز بكەن بۆ ئەوەی پێویستیان بە بەغدا نەمێنێت و سەقفی داواكاریكان بەرز بكەنەوە ، دەستیان كرد بە دزی و تاڵانی ، هەرێمیان خستە ژێر قەرزی زۆرەوە ، چەندین موچەی فەرمانبەرانیان دزی و لە ناچاریدا خۆیان ڕادەستی عێراق كردەوە ، كەواتە نابی چاوەڕوانی هیچ لەبەغدا بكرێت ، چونكە تۆ خۆت تەسلیم بە بەغدا كردۆتەوە لە ناچاریدا .
چوارەم : بەردەوامی ناكۆكیەنی نێوان یەكێتی و پارتی هۆكاری سەرەكی هەموو مەیتەتیەكانی ئەم كوردەیە . ئەمانە بونە دوو دومەڵی سەرەتانی زۆر مەترسیدارو چونەتە جسەتەی ئەم میللەتەوە . هەتا ئەم دوو حیزبە بم شێوەی ئێستا كار بكەن ، ئەوە پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوەش بەرەو لاوازی ئەچێت و هیچ حسابێك بۆ كورد ناكرێت . ئەوەی ماوەتەوە لە كۆتاییدا بیڵێم : بەشداری كورد لە حكومەتی ناوەندا بەم بارودۆخەی ئێستای ناو كورد ، نەك سودی هەیە ڕۆژ دوای ڕۆژپێگەو ناوبانگی كورد سوكتر دەبێت و هیچ حسابێك بۆ كورد ناكرێت و بەشداری كردنەكە تەنها سودی بۆ ئەوانە هەیە كە موچە وەر ئەگرن و هیچیتر . لە بری ئەوەی هەوڵ بدرێت مادەی 140جێ بەجێ بكرێنت و ناوچە دابڕینراوەكان بگەڕێننەوە بۆ خاوەنەكانیان ، كورد لە بەغدا شەڕ لە سەر پۆست دەكات و لە پردێش جوتیارە كوردەكان دەردەكرێن و جوتیاری توركمان عەرەب دەچنە سەر موڵكەكانی ئەوان . كەواتە سوكایەتی بە كورد لەوە زیاتر بۆكوێ و ئەوانەی لە بەغدا نوێنەری كوردن زۆر سوك و ڕیسواو ناكەس بەچەن و دەبوو لە بری ئەوەی شەڕلەسەر پۆست بكەن ، لەحكومەت بكشێنەوە .
هەواڵی بەناوبانگ











