بەناوی ئەنفال و جینۆساید و هەڵەبجەوە سێ رێکخراوی گوماناوی چوونە پاڵ دەسەڵات
06/03/2011, 12:00 (GMT+1)

ئەمانە بەیاننامە و روونکردنەوەیەکی زۆر ناوشیارانە و ناعاقلانەیان دەرکردووە، لە کاتێکدا شەقامی کوردی قووڵپ دەدات، خۆپیشاندانەکان بەرەوە تۆپک دەچێت، پیاوی پیاوان خۆیان لەم رۆژەدا ساغ دەکەنەوە، کەچی نوێنەرانی ئەم سێ رێکخراوەیە، ئەوەندە بێشەرمن داوای لێبوردن لە کەمال کەرکوکی دەکەن، جا رێکخراوێک ئەوەندە بچوک بێت داوای لێبوردن لە کەمال کەرکوکی بکات، ئەو کەمال کەرکوکییە نەزانەی، کە پیتە عەرەبییەکان نازانێت سەرەتا و کۆتاییەکەی چییە، جەدوەلی زەربی لەبەر نییە، ئیدی ئاستی رێکخراوەکەی تۆ لە کوێدایە؟
ئەم رێکخراونە پاساویان ئەوەیە کە دەڵێن: تهئكید دهكهینهوه بههیچ شێوهیهك رێگهنادهین هیچ كهس و لایهنێك ئهنفال بهكار بهێنێت بۆ مهرامی سیاسی و بهرژهوهندی گروپێك یان حزبێك.
باشە ئەگەر ئەنفال بۆ مەبەستیی سیاسیی بەکار نەهێنرێت ئەی بۆچی بەکار بهێنرێت؟ تۆ وەک رێکخراوێک مافی خۆتە سیاسەت نەکەیت و بەشە مرۆڤایەتییەکە بگریتە ئەستۆی خۆت، بەڵام ئەوە نە دەسەڵاتی تۆیە و نە کاری تۆیە رێگا لە رێکخراو و حیزبی دیکە بگری کە رووداوی ئەنفال و هەڵەبجە بە مەبەستی سیاسیی بەکار نەهێنن، جینۆسایدی جولەکەکان لەپاڵ مەسەلە مرۆڤایەتییەکەدا هەمیشە بۆ مەبەستی سیاسیی و دروستکردنی دەوڵەتی جولەکە بەکار هاتووە و کاریگەریشی هەبووە، ئەوە عەقڵی ئەم ریکخراوانەیە کە پێیان وایە نابێت وا بکرێت، تەنانەت وەک لەم بەیاننامەکەیاندا دەریان خست کە کەسی تر بۆی نییە جگە لە خۆیان باس لە ئەنفال و هەڵەبجە و جینۆساید بکات و موڵکی خۆیانە.
کەمال کەرکوکییەک بۆی هەبێت گاڵتە بە گەنجە جڵ رەشەکان بکات، بەڵام یەکێک بەرپەرچی بداتەوە ئەوە بڤەیە، نابێت ئەنفال بۆ مەبەستی سیاسیی بەکار بهێنرێت. کەمال کەرکوکییەک کە پارتییە و ئەو حیزبە کردوویەتی بە سەرۆکی پەرلەمان بۆی هەبێت بۆ سیاسەتی حیزبەکەی گاڵتە بە جل ڕەشەکانی گەرمیان بکات، بەڵام ئێمە بۆمان نەبێت قسەی لەسەر بکەین و رەخنە لە کەمال کەرکوکی بگرین.
دوا پەیامی منیش بۆ ئەوانەی کە ئەندامی ئەو رێکخراوان، ئێوەش ئەگەر خاوەن هەڵوێست بن وەکو مستەفای حەسەنە گەورە بکەن و واز بهێنن، کە کەسانی نەفام و گومنلێکراو بە ناوی ئێوەوە کەسایەتیی و مێژووتان بخەنە ژێر پرسیارەوە و هەڵوێستتان لاواز بکەن،
دەست بکێشنەوە و واز لەو رێکخراوانە بهێنن، ئەو رێکخراوانە کەسایەتیی خۆیان لە دەست دا، ئیستا دەسەڵات خاوەنێتی نەک ئێوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

