جەعفەر غەفووری (مهابادی) چۆن کوژرا؟!
04/10/2026, 18:27 (GMT+1)

ئایا دەوڵەتانی ئێران یان تورکیە یان سووریە کوشتیان؟!
جەعفەر غەفووری، ناسراو بە "ئەبو موحەممەدی مهابادی"، یەکێک بوو لە فەرماندە سەربازییەکانی پێشووی هەیئەتی تەحریری شام لە سووریە. پێشتر لە ئێران و لە چەند زیندان و لەوانە زیندانی ڕەجایی شاری شاری کەرەج، زیندانی کرابوو
جەعفەر غەفووری، ناسراو بە "ئەبو موحەممەدی مهابادی"، یەکێک بوو لە فەرماندە سەربازییەکانی پێشووی هەیئەتی تەحریری شام لە سووریە. پێشتر لە ئێران و لە چەند زیندان و لەوانە زیندانی ڕەجایی شاری شاری کەرەج، زیندانی کرابوو
و لە قۆناغێکدا لە ژیانی خۆی دا، کۆچی کردبوو بۆ ئەفغانستان لە شەڕی دژی ئەمریکا و هاوپەیمانان. دواتر لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ناوبراو چووەتە سوریە و پەیوەندی بە ڕیزەکانی "کۆمەڵی پشتیوانانی ئیسلامەوە" کردووە.
دواتر لەگەڵ مامۆستا عەبدولڕەحمان فەتاحی( مهابادی) ناسراو بە "ئەبو ئەنەس" و ژمارەیەک لە جیهادییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان( کوردە سەلەفی جیهادییەکان)، ڕێکخراوێک بە ناوی "بزووتنەوەی موهاجیرینی ئەهلی سوننەتی ئێرانیان" بە ئەمیرایەتی (ڕێبەری) مامۆستا عەبدولڕەحمان فەتاحی لە وڵاتی سووریە (شام) دامەزراندووە. لە دوای ڕاگەیاندنی هەیئەتی تەحریری شامیش چوونەتە ناو ئەو بەرەیەوە و جەعفەر غەفووری بووەتە ئەندامی شۆڕای سەربازیی هەیئەتی تەحریری شام. هەتا ڕۆژی ئازادکردنی سوریە لە ناو ئەم هەیئەتەدا بەردەوام بووە و دواتر لە حکومەتی کاتیی سوریە بەرپرسیارێتییەکی نوێی وەرگرتووە.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ٢٨ی سپتامبەری ٢٠٢٦، کەسێکی بە ناوی موعتەسەم ئیبراهیمی، کە خەڵکی شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ئەویش لە سوریە نیشتەجێیە، سەردانی ماڵی جەعفەر غەفووری (ئەبو موحەممەد)ی کردووە.
ماڵەکەی ناوبراو لە شارۆچکەی کەفر تەخاریم، لە ناوچەی گوندەواری باکووری ئیدلیب، بووە.
دواتر بە شێوەیەکی زۆر نامەردانە، لە ناو ماڵەکەی خۆیدا و لە کاتی نانخواردن دا و لە بەر چاوی مناڵە بچووکەکەی و ژنەکەی کوشتوویەتی.
دواتر زۆر کەس دەڵێن کە کەسی بکوژ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سوریەوە ( ئەمن عام) دەستگیر کراوە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری کوشتنی ناوبراو بە ڕوونی ئاشکرا نەکراوە.
لە ئێستادا، چەند قسە و باسی تایبەت لەسەر چۆنیەتی کوژرانی جەعفەر مهابادی هەیە:
شایانی باسکردنە کە ڕەنگە ناوبراو بە پیلانگێڕیی ڕژێمی ئاخوندەکانی ئێران تیرۆر کرابێت، چونکە هەندێک دۆست و هاوبیری باوەڕپێکراو و تایبەتی ناوبراو، ئاماژە بەوە دەکەن کە جەعفەر پەیوەندییەکی پتەو و بەرفراوانی لەگەڵ لایەنە بەرهەڵستکارەکانی ڕژێمی ئاخوندی ئێران و لەوانە ڕێکخراوی موجاهیدنی خەلقی ئێران درووست کردبوو لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا.
ئەو دەیگوت چ عەلمانی و چ ئیسلامی، هەموو دەبێت هەوڵبدەین ڕیزەکانمان لە دژی کۆماری ئیسلامی بەهێز و پێوەندیمان پتەوتر بکەین.
لە هەمان کاتدا، بەهۆی ئەوەی کەسی بکوژ ناسراوە و خەڵکی شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەگەری ئەوە هەیە هەندێک لایەن هەوڵ بدەن ئاژاوە و لێکترازان لە نێوان جیهادییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکەن. لەوانەش بێ گومان کوردە داعشەکانن کە لە ئێستادا دیسان سەریان هەڵداوەتەوە و هەوڵدەدەن خۆیان بە هێز بکەنەوە و بە هیچ شێوەیەک ئیسلامیەکانی دیکە قەبووڵ ناکەن.
هەڵبەت باسی ئەوەش دەکرێت کە ناوبراو زۆر نزیک لە شەرع بووە و تەنانەت ئامادەی دیداری مەزڵووم عەبدی بووە.
کە وایە بەڕاستی نهێنی تیرۆرکردنی چییە؟!
زانیمان کە لە زیندانەکانی ئێرانەوە تا جەبهەکانی شەڕ لە ئەفغانستان و سوریە، جەعفەر غەفووری، ڕێگایەکی پڕ لە ڕووداوی جۆراوجۆری بڕیوە کە بە گوێرەی ڕوایەتی یەکێک لە نزیکەکانی خۆی، بە تیرۆرکردنی لە ناو ماڵەکەیدا کۆتایی هاتووە. بەڵام هەموو پرسیارەکان دەربارەی بەئامانجگرتنی ئەو، تەنها بە مێژووی سەربازییەکەیەوە سنووردار نابن، بەڵکو بە پەیوەندیی نزیک و تایبەت بە ئەحمەد شەرع و دیدارێکەوە پەیوەستن، کە خۆی ئامادە دەکرد لەگەڵ کەسایەتییە کوردەکاندا لە مانگی داهاتوودا وەک کۆنفڕانسی کوردەکان لە دیمەشق ئەنجامی بدات.
غەفووری کوردێک بوو ناسراو لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە گوێرەی بەیانیەی سەرەخۆشییەکەی، لە ساڵی ٢٠٠٦ پەیوەندی بە بزووتنەوەیەکی جهادییەوە کردووە، چووەتە ئەفغانستان و لە ئێرانیش زیندانی کراوە، هەموو ئەمانە پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥ بگاتە سوریە. لە سوریە بەشداریی لە زۆربەی شەڕەکان کردووە لە دژی دەوڵەتی بەعسی بەشار ئەسەد، ئەرکی فەرماندەیی وەرگرتووە و شەڕکەرانی کورد و عەڕەبی ڕاهێناوە.
ئەو سەرچاوەیەی کە ئەم وردەکارییانەی بۆ من گێڕاوەتەوە، یەکێکە لە نزیکەکانی و تەنانەت هاوڕێی ناو زیندانی یەکتر بوون لە ئێران. ئەو جەعفەر غەفووری بە ئیسلامێکی فکرکراوە و یەکێک لە کەسایەتییە زۆر نزیکەکان بە ئەحمەد شەرع وەسف دەکات.
دەڵێت غەفووری لە نێو ئەو کەسانەدا بوو کە چوونە پێشوازیی وەفدێکی ئەمریکا کە دوای ڕووخانی ئەسەد سەردانی سوریایان کرد. هەروەها دەڵێت جەعفەر غەفووری دەستپێشخەریی سەردانی بنەماڵەکانی قوربانییەکانی "جەندیرەسی" کردووە و لە ڕێکخستنی دیداری ئەوان لەگەڵ شەرعدا بەشدار بووە.
شەرع لەو کاتەدا بەڵێنی دابوو بە جەعفەر و هاوبیرانی کوردی، کە بەرپرسانی ئەو تاوانە دەخاتە ژێر لێپرسینەوە. بە گوێرەی سەرچاوەکە، وەک باسمان کرد، بکوژەکەی هەر لە ئێرانەوە، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ غەفووری هەبوو، سەردانی کردووە و داوای کردووە لەگەڵ یەکتر نانی بەیانی بخۆن. دوای ئەوەی خواردنەکە پێشکەش کراوە، غەفووری چووە بۆ هێنانی چایی. کاتێک گەڕاوەتەوە ژوورەکە، میوانەکە سێ فیشەکی پێوەناوە، لەبەردەم منداڵەکەی کە نزیکەی دوو ساڵ و نیو تەمەنی بووە. سەرچاوەکە هەروەها دەڵێت هاوسەرەکەی دوای دەنگی تەقە چووەتە ژوورەکە، بەڵام هێرشبەرەکە چەکی خۆی بەرەو منداڵەکە ئاراستە کردووە و ئەویش لە ترسان کشاوەتەوە، پاشانیش هێرشبەرەکە هەڵاتووە، و کەسانی دیکەش دەڵێن دەستگیر کراوە.
هەروەها باس لە هەندێک کردار دەکەن کە پێش تاوانەکە ڕوویداوە و بە بۆچوونی زۆربەیان، نیشانەی پلاندانانی پێشوەختە بوون، لەوانە گواستنەوەی منداڵەکانی گومانلێکراوەکە بۆ ماڵی باپیریان لە حەڵەب، گۆڕینی ناونیشانی نیشتەجێبوون و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکەی. هەروەها دەڵێت درۆن و ماددەی تەقەمەنی لە شوێنی نیشتەجێبوونی نوێی ئەو دۆزراوەتەوە، بەڵام بۆمان ئاشکرا ناکات کام لایەن ئەوانی دۆزیوەتەوە.! بەشێک لە دۆست و هاوفکری غەفووری پێیانوایە، گومانلێکراوەکە بیرۆکەی داعشی پەسەند کردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی تایبەت سەبارەت بەمەش نادەن بەدەستەوە، کە پەیوەندیی ڕێکخراوەییی کەسی بکوژ بە داعش یان وەرگرتنی فەرمان لەو ڕێکخراوەیە بە ڕوونی بسەلمێنێت.
گرنگترین زانیاری ئەوەیە کە جەعفەر غەفووری نزیکەی پانزە ڕۆژ پێش تیرۆرکردنی، بە کەسێکی نزیک لە خۆی گوتووە کە دیدارێکی زۆر تایبەتی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆ دانراوە و تایبەتە بە وەزعی کورد بە گشتی و بە تایبەت کوردانی ڕۆژهەڵات. بەڵام بە گوێرەی ئەم گێڕانەوەیە، ئەو دیدارە هەرگیز ئەنجام نەدراوە و هێشتا ئەو بابەتانەی کە دەبوو لە دیدارەکەدا باس بکرێن، ڕوون نەکراونەتەوە.
لێرەدا پرسیارەکان سەرهەڵدەدەن: ئایا ئەم ئۆپەراسیۆنە پەیوەندیی بە بیرۆکەی داعش هەبوو؟!
یان ئایا ئەمە جۆرە کوشتنە یەکلاکردنەوە و پاك کرنەوەیەك لە ناو بازنەی کەسانی تایبەت و نزیکی شەرع بوو؟!
ئایا پەیوەندییەکانی غەفووری و بیرکردنەوە لە هێزی کورد لە دانیشتنی لەگەڵ کەسایەتییە کوردەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان بووە هۆی ناڕەزایی لایەنێکی هەرێمایەتی وەک دەوڵەتی فاشیستی تورکیە؟!
یانیش پێوەندی چڕوپڕی بە ڕێکخراوی "سازمانی موجاهیدنی خەلقی ئێران"، جۆرێك مەترسی لە لای کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی درووست کرد، کە ڕەنگە جەعفەر غەفووری بتوانێت لەگەڵ هاوفکرانی لە سووڕیە و عێڕاق، پێوەندی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بکەن و ببنە هەوێنی نافەرمانی بەشێکی زۆر لە سەلەفی و جیهادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی دەسەڵاتی ئاخوندیی شیعە، بۆیەش ئاخوندەکانی ئێران پێشوەختە تیرۆریان کرد.
هەڵبەت هەموو ئەمانە پرسیارن بۆ لێکۆڵینەوەی ورد، نەک تۆمەتێکی سەلمێندراو.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان


















