<

کێ دوژمنی کوردە ؟

31/10/2026, 0:26 (GMT+1)
کێ دوژمنی کوردە ؟شێرزاد شێخانیکێ دوژمنی کوردە ؟
لەدوای راپەڕینەوە ، واتا لەماوەی بیستوپێنجى ساڵی رابردووەوە دوو حیزبی دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان فەرمانڕەوان . حوکمەتداری هەرێم بە هەردوو لایەنی باشو خراپییەوە لە ئەستۆی ئەم دوو دەسەڵاتەی حزبەوەیە ، بەڵام بە ئینسافەوە دەبێ ئەوەش بووترێ کە لە دوای ٣١ ئابی ١٩٩٦ تاکو ئەمڕۆش تاکە حاکمی رەهاو بێ رکابەری هەرێم بنەماڵەی بارزانی بوونە بە حوکمی ئەوەی زۆربەی جومگە  ئەساسییەکانی هەرێمیان بە دەستەوە بووە .
هیچ کەسێکی ئەم هەرێمە نکووڵی لەوە ناکات هەرێم لەدوای رووخانی رژێمی صەدامەوە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەی لە رووی ئاوەدانی وخۆشگوزەرانییەوە بە خۆیەوە بینیوە ، ئەمەش هەڵبەت لە سایەی ئەو هەموو ملیاران دۆلارەوە بووە کە لە بودجەی حکومەتەکانی دوای صەدام رژانە سەر هەرێم ، بەڵام لەهەمان کاتیشدا نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت کە بەشێکی زۆری ئەم پارانە بە هۆی گەندەڵییەوە بەهەدەردراون و چوونەتە ناو گیرفانی حزب و دەسەڵاتدارەکان ومیللەتیان لێ بێبەشکراوە .
نیمچە سەربەخۆییەکەی هەرێمی کوردستان وشەرعییەتدان بە قەوارەی هەرێم لەدەستووری عیراقدا فرسەتێکی زۆر گەورە بوو بۆ بەدیهێنانی خەون و ئاواتی میللەتی کورد لە دروستبوونی قەوارەیەکی خۆماڵی تەندروست وپێشکەوتوو کە قەرەبووی ئەم هەموو ساڵە درێژانەی موعانات وئازار و مەحروومی گەلەکەمان بکاتەوەو ئەم هەموو تاوان و جینوسایدانەی دەرهەقی کراون ، بسڕێنەوە . بەڵام بە داخەوە لەجیاتی ئەوەی ژیانێکی شکۆمەندو شەریفانە بۆ میللەتەکە دابینبکرێ ، کۆمەڵێک چەتەو مافیاو نەدیوبدیوەکان کۆنتڕۆڵی هەموو سەروەت سامانەکانی هەرێمیان کرد و، هەموویان بۆ خۆیان برد . لەرێگەی دامەزراندنی چەندین کۆمپانیای بازرگانی لەگشت بوارەکاندا تەواوی موقەدەراتی هەرێمیان خستە بندەستی خۆیان . لێڕەوە بەهۆی گەندەڵی وبردنی سامانی میللەت کێشە لە دوای کێشە و قەیران لەدوای قەیران بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتەوە .
کێشەی ئەزەلی کارەبا وئاو لە ساڵانی نەوتەکانەوە تاکو ئەمڕۆش بەردەوامە ، دوای ئەوەی ئەم کێشەیە تا حەدێک بە پرۆژەی رووناکی چارەسەر کراوە ، بەڵام کێشەکە گەورەتر کرایەوە کاتێک نرخێکی خەیاڵی بەسەر بەکارهێنەرانی کارەبا فەرزکرا کە لە تاقەتی هیچ کەسێکدا نیە ، تەنانەت مەسئوول ودەوڵەمەندەکانیش هاتنە قسەکردن لەسەر گرانی نرخی کارەبا . قەیرانی سووتەمەنی لەساڵانی نەوەتەکانەوە بەردەوامە ، کاتێک لەسەر جادەکان بەنزین بە دەبە دەفرۆشرا ، ئێستاو دوای ٣٥ ساڵ دیسان گەڕاوینەتەوە سەر فرۆشتنی بەنزین بە دەبە لەسەر شوستەکان . نرخی ئەمڕۆی بەنزینیش سەرباری بوونی دوو سێ پاڵاوگەی گەورەش بەراوورد بە دەوڵەتە گەورەکانی جیهان زۆر گرانترە و بازاری ناوخۆی راگرتووە . گرانی نرخی شتوومەک نەک تەنها کەمالیاتی گرتۆتەوە ، بەڵکو گەیشتۆتە سەر قووتی هاوڵاتیان . ئەو هەرێمەی لەساڵانی سییەکانەوە  خۆراکی هەموو عیراقی دابیندەکرد ، ئێستا کەرەوز کەوەریش لەوڵاتانەوە هاوردە دەکات و سێ بەشی جوتیارو گوندنشینەکان بوونەتە پاسەوان وچەکداری حزبەکان و گوندەکانیان چۆڵ کردووە کە ساڵانێکی دوورودرێژ کەوتبوونە بەر شاڵاوی تەعریب وتەهجیر ، ئێستا بە دەستی خۆیان چۆڵێان دەکەن .
کەرتی تەندروستی بەشێوەیەک تێکچووە کە هیچ کەسێک بەرگەی نرخی خزمەتگوزارییە پێشکەوتووەکانی تەندروستی ناگرێت و دەستی بە چارەسەری پزیشکی ناگات بە هۆی دامەزراندنی دەیان وسەدان نەخۆشخانەی ئەهلی لەسەر حیسابی کەرتی تەندروستی حکومی .نرخی دەرمانیش گەیشتۆتە ئاستێک کە لە دەوڵەتانی ئەوروپاش گرانترە . کەرتی پەروەردە بەشێوەیىەک وێرانبووە ، خاوەن شەهادە بەرزەکانی دەرچووی زانکۆکانیش عیلمو مەعریفەکانیان بەروارد ناکرێن لەگەڵ خاوەن شەهادەی سەرەتایی وناوەندی جاران . دەیان کارگەی بەرهەمهێنەری هەرێمەکەمان یان فرۆشرانە هەندێ وردە مەسئوول یانیش رووخێندران و بینای مەسئولانی لەسەر بنیاتنراوە . هەموو سێکتەرەکانی حکومەت کەوتۆتە دەست کۆمپانیا حیزبیەکانی دەسەڵات ، وەزارەتەکانی حکومەتیش هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەریانەوە نیە و ناشتوانن هیچ بڕیارێکیان بەسەردا فەرز بکەن . ئەوەتا حکومەت بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین دەردەکات بەڵام کەس گوێی لێناگرێ .
بە گشتی دەتوانین بڵێین کەوا ئیدارەی حکومەىتی هەرێم لەماوەی ئەم سیو پێنج ساڵەدا شکستێکی ئابرووبەرانەی هێناوە و پێش ناچێ دوای ئەم هەموو کارەساتەی بەسەر سێکتەرەکاندا هاتووە لە ئاییندەیەکی نزێیدا چارەسەر بکرێ . ئینجا پرسیارە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە؟.
ئایا حکومەتی هەرێم بەم داننانە دەستوورییەی بە قەوارەی هەرێم و ، بەم سەدان ملیار دۆلارانەی ساڵانە لە بەغداوە دەڕژایە سەر هەرێم ، بەم هەموو داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی گومرگ و داهاتی ناۆخۆوە نەیدەتوانی نموونەیەکی جوانتر لەوەی ئێستا پێشکەش بە میللەتەکەی خۆی بکات و ژیانێکی شاییستە بۆ خەڵکی هەرێم وئاوەدانییەکی راستەقیینە دابینبکات ؟. لەجیاتی ئەوەی ئەم هەموو سێکتەرانە وێران بکرێ ، نەدەکرا هەموویان ببوژێنرێنەوە و پێش بخرێن ؟. نەدەکرا لەجیاتی رووخاندنی کارگەکان بەرهەمەکانیان بە تازەترین تەکنۆلۆژیای سەردەم پێش بخرێن ؟. نەدەکرا لەجیاتی ئەو درۆیە زەبەلاحەی کاتی خۆی کردیان گوایە پشکی هەر هاوڵاتیەک لە فرۆشی نەوتی هەرێم لەناو زەرفێک دەدچێتە ماڵەکانییەوە ؟. نەدەکرا کێشەی بوتڵی غاز و نەوتی سپی ساڵانە چارەسەر بکەن ؟. نەدەکرا لەجیاتی ئەم هەموو کۆمپانیا بێویژدانانەی ئەمڕۆ کە حوکمی راستەقیینەی وڵاتەکەمانن و باجو سەرانە وگیرفان بەتاڵکردنی هاونیشتمانیان کردۆتە پییشەی رۆژانەیان ، حکومەت بە ئەرکی خۆی هەستابایەو باج وزەریبە ورسوماتی بەشێوەیەک رێکبخستایە کە لەگەڵ داهاتی خەڵکە زۆریەنەکە بگونجێ ؟. نەدەکرا لە جیاتی ئەو سەدان وهەزاران پرۆژەی نیشتەجێ بوونی خاوەن ملیارەکان ، سەد نەخۆشخانەو قوتابخانە لە ناو شارو گوندە دوورەدەستەکان دروست بکرانایە ؟.
ئەمانە هەموویان دەکران ، بەڵام گەندەڵی وچاوچنۆکی دەسەڵاتداران و دوورکەوتنەیان لە ئامانجی هەموو شۆڕشەکانی کوردایەاتی وایلێکردن هەرێم وچارەنووسی گەلەکەی بگەیەننە ئەم رۆژە ڕەشەی ئێستا .
شەرم نیە بۆ دەسەڵاتێک دوای سی وپێنج ساڵ لە حوکمڕانی موتڵەقی دوور لە داگییرکاری ، میللەتەکەیان بە دەست نەبوون وگرانی سووتەمەنی بناڵێنن کەوا هەرێم لەسەر دەریایەک نەوتی ژێر خاکەکەیەتی ؟ . شوورەیی نیە خانەنشینیک دوای چل ساڵ خزمەتی وڵاتەکەی پارەی پاکەتێک دەرمانی نەبێت ئازارەکانی کەمبکاتەوە .
لە سی وپێنج ساڵێ رابردووەوە تاکو ئەمڕۆش ، میللەتی کورد دەنگ بەو حزبانەی دەسەڵات دەدەن ، خۆیان و بابو باپیرانیان دەیان هەزار قوربانییان داوە بۆ دروستکردنی ئەم قەوارەیە ، هەموو جارێکیش دیسان دەنگ هەر بەو حیزبانەی دەسەڵات دەدەنەوە ، ئایا هەق نییە ئەم دەسەڵاتە یەکتۆز رێز  لەو قوربانییانەی میللەتەکەیان بگرن ؟.
ئەوەتا بەغدا کارتی تەندروستی بە خۆڕایی دەداتە خانەنشینەکانیەوە . ئەوەتا بەنزین بە ٤٥٠ دینار و نەوتیش بە ٣٠ هەزار دەداتە هاوڵاتیەکانی ، ئەوەتا قەرزی بانکی دەداتە فەرمانبەرو خانەنشینەکان ، ئەوەتا باجو رسوماتیان لەسەر کەمدەکاتەوە ، بۆچی حکومەتی هەرێم کارێکی لەمەش کەمتر ناکات بۆ سووککردنی باری قوڕسی ژیانی هاوڵاتیەکانی ؟.
پرسیارە گەورەکەش لێرەدایە ، چۆن ڕەوایە دەسەڵاتی هەرێم قوربانی بە شەش ملیۆن هاوڵاتی خۆی بدات لە پێناو دەوڵەمەندکردنی هەزار خاوەن کۆمپانیا ؟. ئەمە کەی ڕەوای هەقە .
بۆچی دەسەڵاتی کوردی بەمشێوەیە دوژمنایەتی گەلەکەی خۆی دەکات تا کار بگاتە ئەوەی تاکی کورد زۆری پێخۆش بێت دەسەڵاتی مەرکەزی حکومەتی عارەبی بەغدا بگەڕێتەوە ، تەنها بۆ ئەوەی لەدەست ئەم دەسەڵاتەی هەرێم رزگاری بێت .
دەسەڵاتی هەرێم چۆن بەڕێوە دەچێت کە جاش وئەنفالچی و موستەشارەکانی ئەفواج خەفیفە پێش بخەیت وژیانی شاهانەیان بۆ دابین بکەی ، هەرچی بەعسی وکوردکوژی جارانە داڵدە بدەیت ، لەبەرامبەریشدا پێشمەرگەی بێناز لە قووتی منداڵەکانی بێبەش بکەیت ، هەرچی کەسایەتی سووک وچرووکی ناو کۆمەڵگە هەیە لەسەر حیسابی خەڵکی ئەکادیمی و رۆشنبیر و کەسایەتی ناسراوی ناو کۆمەڵگە بیانکەیتە حاکم بەسەر ئەوانەی ساڵانێک سووتەمەنی شۆڕشەکانی کورد بوونە ؟.
دەسەڵاتی هەرێم تەنها ئەوەی لەبەر چاو بێ کە هەر ئەم میللىەتەیە چوار ساڵ جارێک دەیانهێنێتەوە سەر تەختی دەسەڵات ، هەر ئەوانیشن لەکاتی لێقەوماندا فریای دەکەون . بۆ تێناگا کاتی رەشەبای گۆڕانکاری هەڵیکرد خاوەن کۆمپانیاکان بە پارە دزراوەکانیانەوە هەڵدێن و پشتی ئەم دەسەڵاتە بەردەدەن ، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها میللەت و ئەو پێشمەرگەیە کە پێنج هەزار دینار لەگییرفانیدا نیە جانتایەکی مەکتەب بۆ کچەکەی بکڕێ ؟!. صەدام حوسێن شانازی بە هەبوونی دوو ملیۆن بەعسی دەکرد ، بەڵام کاتێک لێی قەوما کەس بە هانایەوە نەچوون ، پارەو موڵکەکانیشی کەس نازانێ لەژێر کام خاکی عیراق شاردراونەتەوە . ئیدی نە  پارەو نە دەسەڵاتیش فریای کەسی گەندەڵ و دوژمن بە گەلەکەی خۆی دەکەوێت . ئەو کەسە کەسە کە ئـەلفێکی بەسە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست