لە ئینتیمای مەزهەبییەوە بۆ سەرلێشێواوی سیاسی
13/10/2026, 18:36 (GMT+1)

'' ئیسلامی سیاسی و دووانەیی هەڵوێستەکان ''
لەم ووتارەدا ئەم هاوکێشەیە: (لە غەزە تا یەمەن؛ ئایین لە بەردەم تاقیکردنەوەی سیاسەتدا) شرۆڤە دەکەین. سەیری ئەم هاوکێشانە بکەن، کاتێک مرۆڤ خاوەنی ڕوئیا و تێڕوانینی فکریی سەربەخۆی خۆی نەبێت و خەمی سەرەکیی خەمی نەتەوەکەی نەبێت، تووشی دژایەتی لە نێوان ئینتیما و هەڵوێستە سیاسییەکانیدا دەبێت. ئەم دژایەتییە کاتێک زیاتر دەردەکەوێت کە هەڵوێستی بەشێک لە کۆمەڵگەی سوننیی کورد و پارتە ئیسلامییە سوننە کوردییەکان بەرامبەر ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچە بەراورد دەکەین، لە کاتێکدا هەندێک لەو هەڵوێستانە لەگەڵ ناسنامەی مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامییاندا دەگونجێت، لە کاتێکی تردا بەرامبەر گرووپە ئیسلامییە سوننییەکان و شیعییەکان، بە پێی ئاڕاستەی سیاسی و دوژمنایەتییەکان، شێوەیەکی جیاوازتر وەردەگرێت.
پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا هەڵوێستی سیاسیی ئێمە لەسەر بنەمای پرەنسیپ و تێڕوانینێکی سەربەخۆ دامەزراوە، یان بە پێی ئەوەی کام لایەن دژی کام لایەن دەجەنگێت، هەڵوێستەکانمان دەگۆڕێن؟ بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم دژایەتییە، با سەیری ئەو ڕووداوانە بکەین کە هەڵوێستی بەشێک لە کوردی باشور بەرامبەریان جێی تێڕامانە.
لە کاتێکدا، بە کەوتنی سوریای شیعی، ئیسڕائیل بەهێزتر بوو، چونکە ئیتر لە سوریا هیچ هەڕەشەیەکی لەسەر نەما. ئەو ئیسڕائیلەی کە کوردی ئیسلامی باشور وەک دوژمنی خودا تەماشای دەکات، بەڵام بە کەوتنی دوژمنێکی ئیسڕائیل، کوردی ئیسلامی شاگەشکە بوو!
بەڵام کاتێک ئیسڕائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئێرانی شیعی، کەچی کوردی ئیسلامی باشور ئاواتەخواز بوو ڕژێمی شیعی ئێران بمێنێتەوە و سەرکەوێت. هەروەها، ئاواتەخواز بوو حیزبوڵڵای شیعی لوبنان، حەشدی شیعی عێراق و حوسییەکانی یەمەن هێرشێکی گەورە و کاولکارانە بکەنە سەر ئیسڕائیل و لەناوی ببەن.
کاتێک سعودیە، ئیمارات، تورکیا و پاکستان، کە دەوڵەتانی سوننین، لە جیاتی ئیسڕائیلی جولەکە شەڕی حوسییە شیعییەکانی یەمەن، کە دوژمنی ئیسڕائیلن، دەکەن، کوردی ئیسلامی باشور ئاواتەخوازە حوسییە شیعییەکان لە ڕەگەوە لەناوبچن.
لە کاتێکدا، بە کەوتنی حوسییەکان، ئیسڕائیل بەهێزتر دەبێت، چونکە ئیتر لە یەمەنەوە هیچ هەڕەشەیەکی لەسەر نامێنێت. ئەو ئیسڕائیلەی کە کوردی ئیسلامی باشور وەک دوژمنی خودا تەماشای دەکات، بەڵام بە کەوتنی حوسییەکان، کە دوژمنی ئیسڕائیلن، شاگەشکە دەبێت!
هاوکێشەی هاوسۆزی کۆمەڵگەی ئیسلامی باشور بەمجۆرەیە: لە غەزە کورد لەگەڵ بەرەی مقاومەی شیعییە، لە سوریا دەبێتە هاوسۆزی ئیسڕائیلی دژی شیعە، لە ئێران دەبێتە دۆستی شیعە دژی ئیسڕائیل، لە یەمەن هاوسۆزی (سعودیا، تورکیا، پاکستان+ ئیسڕائیل)ە دژی شیعە!
لە کۆتاییدا، ئەم هاوکێشانە پرسیارێکی گرنگ دەخەنە بەردەم کۆمەڵگەی سوننیی کورد و پارتە ئیسلامییە سوننە کوردییەکان، ئایا پێوەری هەڵوێستیان بەرامبەر ڕووداوە سیاسییەکان، ناسنامەی مەزهەبی و ئاڕاستەی ئایدیۆلۆژیی لایەنەکانە، یان هەڵسەنگاندنی سەربەخۆی کردار و سیاسەتەکانیانە؟ چۆن دەبێت بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و لاوازبوونی هەژموونی ئێراندا دڵخۆش بن، بەڵام لە شەڕی ئیسڕائیل و ئێراندا هیواخواز بن ئێران سەرکەوێت؟ یان لە شەڕی دەوڵەتە سوننییەکان دژی حوسییەکان ئارەزووی لەناوچوونی گرووپێکی ئیسلامیی شیعی بکەن کە دژایەتیی ئیسڕائیل دەکات؟
مەبەست ئەوە نییە کە هەموو گرووپە ئیسلامییەکان یەکسانن، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە هەڵوێستەکانیان بە پێوەرێکی جێگیر هەڵبسەنگێنین و لە نێوان ناسنامەی مەزهەبی، ئایدیۆلۆژیا، بەرژەوەندیی نەتەوەیی و واقیعی سیاسی جیاوازی بکەین.
نەتەوەیەک کە تێڕوانینی سیاسیی سەربەخۆی نەبێت، هەمیشە لە نێوان هاوپەیمانی و دوژمنایەتیی ئەوانی تردا سەرلێشێواو دەبێت. لەبەرئەوە پێویستە کۆمەڵگەی کوردی و پارتە ئیسلامییە کوردییەکان لە خۆیان بپرسن: ئایا هەڵوێستەکانمان بە پێی پرەنسیپەکانمان دەگۆڕدرێن، یان پرەنسیپەکانمان بە پێی هەڵوێست و بەرژەوەندیی لایەنەکان دەگۆڕین؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





