<

ئیتیگراسیۆنتان باش

18/10/2026, 16:54 (GMT+1)
ڕەگی ووشەی (integration) سەرچاوەکەی لاتینیە و پاشان پەڕیوەتە نێو زمانی فەرەنسی پاشان لە سەرەتای 1600 ئەم ووشەیە هاتۆتە نێو زمانی ئینگلیزی و لەو ڕۆژەوە بەمانای تێکەڵبوونی دوو شت   بە مەبەستی تەواو کردن هاتوە.لە زمانی ماتماتیکدا وەك ژمارەی تەواو بەکاردێت وەك سفر،یەك،سێ و هاوشێوەکانیان.. ئەم تێرمە لە زۆر بواردا بەکاردێ وەك (ئابووری،کۆمەڵایەتی،سیاسی،کلتووری).
ئەزموونم لەگەڵ ئەم تیرمەدا ئەو کات دەستی پێکرد کە کوردستانم جێهێشت لە ساڵی 1996 دوای کارەساتەکەی 31 ئابی ئەو ساڵە کە مەسعود بارزانی بە یارمەتی سوپای گاردی کۆماری عێراق توانیان بگەڕێنەوە هەولێر و ئەو کات پەرلەمانی کوردستانیان کرد بە گەراجی دەبابەکانی بەعس.
کاتێ گەیشتینە ئەمریکا داوایان لێکردین کە بتوانین لەگەڵ سیستمی ئەم ووڵاتە خۆمان بگونجێنین و فێری یاسا و ڕێسای دەوڵەت ببین بۆ ئەوەی بەئاسانی فێری ئەم ژیان و کلتوورە نوێیە ببین و بتوانین سەرکەوتن مسۆگەر بکەین..بە پێچەوانەوە؛ ناڕەحەتی و قورسی ژیان و فێرنەبوونی زمان ئەبێتە ڕێگر لە پێشەکەوتن و ژیانێکی باشتر.
سەرەتا خوێندن و فێربوونی زمانی ئیگلیزی بۆ هەموان و بە خۆڕایی فەراهەم کرابوو، بۆ ئەو مەبەستەش گەورە و بچووك بەبێ جیاوازی ڕەگەز و تەمەن بۆی هەبوو بچێتە خوێندگاکان و فێری زمان ببین و لەهەمان کاتدا گەر بمان وویستایە ئەمان توانی بەردەوامی بە خوێندن بدەین و ئەوەی ئارەزوومانە لە ڕێگای خوێندنەوە بە دەستی بهێنین.
فێری بوونی زمان و تێکەڵابوون لەگەڵ گەلانی ئەمریکا بە هیچ شێوەك ڕێگر نەبوو لەوەی کە ئێمەی کورد نەتوانین زمان و کلتووری خۆمان نەپارێزین، بە پێچەوانەوە؛ هەموو کات جەخت لەوە ئەکرایەوە کە پێوستە زمان و کلتووری خۆمان لەیاد نەکەین و بیان گوازینەوە بۆ نەوەکانمان..لەوەدا بۆمان هەبوو کۆمیونتی خۆمانمان هەبێ و خوێندنگای کوردی و چێشتخانەی کوردی و جل و بەرگی کوردی بپۆشین و لەگشت یاد و بۆنەکاندا جەژنەکانی خۆمان بەڕێ بکەین. ئەمە هەمان شتە لە ئەوروپا و زۆربەی شوێنی جیهان بۆ هەر کەسێك لە ووڵاتی خۆیەوە کۆچی بۆ ئەوروپا و ئەمریکا کردبێ هەموو مافە کلتووریەکانیان پارێزراوە و ڕێزی لێگیراوە.
بە کوردی و بە کورتی؛ئەو ئینتیگراسیۆنەی داوامان لێکرا کردمان بەبێ هیچ کێشەیەك و بەبێ ئەوەی کەسێك ببێتە ڕێگر وەیان هەر کارێکی تر کەلەگەڵ مافی مرۆڤ نەگونجێ..
ئێمە لەیەکەمین ڕۆژوە ئەو ڕاستیەمان لەبەرچاوە کە ئەوە ئێمەن هاتووین بۆ ئەم ووڵاتە و ئەبێ ئێمە بە زووترین کات فێری زمانی فەرمی ببین، نەوەك پێچەوانەکەی. زانیمان و لەسەر پێوست بوو فێری یاساکانی ڕێگاو بان، لێخووڕینی ئۆتۆمۆبیل،یاسای باج ، یاسای دەنگ دان، یاسای ژنخوازیی و مێردکردن، یاسای پێکەوە ژیان و هەڵکردن لەگەڵ سەدەها نەتەوە و زمان و کلتووری جیاواز، فێربوونی یاساکانی تاوان و پارێزگاری لە خود،،ئەمە و چەندینی تر وەك هاوڵاتیبوون و ئەرك و ماف.دروست کردنی خێزان مافی مناڵان و مافی گیان لەبەر و پاراستنی ژنیگە و چەندینی تر..
کاتێ ئێمە بەوە ڕازی بووین کەوا (ئیتیگراسیۆن)بکەین لەگەڵ کۆمەڵگای ئەمریکی ، دەوڵەت و دەزگاکانی شارستانی بەهاوبەشی شارەوانیەکان گشت مافێکی بۆ هەموان ڕەخساند و ئێستا وەك هاوڵاتیەکی ئەم ووڵاتە بۆمان هەیە وەك هەر کەسێکی تر هەموو ئەو کارانە بکەین کە ڕێگە پێدراوون و بەرژەوەندی گشتی ناخەنە مەترسیەوە، ئەوە فێربووین کە یاسای ووڵات لەسەرو هەموانەیەو بۆ هەموانە . وە زۆر ڕێز لەو ئاڵایەش ئەگرین کە ئاڵای ئەمریکایە.. کەواتە لەبەرانبەر ئەو (ئینتیگراسیۆنە) کە کردمان هیچ کات داوای توانەوەیان لێ نەکردین و داوای ئەوەمان لێ نەکرا کە ئەبێ واز لەزمان و کلتوور و مێژوو و داهاتوومان بهێنین..هیچ کات هەستمان بە مەترسی نەکردوە لەسەر خۆمان و مناڵەکانمان.
یەکێ لەو کێشە و قەیرانانەی دەسەڵات و سیاسیەکانی کورد بەرانبەر کورد و کوردستان کردویانە ئەوەیە هاتوون و چەندین دەستەواژە و ئایدیای دەرەوەی کوردستانیان بەهەڵە و بە مەبەستێکی خراپ خستۆتە بەردەم هاوڵاتی کوردی سادە. کاتێ خۆی و لەسەردەمی سەرهەڵدانی ئسیلامدا پیاوە ئایینیەکانمان جا بەهەڵە بوبێ وەیان بە مەبەستی کاولکردن و وێران کردنی کۆمەڵگای کوردی چەندین ووشەی عەرەبیان بەکارهێناوە کە دژی خواست و وویستی کورد بوە. بۆ نمونە مەلای خەتێ فتوای دەرکرد کە نابێ کوردی موسڵمان دژ بە تورکیای عوسمانی بجەنگێ، دەنا تەڵاقیان ئەکەوێ بەمەش سوپای کورد چیتر شەڕی نەکرد و دۆڕاندی.پاشان لەسەردەمی کۆمۆنیستی و شیوعیدا وایان لەخەڵکی ئەکرد هەوڵبدا بۆ ئەوەی چینایەتی نەمێن لەسەر حسابی نەتەوەیی.پاشان سەردەمی (ئیتەرناسیونال و ئینجا کۆمەڵگای دیموکراتیك) .کە بەهەڵە ئەیانەوێ وا لە کورد بگەیەنن کە چیتر باوی دەوڵەت نەتەوە نەماوە و پێوستە کورد هەوڵبدا لە دەوڵەتدا خۆی بتوێنیتەوە .
(ئۆچ ئالان) زۆر بەهەڵە و بە مەبەست ئەیەوێ وا بەناوی ئینتیگراسیۆن وا لەخەڵکی بگەیەنێ کە پێوست ناکا کورد دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی هەبێ. ئەو داوا لە 70 ملیۆن کورد ئەکا کە خۆی بتوێنێەوە و بە عەرەبی،فارسی و تورکی قسە بکا. ئەمە لە کاتێکدا ئەو داوایەی تەنها ئاڕاستەی کورد کردوە.نەوەك پێچەوانەکەی . ئەو تەنها ڕووی دەمی لە کوردە و پێی وایە ئاساییە عەرەب خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی بێ، ئاساییە فارس خاوەنی دەوڵەت بێ و بەهەمان شێوە تورك خاوەنی دەوڵەت بێ، بەڵام کورد پێوستە هەوڵی بە دیموکراتیزەکردنی ئەو 3 دەوڵەتە بێت. کە ئەمەش بەهیچ جۆرێك لەگەڵ سروشتی هیچ مرۆڤێك ناگونجێ ئەمە لەلایەك و لەلایەکی تر، پرۆسەی دیموکراتیزەکردن پەیوەستە بەو دام و دەزگایانەی دەوڵەت بەکاریان دێنێ و پێوستە چەندین قۆناغی مێژوویی تێپەڕاندبێ تا گەیشتبێتە ئەو ئاستەی کە پێ بووترێ، سیستمی دیموکراتی.
کەی(ئاپۆ) توانی بە کەر بڵێ نابێ بزەڕی و ئەبێ بقووقێنی ئەوا ئەو کات با داوا لە میلەتی کورد بکات واز لەدەوڵەتی نەتەوەیی بهێنن و خۆیان لەتەك تورك،فارس و عەرەب، بتوێننەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست