<

ئەنجومەنی دادوەری و چەند تێبینیەک

12/09/2026, 22:42 (GMT+1)
​ناتق شمس الدین کوخا بلباس
​ئەنجومەنی دادوەری بە یەکێک لە سەرەکیترین و گرنگترین پایەکانی دەسەڵاتی دادوەری و دەوڵەتی سەروەریی یاسا دادەنرێت. سەرەکیترین ئەرکی ئەم ئەنجومەنە، ڕێکخستنی کاروباری دادگاکان، پاراستنی سەربەخۆیی دادوەران، و دەستەبەرکردنی دادپەروەرییە لە کۆمەڵگەدا.
‎​ئەرکی بنەڕەتیی دەسەڵاتی دادوەری کارکردنە بۆ دوورخستنەوەی دادگاکان لە هەر جۆرە دەستوەردانێکی سیاسی یان حکومی، ئەمەش لە پێناو ئەوەی دادوەران بێلایەنانە بڕیارەکانیان بدەن و نەکەونە ژێر فشاری هیچ لایەنێکەوە.
بە جۆرێک لە سیستەمە پێشکەوتووەکانی جیهاندا دادوەران نەک تەنها سەربەخۆن، بەڵکو پێگەی یاسایی خۆیان لە سەرووی سەرجەم حزب و سەرکردە سیاسییەکانەوە دادەنێن. دادوەر هەمیشە وەک قەڵایەک بووە بەرامبەر بەزاندنی سنووری یاسا، تا ئەو ڕادەیەی لە قۆناغە هەستیارەکاندا، دادوەران ڕێگرییان لە پێشێلکارییەکانی سەرۆکی وڵات کردووە و لە ڕێگەی بڕیاری دادوەریی ئازایانەوە، بڕیارەکانی هەڕەمی دەسەڵاتیان هەڵپەساردووە یان هەڵیانوەشاندووەتەوە.
‎​هەرێمی کوردستان وەک هەر قەوارە و ناوچەیەک  خاوەنی دەسەڵاتی دادوەریی خۆیەتی. لە ڕووی پێکهاتەوە، بەپێی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان ئەنجومەنی دادوەری بەشێکە لە پایە سەرەکییەکانی دروستبوونی هەرێمی کوردستان و ڕەچاوی بنەما دادوەرییە نێودەوڵەتییەکانی تێدا کراوە، کە ئەمە خاڵێکی ئەرێنی و ئیجابییە.
‎​بەڵام ئەوەی سەرنج دەخاتە سەر کارەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان، دەستوەردانی حزبی و بەرپرسانی حزبە لەم دامەزراوە گرنگەدا، هەروەها ملکەچبوونی هەندێک لە دادوەرانە بۆ بڕیارەکانی حزب، کە زۆرجار ئەم کردەوانەی حزب و حکومەت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بڕیاری دادوەرەکان هەبووە و بگرە دادوەرەکانیان ملکەچکردووە بۆ گۆڕینی بڕیارەکان بە دڵی حزب و بەرپرسان.
‎​خاڵێکی تری جێی سەرنج کە دەبێتە پاڵنەر بۆ ڕۆچوونی زیاتری دەستی حزب بۆ ناو دەسەڵاتی دادوەری، بەشداریی هەڕەمی دەسەڵاتی دادوەرییە لە بۆنە حزبییەکان، یادی دامەزراندنی حزبەکان، و دەعوەتی کەسایەتی و بەرپرسانی حزبی لەگەڵ گوێگرتنی هەڕەمی دەسەڵاتی دادوەری بۆ ڕێنمایی بەرپرسانی حزبی لەو بۆنانەدا.
‎​ئەم خاڵانە جێگای ڕەخنەی جدیی یاسایین و لە هەمان کاتدا پرسیاری گەورە لەسەر سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دروست دەکەن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست