ئەگەر کوردستان زمانی ئاخاوتنی هەبوایە، ئەوا تفی لەنێوچەوانی زۆربەمان دەکرد
12/09/2026, 11:54 (GMT+1)

لەم باسەدا هەوڵ دەدەم شەن و کەوی کورد و ئازایەتی بکەم، لە هەمان کاتدا بۆچوونی هەندێک گەڕیدە و مێژوونووس لەبارەی تایبەتمەندییەکانی کورد بخەمە بەردیدی خوێنەر.
ئاشکرایە کورد نەتەوەیەکی کۆن و گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لە ناوچەیەکی فراوانی جوگرافییدا دەژین کە لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە تا کەنداوی فارس درێژ دەبێتەوە کە بەلایەنی کەمەوە (٥٠٠٫٠٠٠) کیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت. ژمارەی کورد بە شەست بۆ هەشتا ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. هەروەها کورد بە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی سەرگۆی زەوی دادەنرێت.
ئازایەتی بریتی یە لەتوانای ڕووبەڕووبوونەوەی تاک بۆ شتە قورس و دژوار و ترسناکەکان، هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەریاندا.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی کورد بدەینەوە، دەبینین کە هەندێک لە گەڕیدە و مێژوونووسانی کۆنی یۆنان، وەک زینۆفۆن (Xenophon) و سترابۆ (Strabo) و سیکولوس (Siculus) و پلۆتارک (Plutarch) کوردیان بە بەشاخاوی، ئازا، بەهێز، خۆڕاگر، شەڕکەری باش وەسف کردووە. لە سەدەکانی دواتردا، گەڕیدە و نووسەرانی ئەورووپی وەک تۆماس ڕۆی (Thomas Roe) و فردریک میلیگن (Frederick Millingen) و جەیمز بەیلی فرایزەر (James Baillie Fraser) کوردیان بە بەهێز، ئازا، بەوەفا و میواندۆست، حەزی قووڵ بۆ سەربەخۆی وەسف کردووە.
لە ڕوانگەی ئەو وەسفانەوە، دەتوانین بڵێین کە لە زۆر کات و شوێنێکدا کورد بە نەتەوەیەکی ئازا و فیداکار و خۆڕاگر ناسێنراوە.
ئازایەتی: توانای بەرەنگاربوونەوەی زوڵم، ستەم و داگیرکاری.
فیداکاری: گیانبازی و قوربانیدان لەپێناو ئازادی.
خۆڕاگری: پاراستنی شوناس، زمان و کەلتووری کوردی.
دیارە کورد بەدرێژای مێژوو ئامانجێکی ڕوون و ئاشکرای هەبووە، ئەویش ڕزگارکردنی خاک و نیشتیمان و پاراستنی شوناسی نەتەوەکەی بووە.
لێرەدا پرسیارێک سەرهەڵدەدات کە زۆر جار مێشکم داگیر دەکات:
ئایا دەساڵ، سەد ساڵ، پێنج سەد ساڵ بەس نەبوو بۆ داگیرکاری ؟ بابە هەزار ساڵ هەر هەلێک درووست نەبوو بۆ سەربەخۆی ؟ باشە بۆچی زیاتر لەدوو هەزار ساڵە ژێردەستەین ؟
بە باوەڕی من، لە ناو ئێمەی کوردا ڕاستییەکی ناخۆش هەیە. یان لێی تێناگەین، یان خۆمانی لێ گێل دەکەین، یان لەخۆباییانە خۆمانی پێ فریو دەدەین، نکۆڵی لێ دەکەین و نامانەوێت قبوڵی بکەین. ئەویش ئەو ڕاستییەیە کە کورد نە گەلێکی ئازا و بەهێزە، نە خۆڕاگر و فیداکارە، بەڵکو گەلێکی ترسنۆک و لاواز، بەزیو و خۆبەکەمزانە.
بەدرێژای مێژوو، ئێمەی کورد لەوەتەی هەین هەر نەوێر بووین، جورئەتی ڕووبەڕووبوونەوەمان نەبووە، هەرخۆمان داوەتە پەنا، نەوێراوین ڕووبەڕووی هیچ هێزێک ببینەوە. لەوەتەی هەین خۆمان شاردووتەوە، هەڵهاتووین و ڕامان کردووە. خۆمان لەناو دۆڵ و کەلەبەر و شاخەکاندا مەڵاسداوە، ئیرادەی ڕووبەڕووبوونەوەمان نەبووە، ترسنۆکترین نەتەوەی سەر گۆی زەوین.
دیارە لەچەند کات و شوێنێکی کوردستان، جار جار هەڵچوون و کەفوکوڵێکی هەرزەکارانە و کاتی هەبووە دژ بە داگیرکەران، بەڵام داگیرکەران بە بەڵێن و قسەی خۆش فریویان داوین، ئێمەی ساویلکە بڕوامان کردووە و فریومان خواردووە. هەموو ئەمانەش لەخانەی بەرگریدا بووە، کورد هەرگیز نەیتوانیوە لەحاڵەتی بەرگرییەوە بچێتە حاڵەتی هێرش بردن. قەت نەمانتوانیوە پەلاماری داگیرکەران بدەین، هێرشیان بکەینە سەر و خاک و ووڵاتیان داگیربکەین، بۆ حەوت پشتیان ئاقڵیان بکەین کە نەوێرن جارێکی تر پەلاماری خاکی کوردستان بدەن. ئێمە نەوەی مرۆڤە ترسنۆکەکانی دنیاین. بەدرێژای مێژوو لەهیچ سەردەمێکدا ئێمە دەسەڵاتی تەواومان بەسەر ئەو جوگرافییەدا نەبووە کە تێیدا ژیاوین. هەمیشە خاکمان داگیرکراوە و ژێردەستەبووین.
لەکۆتایدا دەتوانین بڵێین ئێمەی کورد نەتەوەیەکی لاواز و خۆبەکەم زانین. لەئاستی میللەتانی تردا خۆمان نەبینیوە و نابینین. هەمیشە خاک و ووڵاتمان داگیراوە، هەمیشە خۆمان و ژن و منداڵمان ژێردەستەبووین. بەڕاستی شیاوی ژیان لەسەر ئەو خاکە نین کە خودا پێی داوین. لەو باوەڕەدام کە ئەگەر کوردستان زمانی ئاخاوتنی هەبوایە، ئەوە تفی لەنێوچەوانی زۆربەمان دەکرد..!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





