<

هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا

29/08/2026, 2:14 (GMT+1)
کاتێک کە جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژئاوای کوردستان، لە سەختترین کاتی خەبەتییدا بوو، داعش و سوپای سووریا هەموو کونوکەلەبەرێکی ئەو دەڤەرەیان تەنی بوو، میلیشیای سەر بە تورکیا، شەلم کوێرم کەس ناپارێزم، دەستیان لە هاووڵاتیان نەدەپاراست، ڕوسیا بە زەقە زەقی چاوی ئەمریکا، ناوچەکانی چۆڵ کرد و تەسلیم بە تورکیای کرد، خەڵکی سیڤیلی عەفرین بوون بە کەوا سووری بەرلەشکر و قەڵغان، بەهەزاران خێزانی کورد ئاوارە و دەربەدەر بوون، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا جوڵانەوەی ڕزگاریی نیشتمانیی و نەتەوەیی لە ڕۆژئاوای وڵاتدا لە بەهاری تەمنیدا بوو. ئەو کاتە بوو، کە لۆگۆ و هێمای "یەپەگە"، لەسەر شانوملی زۆربەی هەرەزۆری شەڕەڤان و زۆرینەی سادەی ئەو دەڤەرە بوو، کوڕ و کچی لەخۆبووردوو، قۆڵیان لە تێکۆشان و ڕووبەڕووبوونەوە هەڵماڵی بوو، خۆشەویستی ئەو هێزە لەنێو دڵی هەموو کوردێکدا بوو، بەسەدان ئاواز و سروودیان پیا هەڵدەگوت، ببوو بەهێمای بەرەنگاری بوونەوە، هەوڵدان، هیوای گەلێکی بێ متمانە و بێ هیوای لەخۆ گرتبوو و ببوو بە مۆمی داگیرساوی سەرخوانی ماڵە هەژارەکان.
  لەگەڵ کاتدا دەستەواژەی "یەپەگە" بەرەو نەمان چوو، ئەو هێزە لەنێو هێزی تێکەڵاوی عەشایری عەرەب و  کەمەنتەوەکانی سووریادا توایەوە و  بوو بە "هەسەدە"، واتە هێزی سووریای دیموکرات. بە هێنانی ناوی "هەسەدە"، لەبیربردنەوەی دەستەواژەی هێزی یەکەنەکانی گەل "یەپەگە"، دڵ خورپەی کرد، لەبەرئەوەی ئەم دوو دەستەواژەیە بۆ مرۆڤی هۆشیار و دڵسۆز بۆ نیشتمانەکەی و پرسە ڕەواکەی، ئاسۆیەکی ڕوونی نەبوو.
"یەپەگە" و "هەسەدە" تەنیا لەناودا جیاوازیان نەبوو، ئەڵبەتە لە پێکهاتەدا جیاوازیان هەبوو، کە وەرچەرخانێکی لە سروشتی ئەو هێزەدا دروست کرد، کە بوو بە هەوێنی لە دایک بوونی جیاوازی  لە تێڕوانین، دروشم، لێپرسراوەتی، ماف، هەستی نەتەوەیی، داخواز و خەونی سیاسی، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیە، دوای هاتنی ئەحمەد ئەلشەرع، عەشیاری عەرەبی و هەندێکی دی ئەوانەی هەڵگری بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی عەرەب بوون لەو هێزە هەڵگەڕانەوە، وەک ئەوەی خۆیان مەڵاس دابێت بۆ هەلێکی لەو جۆرە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە کوا "یەپەگە" ؟ کوا ئەو هێزە پاکە؟
ڕێککەوتنی شەرع لەگەڵ هێزە کوردیەکاندا، بەتایبەتی لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزی هەسەد، جاڕدانی فەرماندەی گشتی هەسەدە، مەزڵوم عەبدی تواندندنەوەی ئەو هێزەی لەنێو سوپای سوریادا  بە فەرمی لە میدیاکاندا ڕاگەیاند. ئەو ڕوونی کردەوە کە، ئەو هێزە دەبێت بە سێ لیوای کوردیی لەنێو  سوپای سوریادا، کە فەرمان لە وزارەتی دیفاعی سوریادا وەردەگرێت، زمانی کوردیی لە شارە کوردنشینەکان لەپاڵ زمانی عەرەبی دەبێت بە پرۆگرامی خوێندن. گومانی تێیدا نییە، کە ئەمانە دەستکەوتی گرنگن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە  جێگەی متمانە نین، بنمێچی داواکاری سیاسیی و نیشتمانیی و نەتەوەیی کوردی نزم کردوە و خستیە نێو چوارچێوەیەکی تەسک، بۆیە شەرع و حکومەتەکەی، هاکان فیدان، حکومەتی تورکیا و تۆم بارەک و دارودەستەیان، کەوتنە پیرۆزبایی کردن و خۆشحاڵی دەربڕین بەو بڕیار و ڕێککەوتنە. ئەم هەڵوێستەی هەموویان، هیچ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ناوێت، هەر بڕیارێک بەدڵی ئەوان بێت، وەک ڕۆژی ڕووناک ڕوونە، کە لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نەتەوەیی میللەتی کورددا نییە، بێ گومان پلانی داڕێژراوی حازربەدەستیان بۆ داهاتوو لە باخەڵە.
دۆخی کوردستان بە گشتی نالەبارە، ڕۆژئاوای کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی دی، بە دڵنیایەوە ئەو ڕێککەوتنە لەژێر فشاری هێزی میلیشیا و سەربازیی تورکیایە، بوونی مەترسی کۆمەڵکوژی و گەلەکۆمەکێ وڵاتانی ناوچەکە و دارودەستەیان و ئەمریکا و ئەوروپایە، دەنا دڵنیا بوون، لە دڵسۆزی ڕێبەرانی بزوتنەوەیی کورد لە ڕۆژئاوای وڵاتدا، جێگەی مشتومڕ و نیگەرانی نییە، ئەوان لە مێژووی خەباتی ڕابردوویاندا، سەلماندویانە، کە جێگە متمانەن، بەڵام لەو دۆخەدا توانیویانە هەر ئەوەندە بەدەست بهێنن. لە مێژووی کورددا ئەزموونی لەو جۆرە ڕێککەوتنە زۆرە، کە ئەنجامەکەی بەخراپ شکاوە، کە وا دەکات لە سونگەی دڵسۆزیەوە، بە تێڕوانینێکی دی ئەو ڕێککەوتنە هەڵسەنگێنین، پەنجە بۆ هەمان ئەو مەترسیانە دڕێژ بکەین، کە لەسەر بیناغەی ئەوەوە ئەو ڕێککەوتنە ئەنجام دراوە، وەک ئابڵۆقەی سەربازیی، کۆمەڵکوژی، پاکتاوی نەژادی، کە ئەگەری ڕوودانی هەیە لە داهاتوویەکی نزیک یان دووردا.
لە دەیەک زێترە، هەندێک لە حزبە کوردییەکانی ڕۆژئاوا و باکووری وڵات، لە ئەدەبیاتیان و میدیا و کەناڵەکانیان، گەنج و لاو و نەوەی تازەیان پەروەردە کردووە، بە ئایدۆلۆژیای کوردستان یەک وڵاتە باکور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای هەیە، خەبات لەهەر پارچەیەکدا خەباتە بۆ پارچەکانی دی. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە ئایا ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیا و دەستەواژەیە و ئەو جۆرە دیاری کردنە، لەدوای ئەو ڕێککەوتنە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت؟ واتە تا دوێنی تاکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات دەیان گوت، کوردستانی گەورە، دەکرێت لە کتوپڕێکدا بڵێن کوردیی سووریاین یان کوردستانی سووریا؟ ڕوونە کە ئەو جۆرە ڕێککەوتنە بە پلەی یەکەم  سنوور، یەکڕیزیی و یەکگرتوویی سوریا دەپارێزێت. ئەوە جگە لە کێشەی ئینتیمای ئەخلاقی، کێشەی تەزبزوبی فیکریی لە بیر و هزریی خەڵکدا دروست دەکات، خۆ گەمە نییە، حزبێک بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆی، ئایدۆلۆژیا و ئەدەبیات و دەستەواژە سیاسیی و نیشتمانیەکان بگۆڕێت.
سێ لیوای هەسەد کە لەنێو سوپای سووریادا دەبن، لەژێر فەرماندەی وزارەتی بەرگری سووریادا دەبن، هەتا ئەگەر کوردێک لەو وزارەتە ڕێبەرایەتی ئەو سێ لیوایە بکات، دەسەڵاتی دەسکاری کردنی یاسای نابێت، واتە لایەنێکی جێبەجێکەری یاسا و دەستوور و فەرمانی سەڕۆک وەزیران دەبێت. ئەگەر ئەوان فەرمانی دەرکردنی یاسای نوێ بدەن، سەربازی تازە بۆ ئەو سێ لیوایە بنێرن، بەمەرجی ئەوە نابێت کە دەبێت تەنیا بە ڕەگەز کورد بێت، لێرەدا تەنیا مەرج سووریی بوونە، یان دەبێت یەکێک بێت کە بە دەزگەی چاودێری تایبەتی کورددا ڕەت بێت، کە لەگەڵ کاتدا، دیسان سروشتی پێکهاتەی ئەو سێ لیوایە گۆڕانی بەسەردا دێت، وەک گۆڕینی "یەپەگە" بۆ "هەسەدە" کە لەسەرەوە ئاماژەی پێ دراوە. وزارەتی بەرگری سوریا، دەتوانێت فەرمان دەربکات، بە لابردنی فڵانە ئەفسەر و فیسکە لێپرسراو، بەگوێرەی یاسا و دەستووری سوریا، کەس ناتوانێت بەرگری لە فەرمانی وزارەتی بەرگری و سەڕۆک وەزیران بکات، کە لەگەڵ کاتدا، حکومەتی شەرع بە ئارەزووی خۆی داش دادەنێت و داش لادەبات.
کارکردن لەسەر ئەو سێ لیوایەدا بەگوێرەی یاسا و دەستوور بۆ شەرع ئاسانە، بەگوێرەی یاسا و دەستووری ئەو وڵاتە، مەشروعیەت دراوە بە دەسەڵاتی شەرع کە بتوانێت گۆڕانکاری لەنێو ئەو لێوایەدا بکات، ئەمە درزێکە کە تورکیا، لە ڕێگەی شەرعەوە، هەموو ئامانج و ستراتیژیەکانی لەنێو ئەو سێ لیوایەدا دەپێکێت.
ئەمڕۆ ئەو سێ لیوایە، لەنێو سوپادا پێشوازییان لێ دەکرێت، لەبەرئەوەی لەلایەک ئەو هێزە مەزنە وا بە ئاسانی بچێتە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی شەرع، ئەمە بۆ خۆی سەرکەوتنێکە، لەلایەکی دی حکومەتەکەی شەرع ساوایە و لاوازە، سووریایەکی دڕاماوی وێرانی لەیەکترازای لەژێر دەسەڵاتە، بەڵام دواتر ئەو سووریایەی هەنووکە نامێنێت، لەڕووی ئابووریی و سەربازیی سەقامگیر دەبێت، ئەمریکا و تورکیا بە هەموو توانایەکیان پشتیوانی لێ دەکەن،  ئەوجا چی بەخۆشی بێت، چی بەبەکارهێنانی داپلۆسین بێت، هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو کۆمەڵگەیە دەدات، نمونەی ئەو جۆرە ڕژێمانە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر بوون و زۆرن. حکومەت بودجەیەکی زەبەلاح بۆ دامودەزگە هەواڵگریەکان تەرخان دەکات، ئەو کەسانە هەڵدەبژێرن، کە جێگە متمانەی حکومەتی شەرع و میتی تورکن، کە کار لەسەر مەلەفی کورد بکەن، ئەوجا دەست دەکەن بە لەنێوبردنی کەسە دڵسۆزەکان، ئەمەش لە ئێستاوە زەمینەی بۆ ئامادە کراوە، بەوەی کە کورد هیچ دەسەڵاتێکی لەسەر ئاسایشی ناوەخۆ و نەتەوەیی و نیشتمانی نابێت، لەبەرئەوەی لەسەنتەری بڕیاردان نابێت، کاتێک کە حکومەتێکی ددانپێدانراو لە ئارادا هەیە، ئەمریکا و تورکیا پشتیوانی لێ دەکەن، ڕاویژکاری سەڕۆک یان جێگری یان ڕاوێژکاری قەسری کۆماری، کەس هەژماری بۆ ناکات و سیفری دوای فاریزەش نابێت.
دەزگەی هەواڵگری لە یەکەم هەنگاودا، کار لەسەر کەسایەتی تاکەکان دەکات، هەوڵدەدات بە دۆکیۆمێنت نووسین و ڤیدۆ کۆنتڕۆڵیان بکات،  ئەوەی بە پارە و پۆست بۆی بکڕدرێت، ئاوی لێ ناخواتەوە، بەڵام ئەوانەی کە خۆیان نافڕۆشن، دەزگە هەواڵگریەکان، هەوڵدەدەن لە کەسایەتیان بدەن، کەسایەتیان تیڕۆر بکەن و تووشی هەڵوێستی سیاسیی لەرزۆکیان بکەن، بۆ ئەوەی پێگەی جەماوەریان لە دەست بدەن، وەک جاران ئەوان جێگەی متمانە و خۆشەویستی میللەت نەمێنن.  
لە ڕووی سیاسیەوە، تورکیا و شەرع هەوڵدەدەن، گەشە بە حزبە ئیسلامیەکان لەنێو کۆمەڵگەی کوردیی ڕۆژئاوادا بدەن، بە پارە زەبەلاحیان بکەن، لەنێو سوپای سووریا و دامودەزگە هەواڵگریی و ئەمنیەکان شوێنیان بکەنەوە. ئەندام و لایەنگریان بگەیەننە پەرلەمان، ئەوجا بەکاریان بهێنن بۆ هەر بڕیار و یاسەیەک کە لە پەرلەماندا بیانەوێت ڕەتی بکەن.
دروست کردنی هێڵ، تەیار و حزبی سیاسیی نەتەوەیی و علمانی سەربە شەرع و تورکیا، لەنێو کۆمەڵگەی کوردیی ڕۆژئاوادا، بە پارە بیان کڕن، لە هەموو دامودەزگە یاسای و دەستووریی و سەربازیی ئەمن و ئاسایش شوێنیان بکەنەوە، کە لەگەڵ کاتدا کۆمەڵگەی کوردیی ڕۆژئاوا پارچە پارچە بکەن و جێگە و پێگەی نوێنەرانی ئەمڕۆ لاواز بکەن.
ئەزموونی وەرگرتنی پۆست لە حکومەتی ناوەندیی بۆ میللەتی کورد ئەزموونێکی تازە نییە، واتە هەر حزبێک چەند تاکێکی دەنێرێتە ناوەند، دەبێت بە وەزیر و ئەندام پەرلەمان، بێ گومان ئەوە سەنگێکی وای نابێت، بەرامبەر تواندنەوەی هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی خاوەن هێزی ئابووریی و سەربازیی مەزن و ئیدارەی سەربەخۆ. بێ گومان لە یەکەم وەجبەی پەرلەماندا، نوێنەرانی ئەمڕۆی میللەتی کورد، پێگەیان بەهێز دەبێت، حکومەتی شەرع بەخۆشحاڵیەوە پێشوازییان لێ دەکات، بەڵام لە ئایندەدا نوێنەرانی کوردیی ئەمڕۆ بە تەنیا نابن، واتە لایەنی دی کوردیی دژ بە ئەوانیش دەچێتە ئەو پەرلەمانە، کە خاوەن ئەجێندا و ستراتیژیەتی لایەنێکی دیاری کراون و دژی ئەوان کار دەکەن، سەرەڕای ئەوە، کورد لە پەرلەمانی سوریادا یەکگرتوو بێت یان نا، هەر کەمینەیەو حکومەتی ناوەند هەر یاسایەکی بیەوێت، بە دەنگ ڕەتی دەکات.  
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بگوتریت، کە لە دنیادا دەسەڵاتی سەرەکیی، بریتیە لە دەسەڵاتی سەربازیی و ئابووریی نیشتمانی و نەتەوەیی، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە هیچ مافێکی ئابووریی تێیددا نەبێت بۆ کورد، واتە دەسەڵاتی گرێبەستە ئابووریەکانیان نەبێت، وەک فڕۆشتنی نەوت و سامانە سروشتیەکانی دی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، کۆنتڕۆڵ نەکردنی بازرگانی و  خاڵە سنووریەکان و گومرگەکان، ئەوا لەگەڵ کاتدا ئەو هێزە کوردییەی کە نوێنەرایەتی کورد دەکات لە ڕۆژئاوادا بەرەو پوکانەوە دەچێت، بۆیە ئەمڕۆ ئەو ڕێککەوتنە بۆ دڵسۆزانی پرسی کورد جێگەی نیگەرانییە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست