<

51 لاپەڕە و چەند سەرنجێك

09/09/2026, 14:52 (GMT+1)
پێشەکی؛ بۆ هەموو ئەو کەسانەی حەوسەڵە و تاقەتی خوێندنەوەی ئەو ڕاپۆرتەی کوردستانپۆستیان نیە  سەبارەت بە (نهێنیەکانی ئۆچ ئالان و شاندی قەندیل)، بڵاو کردەوە لە 3 بەشدا هەوڵ ئەدەین لە ئایندەدا بەشێوەی پۆدکاست و ڤیدیۆ ببینە میوانتان و بینەر و بیسەرتان بین، بەمەش ئەو ئەرکەتان لە کۆڵ ئەکەینەوە لەبەرئەوەی ئێمەی کورد خوێنەری جددی نین و نامانەوێ خۆمان ئەزیەت بدەین. لێرەدا تەنها بە شێوەیەکی سەرپێیی چەند تێبینی و سەرنجێك ئەخەینە بەر دیدی خوێنەری کوردستانپۆست . ئەڵبەت ئەم ڕاپۆرتە گرنگیەکی زۆری هەیە و پێوستە لەسەر هەموان هەڵوەستەی لەسەر بکەین و بیرو ڕای خۆمانی بە چڕی باس لێوە بکەین. ئەمە تەنها ڕاپۆرتێکی ئاسایی نیە، بەڵکە مێژووی سەراپای زیاتر لە 100 ساڵەی دۆزی کوردە لە باکوور کە بەداخەوە ئاکامەکەی ، باش نەبوو.
خەباتی کورد لە باکوور: گەر بە ووردی سەیری ئەو گەل و نەتەوانە بکەین کە لە قۆناغی داگیرکاری بێگانەدا بوون ئەوا چەندین نمونە هەن باس لەوە ئەکەن کەوا چۆن نەتەوەی سەردەست مامەڵەی لەگەڵ نەتەوەی ژێر دەست کردوە و لەهەمان کاتیشدا باس لەوە ئەکرێ کە نەتەوەی ژێر دەست بۆ ئەوەی خۆی لەو داگیرکاریە ڕزگار کردبێ، هەستاوە بە خەباتکردن تا سەرکەوتن. خەباتکردن جا بەهەر شێوەیەك بوبێ(مەدەنی، سەربازی وەیان هەردووکیان لەهەمان کاتدا). ئەمە ئەو ستراتیژەیە کە گەلان و نەتەوەی ژێر دەست کردویانە(گەلی جەزائیر بەرانبەر فەرەنسا، گەلی ئەمریکا بەرانبەر بەریتانیا، هیندستان دژی ئیگلیز، لیبیا دژ بە ئیتالیا و دەیەها و هەزارەها نمونەی هاوشێوە لەبەر دەستدان..گەر تێبینی  هەر یەك لەو نمونانە بکرێن ئەبینین هاوکێشەکان وەك یەکن و ئامانج و ئاکامەکانیش وەك یەك..بەمانایەکی ماتماتیکی گەر داگیرکەر هەبوبێ ئەوا شۆڕش و خەبات لەوێ بوونی هەبوە و تا ڕاددەی سەرکەوتن ئەو خەباتە نەوەستاوە، ڕەنگە لەهەندێ باردا داگیرکەرەکە لە داگیرکراوەکە بەهێزتر بوبێ و توانای سەرکەوتنی بەسەردا هەبوبێ، لێ ئەوە نەبۆتە ئاستەنگ لەوەی داگیرکراو واز لەمافی بەرگری و بەرخودان بهێنێ..بۆ ئەمەش ئەو خەباتە پێوستی بە چەندین ئامرازی جیاواز هەبوە تا سەرکەوتن وەدەست بهێنێ، لەوانە ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕی، خیتابی نەتەوەیی،کەف و کوڵی نەتەوەیی،هزراندنی لۆکاڵی و چەندینی تر کە گڕو تینی دابێتە ئەو خەباتە و سەرکەوتنی بۆ مەیسەر کردبێ. سەرباری ئەمانە گەلان و نەتەوەی ژێر دەست هیچ کات سڵیان لەوە نەکردۆتەوە دوژمن و داگیرکەر وەك خۆی بناسێنن و بەهەمان میتۆدی ئەوان خەباتەکەیان گەشە پێداوە تا ڕادەی سەرکەوتن،لەمەدا سەرکردەکانی نەتەوەی ژێر دەست کەسانی دڵسۆز و نیشتمان پەروەر بوون و پلانی ئێستا و داهاتویان تەنها لە سەرکەوتندا ، داڕشتوە. لەمە کەمتر نەبوە و لەوەش کەمتر بەهیچ ڕازی نەبوون و دواجار خۆیان و گەلانیان لەدەست داگیرکەران ڕزگار کردوە و سەربەخۆییان جاڕ داوە.
تەواو بە پێچەوانەوە لە باکووری نیشتمان کە داگیرکەر (دەوڵەتی تورك) جگە لەوەی مامەڵەی خراپ و جینۆسایدی پەیرەو کردوە دەرهەق بە کورد و خەڵکەکەی، سەرکردەکانیان وەیان نوێنەرەکانیان دەستیان لەگەڵ داگیرکەردا تێکەڵ کردوە و بوونەتە پرۆژەی دەوڵەت لە کاتێکدا گەلی کورد بەهەموو توانا ماددی و مەعنەوەییەوە پشتگیری خۆیان بۆ سەرکردەکان هەڵڕشتوە و لەوێدا جگە لە زیندان و قڕکردن ، لادێ و ماڵەکانیان ڕاگوێزراو و سوتێنراوون. کەچی سەرکردەکان پارێزراوو ماڵ و مناڵیان زۆر بەباشی ژیانیان بەردەوام بوە و دڵۆپێ خوێن لە لووتی یەکێکیان نەهاتوە، هەمان شت ڕاستە لە باشووری نیشتمانیش کاتێ ئەبینین میلەت تووشی ماڵوێرانی و ئاوەرابوون و لەناوچوون دێ، کەچی سەرکردەکان زیاتر و زیاتر وورگ زلتر ئەکەن و جگە لە سەروەت و سامان پلە وپۆستیان لای داگیرکەران زیاتر پایە بڵندتر بوە.
گەر سەیری  خەباتی 40 ساڵەی پەکەکە بکەین ئەبینین کەوا چۆن گەریلا بە هەردوو ڕەگەزەکەوە ئارەقە و خوێنیان بۆ کورد و کوردستان ، ڕشت. ئەمان دژ بە سوپای داگیرکەر بەو توانا کەمەوە خەباتیان کرد و لەو پێناوەدا زیاتر لە 27 گەشمردە و پاکسازیان پێشەکەش بە گەلەکەی خۆیان کرد، هیچ نەما گەریلا و خەڵکە سادەکە بۆ ئەم شۆڕشە نەیکات، دواجار جگە لە جگەر سووتانی دایکان و قژ و کەزی ڕەنینی خوشکان و خەمبار کردنی  باوکان، هیچی تریان دەست نەکەوت. ئەم شۆڕشە کە ئامانجەکەی سەربەخۆیی بۆ کورد بوو لەم ستراتیژە لایدا و بە پرۆژەی برایەتی گەلان و کۆمەڵگای دیموکرات و ئینتیگراسیۆن کۆتایی هات. لە باکوور هەموو ئامڕازەکانی سەرکەوتن بوونی هەبوو، جگە لە نەبوونی سەرکردەی دڵسۆز و نیشتمان پەروەر..لێرە ئەگەرچی خۆشەویستی خاك لە ترۆپکدا بوو، سەرکردەکان کەسانی خاکفرۆش و کلك گرێدراوی دەوڵەت، دەرچوون.پەکەکە گۆشکراو بە خۆشەویستی خاك و بەرگری کردن لێی نمونەی ئازایەتی و چەلەنگیان بۆ خۆیان تۆمار کرد، چەندین داستانی قارەمانێتیان لە زیندان و شەڕی دەستەو یەخە دژ بە داگیرکەران بەخوێنی خۆیان ، نووسیوەتەوە، لێ کاتێ سەرکردەکەیان زیندانی ئەکرێ ، لەیەکەمین ساتدا زەنگی تەسلیم بوون و خزمەتکردنی دەوڵەت خۆی هەرزان فرۆش ئەکا و دێت بە ئارەزووی خۆی چۆنی بو بلوێ خەبات و شێوازی ستراتیژی پەکەکە ئەگۆڕێ و بۆ قوتاربوون لە سێدارە و زیندانی هەتا هەتایی هەرچی دەوڵەت بیەوێ بۆیان ئەکا و جا چش میلەت و کورد و خەباتەکەی بە کوێ ئەگات ئەوە لای گرنگ نیە.
سەرنج و تێبینیەکان:
یەکەم:
لەکۆی هەموو ڕاپۆرتەکە تەنها بۆ جارێکیش نابینین ئەو شاندەی قەندیل تاکە تەنها یەك ڕەخنە لە ئۆچ ئالان بگرن. بە پێچەوانەوە جگە لە بەکارهێنانی ووشەی (سەرۆك، ڕێبەر) هیچی تر ناڵێن، بۆ جارێکیش نایانەوێ وەیان ناوێرن تاکە هەڵەیەکی ئاپۆ  ئاماژە پێبدەن، لەبەرئەوەی کەس نیە لە ژیاندا هەڵە نەکا و تووشی هەڵە نەبێ.کەچی ئەم ڕێبەرە لای ئەوان تاکە هەڵەیەك و تاکە تاوانێك شك نابەن دژی. پرسیاری ئێمەش لێرەدا ئەوەیە گەر ئۆچ ئالان ئەوەندە بێ هەڵەیە و هیچ ڕەخنەیەکی لێ ناگرن، ئەی بۆ ئاکامی خەباتی پەکەکە نەیتوانی میلەت ونەتەوەی کورد لەباکوور بگەیەنێتە ئاقاری سەرکەوتن و سەربەخۆیی؟؟لە چ فەرهەنگێکی سیاسی هەیە لە مێژووی دوور و نزیك سەرکردەیەك هەبێ هیچ هەڵەو تاوانێکی نەکردبێ وەك ئەوەی ئێوە ئاماژەی پێ ئەدەن و نەیتوانیبێ سەرکەوتن تۆمار بکات؟
دووەم:
ئەم ڕاپۆرتە بەزمانی تورکی نووسراوە و بە زمانی تورکیش شاندەکە لەگەڵ ئۆچ ئالان مشتوومڕیان لەسەر کردوە!! چۆن ئەبێ و بەچ لۆژیکێك دۆزی نەتەوەی کورد لەلایەن سەرکردەکانیەوە بە زمانی داگیرکەر بێت ؟ ڕەنگە ئەوە لای زۆرینەمان ئاشکرا بێت کە پەکەکە سەرکەوتوو نەبوە لە پەروەردەی کادیر و گەریلاکانی لەمەڕ بەکارهێنانی زمانی دایك..لەمەدا پەکەکە و ئاپۆ زۆر ئاسایی زمانی تورکیان بەکارهێناوە و هەوڵیان نەدوە زمانی کوردی بەکار بهێنن. کەئەمەش وا لەو بزووتنەوەیە ئەکات جۆرێ لە نەرم و نیانی دژ بە داگیرکەر بن و موو نەرم بن.
سێیەم:
قەبارەی ڕاپۆرتەکە: بۆچی ٥١ لاپەڕەیە و ئەم درێژ دادڕیەی بۆچی بوو!! ئەکرا بە کەمتر لە لاپەڕەیەك وەیان دوان ڕاپۆرتەکە بنووسرایە و شاندەکە کاتێ گەڕانەوە بۆ قەندیل لەڕێگای میدیاکانی خۆیانەوە بڵاویان بکردایەتەوە و ئاو بێنە و دەست بشۆ..گەر مەبەست لەم دوور و درێژیە تەنها بۆ مەست کردن و گێژ کردنی کادیر و سەرکردە سەر و سمێڵ بۆ یاخ کراوەکان نەبێ چ پێوست بەو تێکەڵ و پێکەڵە ئەکا!
چوارەم:
بۆ ئەبێ ئۆجالان خۆی وەك فریاد ڕەس و ڕزگارکەر و نەخشە داڕێژەری تەواوی ئەم پلانە بێت!! مەگەر ئەم تەمەنی هەڵنەکشاوە و زیندان نیە!! بۆ تەنها خۆی ئەبێ (سیناریۆ نووس،مونتاژ،وێنەگر،وەرگێڕ و دەرهێنەر)بێ..ناکرێ کەسێکی تر جگە لەم بەهەندێ لەو کارانە هەڵبستێ؟؟
مەترسی ئەم ڕاپۆرتە:
گەورەترین مەترسی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر تاکی کورد ئەوەیە کە داوا لە مرۆڤی کور ئەکا واز لە بەرگری لە خاك و واز لە سەربەخۆیی خۆی بکات بەشێوەیەك ئاپۆ پێی وایە کەوا دەڵەوتی تورکیا پوختەی بەرزترین ئاستی کۆمەڵگایە، هەروەها ئاماژە بەوە ئەدا کە کورد پێوستی بە دروست کردنی تاکێکی دژ تورك نیە بە قەد ئەوەی پێوستی بە دروست کردنی تاکێکی وا هەیە کە تورکی لە خۆی زیاتر خۆش بوێ. نەك هەر ئەمەندە بەڵکە کادیر و سەرکردە پێشکەوتوەکانی پەکەکە وەك هەقاڵ سەبری ئاماژە بەوە ئەدا گوایە خۆی خەڵکی کاستامۆنۆمە بەڵام پێش تورکایەتی و عەلەوی بوون و کوردایەتی ، با مرۆڤ بێن.. واتە کوردبوونەکەی خستۆتە دوای تورکایەتی و عەلەویبوونەکەی؟جگە لەمانەش؛ ئاچ ئالان لە گۆرانی قەرەیلاندا لە ووشەی لە منداڵی کورد بدەن ئەڵێ گۆڕداروە بۆ لە منداڵی تورك بدەن.. جا خۆتان قەزاوەت بەن..
پوختە:
بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە کوردستانپۆست جێگای دەست خۆشیە و دەرگای واڵا کردوە بۆ هەموان قسەو باسی لەسەر بکەین،،هەروەها بواری ڕەخساندوە بۆ هەواداران و لایەنگرانی پەکەکە بە خۆیاندا بجنەوە و چێتر دوای کڵاوی بابردوو ، نەکەون.لەهەمان کاتدا دەزگای میت کە هاتوە و ئەم ڕاپۆرتەی دزە پێ کردوە ئامانجەکەی ئەوەیە بە کورد بڵێ ، هەرگیز کورد ناتوانێ لەدەرەوەی ئەژندای ئێمە سیاسەت بکا و سەرکردەکانیان دەستەمۆی خۆمانن و چۆن بمانەوێ بەکاریان دێنین. وە ئەمەش کرۆکی ئەم ڕاپۆرتەیە بۆ ئەوەی کورد گیانی بەرگری تێدا بخەسێ و متمانەو باوەڕ بە خۆی نەکات.
خۆشبەختانە ئەم ڕاپۆرتە ئەشێ خاڵی زۆر پۆزەتیڤانەی لێوە هەڵهێنجرێ و نەخشەی خەباتی نوێی لێوە فێر بکرێ و نەکەونە هەمان هەڵە و تەڵەی داگیرکەرانەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست