هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر ئایدۆلۆژیای خیانەت
29/10/2026, 22:24 (GMT+1)

🎧 گوێگرتن لەم وتارە
کوردبوون، تەنیا دەربڕینێک نییە بۆ مانەوە، بەڵکو دەربڕینە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەو دۆخە دەروونییە کوێرەی، کە خیانەت تێیدا دەبێتە ئایدۆلۆژیا. تاکەکانی کۆمەڵگا وای لێدەکرێت توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆیان نەمێنێت، و شوێنکەوتووان وەک دەروێشێکی بێئیرادە پاساو بۆ ئینتگراسیۆن دەهێننەوە. لێرەدا کوردبوون دەبێتە تاکە قەڵغان بۆ پاراستنی کەرامەت و ناسنامەمان.
کوردبوون دژی ئەو هەوڵەیە، کە پەکەکە و شوێنکەوتووەکانی، کوێرانە و بێ بیرکردنەوە، عەقڵی خۆیان لەدەست داوە و دوای قسەی کەسێکی ترسنۆککەوتوون، کە وازی لە نیوەی کوردبوونەکەی خۆی هێناوە، دەیەوێت نەتەوەیەک ریشەکێش بکات و بیانکات بە تورک، عەرەب و فارس. ئەو تواندنەوەیەش لەناو داگیرکەراندا وەک دەستکەوت نیشان دەدەن و شوێنکەوتووان کوێرانە بەرگریی لێدەکەن. کوردبوون گەورەترین ڕاپەڕینی دەروونی و فیکرییە. ئەمە ڕەتکردنەوەی ئەو ئایدۆلۆژیایەیە، کە ئینتگراسیۆن دەکاتە ماکیاژێک بۆ شاردنەوەی شەرمەزارییەکانی خۆبەدەستەوەدان.
کاتێک ئاوێتەبوون واتە ئینتگراسیۆن، توانەوەی نەتەوەیی واتە ئەسیملەیشن، دەبێتە جێگەی شانازیی عەقڵیەتێکی کۆیلە، کوردبوون تاکە دەرمانی ئەو پەتایەیە، کە خیانەتی کردووە بە ئایدۆلۆژیا و بیری سەربەخۆی لە تاک سەندۆتەوە.
خیانەتی پەکەکە و ئۆجەلان گەورەترە لە خیانەتی جاشێک، بە بەڵگەی ئەوەی لە مێژووی نەتەوەکاندا، هەندێک جار خیانەت تەنیا هەڵەیەک یان لادانێکی کاتییە بۆ دەستکەوتێکی شەخسی، بەڵام ئەوەی ئۆجەلان و دەروێشەکانی، کە بانگەشەی بۆ دەکەن، گۆڕینی ئەو خیانەتە بچووکەیە لە مامەڵەکردنێکی بەرژەوەندیخوازانەوە بۆ ئایدۆلۆژیا. لەم قۆناغەدا، خۆبەدەستەوەدان بە بێ بیرکردنەوە، وشیاریی دەبێتە باوەڕ و سڕینەوەی ناسنامە، کە ئەمانە دەیکەنە جێگەی شانازیی.
ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی فیکری و سیاسیی ئێمەدا دەگوزەرێت، بەتایبەت لەلایەن بەشێک لە شوێنکەوتووان و چەپە سۆرانییەکانەوە، تێکشکاندنێکی قووڵی دەروونییە. تێیدا تواندنەوە و لەدەستدانی ناسنامە لەژێر ناوی ئینتگراسیۆندا وەک پرۆسەیەکی شارستانی بە خەڵکی ساویلکەی کوردی دەفرۆشنەوە. ئینتگراسیۆن، ماکیاژی شاردنەوەی خۆبەدەستەوەدانە. ئەو دەنگانەی، کە ئەمڕۆ بێشەرمانە دەهۆڵ بۆ ئینتگراسیۆن و توانەوەی نەتەوەیی لێدەدەن، لە ڕاستیدا قوربانیی، نەخۆشییەکی دەروونین ئەویش لە خۆبەکەمزانین، بچووکی و بێدەسەڵاتیدا. ئەوان ناتوانن ددان بە دۆڕانی خۆیاندا بنێن، بۆیە پاساو بۆ شکستەکانیان دەهێننەوە و تواندەوەی نەتەوەکەیان لەناو کەلتووری سەردەستدا بە دەستکەوت پێناسە دەکەن.
دەروون و کەسایەتیی تێشکاوی ئەم جۆرە کەسانە، کە زۆربەیان چەپی کوردیین، دەبینین توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانەیان لەدەست داوە. وەک دەروێشێکی بێئیرادە، کوێرانە دوای ئەو دروشمانە کەوتوون، کە ناسنامەکەیان دەسڕێتەوە، لەناو بازنەیەکی داخراوی ئایدۆلۆژیدا دەسوڕێنەوە تێیدا بەرگرییکردن لە داگیرکەر و پاساوهێنانەوە بۆ سڕینەوەی کلتووری خۆیان، کردۆتە ئەرکێکی ڕۆژانە. مرۆڤ لەوێدا شوناسی خۆی ڕەت دەکاتەوە تەنیا بۆ ئەوەی جێگەی خۆی لەناو شوناسی ئەوانی تردا بکاتەوە.
بۆیە لە بەرامبەر ئەم شەپۆلە وێرانکەرەدا، چەمکی کوردبوون تەنیا گوزارشتێک نییە بۆ ئینتیمایەکی نەتەوەیی یان جوگرافی، بەڵکو گەورەترین شۆڕشی فیکری و دەروونییە بۆ هۆشیاری کۆمەڵگا. کوردبوون واتە پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیی و ڕەتکردنەوەی ئەو ئایدۆلۆژیایەی، کە خیانەت دەکاتە پاساو. کاتێک ئەوانی تر تواندنەوە بە پێشکەوتن دەزانن، سووربوون لەسەر پرەنسیپەکانی کوردبوون، تاکە دەرمان و تاکە وەڵامی مێژووییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتا دەروونیی و فیکرییە.
لە کۆتاییدا، مێژوو بەزەیی بەو کەسانەدا نایەتەوە، کە ناسنامەی خۆیان فەرامۆش دەکەن. خیانەت هەرگیز نابێتە ئایدۆلۆژیایەکی ڕەوا، تەنانەت ئەگەر هەزاران شوێنکەوتووی کوێریش پاساوی بۆ بهێننەوە. مانەوەی ئێمە گرێدراوی ئەو ئیرادەیەیە، کە باوەڕی بە کوردبوون هەیە وەک تاکە قەڵغان بۆ پاراستنی بوونمان لە سەردەمی گەورەترین هەڕەشەی توانەوەدا.
نەفرەتتان لێ بێت ئەی کوردی خۆفرۆش و نەوەی حەسەن خەیرییەکان! ئێوە هێندەی خێرتان بۆ کوردبوونەکەتان نەبووە، بڕۆن دەستەبەرداری کورد بن. بڕۆن بەر نەفرەتی مێژوو کەون، بۆ خۆتان و بیروباوەڕ و داهێنانتان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





