کورد و جوو، دوو گەل، دوو مێژووی هاوشێوە و پەیوەندییەکی پڕ لەپرسیار
08/09/2026, 17:34 (GMT+1)

کورد گەلێکی کۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە خاوەنی زمان و داب و نەریت و کەلتوور و مێژووی تایبەت بەخۆیەتی. کورد بەدرێژایی مێژوو لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و نەتەوە جیاوازەکاندا ژیاوە، لەزۆر قۆناغدا ڕووبەڕووی سەرکوتکردن، تاڵانکردن، کوشتن، ڕاگواستن بووەتەوە لەلایەن عەرەب و تورک و فارسەوە. بۆ هەزاران ساڵ ژێردەستەی ئەو نەتەوانە بووە و ستەمی لێکراوە و چەوسێنراوەتەوە.
جوو گروپێکی ئیتنۆئاینییە، خاوەنی زمان و ئاین و داب و نەریت و کەلتووری تایبەت بەخۆی هەیە. گەلێکی کۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ڕەگ و ڕیشەیان بۆ ناوچەی لیڤانت دەگەڕێتەوە کە ناوچەکانی ئیسرائیلی ئێستا و فەلەستین و ئوردون و لوبنان و سوریا دەگرێتەوە. جووەکان بەدرێژایی مێژووی کۆن لەلایەن ئاشووری و بابلی، نوێ لەلایەن عەرەبەکانەوە تووشی داگیرکاری، تاڵانکردن و کوشتن بوونەتەوە. زۆریان لەنیشتیمانی خۆیان هەڵکەندراون بەزۆر و زۆرداری ڕاگوازراون، بەشێکیان هێنراونەتە کوردستان. ئەمانە توانیویانە خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردیدا بگونجێنن و ژیان بکەن. کورد و جوو بەدرێژای مێژوو کێشەی ئاینی و قەومییان لەگەڵ یەکتردا نەبووە، بەئاشتی و تەبایی پێکەوە ژیاون.
ئاشکرایە کورد و جوو دوو گروپی ئەتنیکی جیاوازن، دوو چیرۆکی نزیک لەیەکیان هەیە، مێژوویان لەزۆر ڕووەوە هاوشێوەی یەکە. هەردوو گەل بۆ هەزاران ساڵ ژێردەستەییان چەشتووە. ڕووبەڕووی جۆرەها سەرکوتکردن و چەوساندنەوە بوونەتەوە، زمان و کەلتوور و دابونەریتیان پاراستووە. خۆیان بەدەستەوە نەداوە بۆ ئازادی و سەربەخۆی تێ کۆشاون.
ئاشکرایە جووەکان بەهاوکاری ڕۆژئاوا (ئەمریکا و بەریتانیا) لەساڵی 1948 توانیان سەربەخۆی ڕابگەیەنن. نزیک بەتەواوی هەموو جووەکانی کوردستان گەڕانەوە بۆ زیدی خۆیان بۆ ئیسرائیل. هەندێکیان تاکو ئەمڕۆش هاوسۆزی کوردن و زمانی کوردییان لەبیرنەکردووە.
لەدوای درووستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل گرژی و ململانێی گەورە لەنێوان عەرەب و جوودا درووست دەبێت، ئەمە هانی دەیڤد بنگۆریۆن دەدات کە پەیوەندی لەگەڵ نەتەوە ناعەرەب و ناموسڵمانەکان درووست بکات، بەمەبەستی بەکارهێنانیان لەدژی ڕژێمە عەرەبییەکان. لەو چوارچێوەیەدا دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی ئیسرائیل پەیوەندی نهێنی لەگەڵ سەرکردایەتی ئەوکاتی کورد مەلا مستەفا بارزانی درووست دەکەن.
،پەیوەندی نهێنی ئیسرائیل و کورد، لەدرووست بوونییەوە تاکو ئێستا پەیوەندییەکی هاوسەنگ نەبووە، چونکە پشتگیرییەکانی ئیسرائیل تەکتیکی بووە نەک ستراتیژی. ئەوان وەک شەڕکەرێکی باش لەکوردیان ڕوانیوە. لەکاتی پێویستدا بەکاریان هێناوە وەکو فشار بۆ لاوازکردنی ڕژێمە عەرەبییەکان و ناچارکردن و ملکەچ پێکردنیان. هەرکاتێک ئەو ڕژێمانە ملیان کەچ کردبێت. ئەوە ئیشتیان بەکورد نەماوە و تووڕیان داوین، وەک لە ئاشبەتاڵی کورد 1975 و ڕیفراندۆمی سەربەخۆی 2017 و ئەزموونی ڕۆژئاوا 2026 بینیمان. لەژێر پێی چەکدارانی حیزبی بەعس و حەشدی شەعبی و محەمەد جۆلانیدا بەتەنیا جێیان هێشتین و گورگان خواردیان کردین.
هەموو ئەوانەی سەرەوە ئەوەمان پێ دەڵێن کە سەڕەرای نزیکی و هاوشێوەی چیرۆکی کورد و جوو، ئیسرائیل هەرگیز لەڕووی سیاسییەوە پشتگیری کوردی نەکردووە، بەڵکو بەردەوام کوردیان بەکارهێناوە تا ئیستفزازی عەرەبی پێ بکەن.
لەکۆتایدا ئێستا کاتی ئەوەیە ئێمەی کورد لەخەوی غەفڵەت بەئاگابێینەوە، بە چاوێکی کراوەوە سەیری پەیوەندییەکانی کورد و ئیسرائیل بکەین، هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بەو پەیوەندییە لاسەنگەدا بکەین. لەژێر ڕۆشنای ئەوەی کە ئایا ئێمە بەرژەوەندی هاوبەش کۆی کردوینەتەوە یان ئێمە بەکارهێنراوین و لەژێر چەمکی شەڕکەری باش بەکرێ گیراوین ؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





