کورد و سیاسەتی سازش
09/09/2026, 15:03 (GMT+1)

(کاتێک ئەوان سازش دەکەن و کورد نرخەکەی دەدات)
من لەم کورتە ووتارەدا باس لە بابەتێک دەکەم کە زۆر کەم قسەی لەسەرکراوە و لەسەری نووسراوە؛ ئەویش بابەتی «سازش»کردن لە نێوان کورد و ئەوانی دیکەدا.
لە سیاسەتی ناوچەکەدا، زۆرجار کورد بەوە تاوانبار دەکرێت کە «سازش» دەکات و سازشکاری خۆرئاوایە، وەک ئەوەی کێشەی سەرەکیی جەنگ و کاولکارییەکانی ناوچەکە کورد بێت و کورد دەستی ئیمپریالیزمی ڕاکێشابێتە ناوچەکەوە. بەڵام، ئەگەر وردتر لە مێژووی هاوچەرخ و پەیوەندییەکانی نێوان زلهێزەکان و دەوڵەتە ناوچەییەکان بڕوانیت. پرسیارەکە بە تەواوی دەگۆڕێت بۆ ئەوەی: لەو هاوکێشە سیاسییەدا بەڕاستی کێ سازش دەکات، کێ بەرژەوەندیی خۆی لە سەر بنەمای سازش دەستەبەر دەکات؟ کێیش نرخی ئەو سازشانەی داوە؟
سازشی ئەوانەی خاوەن دەوڵەتن، دەبێتە جۆرێک سیاسەت و حیکمەت! لەکاتێکدا هەمان سازش هۆکاری مانەوەی دەسەڵات و زیاتر باڵادەستبوونی زلهێزەکانە لە ناوچەکەدا. بەڵام بۆ کورد، دوای هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی و هەر ئەزموونێکی نوێ کە دروستی دەکات، سازشی ئەوان لەگەڵ خۆرئاوا دا دەبێتە هۆی تێکشکانی ئەو ئەزموونە و لەدەستدانی بەشێک لە دەستکەوتەکان، تا دواجار کورد ناچار دەکرێت بگەڕێتەوە ناوەند، وەک جۆرێک لە «خێرکردن» بەدانپێدانان بە مافی زمان و هەندێک دەستکەوتی سیاسی و فەرهەنگی دڵخۆش بێت. لێرەدا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: لە سیاسەتێکی بەو ڕەنگەدا، کورد چۆن دەتوانێت ئەو هاوکێشە سیاسییانە تێبشکێنت کە هەمیشە نرخی سازشی ئەوانی دیکە بەسەر کورد دا سەپێندراوە؟
دەگوترێت نەتەوەیەک کە ژێردەستە و بێ دەوڵەتە، نازانێت سیاسەت بکات. بەڵام، نەتەوە خاوەن دەوڵەتە ناوچەییە وابەستەکانی غەرب، سازشکردنیشیان دەبێتە بەشێک لە سیاسەت، بۆ کوردی بێ دەوڵەت گەلەکۆمەکێکانی سەری و شکستەکانیشی دەبنە گاڵتەجاڕی و کۆمیدیا! کەچی ئەوانی بکەری دەوڵەتی لە چوارچێوەی سنوورە دانپێدانراوەکانیاندا، بۆ بوون بە بەشێک لە هاوکێشە و گۆڕانکارییە سیاسییەکان، لە چوارچێوەی پیلانگێڕییەکی گەورەتردا، دژی بەرژەوەندیی لایەنی دیکە سازش دەکەن. لێرەوەیە زۆرجار کورد نەک بەهۆی سازشی خۆی، بەڵکو بەهۆی سازشی ئەوانی دیکەوە قوربانی بەردەوامی داوە.
لێرەوە ئەگەر دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لەسەر بنەمای سازش بێت بۆ ئەمەریکا و ئیسڕائیل، ئەوە هەرگیز کورد نابێتە بەدیلی تورک، عارەب و فارس بۆ ئەمەریکا و ئیسڕائیل. ئەوانی خاوەن چوارچێوەی دانپێدانراوی سیاسی بەدیلی کوردن، چونکە زیاتریان لە کورد هەیە بۆ سازشکردن. کور ئەوەی تاکو ئێستا لەدەستیداوە، هی سازش نەبووە، بەڵکو لە لاوازی و ناهۆشیاریی سیاسی و لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا دابەشکراوە و لەدەستیداوە، نەک لە سازشکردندا. جگە لەوەی، لە قەدەرێکی سەپێندراودا، سازش لەسەر چی بکات؟
کورد تاکو ئێستا نەک سازشی گەورەی نەکردوە، بەڵکو گەر تەنازولیش بکات، تورک، عارەب و فارس زۆر زیاتر لە کورد تەنازول دەکەن و دەبەخشن بە غەرب.
کورد وابووە چەکداری کرێگرتەی خۆرئاوا و خوێنی بەخشی، وەکو ئەوەی پێشمەرگە و شەڕڤان لە هاوپەیمانی دژی داعشدا ئەنجامیان دا، بەڵام دەوڵەت ـ نەتەوە کوردستان بەسەردا دابەشکراوەکان، خاک و سامان و ئایندەیان بۆ دژایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و ئەزموونەکانی دەبەخشنە ئەمەریکا و ئیسڕائیل.
ئەمە جگە لەوەی گەر کورد ئەو خوێنەی نەبەخشیایە لە جەنگی داعشدا، ئەوە خودی داعش، بە پیلانگێڕیی تورکیا، زۆر زیاتری لێ کۆمەڵکوژی دەکردین و بە کەنیزە و کۆیلەی دەکردین!
بۆ ئەوەی کاریگەری سازشی ئەوانی دیکە لە سەر دۆخی سیاسی کورد ببینین، پێویستە سەیری ئەوە بکەین کە نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکانی ناوچەکە چەند و چۆن لە مێژووی هاوچەرخدا سازشیان کردوە و لە بەرامبەردا چییان بەدەستهێناوە؟ چونکە ئەو نموونانە باشتر لە هەر شرۆڤەیەک پیشانی دەدەن کە «سازش» لە سیاسەتی ناوچەکەدا چۆن کار دەکات و چەند کاریگەری هەیە.
تورک لە لۆزاندا ئامادە بوو سەد ساڵ سازش بۆ زلهێزەکان و خۆرئاوا بکات، بە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی سیڤەر.
ئێران سازشی لەسەر بەشێکی گەورەی نەوتی ووڵاتەکەی کرد بۆ سۆڤیەت، لەبەرامبەر پشتیوانینەکردنی سۆڤیەت لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد، دوای کشانەوەی سوپایی سووری سۆڤیەت، ئێران کۆمارەکەی ڕووخاند و پێشەوا قازی محەممەدی سەرۆک کۆماریشی لە سێدارە دا.
عێراق لە ڕێکەوتننامەی جەزائیر دا بە ویستی ئەمەریکا و ئیسڕائیل دەستی لە بەشێکی شەتولعەرەب هەڵگرت بۆ ئێران، بە مەرجی پشتیوانی نەکردنی ئێران لە شۆڕشی ئەیلول.
عێراق لەسەردەمی سەددام حوسێن دا ئامادە بوو نیوەی نەوتی وڵاتەکەی بداتە ئەمەریکا تا هێرشی نەکاتە سەر و نەیڕوخێنێت. لە دوای ساڵی 2003ەوە، پارە و داهاتی عێراق لە بانکەکانی ئەمەریکادایە، سازشی گەورە بۆ ئەمەریکا دەکرێت. لە دۆخێکی وادا ئەمەریکا بەخاتری ناوەند دژایەتیی ڕیفراندۆمی کورد ناکات؟
تورکیای ئەندامی ناتۆ، سازشی بۆ ڕوسیا کرد تا سەکۆی موشەکی (S400)ی لێبکرێت، بەوهۆیەوە لەوکاتەدا تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا تێکچوو. ڕوسیا لە کانتۆنی ئەفرین کشایەوە، دواتر تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێک دا داگیریکرد.
سوریا نوێ لە ڕێکەوتنی پاریسی 6ی1ی 2026دا دەستی لە بەشێک لە خاکی سوریا و جۆلان هەڵگرت بۆ ئیسڕائیل، تاکو دەستکراوە بێت پەلاماری کورد بدات. یەک ڕۆژ دوای ئەو ڕێکەوتنە، پەلاماری هەردوو تاخی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە درا لە حەڵەب. (ئەمە جگە لەوەی خودی سوریایی نوێ چەندین سازشی بۆ تورکیا کردوە، تورکیا وەکو ویلایەتتێکی عوسمانلی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات)
چەندینجار ئیسڕائیل هێرشی کردۆتە سەر بنکەی سەربازی و بەرژەوەندیی تورکیا لە نێو خاکی سوریادا، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری تورکیا، دەڵێت: «ناکەوینە ناو ئەو تەڵەیەی ئیسڕائیل لە سوریادا بۆ داناوین.»، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دەڵێت: «نامانەوێت ڕووبەڕووی ئیسڕائیل ببینەوە.»
بەڵام بە درۆن لە کوێرەدێیەکی خۆرئاوا و باشووری کوردستان، جوان و سیاسیی کورد تیرۆر دەکات، چادرێک لە ئەفەریقا بە ناوی کوردەوە هەبێت، پیلانگێڕی لە دژی ئەنجام دەدەن. پرسیارەکە ئەوەیە: لە نێو ئەو هەموو «سازش» و پیلانگێڕییەدا خۆرئاوای کوردستان دەیتوانی لەسەر پێ بمێنێتەوە؟ لە ئێرانی ئایندەشدا هەمان سیاسەتی سازشی ئەوانی دیکە ڕووبەڕووی کورد دەبێتەوە.
هاوکێشەکە بەمجۆرەیە: نەیارانی کورد بە زمانی حاڵ بە زلهێزان دەڵێن: «زۆر زیاتر لەوە سازش دەکەین کە لە پشتیوانیی کورددا بەدەستی دەهێنن.»، زلهێزەکانیش بە کورد دەڵێن: «تۆ کارتی فشاری؛ مەحکومی لە چوارچێوەی چوار دەوڵەتەدا، دەتوانیت چەندە سازش بکەیت؟ ئایا زیاتر لەوان دەتوانیت؟»
واتە، ئەگەر کورد تەنها ویستی سازشکردنی هەبێت، نەیارانی کورد چەند هێندە زیاتر لە دژی کورد بەکردار سازش بۆ زلهێزەکان دەکەن. پرسیارەکە ئەمەیە: لە هاوکێشەیەکی بەو ڕەنگەدا، کورد چۆن دەبێتە بەدیلی سازشی هەر چوار دەوڵەت ـ نەتەوەی ناوچەکە؟
کۆی ئەو سازشانە پیشانی دەدەن کە لە سیاسەتی ناوچەکەدا، سازشکردن بە تەنیا پێوەری زیرەکیی سیاسی نییە، گرنگ ئەوەبووە کێ خاوەن دەسەڵات و هەڵبژاردەیە و کێ ناچارە قوربانی بڕیار و سازشی ئەوانی دیکە بدات. کورد لە مێژووی هاوچەرخدا زۆرجار لە هەمان شوێنەوە زیانی بەرکەوتووە: ئەوانی دیکە سازشیان کردوە، بەڵام وەک هەمیشە نرخی ئەو سازشانە کورد داویەتی.
زۆرجار شکستی کورد و ئەزموونە سیاسییەکانی لە بەرانبەر چوار دەوڵەت-نەتەوەکەدا، نابێت بە شێوەیەکی سادە و تەنها بە هۆشیاریی نەتەوەیی، لێهاتوویی و کاریزمایی سەرکردەکانی ئەوان، یان بە پێچەوانەوە، بە لاوازیی ستراتیژی و ناکارامەییی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و ئاستی گەشەی کۆمەڵایەتی نەتەوەکەمان ڕوون بکرێتەوە، چونکە کورد وەک نەتەوە، لە ڕووی ڕۆشنبیری و ژیارییەوە، لە زۆر بواردا لەوان پێشکەوتووتر و باڵاترە. لە ڕاستیدا، کێشەکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ بە هاوکێشەی هێز و بەرژەوەندی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە. شکستی کورد و ئەزموونە سیاسییەکانی بە تایبەتی لە سەر بنەمای چەندێتی و چۆنایەتیی ئەو سازشانە وەستاوە کە دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچە بۆ زلهێزەکانی ئەنجامی دەدەن. ئەو سازشانە بەردەوام هاوسەنگیی هێز و دەسەڵاتی بە زیانی کورد گۆڕیوە، نرخی ئەو سازشانەش، باجێکی سیاسی و فیزیکیی گەورە بووە بۆ کورد.
لە کۆتایدا، ئەمە بەو مانایە نایەت کە من ڕەخنەم لە هەڵە و ناپاکی و کەموکورتییە سیاسییەکانی کورد نەبێت و لەگەڵ سازشدا بم، پاساو بۆ ئاشبەتاڵ و شکستەکان بهێنمەوە، بە پێچەوانەوە، کورد پێویستییەکی زۆری بە ڕەخنەی ناوخۆیی و هەڵسەنگاندنی هەڵە سیاسییەکانی خۆی هەیە. بەڵام خراپیی دۆخی سیاسی و بێدەوڵەتیی کورد چەندان هۆکاری هەیە، سازشی هەر چوار دەوڵەت ـ نەتەوەی ناوچەکە بۆ خۆرئاوا یەکێکە لەو هۆکارانە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





