چیرۆک بۆ منداڵان ... پەپوولە و گوڵەباخ
18/03/2015, 12:00 (GMT+1)

هاوڕێتی نێوان پەپوولەکە و گوڵەباخەکە تا دەهات خۆشتر دەبوو .
هەموو باڵندەکان و هەنگەکان و دار و درەختەکانی باخی گوڵان بە هاوڕێتی نێوان پەپوولەکە و گوڵەباخەکەیان زانێ .
چۆلەکەیەکی شاعیریش، ئەم هۆنراوەیەی بۆ ئەو هاوڕێتییە پاکەی نێوان پەپوولەکە و گوڵەباخەکە دانا .. بولبولێکی جوان و دەنگخۆشیش، ئاوازی بۆ هۆنراوەکەی دانا و، کردی بە گۆرانی و، هەموو رۆژێک لەسەر لقی دار هەرمێیەکی بەرزدا، گۆرانییەکەی دەچڕی :
لە باخـی گـــــوڵانی رەنــگین
باخـی هەڵەبجـــــەی شــیرین
پەپــــــوولەیەکی نەخشـــــین
باڵەکەکـانی سوور و شـــــین
لەگەڵ گـــــوڵە باخێـــــــــکدا
بێ وێـــــــنە لە جوانیــــــــدا
بەستـیان پەیمـــــانی پیــرۆز
بوون بە دوو هاوڕێی دڵسۆز
دوو هاوڕێی دڵـپاک و جـوان
بە خۆشـی و شــادی دەژیـان
چیرۆکــیان بوو بە داســــتان
بە گــــۆرانی و بە حەیــــران
باخـی هەڵەبجـــــەی شــیرین
پەپــــــوولەیەکی نەخشـــــین
باڵەکەکـانی سوور و شـــــین
لەگەڵ گـــــوڵە باخێـــــــــکدا
بێ وێـــــــنە لە جوانیــــــــدا
بەستـیان پەیمـــــانی پیــرۆز
بوون بە دوو هاوڕێی دڵسۆز
دوو هاوڕێی دڵـپاک و جـوان
بە خۆشـی و شــادی دەژیـان
چیرۆکــیان بوو بە داســــتان
بە گــــۆرانی و بە حەیــــران
لە رۆژی (١٦/٣ / ١٩٨٨) دا، لە دەوروبەری کاتژمێری یانزەی نیوەڕۆدا، پەپوولەکە و گوڵەباخەکە، باسی نیاز و رازی خۆیان بۆ یەکتری دەگێڕایەوە .. لەم کاتەدا چەند فرۆکەیەکی رژێمی بەعسی دڕندە و رەگەزپەرستی عێراق ، بێ بەزەییانە شاری هەڵەبجەی جوانیان بە ژەهری کیمیاوی بۆردوومان کرد .. چەند پەڵە دووکەڵێکی ژەهراوی بەری ئاسمانی هەڵەبجەیان گرت .. پەڵە دووکەڵێکیان ئاسمانی باخی گوڵانی پۆشی .. باڵندەکان لە قیژە قیژ و لە جریوەجریو و لە خوێندن کەوتن .. هەنگەکان گێژبوون و کەوتن .. بە دەیان باڵندە و بە هەزاران هەنگ کەوتنە بن دارەکانی باخی گوڵان و شەهیدبوون .. پەپوولەکەش هەناسەی لێبڕاو شەهید بوو .. گوڵەباخەکەش ملی لارەوەبوو .. هەموو پەلکە جوانەکانی وەرین و کەوتنە سەر لاشەی پەپوولەکەی هاوڕێی .. ئەمیش شەهید .. پەپوولەکە و گوڵەباخەکە، پیکەوە لە دایک بوون و، پێکەوە ژیان و، پێکەوەش شەهیدبوون .. بەڵام چیرۆکی دڵسۆزی و هاوڕێتی پاکیان، لە یاد نەکراوە .. تا ئەمڕۆش، دەیگێڕنەوە و .. دەیگێڕنەوە .
رەزا شوان / نەرویج
٧ /٣ / ٢٠١٥
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان


