هاتنەوەى تاڵەبانى لەم كاتەدا بۆ؟
19/07/2014, 12:00 (GMT+1)

ئەمڕۆكەش كە راگەیاندنەكانى یەكێتى كردویانە بەشایى و لۆغان و جەژن و هات و هاوار،گوایە جەنابى دەگەڕێتەوە، ئیدى وڵات دەبێتە شامى شەریف و هەرچى كێشەو گرفت و ناكۆكى ناوخۆ و دەرەكى هەیە، بەلوتف و كەرەمى ئەو زاتە بن بڕ ئەبن، هاوشێوەى موحەمەدى مەهدى دونیا ئارام دەبێت و عەدالەت لەئاسۆوە سەردەردێنێت.
رەنگبێت كەسێكى نابەڵەد و ناشارەزا بە سیاسەت و كردەوەكانى ئەو پیاوە ،بەو قسانە باوەڕ بكات و لاى وابێت كە هاتنەوەى بۆ ئەم كات وسەردەمە باشترین دەواو دەرمانە، ساڕێژكەرى برینەكانە، وەرچەرخانێكى گرنگە بۆ ئێستاو ئایندەى ناوچەكە. بەڵام بۆ ئێمەیەك كە دەیان ساڵە لەنزیكەوە لەژێر دەسەڵاتى بنەماڵە و حزبەكەیدا دەژین ،زۆر چاك دەستمان لەو پیاوە شوشتوە و، بەزیندوى خۆى و ئایدۆلۆجیا رەفتاریمان لە گۆڕ ناوە، بەجۆرێك بگرە ناو هێنان یاد كردنەوەشى بۆمان تاڵ و ناخۆش و پڕ كارەساتە. نامەوێت جارێكى دیكە باسى مێژووى رەش و تاوان و خیانەتەكانى ئەو پیاو بێنمەوە زمان و برینەكان بێنمەوە سوێ،ئەوە هەڵدەگرم بۆ پاشەرۆژ و دادگاى گەل بەڵكو ئەوان لەسەر ئەو كار و تاوانانە لێپێچینەوەى لەگەڵدا بكەن.
وا تاڵەبنى هاتەوە گەڕایەو كوردستان، بەڵام چ دەردێك دەرمان دەكات؟ بۆ كام كێشە دەبێتە چارەسەر؟ بۆ كام ناهەقى دێتە زمان، بۆ كام بێ ئابڕویى و رورەشى حزبەكەى دەبێتە پەردە پۆش؟ بۆكام زوڵم ستەم و جەور دەبێتە ئیمامى عادل؟ بۆكام لەو نەگبەتیی و كۆێرەوەریانەى بەسەریاندا هێناوین ئەبێتە وەڵام دەر؟؟ سەرەتا عەرەب جوان ئەڵێت (العقل السلیم فى الجسم السلیم) ئەوێك كە هەست و هۆشى لەدەست داوە، بەجۆرێك كەسەنزیكەكانى ناناسێتەوە (ئەهلى عەقڵ) نىیە، هەرچى بكات و بڵێت و تەنانەت ئەگەر زەلامیش بكوژێت، لەسەرى ناكەوێت و سزاى نىیە.ئەى ئەبێت ئێمە چ دڵێكمان بەكەسێكى نەخۆش و دەرون ناجێگیر خۆش بێت؟ بێجگە لەوەش من پێم وایە ئەو پیاوە چ خۆى و چ خێزانەكەى، ئەمرۆ بوونەتە گەورەترین كێشە و لەمپەر لەبەردەم كورد و دۆزەكەیدا، لاى من مەسعود بارزانى چەنێك تاوانبار و دەست و دەرون پیسە ، تاڵە بانیش ئەگەر لەو پیستر و تاوانكارتر نەبێت پاكتر نىیە، ئیدى كام كێشەو گرفت چارەسەردەكات ،كە خۆى خولٌقێنەر و هەوێنی سەرلەبەریانە؟
وەك پێشتر وتم تەواوى ژیانى خۆى بۆ ئەو كارە تەرخانكردوە، نەتوانێت سیاسیانە و ژیرانە بنەماڵەكەى گۆش بكات، نەتوانێت وەك هەر كەسێكى ئاسایى و گومناو پەروەردەیەكى باش و دروستى خێزانەكەى بدات، لانى كەم تۆزێك فێرى رەفتار و هەڵسوكەوت و رەوشتى جوانى بكات، بەدریٍژایى ئەو تەمەنە عەقڵانیەت ئاكارى پەسەند لەلاى وەك هەستى نەتەوەییەكەى خەون و خەیاڵ بن، چۆن ئەتوانێت بەو حاڵ و دۆخە نەخۆشەیەوە ببێتە حەكیم و لوقمانى ملیۆنان كێشە؟
زۆر وتن قورئان خۆشە، هەتا باسیى بكەین و بچینە بنج وبناوانى ئەو پیاوە عەیب و عار نارەوایى و تاوان وپۆخەڵەواتى زیاتر دەبێت، بۆیە بەقەولى قەیم با وازى لێینن و ناوى نەهێنین ، تا گوناهى لێ هەڵنەوەرێت. بەكوردى وبەكورتى هاتنەوەى بەپەلە پڕوزێى ئەو پیاوە وگەڕانەوەى بەو حاڵ و دۆخە نەخۆشە ناجیگیرەوەیەوە، سیاسەت و فێلێكى دیكەى سكرتێرە خان و پیاوى یەكەمى یەكێتى هێرۆیە، نەخۆشەویستى و نەڕێزو گەورەیى و نەپیشاندانى ئەمەك و وەفایە بۆى،گەر وابوایە ئەمان بینى خۆى یان كوڕەكانى لەخەمى دا دەبوون و ،چەند رۆژێك لەنەخۆشخانە دەمانەوە چاودێریان دەكرد. ئەو سیناریۆ و فلیمەى ئەمڕۆ دەیكەن، تەنها و تەنهانە بەكارهێنانێتى بۆ مەبەست و مەرامێكى دیكە ،كە ئەمڕۆ تەواوى مەكتەب سیاسى یەكێتى سەرقاڵ و گیرۆدەكردوە، ،تاكە مەبەست ئەوەیە لە ململانێ و كێشمە كێشى دیاریكردنى پۆستى سەرۆك كۆماردا تاڵەبانى ببێتە پارسەنگ ،چونكە وەك دەبینین ئەمجارە هێرۆ بارى زۆرلارە، زۆرێك لەتەكەتول و لایەنگرانیشى ناچنە ژێر بارى بڕیارەكەى ،لەدیاریكردنى ئەو كەسەى كەخۆى مەبەستێتى، هیچیشى بەدەستەوە نەماوە، جگەلەبەكارهێنانى تاڵەبانى وەك دوا كارتى فشار و وەرەقەى جۆگەر بۆ یەكلا كەرەوەى ئەو پرسە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

