ڕاگەیاندراوێک لە کەمپهینی چاو هەر چاوە
09/11/2014, 12:00 (GMT+1)

وەزارەتی تەندروستی لە 21 09 2012 بۆ ماوەی دوو ساڵ گرێبەستێکی بە کۆمەڵێک مەرجەوە لەگەڵ کۆمپانیای FDAS ئیمزا کرد گوایە بۆ کۆنترۆڵکردن و چاککردنی دۆخی دەرمان لە کوردستان. دوای تێپەڕبوونی تەنها چەند مانگێک لەسەر ئیمزاکردنی گرێبەستەکە کارەساتی گەورەی ئاڤاستین ڕوویدا و بەهۆیەوە 10 هاوڵاتی چاویان لە دەستدا، هەروەها ئێستاشی لەگەڵدا بێت کێشەی دەرمان نەک چارەسەر نەبووه، بەڵکو لە جاران خراپترە و ئێستا دەرمانی قاچاغ گەورەترین سەرچاوەى دەرمانە لە کوردستان. ئەوەش بە دانپێدانانی بەرپرسانی تەندروستی خۆیان. ئێمە هەر لە سەرەتاوە هۆشداریماندا کە ئەو کۆمپانیایە نە لەڕووی زانستی و نە لەڕووی دارایشەوە توانای ئەوەی نیە کە مەرجەکانی گرێبەستەکە جێبەجێ بکات و هەر زوو داوامان کرد کە گرێبەستەکە هەڵبوهشێنرێتەوە. هەمان داواکاریش لەلایەن لیژنەی لێکۆڵينەوەی سەر بەخودی وەزارەتی تەندروستی ئاراستەی وەزیری تەندروستی کرابوو، بەڵام وەزیر و وەزارەتی تەندروستی لە ئاست ئەو هەموو بەڵگانەی ئێمە و لیژنەکانی لێکۆڵینەوە خۆیان لە گێلیدا و بەردەوام بوون لە گرێبەستە گوماناویەکەیان لەگەڵ کۆمپانیای FDAS.
دوای تەواوبوونی ماوەی یاسايی گرێبەستەکە، کاتی ئەوە هاتووه بپرسین، ئاخۆ وەزارەتی تەندروستی بەردەوامە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆمپانیایەکی شکستخواردوو، مایەپووچی وەکو FDAS؟ ئەگەر بەردەوامە هۆکارەکەی چیە؟ ئەگەر گرێبەستەکە کۆتایی پێ هات، بەچی مەرج و بە چی دەرئەنجامێک؟ ئایە کۆمپانیای FDAS هەموو پارەکەی خۆی برد و بۆی دەرچوو؟ ئەی کێ باجی جێبەجێنەکردنی بڕگەکانی گرێبەستی نێوان حکومەت و کۆمپانیاکە دەدات؟ ئایە کاتی ئەوە نەهاتووە کە وەزیری تەندروستی دادگایی بکرێت لە بەرامبەر بەهەدەردانی ماڵی گشتی لە گرێبەستی گوماناوی لەگەڵ کۆمپانیای مایەپووچدا؟ ئێمە ماوەی هەفتەیەک دەدەینە وەزارەتی تەندروستی بۆ وەڵامدانهوەی ئەو پرسیارانە ئەگەرنا بە گوێرهی یاسای مافی گەیشتن بە زانیاری و لەڕێی ئامرازە مەدەنی و یاسایەکانی ترەوە بە مافی خۆمان و هاونیشتیمانیانی دەزانین کە بوار نەدەین ئەم گەندەڵی و ناحەقیانە بەسەر ئەم وەزارەتەدا تێپەڕێت.
كهمپهينى چاو ههر چاوه
26 10 2014
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

