غەززە لەنێوان خەیاڵی دینبازەکان و ڕۆڵی اللەاکبر و ھێز و تەکنۆلۆجیای جولەکەدا
29/04/2025, 13:56 (GMT+1)

- ئاخۆ دوو ڕوویی دینبازەکان بۆ ژیانی خۆیان و جیھاد و بەھەشت چی بێت؟
- ئایا ژیانی ڕاستەقینە و زانستی، ئازایەتییە؟ یان شوێنکەوتنی کوێرانەی دینبازەکان؟
- ئاخۆ پەروەردە، ژیانی گەنجان باشتر دەکات؟ یان خەیاڵی بەربڵاوی بەھەشت و حۆریەکان؟
- ئاخۆ چوون بۆ (بەھەشت)ێک بە ٧٢ حۆریەوە خۆشتر بێت؟ یان پاڵدانەوە لەماڵەوە لەگەڵ چەند ژنێکدا؟
- ئاخۆ لە مێژوودا جولەکە یان ئیسرائیل، ھێرشێکی کردۆتە سەر کوردستان؟
- ئەم وێنە و تێکستەی (مەلا مەزھەر) زۆر سەرنجی ڕاکێشام، وە بووە ھۆی نوسینی ئەم بابەتە.

- لەم ناوچەیەکدا کە ئایین بە قووڵی تێکەڵ بە ژیانی ڕۆژانە بووە، وە لەم چەند ساڵەی دواییشدا ئایینەکەیان شێواندووە و بیرە توندڕەویەکی ئاینیشیان تێیدا خەبەر کردۆتەوە! لەھەمان کاتدا گەنجان لە هەلومەرجێکی ئاڵۆزی ململانێی ژیان و بێکاری و هەژاری و فشاری کۆمەڵایەتیشدا، پەروەردە دەبن و ژیان دەبنە سەر! لەو کاتە ناھەمورەدا بۆشایییەکی مەترسیداریش لەدەوروبەری گەنجان و لاوان دروست دەبێت!
لەناو ئەو بۆشاییەشدا، ھەندێک لە دینبازەکان، خۆیان بە ڕزگارکەری مرۆڤایەتی و ڕزگارکەری فەلەستین و نوێنەری خوداش نیشان دەدەن! بەڵام لە ڕاستیدا تەنھا مێشکی گەنجان ژەهراوی دەکەن!
- ئاخۆ چەکی دینبازەکان، درێژی و لوسی زمانیانە؟ یان کرداریان؟
مەلا مەزھەر دەڵێت (ئەگەر وەک شێر ناتوانی پەلاماری جولەکە بدەیت، ئەوا وەک سەگیش پەلاماری حەماس مەدە!)
- منیش دەڵێم( ئەگەر خودا نەیتوانێت وەک خاوەن ھێزێک، پەلاماری جولەکە بدات! کەواتە فەرموو ئێوەی دینبازەکان وەک شەیتانی فێڵباز، پەلاماری جولەکە بدەن! ئەو کاتە بۆ خەڵکی دەردەکەوێت، کێ بەھێزترە؟ خودا یان شەیتان یان ھێزی عەقڵ و زانست و تەکنۆلۆجیای جولەکە؟ ئاخۆ ڕاستیەکە لە کوێدا بێت؟)
تۆبڵێی مەبەستی خوداش چی بێت لەم ئایەتەدا؟ کە لە قورئاندا (سورەتی محمد) فەرمویەتی:
(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن تَنصُرُوا اللَّهَ يَنصُرْكُمْ وَيُثَبِّتْ أَقْدَامَكُمْ-٧)
واتە ( ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە، ئەگەر پشتگیری خوا بکەن، خوداش پشتیوانتان دەکات و پێیەکانتان پتەو دەکات و دەیچەسپێنێت)
تۆ بڵێی ئەو کاولکردن و کوشتارەی غەززە، سەرکەوتن و پشتیوانی خودا بێت؟ یان بانگەوازی حەماس و دینبازەکان درۆیە، بە گوێرەی ئەو قورئانە؟
- دینبازەکان ڕاستی ناڵێن، بەڵکو ڕق و دووبەرەکی و مردن و ووێرانکاری بڵاودەکەنەوە! لە ھەر شوێنێک سەریان ھەڵدا، ئەوە ئەو شوێنە دەبێتە جەھەنمی سەر زەوی و بەھەشتی خەیاڵیان! بۆ نمونە (ئەفغانستان و ئێران و سوریا و یەمەن و لبنان و لیبیا و کامیرۆن و سۆمالیا و عێراق و ئەوانی تر)
دینبازە توندڕەوەکان لەم چوارچێوەیەدا، چەکەکانیان تەنھا زمانی لوس و زمانی درێژیانە! نەک کرداریان!
ئەوان دەقەکانی قورئان بەکاردەھێنن، نەک بۆ فێرکردن یان ڕێزگرتن و خۆشەویستی! بەڵکو بۆ گێلکردن و کوشتن و تاڵانی ( واتە غەنیمە) و سێکسی جۆراوجۆر ( واتە جۆرەکانی نیکاح و کەنیزە و فرە ژنی) و بەکافرکردن و سەربڕین( واتە شەڕو وێرانکاری لەنێوان سونە و شیعە ڕەوتەکانی تری ناو ئیسلام و فتوای کوشتنی بێ بڕواکان و عەلمانیەت و دژەبیرەکانیان و ئاینەکانی تریش) بەوەش دەتوانن تاڕادەیەک ھەندێک لە گەنجان چەواشە بکەن و ئامادەیان بکەن بۆ خۆکوشتن بەناوی جیھادەوە!
هەرکەسێکیش ڕەخنە لە دینبازەکان بگرێت، ئەوا ئەوان بە دوژمنی ئیسلام یان بەخیانەتکاری لە ئومەی ئیسلامی دادەنێن! ھەندێک جاریش دەگاتە فتوای کوشتن یان ناوزڕاندن!
- ئاخۆ دوو ڕوویی دینبازەکان بۆ ژیانی خۆیان و جیھاد و بەھەشت چی بێت؟
ئەوان باسی جیهاد و شەهیدبوون و شەرەف و پاداشت دەکەن، وە دەیانەوێت گەنجان بنێرن بۆ خۆتەقاندنەوە و مردن بۆ غەززە، لە کاتێکدا خۆیان لەپاڵ چەندین ژنی خۆیان و کورسی دەسەڵاتدا دانیشتوون و ژیانێکی ئاسوودەییان ھەیە و دوور لە مەترسیش پاڵیان لێ داوەتەوە! وەدینبازەکان تازەترین بەرھەمی زانستیش بەکاردەھێنن وەک ئۆتۆمبێل و کۆمپیوتەر و مۆبایل و ئامێرە لوکسەکانی ژیانی کافرەکانیش! ئەوەش بەبێ ئەوەی یەک دڵۆپ ئارەق بکەوێتە ناوچەوانیان و کارێک بکەن یان ڕەنجێک بدەن!
- ئەو دینبازانە هیچ قوربانیەکیان نەداوە یان ماندوو نەبوون بۆ ئەو ژیانەی کە ئێستا تێیدا دەژین! ھەر تەنھا بە درۆ و پینەکاری ئایین دەژین و زۆربەی کاتیش دەستەڵاتی کورسی دەگرنە دەست یان پشتگیری پاراستنی دەستەڵاتە دکتاتۆریەکان دەکەن بۆ پاراستی پێگەی خۆیان! وەک ئەوەی ئێستا دەبینین کەدینبازەکان دەیکەن بۆ پاڵپشتی خەلیفە ئەردۆغان و عەمامەبەسەرەکانی ئێران بەناوی دینەوە!
- ئایا ژیانی ڕاستەقینە و زانستی، ئازایەتییە؟ یان شوێن کەوتنی کوێرانەی دینبازەکان؟
گەنجان و لاوان دەبێت خۆیان ھۆشیار بکەن و بەدوای قسەی ئاگرین و بەڵێنی درۆ نەکەون، چونکە ئازایەتی ڕاستەقینە، شوێنکەوتنی کوێرانە نییە! بەڵکو ئازایەتی ڕاستەقینە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە، کە لە خۆت بپرسیت:
- بۆچی دینبازەکان بانگەشەی شەڕ دەکەن؟ بەڵام خۆیان یان منداڵانیان ناچن بۆ شەڕ و منداڵەکانیشیان لەباشترین زانکۆکانی جیھانیشدا دەخوێنن؟
- بۆچی بەڵێنی بەهەشتی ئەو دنیا بە تۆ دەدەن؟ لەکاتێکدا خۆیان لە بەھەشتی ئەم دنیادان و لەکۆشکی ڕازاوەدا دەژین؟
- وە بۆچی خۆیان بەڕاکردن بەرەو بەھەشتی ئەودنیا و ٧٢ حۆریەکان و بۆ لای خودای گەورەیان ناچن؟ کە ئەوان ھەموو ڕۆژێک ،بەباسکردنی مێشکی خەڵکیان پێ بردووە؟
- کەواتە گەنجان دەبێت عەقڵیان بەکاربهێن و فێربن کە خۆشی و سەرکەوتن لە ژیاندا، بە بیرکردنەوە و ھەڵسەنگاندنی ڕێڕەوەکانی ژیانە! نەک دوای ھەست و سۆزێکی کاتی، لەژێر پەستانی کۆمەڵایەتیدا بکەون! کەواتە دڵی ناسکتان بهێڵنەوە و بیپارێزن بۆ خۆشەویستەکانتان نەک بۆ ڕق وکینە و کوشتن و ووێرانکاری!
- ئایا تا ئێستا ئیسرائیل چەند کوردی کوشتتووە؟
دینبازەکانی کوردستان بانگەشەی گەنجان دەکەن کە بچن بۆ جیھاد بۆ غەززە! چونکە غەززە داگیرکراوە لەلایەن جولەکەوە! بەڵام ئەوەیان لەبیرچۆتەوە یان نایانەوێت بیبینن کە کورد ژێردەستەو عەبدی عەرەب تورک و فارسە و ھەریەکەیان بە ئارەزووی خۆیان و بەناوی دینەوە کورد دەکوژن و کیژۆڵەی کورد دەکەنە کەنیزە وکوردستان ووێران دەکەن بە مزگەوت و قورئانەکانیشەوە! شاڵاوی ئەنفالی سەدام و درۆن و تەیرەنعەبابیلەی خەلیفە ئەردوغان و لەسێدارەدانی لاوانی ڕۆژھەلات لەلایەن عەمامەبەسەرەکانی ئێرانە و ھێرشی کوشتاری مێژووی زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵی ڕابردوودا، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات!
- ئاخۆ لە مێژوودا جولەکە یان ئیسرائیل، ھێرشێکی کردۆتە سەر کوردستان؟ یان کوردی کوشتووە؟ یان منداڵانی کوردی زیندەبەچاڵ کردووە؟ ئایا ڕۆژێک گوێمان لێ بووە کە کیژانی کود بوبێتە کەنیزەی سەربازە ئیسرائییەکان؟
نەخێر ، نەخێر ، ھەرگیز ئەو ڕوداوە قێزنەوونانە ڕویان نەداوە لەلایەن جولەکەوە بەڵکو ھەمیشە لەلایەن موسڵمانانەوە بووە!
- کەواتە بۆچی دینبازەکان بانگەشەی گەنجانی کوردستان دەکەن کەدژی ئیسرائیل بجەنگێن؟
وەک ئەم وێنەیەی عەلی قەرەداغی:

(یەکەم: جیهادی چەکداری دژ بە داگیرکاری لە فەلەستین، واجبە بۆ هەموو موسڵمانێکی بەتوانا لە جیهانی ئیسلامیدا، بەپێی وزە و توانای خۆی)
ئەمەێ خوارەوەش بانگەشەی جولەکەیەکە بۆ کورد:

(هیوادارم کە کورد داوای قەرەبووی سەدان ملیار دۆلار بکات بۆ ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بەرامبەریان کراوە لەلایەن ووڵاتانی موسڵمانی دراوسێیانەوە!، هەروەک چۆن جولەکەکان داوای ئەوەیان لە ئەڵمانییەکان کرد و ئەو قەرەبووەشیان وەرگرت! ئێستاش جولەکە دەیانەوێت قەرەبوو لە ووڵاتانی عەرەبیش وەربگرن کە دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی جولەکەکاندا گرتووە! )
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

