رۆمانی "بیری لەش"
29/05/2025, 21:44 (GMT+1)

نوسەرلەپێشەکی بۆ وەرگێڕانی کوردی دەڵێت:
" منێک کە لەمیراتی تراژیدیایی خەڵەتاوی عەرەبەوە هاتووم ، چەند بەئاواتەوەم لەم کتێبەدا شتێک لەخۆتان ببینەوە "
ئەمە دووهەمین جارمە کە ئەم ڕۆمانەی "ئەحلام موستغانمی" بیری لەش دەخوێنمەوە ، هیوام وایە کە خوێنەری کورد ئەم گەوهەرە شاکارە لەدەست نەدات، کە هێژا "ساڵح محەمەد ئەمین" کردوویەتی بەکوردی هەمان ئەو کارەکتەرەی کە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستی "عەبدول ڕەحمان منیف"ی وەرگێڕاوە .
چیرۆکی کتێبی خۆرهەڵات و وەرگێڕانەکەی بۆخۆی شاکارێکی نازدارەو وەرگێڕ لەدڵسۆزی بۆ زمان و نەتەوەکەی ئەو کارە ناوازەیەی کردووە ، ئەوسەردەمەی بەعس لە لوتکەی دەسەلاتدا بوو . بیرمە لە چیای دووبرا لەسەردەمی شۆڕشدا خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستم خوێندەوە لەگەڵ ڕۆمانی "شار"ی حسێن عارف .
نزار قەبانی ووتەنی ڕۆمانەکە وڕی کردم ،کەمن بەئاستەم لەبەر دەم ڕۆمانێکدا وڕدەبم . هەربەڕاستی منش وڕبووم هەروەک قەبانی . بۆیە دواجار هێندە عاشقی ئەم ڕۆمانە بووم کە ناچاری کردم ئەم چەند دێڕەی لەسەر بنووسم.
کەباس یەتە سەر شۆڕشی جەزائیر ئێمە یەکسەر ژمارەی یەک ملیۆن شەهید دەبێتە گەواهی دەری شۆڕشەکەو دەڵێن ئەو گەلە بۆ ئازادی و وەدەرنانی داگیرکەرە فەڕەنساویەکان یەک ملیۆن مرۆڤیان کردە قوربانی و ئازاد بوون.
بەڵام دوایی ئازاد بوون خالید دێت و چیرۆکی ئازابوونمان بۆ دەگێڕێتەوە کە تەنها تراویلکەیەکی ترسناکە .
منداڵەکان لەتاریکی دەترسن و گەورەکانیش لەڕووناکی ، جەزائیر دوای ئازادی لەم ڕۆمانەدا بووە بەمەتەڵ .
جەنگاوەرێک لەتەمەنی گەنجیدا کەدەبێتە پێشمەرگە لەیەکێک لەشەڕەکاندا قۆڵێکی برینار دەبێت ولە وێدا لەمەیدانی شەڕەکەدا باسکێکی گۆڕەوشاردەکرێت .
خالید دەڵێت :هەر ئەوکاتە بەهۆی شۆڕشەوە بووم بەپیاو ، دەڵێت: شەش جەنگاوەرمان سەریان تیاچوو، منیش بەدوو فیشيک کە بە قۆڵی چەپمەوە بوو چوومە ڕیزی زامدارەکانی شۆڕشەوە. بۆیە لەپڕ ڕێبازی ژیانی خالید دەگۆڕێت و لەسنوری نیشتمانەوە لەگەڵ کۆمەڵی زامداری تردا بەرەو ووڵاتی تونس دەکەوێتە ڕێ .
من هەمان دیمەنم بیرە کە لەفەوجی کۆردۆ درا لەڕەواندز ١٣ برینار لەبناری کاروخ بەهێستر دەگوێزرانەوە بۆ ئێران ، پاش کەمێک یەکێک دووان لە پێشمەرگەکان بەسەر ووڵاخەکانەوە گیانیان سپارد و گەڕانیانەوە تابچن لە گوندەکانی خۆیان بەئاسودەی پشو بدەن . خالید لەوێ تونس باڵی چەپی دەبڕنەوە ،چونکە هیچ چارێکی تری پزیشکی نەبووە بۆی بکەن . پاش ماوەیەک توشی خەمۆکی دەبێت ، لەتونس پزیشکێکی یوگوسلافی پێی دەڵێت : گەنجۆ تۆ باڵێکت لەدەستداوە دەبێت قبوڵی بکەیت ، بەڵام دەتەوێت لەخەمۆکی ڕزگارت بێت ، دووپێشنیارهەیە بۆت .
یان دەست بکە بەنوسین ، یاخود دەست بکە بەکێشانی تابلۆو وێنە بکە تالەخەمۆکی قوتاربیت و خۆت قبوڵکەیت و بێباڵێکەشت فەرامۆش بکەیت .
خالید دەست دەکات بەوێنەکێشان سەرەتا وێنەی ئەو پردە دەکات کە بەمێرد منداڵی لەشاری قوستەنتینیە هەمووڕۆژێک پێدا هاتووچۆدەکات . خالید دەگاتە پاریس پایتەختی ووڵاتە داگیرکەرەکەی ، فەڕەنسا زمان و شارستانی و تەلارسازی بەجێدەهێڵێت لەو ووڵاتانەی کۆڵۆنیالیان کردبوو . خالید دەبێتە نیگارکێشێکی ناودارو پێشەنگا لەپاریس دەکاتەوە . تابلۆی پردەکە دەبێتە وێنەیەکی سەرنج ڕاکێش . کاتێک بەزامداری بۆ ووڵاتی تونس دەچێت فەرماندەکەی ئامەنەتی دەتاتێ و بۆ خێزانەکەی بەرێت لەگەڵ ناوی ئەو کۆرپەیەی چاوەڕوانی لەدایک بوونی دەکات . ڕۆژگار دێت و کچی "سی تایەر" فەرماندەکە ڕوولە پێشەنگاکەی خالیدی بێقۆڵ دەکاتو لەوێ دەکەونە ناو خۆشەویستیەکی ڕۆمانسێوە و خالید عاشقی کچەکەی سی تایەری فەرماندەی دەبێت سی تایەری شەهید کە خالید دەڵێت وەک سەرکردە ئەم پیاوە ژیانی کردووە لەزیندان وشۆڕشدا . مرۆڤ ئەگەر ڕێکەوتی شتێکی جوان ، هێجگار جوان بکات ،ئەوەئارەزووی گریانی هەڵدەستێت .
لێم گەڕێ هەمووئەوانە ڕاموسم کەلەتۆدا خۆشم ویستن ،پیاتابڕوانم و ئاگاداری سی تایەر لەبزەو ڕەنگی چاوەکانتا ببینەوە ، چەند جوان دەبێت گەر شەهیدان لەشۆخێکەتدا بگەڕێتەوە، بەبازنەکەی دەستت دایکم بیر دەکەوێتەوە .
ئەم ڕۆمانە کتێبێکە خالیدی زامدار بەقۆڵێکەوە نوسیوێتی تا کچەکەی سی تاهیر لەناویا بکوژێت ، ڕۆمانێکە گەشتێکت پێدەکات بەمێژووی داگیرکەری فەڕەنساوێکانداو دەتباتە وە بۆ ناو ئەو هەلپەرست و گەندەڵ و مرۆڤ کوژانەی کەهیچیان بەشداری جەنگ و شۆڕشیان نەکردووە و هاتونەتە سەر حازری و بۆمانەوەیان تاوان دەکەن و زیندانەکانیان سیخناخ کردووە لە مرۆڤانەی کە دەنگی ناڕەزایی هەڵدەبڕن .
"مرۆڤ ساڵانی یەکەمی بە فێربوونی قسەکردنەوە بەسەر دەبات ، ڕژێمەعەرەبێکانیش ئەوی تری بەفێربوونی بێدەنگی پێتەواو دەکەن ".
ئێمە ٣٣ساڵە وەک ڕۆمانی بیری لەش مرۆڤگەلی هیچ و داماو لەناو ئازادیەکی پەشمەکیدا لەناو گەندەڵی وتاوان و داگیرکردندا ئێمەیان گیر کردووە ، ئەوەتانێ لێرەش کە خالید دەگەڕێتەوە نیشتمان براکەی کە دوایی ڕژێمی جەزائیری دەیکوژێت واتە عەرەبەکان دەیکوژن کە خاوەن دەسەلاتن . براکەی پێی دەڵێ خالید براکەم قۆڵەکەی تۆ شاهیدە داوای موچە بکە داوای ئۆتۆمبێل و زەوی بکە ، ئەوانەی وەری دەگرن جەنگاوەر نەبوون خزم و ناسیاو دراوسێ بەرپرسەکانن ، تۆ باڵی بڕاوت شاهیدیت بۆ دەدات کە جەنگاوەر بوویت و لەشۆڕشدا بەشدار بوویت و مافی خۆتە سود مەند بیت لە م غەنیمەی ووڵاتدا لەدوای ئازادی و ڕزگاربوون ، گەر خۆشت ناتەوێت بیدەبەمن با من سودی لێبینم بۆمنداڵەکانم بەسود دەبن . ئەوان ناتوانن پێت نەدەن ڕێزت دەگرن و دەشت ناسن ، من دەتوانم منداڵەکانمی پێبژێنم خالیدی برام .
ئای حەسان براکەم نەتدەزانی کەمن جیاوزم لەوان . براکەم تەمەنم ئەوەندەی بەبەرەوە نەماوە ، تاپیش مردن سەرنەوی بکەم ، دەمەوێت وەک دڕکی ویژدان لەبەردەمیاندا بمێنمەوە وداکوترابم بەلاشەیاندا .
ئای حەسان گەر دەزانی ڕێکردنی شەقامەکان بەسەربەرزی چەنێک خۆشە ، کەچاوت بەکەسی ئاسایی یان گرنگ بکەوێت هەست بەشەرمەزاری نەکەیت .
لێرەدا باشەباسی خزمێکی خوێڕی خۆم بکەم کە دەنی و پیسم و سوکم هەیە ، ڕۆژێک لۆریەک دێت برنج دەدات بەو خێزانانەی کە شەهیدیان هەیە ، ئەو مرۆڤە بوردەڵەیەش دەچێت دەڵێ : من خزمی فڵانم کە شەهید بووە ، ئەو لەرزۆکە من دەکاتە شەهید بۆ چەند کیلۆ برنج ، براکەم دەبینێت دەڵێ تۆش بڕۆ وەری بگرە بڵێ برای ڕزگارم کەشەهید بووە ، براکەشم تف لەڕووی دەکات و دەڵێ شەرم ناکەیت بەدڕەوشت ، کوا برای من شەهید بووە ؟ تۆ مافی خەڵکی داماو دەخۆیت ، ئەویش دەڵێت : هەموو وادەکەن ئاخ من گەر یەک ڕۆژ بەشدار دەبووم لە جەنگ دەبوومە ملیۆنەر لەناو ئەم هەلەدا .
ئێستا ئێمە هەموو لەسەر گڕکانی نیشتمان وەستاوین کە دەتەقێتەوە . "من ئیرەی بە بانگ دەرو بەمنداڵی ساوا دەبەم ،چونکە هەر ئەوان ماف و توانای قیژەیان بەسەر ژیاندا هەیە ". بەرلەوەی دەمارەکانی دەنگیان ڕابهێنن و فێری بێدەنگیان بکەن لەم نیشتمانە ئازادەدا .
یاسەمین : ئازیزەکەم تۆ دەزانی من هەرخەریکی خوێندنەوەم ، خەڵکی پارەوسامان ، منیش ناونیشانی کتێب ، وەک دەشبینی پیاوێکی دەوڵەمەندم ،هەرچیم بەردەست بکەوێت خوێندومەتەوە ، هەر وەک چۆن ئەوانیش هەرچیان بەردەست کەوتبێت لوشیان داوە .
کەدێتە سەر بەرپرسەکان دەڵێت : " هی واهەیە هەمووشەقامەکانیشی بۆ گیراوە ، کەچی ناتوانێت بەپێ دووهەنگاویش بەسەریا بڕوات بەکەژاوەی ئۆتۆمبێلەڕەسمێکانەوە دەیان برێت . لای خۆشمان هەمووڕۆژێک ئەم نمایشە ناشرینەدەبینی کە ژینگەی شارو وولاتیان دزێو کردووە .
حەسان برای کە پەیمانی کڕینی ئۆتۆمبێلێکی پێدابوو لەفەڕەنساوە بۆی بنێرێت فریانەکەوت بەهەواڵێک مەرگ و ڕۆحکێشانی حەسانی پێدەگات ، ڕژێمی دوای ئازادی خەڵتانی خوێنیان کردوو خالید دەیەوێت لە فەڕەنساوە بگەڕێتەوە تا براکەی ئەسپەردە بکات و هاوڕێکەی کە لەژیاندا نەماوە سەردانی بکات . خالید دەڵێت : براکەم مردنیشی وەک ژیانەکەی گەمژە و خەونەکانیشی هێندە و ساکاربوو ئیتر پرسیارکردن لە مردنی چ بایەخێکی هەیە ؟
ئەم ڕۆمانە گەشتت پێدەکات بەمێژوودا دەتباتە لای بەرناشۆ ، لەبەردەم زۆربادا ڕاتدەگرێت ، لە ئەسینا خواکانت پێدەناسێنێت .
بەڕێوبەر لەزۆربا دەپرسێت :" زۆربا وەڵامم بەرەوە تۆیەک کە لەتورکت کوشتووە ئەوانیش زۆریان لەهاوڕێکانت کوشتووە ، جیاوازی لەنێوان بکوژدا هەیە ؟
پاشان دەتبات بۆلای تاریقی کوڕی زیادو دەڵێت : تاریق ئازابوو هەموو کەشتێکانی سوتاندا لەدوایی خۆیەوە ، تا شەڕی مان و نەمان بکات و هیچ ڕێگەیەک بۆ هەڵهاتن جێنەهێڵێت ، بەڵام خالید تابلۆکانی ناسوتێنێت دەیداتە کچەکە فەڕەنسیەکەی هاوڕێی ، نازانێ دەگەڕێتەوە بەڵام دەستی ناچێتە ئەوەی تابلۆکان بسوتێنێت . بۆیە نابێتە خالیدی کوڕی وەلید و ئەو بیری لەگەڕانەوە کردۆتەوە بۆلای تابلۆکانی . کچەکە دەڵێت ئەم شاکارە جوانانە چۆن دەدەیتەمن ؟ منیش دڵنیات دەکەم کە دەیان پارێزم .
بەدەسەڵات دەڵێت "گەوادینە ، دزینە، پیاوکوژینە خوێنیشمان بدزن هەرچی دەتانەوێت گیرفانی لێ پڕکەن حساب بانقەکانیشتان بەهەر پارەیەکی کەدەتانەوێت پڕکەن ، خوێن و بیر بۆ ئێمە دەمێنێتەوە هەر بەودوانەش سزاتان دەدەین ".
ئەم شاکارە ڕێک لە و ٣٣ساڵە دەچێت کە ئێمەیان لەبەردەم مەینەتێکاندا داناوە ، دەڵێ باسی هەرێمە لاقەکراوەکانمان دەکات . لەڕۆژگارێکدا نیشتمانم جێهێشت کە هەناسەدانی تێدا قەدەغەکرابوو ، کەچی ئەوەتا لەڕۆژگارێکدا بەواقوڕماوێوە دەگەڕێمەوە کە هاتووچۆ تێدا قەدەغەکراوە .
خالید پێغەمبەرێکی لاتە پێغەمبەرێک باڵێکی بڕاوە ، سەردەمێک کچەکەی شەهید سی تاهیر دەیووت : سوێند بێت دواتکەوم پێغەمبەرەلاتەکە .
خالید دەیوت : ڕۆژگارێکی ناهەموارە گەربەلای ڕەوشتدا داینەشکێنیت ، ئەوا خۆمان لەپێشی زبڵخانەکان دەبینینەوە.
ئەم شاکارە شایستەی خوێنەوەیە چونکە دەڵێ ڕۆژەکانی دوای ئازادیە درۆینەکەی لای خۆمانە ،کە کۆمەڵی فایلدارو ترسنۆک و پارەپەرست خۆیان داوە بەسەر نیشتمانێکی کڵۆڵدا لەمردنیشیاندا گردێک داگیر دەکەن و دەبێتە نزارگایەکی بەتەلکراو کە مێشولەش بەمۆڵەت بەسەریا دەفڕێت مۆڵگاو حەسحەس و قولەی پڕ تفەنگ و بەردەی مەرمەڕو چەتری گران بەها و بۆنی خۆش وکارگوزاری گۆڕستان نەک زێوان لەوێ بوونی هەیە .
دواجار هەرناوی شەهیدانە کە ساختەیان تێدا ناکرێت ، چونکە مافی خۆیانە بەتەواوی ناوی خۆیانەوە باسیان بکەین ، نیشتمانیش مافی خۆیەتی کەسانێکی لێ ئاشکرا بکەین ناپاکیان لێکردبێت ، سەروەری خۆیانیان بەکاولکردنی و سامەنەکەشیان بەکڵۆڵێکەی دروستکردبێت و کەسیش نەبێت حسابیان لەگەڵدا بکات .
ئەم ڕۆمانە شایەنی خوێنەوەیە تا سی تاهیرەکانی شەهید بزانن کە خەڵکێک هەیە هەمووشتێک دەبینێ و دەزانێ ، بەڵام ئێمە لەپێوری ئازار بەولاوە هیچ پێورێکی ترمان لادەست ناکەوێت . بۆیە بەیەقینەوە دەبێ فێری دیوەکەی تری بیرچونەوە بین ،تا هەموو ستەمێک بەدامێنمان هەڵگرین .
چ شەرمەزاریە تۆ بۆ ئازادی شەڕت کردبێت و دوایش ئازادی بەکەسی تر ڕەوانەبینیت ، ئەم شاکارە باسی ئەوە دەکات کە قەبانی ووتەنی وڕت دەکات . جارێکی تر دەسخۆشی لەنوسەرو وەرگر "ساڵع محەمەد ئەمین" دەکەم .
لەجەنگدا هەر ئەوکەسانە بەدبەختن کەتیادا دەمرن . لەوان بەدبەختتر ئەوانەن کەدوای خۆیان بێکەس و هەتیوو، خەون و پەککەوتە جێدەهێڵن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

