<

رۆڵی کونسلخانەی ئیتالیا لە ئەشکەنجەدانی، گەنجێکی کورد، لە ناو ئاسایشی هەولێر

31/08/2025, 21:42 (GMT+1)

ڤیزا فرۆشتن و زۆر شتیتر.

رۆژی ٢٥ ئابی ٢٠٢٥ رۆژنامەی ئیتالی، ئیل فاتتۆ کوۆتیدیانۆ ، وتار و بەسەرهاتێکی ئەشکەنجەدانی گەنجێکی کورد، دلزار رزگار رەفعەت خەیلانی لەدایکبوونی ١٩٩١ گێڕاوەتەوە.
پێمباشە، سەرەتا، زانیاریەکانی ناو وتارەکە بخەمە بەردەست و پاشان هەندی تێبینی و بۆچوونی خۆم دەربڕم.
رزگار خەیلانی، لە داوی هاتنی باوکی لە ١٩٩٨، لەگەل دایکی و براکەی، لە سالی ٢٠٠٦ دەگەونە ئیتالیا. 
لە کاتی شەڕی داعش دلزار خەیلانی لە سالەکانی ٢٠١٦ – ٢٠١٨ لەگەل سوپای ئیتالی لە موسل، وەک تەرجومان – وەرگێڕ، کار دەکات. پاشان لە کونسلخانەی ئیتالی دەست بەکار دەکات، ئەو کونسلخانەی لە سالی ٢٠١٦ کەیسی گەندەلی و سکاندەلی "ڤئزە گێت"ی لێ تەقیەوە.
لە ٢٦ نۆڤەمبەری ٢٠٢١ ئافەرتێکی کوردی باشور لە نێوان فەرەنسا و ئینگیلتەڕا لە ئاو دەخنکێ و لە باخەلی دۆکومێنت دەدۆزرێتەوە و دەردەکەوێت کە دوو دەفتەر دۆلاری داوە بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئیتالی. لێرەدا کونسلخانە و وەزارەتی دەرەوە گوناهەکە دەخەنە ئەستۆی دلزار خەیلانی. لە رۆژی ٧ دیسەمبەری ٢٠٢١، ئەو کاتەی دلزار، لە پشو بووە، لە لایەن کونسول، میکێلێ کەمێرۆتە، بانگ دەکرێت و تۆمەتەکەی پێڕادەگەیەنێ. کە لە کونسلخانە دێتە دەرەوە ١٠ چەکداری ئاسایش کە بەناوبانگن لە ئەشکەنجەدان چاوەڕێیدەکەن و یەکسەر قۆڵبەستی دەکەن. لە زیندان، لە ژوورێکی ٤٠م دوجا کە ١٢٠ کەسی تیابووە و بۆ ماوەی ٣ مانگ ئازار و ئەشکەنجە دەدرێ و دان بە فرۆشتنی ڤیزە نانێ بەلام دەلێ هەندی دیاری و بەخشیشی وەرگرتووە. 
رۆژی ١٩ نەورۆزی ٢٠٢٢ دلزار، بە کەفالەت، ئازاد دەکرێ و پاشان تۆمەتەکەی لەسەر لا دەچێ و لە کارەکەی کونسولخانەش دەرکراوە. دەولەتی ئیتالی بڕیاری دەرکرنی دابوو لەوکاتەی لە زیندانی ئینفڕادی بووە، کە نامەی دەرکردنی بەدەست دەگات ماوەی ٧ رۆژی پێدەدەن تا ئیمزای بڕیارەکە بکات و بە فەرمی بیگەڕینیتەوە کونسولخانە. ئەو کونسلە ناوی میکێلێ کەمێڕۆتەیە و ئێستا لە شاری رۆما، لە وەزارەتی دەرەوە بەرپرسی هۆبەی "باشکردن و خۆشگوزەرانی و باری کارمەندانە" و هەڕەشە لە دلزار دەکات و پێی دەڵێ "ئەوجارە بتگرنەوەو لە زیندانی ئاسایش بە زیندوویی دەرناچی". ئەوەش دیارە لەبەر ئەوە پێی گووتووە چونکە شکایەتی لە دژی دەرکردنەکەی کردبوو و باسی ئەشکەنجە و ئازارەکانی کردووە. 
ئاسایشی هەولێر دۆکومینتە ئیتالیەکانی دلزار، وەک ئیقامە، نادەنەوە دەست، لەبەر ئەوە ناچار دەبێ بە رێگای قاچاخ و هات و نەهاتی بۆ ئیتالیا بگەڕێتەوە. دەچێتە ئێران، لێرە بە تڕێلە، خۆی لەناو بارێکی مافوردەشارێتەوە و دوای ٢٢ سەعات دەگەوێتە ئیستەنبۆلل، پاشان بەرەو ئەسینا لە یۆنان و پاشان بەرەو ئیتالیا. لە ئیتالیا دوو پارێزەر دەگرێ بۆ کەیسەکەی، شکایەت لە کونسلخانە و وەزارەتی دەرەوە. لە ٣١ ئۆکتبەری ٢٠٢٣ دادگای رۆما  بڕیاری دەرکردنەوەکەی پوچەل دەکاتەوە، فەرمان بە وەزارەتی دەرەوەش دەدا، وەک قەرەبوو، موچەی ٢٤ مانگیشی پێبدرێ. وەزارەتی دەرەوەی ئیتالی رەزامەندی لەسەر گەڕانەوەی سەرکار بۆ دلزار قەبول دەکات بەلام دەلێ تەنها دەبێ بگەڕێتەوە هەولێر! واتە زیندانی ئاسایش.
رۆژی ١١ نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ پارێزەرەکانی دلزار نامەیەکی ٤ لاپەڕە بۆ وەزیری دەرەوەی ئیتالیا رەوانە دەکەن و دەنووسن "دڵزار رازیە بە گەڕانەوە بۆ هەولێر بە مەرجێک گەرەنتی ژیان و سەلامەتی بکرێ" بەلام تاکو ئێستا هیچ وەلامیان بەدەست نەگەیشتووە. 
پارێزەرەکانی دڵزار دەلێن ئەو بزنی قوربانیە، لە مانگی تەموزی ٢٠٢١ ئوفیسی ڤیزە لە هەولێر بێ کارمەند بووە، لە جیاتی ئەوەی موعامەلەکانی پێدانی ڤیزە، بۆ ئەو ماوەیە، رابگرن کونسل مۆلەت و کۆدی پێدانی ڤیزە بە دڵزار دەدات ئەوەش پێچەوانەی یاسا و رێساکان بووە چونکە پێدان مۆلەت و کۆدی ڤیزە تەنها بۆ کارمەندانی ئیتالی یان گرێبەستی دائیمیان هەیە نەک بۆ کارمەندێکی نوێ و بە گێبەستی کاتی. 
پارێزەرەکان دەڵێن بە پێدان مۆلەت و کۆدی پێدانی ڤیزە وەک ئەوە وایە تۆ دەمانچەیەک بدەیتە دەست مندالێک و ئەویش یاری پێ بکات و کە گولەش بتەقێنێ نابێ ‌‌حەپەساو بین و لە بەرپرسیاری رابکەی. ئەوە وەک پەلار و رەخنە ئاراستەی قونسل دەکرێ، کەچی قونسل وەلام دەداتەوە و دەلێ "من ئەو مۆلەت و کۆدەم پێ نەداوە" و دەنگۆی بڕیاری گرتنی دلزار، لە رێگەی ئینتەرپۆل، دەدرکێنێ بەلام زیاد لە جارێک دڵزار دەچیتە پۆلیس و ئەو باسە دەکات پێی دەلێن، بە فەرمی، هیچ ، داواو بڕیارێک بەدەستی ئیمە نەگەیشتووە. بەلام لە مانگی ٥ ی ئەمسال، ٢٠٢٥، وەلامی نەگەتیڤی، سەبارەت بە وەرگرتنی وولاتینامەی ئیتالی، بۆ هاتەوەو و هۆیەکەشی نووسراوە کە دلزار"مەترسی لەسەر ئاسایشی کۆماری ئیتالیا" دروست دەکات.
ئەوە چەند جاریشي بچێتە پۆلیس و کەسیش، سەبارەت بە مەترسی، لێپێچینەوەی لەگەل ناکات بەلام وەزارەتی دەرەوە، لە رێگە و داخوازی پاریزەرەکان، خەریکی دۆزینەوەی چارەسەرێکە، ئەویش لە رێگەی قەرەبوو کردنەوەیەکی باش. پارێزەرەکەی پێداگری لەسە ئەوە دەکات کە "دڵزار بە دوای قەرەبوو ناگەڕێت بەلکو بەدوای سومعە و کەڕامەتە"، داوای گەرەنتی دەکات، داوای بێ تۆمەت و بێ تاوانی دەکات. ئەوە لە کاتێکە کە تۆمەتبارە سەرەکیەکان بە ئازادی دەسوڕینەوە.
کۆتایی وتاری رۆژنامەکە.

چەند سەرنج و تێبینیەک

 وتارەکە گێڕانەوەی بەسەر هاتەکەیە لە دەمی دلزار و دوو پارێزەرەکەی، نازانین تا چەند راستە، دەقی گرێبەستەکەی کونسلخانە و دلزار، دەقی بڕیاری دەرکردن و دادگای رۆمامان لەبەر دەست نیە. کونسل و کونسلخانە دەسەلاتی ئەوەیان نیە بە ئاسانی گرێبەستی شەفاف، بەبێ پێشبڕکێ و بلاوکردنەوە لە رۆژنامە و هۆیەکانی راگەیاندن و سایتی کونسلخانە، لەگەل کەس بکەن.
گرێبەستەکان زۆر بە وردی باسی ئەرک و بەرپرسیارەتی، دەستپاکی و رەفتار جوانی ئەو کەسە دەکەن کە گرێبەستی لەگەل دەکەن. ئاماژە بەوەش دەکەن لە کاتی لادان و سەرپێچی لەم ئەرکانە خاوەن کا، کونسلخانە، سزای بدات یان دەمودەست لە کارەکەی دەربکرێ. ئەوەش لە هەموو گرێبەستێکی کەرتی گشتی و تایبەتی ئیتالیا بەدی دەکرێ. لە گێڕانەوەی بەسرهاتەکەش، کەم و زۆر، بەرپرسیارەتی دلزار دیارە و گونهبارە.
باوکی دلزار کە گەیشتۆتە ئیتلیا لە شارۆچکەیەکی بچوکی لا بەلا، کە ژمارەی دانیشتوانی خۆی لە دوو هەزار کەس دەدات دەگیرسێتەوەو دەست بە کار دەکات. دڵزار کە گەیشتۆتە ئیتالیا تەمەنی ١٥ – ١٦ سالان بووە، ئیقامەشی لە رێگەی باوکی وەرگرتووە، واتە وەک پەناهەندە نەبووە، باوکیشی ئیقامەی کارکردنی هەبووە و بۆ ماوەی دە سالێک کاری کردووە، هەندێ سالییش کاری سەربەخۆی کردووە، واتە خۆی خاوەن دوکان و کۆمپانیا بووە و بەو هۆیەوە رەگەزنامەی ئیتالی وەرگرتووە بەلام دوو کوڕەکەی لەبەر ئەوەی، ئەوکات، تەمەنیان لە ١٨ سال زیاتر بووە پێیان نەدراوە. بە پێی یاسای ئیتالی ئەگەر دایک و باوک وولاتینامە وەر بگرن ئەوە هەموو ئەو مندالانەی تەمەنیان لە ١٨ سال کەمترە ئەوە ئۆتۆماتیک ئەوانیش وەردەگرن، ئەگەرنا ئەوە دەبێ هەر یەک و بە تەنیا داوا بکات و مەرج و کاتیش زۆر دەخایەنێ. بە پێی زانیاریەکانی بەدستی من گەیشتوون  دایک و باوکی دڵزار دوای وەرگرتنی وولاتینامەی ئیتالی لە ٢٠١٣ دەگەڕینەوە کوردستان.
دڵزار لە ٢٠٠٦ دەست بە کار دەکات، شاگردی لە قاوەخانە و کافێیەکان دەکات، بە تایبەتی وەرزی هاوینان کە توریستێکی زۆر روو لە ئیتالیا دەکەن. 
تێناگەین چۆن چۆنی ئەو گرێبەستە، جاری یەکەم لەگەل سوپا و پاشان لە کونسلخانە، بۆکراوە و چۆنیان دۆزیتەوە. ئەو گرێبەست و کارانە پێویستیان بە دیراسە و رەزامەندی ئاسایش و هەوالگری ئیتالیا هەیە. هەمان شت لە هەولێر هیچ کەسێک بەبێ رەزامەندی ئاسایش و پاراستنی پارتی ناتوانی لە کونسلخانە، ئاژانسەکانی یو ئێن و رێکخراوە خێرخوازیەکان کار بکات.
لەم سالانەی دوایی دلزار زەماوەند لەگەل کچیکی ئیتالی دەکات و ئەوەش دەبێ رێگەی بۆ خۆش بکات بۆ وەرگرتنی رەگەزنامە بەلام وەک ئاماژەی بۆکراوە لە مانگی ٥ ی ئەمسال داواکەی رەتکراوەتەوە. هەرچەندە، بە پێی یاسا، هەرکەسێک، ژن یان پیاو، ئەگەر زەماوەند لەگەل هاولاتیەکی ئیتالی بکات ئەوە ئاسانکاری بۆ دەکرێ بە تایبەت ئەگەر مندالیان هەبێ.
بە داخەوە یاسای ئیتالی بۆ وەرگرتنی رەگەزنامە زۆر زۆر ئالۆز و پڕ کەندوکۆسپە، هەندێ کەس زیاد لە ٢٠ سالە لە ئیتالیا دەژی، کار دەکەن و تاوانیان ئەنجام نەداوە کەچی تاکو ئیستا بەدەستیان نەهێناوە. لێرە، لە ئیتالیا، رەگەزنامە ماف نیە و بلێ دوای ئەوەندە سال کار کردن و نەبوونی تاوان، مافت هەیە وەریبگری. نەخێر لێرە ماف نیە بەلکو "بەخشینە"، دوای ٥ – ١٠ سال دەتوانی داوا بکەی، ئەگەر پێتیاندا ئەوە مالیان ئاوابێ، ئەگەر رەتیان کردەو، بە هەر پاساوێک، نەیاندا ئەوە، بە پێی یاسا، ناتوانی هیچ بکەیت و هەر سەرت لە دیوار بدە. لە ئیتالیا رەگەزنامە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ دیراسە و هەلسەنگەندنی بۆ دەکرێ، پڕۆسەیەکی ناوەندیە، لە دەستی هەرێم و پارێزگاکان نیە.  
کونسلخانەی ئیتالی بۆ ئاسایش ئاگاداردەکاتەوە و شکات لە دلزار دەکات؟ نە دەبوایە ئەم کارە بکرێ لە کاتێک هەموو کونسلخانەکان زۆر باش دەزانن هەر کەسێک بچێتە ئاسایش بەبێ ئەشکەنجە دەرناچێ. دەکرا تەنها گرێبەستەکەیان هەلبوەشاندایەوە، ئاوێ بینە و دەستان بشۆ، کۆتایی بەو کەیسە دەهات.
بە رای ئیمە کونسلخانە، بە پێی ئەو چیرۆکە، هەلەیەکی گەورەی کردووە و دلزاری داوەتە دەستی ئاسایش.

ئەشکەنجەدانی دلزار

دزار دەلێ بۆ ماوەی ٣ مانگ ئەشکەنجە دراوە، یەک رۆژیش زۆرە بەلام هەموومان بە یاسا و رێساکانی ئاسایش ئاشناین، زۆر کەس بۆ چەند سال ئەشکەنجە دراوە و سەردانی کەس و کاریشیان لێ قەدەغەکردووە. من کە وێنەی پشتی دلزارم دیت یەکسەر گومانم لا دروست بوو، وێنکە ئەوەندە نوێیە و دەلێی تازە بە تازە بە دەست و بە ئەنقەست کێشراوە. ئاسایش، زۆر زەحمەتە، کەسێک ئازاد بکات و شوێنی ئەشکەنجەدانی پێوەدیار بێت. پەیوەندیم بە دۆستێک کرد کە دلزار دەناسێ و باسی گومانەکەم کرد، ئەویش، بەبێ ئەوەی ناوی من بێنێ، لەگەل دلزار قسەیکرد بوو و لە وەلام گوتیەتی "ئەم وێنەیەم لە رۆژانی یەکەمی ئاسیش گرتووە، ٣ وەرقەم بە کارمەندێکی ئاسایش داوەو وێنەکەی بۆ گرتووم و رەوانەی کەسوکاری کردووە....!"، جگە لەوەش پارەیەکی زۆری داوە تا ئازادیان کردووە. 

ڤیزە فرؤشتن و شتیتر

لە سەرەتای سالانی ١٩٩٠ شالاوی هاتنی کۆچ و کۆچبەران بەرەو ئەوروپا دیاردەی گەندەلی و ڤیزە فرشتن رۆژ بە رۆژ زیادی کردووە، زۆربەی بالوێزخانە و کونسلخانەی ئەو وولاتانە کەوتونەتە زەلکاوی گەندەلی، هج وولاتێک بە ساغی دەرنەچووە. ئەوەندە بەسە گەڕانێک بە گوگل بکەیت و ئەو راستیەت بۆ دەرنەکەوێ، هەموو وولاتێک تووشی ئەو سکاندەلە بووەو لە ئایندەش دووبارە تووشی دەبێتەوە. ئەوەتە لە سالی ٢٠١٦ زۆربەی رۆژنامەکانی ئیتالیا باسی "سکاندەل – ڤیزەگێت" کرد گوایە ژمارەیەکی زۆر ڤیزە، لە رێئ گەندەلی بە هاولاتیانی هەرێم، عێراق و سوریا دراون. بۆ هەر ڤیزایەک ١٠ هەزار – ١٥ هەزر دۆلار دراوە. کەیسەکە دەنگی زۆر دایەوە گەیشتە وەزارەتی دەرەوە و پەرلەمانی ئیتالی و لێپرسینەوە و سزادانی هەندی کاربەدەستی کونسلخانەی لێکەوتەوە. لەم کەیسە باسی کونسلخانەی ئەلمانی، سوید، هۆلەندا و وولاتانیتریش کرابوو.  
هەر کەسێک لە ئیتالیا، یان هەر وولاتیکیتری ئەوروپا، بژیت و چاودێریکی ووشیار بێت دەزانی ئەو دیاردەیە ناوە ناوە لە وولاتانیتری وەک، مەغریب، پاکستان و بەنگلادیش، ئەمەریکای لاتینی و... هتد روو دەدەن و دووبارە دەبنەوە.

ئیقامە فرۆشتن

ئەو دیاردەی گەندەلیە تەنها بە پێدانی ڤیزە نەبەستراوەتەوە، بە پێی رۆژنامەکانی ئیتالیا، بە دەگەمەن، ئوفیسێکی پۆلیسی ئیقامە هەیە هەر ناو ناوە کەیسی پێدان و نوێکردنەوەی ئیقامە، لە بری پێدانی بڕێک پارە یان دیاری و بەخشیش، ئاشکرا نەبێ. میکانیزمەکانی ئەو گەندەلیانە ئالۆزن و کەوتونەتە قاوغی "تاوانی رێکخراو". زۆر کەسایەتی سیاسی، ئەندام پەرلەمان و کاربەدەستی بالای هەرێمی کوردستان، لە دوای کەوتنی رژێمی سەدام حوسێن تاکو ئیستا، رەگەزنامە،پەناهەندەیی و ئیقامەیان لە وولاتانی ئەوروپی وەرگرتووەو وەردەگرن.
لە ئیتالیا لە دوای سالی ٢٠٠٠ دیاردەی کڕین و فرۆشتن و پێدانی "مۆلتەت لێخوڕین" سەری هەلداوە.

کڕین و فرۆشتنی رەگەزنامە

لە ئیتالیا لەم ٢٠ سالەی دواییدا دیاردەی پێدانی وولاتینامە، لە بری پێدان پارە، ناوە ناوە باس دەکرێ. لە مانگی ٥ ی سالی ٢٠١٩ کەیسێکی گەورە تەقیەوە، نزیکەی ٢٠ فەرمانبەری گەورەی وەزارەتی ناوخۆی ئیتالیا گیران و تاوانی گەندەلیان خراوە ئەستۆ، گوایە بۆ هەر موعامەلەی پێدانی رەگەزنامە لە ١ تا ١٠ دەفتەر یۆڕۆیان وەرگرتووە. بە پێ رۆژنەمەکان ٨ کەس، بە ٤ – سال، سزا دراون. 
 کەسیسی دڵزار خەیلانی باوەڕ ناکەم هیچی لە جێی شین بێت، واتە کارەکەی لەدەستدا و رەگەزنامەکەشی رەتکرایەوە، وەک دەڵێن لە "هەڕەی بوو و لە مەڕەی بوو – لە هەردوو دین بوو". دلزار ناتوانێ و ترسی گەڕانەوەشی بۆ کوردستان هەیە، بەپێی زانیاریەکانی بەردەست من کەوتووە، لە رێگەی خزم و کەس و کاری، داوای لە وەزیری ناوخۆی هەرێم، رێبەر ئەحمەد،  کردووە رێگەی بدەن بە سەلامەتی و بەبێ زیندانیکردن بگەڕئتەوە کەچی تاکو ئێستا وەلامی نیە. کەواتە لێرە رۆلی نەگەتیڤی کونسلخانە بەدەر دەکەوێت و چ کەیسێکیان داوەتە دەست ئاسایش و یان دلزار دەستی بە گەندەلی گەورەتر، پێدانی ڤیزا و گرێبەستی جۆر بەجۆری، پڕ لە گەندەلی، کەوتووە. 
من کەم و زۆر، دوور و نزیک دلزار خەیلانی و بنەمالەکەی ناناسم بەلام دڵنیام ئەگەر لەبەر بنەمالە و عەشیرەتەکەی نەبووایە ئاسایش بە ئاسانی ئازادیان نەدەکرد و ریگەیان نەدەدا بگەڕێتەوە ئیتالیا و، ئەو چیڕۆکەی باسیکردووە گومانی زۆری لێدەکرێ و دەکرێ بە دۆکمێنت – ئیقامەی ئیتالی و پاسپۆرتی عێراقی گەڕابێتەوە ئیتالیا.
 دیارە دڵزار خەیلانی باش کۆمەک و رێنماییکراوە، لە جیاتی یەک  پارێزەر، زیاد لە ٢ پارێزەر بگرێ کە سەر بە ئوفیس و تیمێکی، زیاد لە ١٠ پارێزەرن، ئەوەش پێویستی بە پارە و مەسروفاتێکی زۆرە. ئوفیسی پارێزەرەکان لە شاری رۆمایە و کەچی دلزار خۆی لە شارۆچکە "ئیمپێریا" یە کە زیاد لە ٦٠٠ کم لە رۆما دوورە. 

کەیسی پارێزەر ناز سلێمان یەعقوبی ٢٠١٦

ناز سلێمان کچێکی گەنج و پارێزەر بوو لە هەولێر، لە کونسلخانەی ئیتالیش، بە گێبەست، کارمەند بوو. بە پێی میدیاکانی هەرێم و تەنانەت رۆژنامەکانی ئیتالیاش لە رۆژی ٣ ی مانگی ١ی سالی ٢٠١٦ لە هەولێر لە لایەن کەسێک – دەستێکی نادیار دەڕفێندرێ و رۆژی دوای، بە پێی بەلگەکانی ئاسایشی هەولێر کە لە لایەن بنەمالە و زۆر کەس و لایەنیتر رەتکراوەتەوە، لە گەڕەکی "دریم سیتی" لە ناو ئۆتۆمبیلەکەی خۆی کووشتووە.
نازلە سالی ١٩٩١، لە خانەوادەیەکی مام ناوەندی لە هەولێر لە دایک بووە، حەزی لە ژیان بووە، کاری پارێزەری و کارمەندی کونسلخانە ئەوپەڕی سەرکەوتن و ئایندەیەکی گەشی پێ بەخشی بوو، بۆ دەبێ لە شاری خەونەکان لەو تەمەنە ناسک و نازدارە خۆی بکوژێ؟ دوای، نزیکەی، ١٠ سال تاکو ئێستا ئەو پرسیارە بێ وەلامە و تەنانەت ئەوکات کونسلخانەی ئیتالیا لێدوانەکانی پۆلیس و ئاسیش و لیژنەی داد پزیشکی پشتڕاست کردەوەو قەبولیکرد. هەر ئەو کات هەندی میدیا و لایەن باسی ئەوەیانکرد گوایە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر، لەبەرچی و بۆ؟ هەندی کەس و لایەن باسی گەندەلی و پێدانی ڤیزەیانکرد، لە هەولێریش ئەوکات و ئێستا، بێجگە لە لایەنی دەسەلات، قوش نیە (کەس نیە تەقلە بە فیل لێبدات) دەست بۆ ئەو تاوانە قێزەوەنە ببات، بە تایبەت لە شاری خەونەکان کە لە عارد و حاسمان بە کامیرا دەورە دراوە. بە داخەوە ئەم کەیسە زوو بە زوو دیزە بە دەرخۆنە کراو و خرایە ئەڕشیڤی "بکەری نادیار".
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست