<

ئەو گێلە پیاوانەی کە تەعریبکردن بە مەترسی نازانن

29/07/2026, 14:52 (GMT+1)
شیكردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لەسەر ئەوانەی، کە خزمەت بە داگیرکەر دەکەن و پرۆسەی تەعریبکردنی کوردستان بە ئاسایی دەبینن.
دەسەڵاتی دزەکانی باشوور بۆ خۆدەرخستن و نمانیشکردنی توانای خۆیان، لە زۆر بۆنەدا لە پاڵ بڕینی قردێلەی سوور، خەڵات و پاداشتی جۆراوجۆریش دەبەخشنەوە، کە بەرپرسێک لە رێگای دامودەزگایەکیانەوە پێشنیاریان بۆ دەکات، لە نموونەی: (خەڵاتی دەستپاکیی هەرێم)، (خەڵاتی خۆڕاگری)، (خەڵاتی ڕێزلێنان بە پێشمەرگە)، (خەڵاتی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) و دەیان خەڵاتی دیکە ... هتد. هەموو ئەمانە بۆ ماوەیەکی کورتە ئیتر لە یادی کەسدا نامێنێتەوە و لەبیر دەچنەوە، ئەوەی لە هەموو ئەو پاداشتانە سەرنجڕاکێشترە خەڵاتی نووسەری دەربارە، کە بۆ هەمیشەیی دەمێنێتەوە، کە لە ڕێگەی پیاهەڵدان بە شان و باڵیاندایە و بە خەڵکیان دەناسێنن، وەک ڕووناکبیر و ڕۆشنبیر ناوەکانیان فڕێدەدەنە ناو خەڵکی، بەبێ ئەوەی ئەمانە ئاستی رۆشنبیریی و وشیارییان هێندە بڵند بێت کە شایانی رێزلێنان و ئەو جۆرە خەڵاتە بن، لە نموونەی (ڕێبین هەردی) و کۆمەڵێک کەسی تر، ئەمەش بۆ خاتری ئەوەی لە کاتی پێویستدا ئەرکداریان بکەن.
یەکێک لەو نمونانە سەردەمی، 17ی شوبات بوو، کاتێک جەماوەرێکی زۆر ڕژابوونە سەر شەقامەکان، کار گەیشتە ئەو ڕادەیەی خەریک بوو دەسەڵات، کۆنتڕۆڵی لەدەست دەربچێت، بۆ ئەمە بەختیار عەلی و ئاراس فەتاحیان لە گەرمەی خۆپیشاندانەکاندا هێنایەوە، ئەو ئەرکەیان پێ سپاردن، بەختیاریان بردە زانکۆی سلێمانی و سیمینارێکیان بۆ رێکخست، تا وا بکات سەرای ئازادی هێوربێتەوە. لە سیمینارەکەدا بەختیار عەلی وتی: ئەم گەنجانە کێشەی هاوسەرگیرییان هەیە، بۆیە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، ئەگەر چارەسەری ئەمەیان بۆ بکرێت هەموو دەڕۆنەوە ماڵی خۆیان.
(ڕێبین هەردی)ش لە مێزگردی بەردەرکی سەرا بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد (اللە اکبر) لەگەڵ مەلا کامەرانی گۆڕانخوازدا نوێژیان دابەست. تا ئاڕاستەی ئامانجی خۆپیشاندانەکە بە لاڕێدا بەرن. ئەم تۆپەڵە بەناو ڕووناکبیرانە کە هەر یەکەیان چەند مووچەی بندیوار و خانەنشینییان هەیە و لەلایەن بەرپرسەکانەوە پارچە زەوی و پارەیان پێدراوە، ئەمانە هێزی دابڕاوی دەسەڵاتی چوارەمە لە جەماوەر، کە لە کاتی پێویستدا بە هانای ئەم خائین و دزانەوە دەچن. ئەرکی ئەمانە دیارییکراوە، ئەگەر فەرمانیان بۆ دەربکەن بەبێ چەند و چۆن جێبەجێی دەکەن. هەر بۆیە خەڵاتی هەمیشەییان وەکو (ڕووناکبیر) و (نووسەری گەورە) و (ڕۆماننووسی گەورەی کورد) پێدراوە، چونکە بە لەش لای خەڵکن و بە دڵیش لای دەسەڵات. بەردەوام دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن لە خزمەتیاندایە، کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆن دیدار و چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکەن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەدان هەژماری بێ باوک و فەیک لایکبارانیان دەکەن، کۆیلەکانی ژێردەستی پیاوانی دەسەڵاتدار، تەنانەت کەسانی سادە و ساویلکەش سەدان لایک و دەستخۆشیان بۆ دەنێرن، هێندەش لووتیان بەرزە وەڵامی کەسیش نادەنەوە، جگە لەوەی لە سایت و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی هەرێمدا بەرهەمەکانیان بە ئاسانیی و بەبێ سانسۆر بڵاودەکرێتەوە و بایەخیان پێدەدرێت، هەندێکیان پەیکەریشیان بۆ دروست دەکەن، بۆیە پێویستە سەرەتا ئێمە پێناسەی تەواوی ڕووناکبیر بکەین. بزانین ئەم نووسەرە دەربارانە لە کوێی نەهامەتیی خەڵک و سەنگەری چ بەرەیەکدا وەستاون! ئایا شایانی ئەوەن پێیان بگوترێت ڕووناکبیر و بە بەژن و باڵایاندا هەڵبدرێت!؟
بە کێ دەگوترێت ڕووناکبیر؟
ڕووناکبیر یان (ڕۆشنبیر) بەو کەسە دەگوترێت کە خاوەنی بینینێکی فراوان و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی سەربەخۆ بێت. ڕووناکبیر پێشوەخت پێشبینی بۆ داهاتوو دەکات، دەبێتە پردێک لە نێوان زانین و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیدا، ئەرکی سەرشانی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگایە، تا لە تاریکی، نەزانین و بیرکردنەوەی چەقبەستوو ڕزگاری بکات. ڕووناکبیری ڕاستەقینە هەمیشە دەبێتە قەڵغانی بەرگری لە خەڵکە چەوساوەکەی و بە زمانێکی ڕوون پەردە لەسەر پیلانەکانی دەسەڵاتی ستەمکار هەڵدەداتەوە. کارەساتەکە لێرەدا ئەوەیە کە کاتێک کەسێک لەناو کۆمەڵگادا نازناوی ڕووناکبیری پێ دەدرێت و قەڵەمەکەی دەخاتە خزمەت چەواشەکاری و بچووککردنەوەی مەترسییە ستراتیژی و نەتەوەییەکان، لە نموونەی (ڕێبین هەردی)، نابێت بە ئاسانی بە لاماندا تێپەڕێنرێت، بێدەنگ بین.
(ڕێبین هەردی) ئەو کەسەیە، کە تا نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا مابوو، یەکێک بوو لە گۆڕانخوازەکان، سەری بچوایە، نەوشیروانی نەدەچوو، هەمیشە وەکو سێبەری وابوو، بۆیە نەوشیروان کردبووی بە ڕاوێژکاری خۆی. خەسڵەتو کەسایەتی  بەرپرس و سەرکردە کوردەکان، ئەوەیە کە خۆیان لە ئاستی دوژمن و داگیرکەراندا بچووک و لەرزۆکن، لە بەرامبەرخەلکیش پێچەوانەکەی، بۆ ئەوەی ئەو گرێ دەروونییەی خۆیان بشارنەوە، جگە لە کەسانی دەبەنگ و گەمژە، هەرگیز کەسانی زیرەک و بەتوانا لە خۆیان نزیک ناکەنەوە و نایانکەن بە ڕاوێژکاری خۆیان، ئەمەش نهێنی ئەو پۆستە بوو کە نەوشیروان (ڕێبین)ی کردبوو بە ڕاوێژکاری خۆی، جگە لەوە بەرپرس و سەرکردەی پارتەکان دەروونی ڕەشی خۆیان بەمانە  سپی دەکەنەوە وەکو نموونە کاتێک نەوشیروان لە جەماوەری 17ی شوبات بێتاقەت بوو، هەر ئەم (ڕێبین هەردی)یە بە ناوی گۆڕانەوە روونکردنەوەیکی نووسی و هێرشی کردە سەر جەماوەری بەردەرکی سەرا بە گیرەشێوێن لە قەڵەمی دان. بۆ ئەوەی لە باسەکەمان زۆر دوور نەکەوینەوە، دێینە دوایین نووسینی (ڕێبین هەردی)، بە کورتی قسەی لەسەر دەکەین، بزانین ئەم کابرایە چی تێدا فەرمووە و مەبەستی لە چی بووە.
کاتێک دەقێکی وەک وتارەکەی (ڕێبین هەردی)، سەبارەت بە پرسی نیشتەجێبوونی لێشاوی عەرەب لە شارەکانی کوردستان دەخوێنینەوە، لەوێدا خوێنەر تووشی شۆک دەبیت، کە ڕەنگە هەندێک کەس بەهۆی پێشینەی نووسینەکانییەوە ناوی ڕووناکبیری بۆ ئەم کەسە بەکارهێنابێت، بەڵام کاتێک دێتە سەر نووسینێکی ئاوا، کە بە لۆژیکێکی ڕواڵەتیی و پاساوهێنانەوە ڕاستییەکان سەرەوژێر دەکاتەوە، ئیتر دەزانیت ئەم جۆرە کەسانە ساختەچین و فڕیان بەسەر زانست و هۆشیاری و ڕووناکبیرییەوە نییە، لێرەدا ئەوانەی کە پێشتر رێزیان کەمێک بۆی مابێت، چیدی ناتوانن ریزیان بۆیان بمێنێت، یان وەکو ڕووناکبیر ناوی بهێنن. ئەم جۆرە نووسینانە کەسایەتیی نووسەرەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لە ڕووناکبیرێکی خەمخۆرەوە دەگۆڕێت بۆ قەڵەمفرۆشێکی دەسەڵات و لە پڕوپاگەندەچییەکی سیاسی بۆ خزمەتی دوژمن و داگیرکەران. گەر بە شێوەیەکی زانستی و لۆژیکی دەست بخەینە سەر خاڵە لاوازەکانی ئەو وتارەی کە نووسیوێتی بە ناونیشانی (ئایا مەترسی تەعریب کردن هەیە؟) بە سیمبوڵی نیشتەجێبوونی برا عەگال بەسەرەکانەوە دڵی بازرگانەکانی وەکو مەریوانی حاجی جەمال و مەلا یاسین و شاسوار عەبدولواحیدی پێ خۆشکردووە، لێرەوە دەتوانین هەموو خاڵە چەواشەکارییەکان لە چەند خاڵێکدا چڕ بکەینەوە:
1. تێگەیشتنی کۆن بۆ چەمکی تەعریب
یەکەمین هەڵەی کوشندەی نووسەر لە تێگەیشتنیەتی بۆ چەمکی تەعریب، ئەوەیە کە ئەم ڕێبینە پێی وایە تەعریب تەنها بە زەبری چەک و ڕاگواستنی زۆرەملێ لەلایەن دەوڵەتەوە دەکرێت، لە کاتێکدا لە سەردەمی نوێدا، گۆڕینی دیمۆگرافیا زۆرجار لە ڕێگەی هێزی نەرم و سیاسەتی ئابوورییەوە جێبەجێ دەکرێت. کاتێک حکومەتی ناوەندی لە بەغدا ئابووریی هەرێمێک دەخنکێنێت و لە بەرامبەردا هاووڵاتییانی نەتەوەی سەردەست بە سەرمایەیەکی زۆرەوە دەنێرێتە ناوچەکە و زەوی و موڵک دەکڕن، ئەمە لە بنەڕەتدا پرۆسەیەکی تەعریبی سیستماتیک و بێدەنگە کە ئامانج لێی سڕینەوەی ناسنامەی ناوچەکەیە. نەک تەنها ئەمە، پارتی و یەکێتیش، لە سەروو هەموویانەوە (بارزانی و تاڵەبانی و بەرپرسە دزەکانی هەردوو پارتەکە)ش هۆکارێکی دیکەن کە خەڵکی برسی و بێ دەرامەت دەکەن، ئەوانیش هێندەی دەسەڵاتی حکومەتی بەغدا یارمەتیدەرن لە هەژارکردنی خەڵکی کوردستان.
2. بەراوردی نادروست لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا
خاڵێکی تری لاواز و سەرسوڕهێنەر لە وتارەکەی ئەم بەناو ڕووناکبیرە کە باسی لێوە دەکات، بەراوردکردنی کۆچی عەرەبە بۆ کوردستان لەگەڵ کۆچی کورد بۆ وڵاتانی ئەوروپا. ئەمەش نەک تەنها هەڵەیەکی گەورەیە، بەڵکو خیانەتێکی مەزنە کە ئەم قەڵەم بەدەستانە بۆ چەواشەکاری ئاڕاستەکە بەلایەکی دیکەدا دەبەن تا مەترسی خەڵکی هێوربکەنەوە، بۆ ئەوەی تەعریبکردنەکە بەردەوام بێت، چونکە وڵاتانی ئەوروپا خاوەنی دەوڵەتی سەروەر و سیستەمی یاسایی و پەروەردەیی زۆر بەهێزن، هەر کۆچبەرێک بچێتە ئەوێ ناچارە لەناو کلتوور و زمانیاندا بتوێتەوە، بەڵام کوردستان دەوڵەتێکی سەروەر نییە، بەڵکو بەشێکە لە دەوڵەتێکی عەرەبی، کە زمانی عەرەبی تێیدا باڵادەستە. لە هیچ مێژوویەکدا نەبینراوە نەتەوەی سەردەست و دەسەڵاتدار لەناو کەمینەیەکی بێ دەوڵەتدا بتوێتەوە، بەڵکو پێچەوانەکەی ڕاستە، بوونیان دەبێتە هۆی گۆڕینی سیمای شارەکان و زاڵبوونی زمانەکەیان.
3. پاساوهێنانەوە بۆ شکستی ئابووری و فرۆشتنی نیشتمان
لە لایەکی ترەوە، (ڕێبینی) هەرە گەمژە، دابەزینی ئاستی ژیان و بڕینی مووچەی خەڵک وەک پاساوێک دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی کڕیاری عەرەب ببنە فریادڕەسی بازاڕ. ئەمە داننانێکی مەترسیدارە بە شکستی گەورەی دەسەڵاتی دزەکانی باشوور، کە هاووڵاتییەکەی خۆی برسی کردووە تا ناچار بێت خاکەکەی بفرۆشێت. ئەرکی ڕووناکبیر لێرەدا ڕەخنەگرتنە لەو دەسەڵاتەی خەڵکی گەیاندووەتە ئەم دۆخە، نەک ئەوەی فرۆشتنی نیشتمان لە پێناو بژێوییەکی کاتیدا بە تێکەڵبوونی کلتووری و خاڵێکی گەش دابنێت. بازرگانیکردن بە خاک لەژێر فشاری برسێتیدا، کارەساتە نەک دەستکەوت، خیانەتە نەک سیاسەت. کوشتن و لەناوبردنی لەسەرخۆیە، نەک ژیانی ئاسوودە بۆ خەڵکەکەی.
4. پشتگوێخستنی هێز و مێژووی نەتەوەیەکی بندەست
(ڕێبین هەردی) نووسەرەکەی دەسەڵات و دەڵاڵی بازرگانە چاونۆکەکان، نامەردانە پاساو بەوە دەهێنێتەوە کە کوردیش لە شارەکانی وەک بەغدا موڵک دەکڕێت، بۆیە ئاساییە عەرەبیش لە کوردستان بیکڕێت. لێرەدا نووسەر بەتەواوی خۆی لەو ڕاستییە تاڵەی کە کوردی تێدەکەوێت گێل دەکات، لە کاتێکدا عەرەب لە عێراقدا بەتواناترن لە هەموو ڕوویەکەوە بەرامبەر بە کورد، بوونی عەرەب وەکو سەرژمێر، دەسەڵات و دەوڵەت و هەموو شتێک بەهێزتر و زۆرینەن. کورد لە بەغدا کەمینەیەکی بێ دەسەڵاتە و ناتوانێت هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ناسنامەی عەرەبی لە بەغدا دروست بکات. عەرەب زۆرینەی ڕەهایە و دەسەڵاتی دارایی و سەربازیی بەدەستەوەیە، نیشتەجێبوونی لێشاوی نەتەوەی سەردەست لە ناوچەکانی کەمینەیەکدا، هەمیشە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر مانەوە و ناسنامەی ئەو کەمینەیە.
ئەم جۆرە نووسینانە خزمەت بە گەل و بە نیشتمان ناکەن، بەڵکو خزمەت بە گیرفانی ئەو بازرگانە خائین و (ڕێبین هەردی)یەکان دەکەن. ئەم جۆرە بیرکردنەوە و نووسینانە دەبنە ماددەیەکی هۆشبەر بۆ شاردنەوەی ئازارەکان و جوانکردنی پیلانە مەترسیدارەکانی دوژمن و داگیرکەران، کە ئەمان ناویان لێناوە کوردستان شوێنی گەشتیاری و کراوەییە. نووسەرە خوێڕییەکانی کورد، کە بەم شێوەیە زانیاری و قەڵەمەکەیان بۆ ئەم جۆرە چەواشەکارییانە بەکار دەهێنن و ژەهر بە شێوەی هەنگوین دەردخواردی خەڵک دەدەن، هەرگیز شایستەی ئەوە نین کۆمەڵگا نازناوی ڕووناکبیریان پێ ببەخشێت. ڕووناکبیری ڕاستەقینە سەنگەری نەتەوەکەی جێناهێڵێت و قەڵەمەکەی لە پێناو هیچ بەرژەوەندییەکدا نافرۆشێت.
بەم ڕووداوەی خوارەوە کۆتایی بەم باسە دەهێنم:
شاکیر مەجرووم یەکێک دەبێت لە وەزیرەکانی سەردەمی شێخ مەحموود، چەند کەسێکی ناحەز دەچنە لای دایکی و پێی دەڵێن کوڕەکەت خیانەتی لە کورد کردووە و لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەستی تێکەڵ کردووە و زانیاریی لەسەر شێخ مەحموودی داوە پێیان. دایکی شاکیر مەجرووم تا ئەو کاتە، کە لە ژیاندا مابوو، دەڵێت: من کوڕەکەم بە شیری پاک گۆش کردووە، بڕوا ناکەم خیانەت لە کورد بکات، ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، مەرج بێت ئەو مەمکەی کە خستوومەتە دەمییەوە بیبڕمەوە.
پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەمڕۆ چەند دایکی کورد کە رۆڵەکانیان ئاوا خیانەت لە خاک و لە گەلەکەیان دەکەن ئامادەن، ئەگەر زانیان ڕۆڵەکانیان لە نموونەی (ڕێبین هەردی)یەکان خیانەت بە خاک و نەتەوەکەیان دەکەن نەک مەمکی خۆیان، ببڕنەوە، ئایا ئامادەن تفێک بکەنە ناوچەوانیان و بڵێن ئەو مەمکەی کە خستمە دەمتەوە پێت حەرام بێت!
ئایا چەند کەس لە دڵەوە ئامادەیە دەستی قەڵەمی ئەو نووسەرە خائینانە ببڕێت، کە پاساو بۆ تەعریبکردن و خیانەتی دەسەڵاتی دزەکان دەهێننەوە، تا وەک وانەیەک هیچ قەڵەمفرۆشێک زاتی ئەوە نەکات ناپاکی بەرامبەر بە خاک و گەلی خۆی بکات؟

بۆ گوێگرتن لەم وتارە لە بری خوێندنەوە لەم دەنگەی خوارەوە گوێ لێبگرە:
https://www.kurdistanpost.com/podcast/5.html
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان