مەملەکەتی جوانکاریی لوتی ئۆپۆزیسیۆنەکان
18/09/2020, 0:55 (GMT+1)

ئەرنێست هەمێنگوای: کەمێک ئارام بگرە پێویست ناکات مرۆڤەکان تاقی بکەیتەوە، ئەوان خۆیان تاقیکردنەوەکە دەکەن
بەبەر چاوی هەموومانەوە نیشتمانێک لەبار دەچێت، ئێمە هەموومان بوینەتە کۆیلەی چارەنووس، هەنگاوەکانمان بەرەو مەترسییەکان دەنێین، بەڵام هیچ ناکەین و شەوانە گوێ لەو ئۆپۆزیسیۆنە دەگرین کە هێندەی لەبەر ئاوێنەدا لە چڕوچاویان دەڕوانن لە ئازاری کەسمان ناڕوانن و نازانن ئێمە لەسەر لێواری مەرگین.

ئەم ئۆپۆزیسۆنانە چۆن ئەم ئیلهامی تەعدیلکردنەیان بۆ هاتووە؟
دەڵێن هیچ شتێک لەخۆیەوە ڕوونادات، هەرشتە و بەشتێکی ترەوە پەیوەستە و هۆکاری ڕوودانەکەیەتی، یەکەمین وەزیر کە لەگوێرەکەی دابەستراو دەچوو، لەپڕ هاتە سەرشاشەی تێڤێکەمان خۆی تەشوێتاش کردبوو، نەهەناسە بڕکێ بوو نە غەبغەبەکانی ڕێگری درۆکانی دەکرد، دوهەمین وەزیر کە لوتێکی زلی هەبوو لە پڕ هاتو دەتگوت لوتی باڕبی قەرز کردوە، بۆ ئەوەی بەخەڵکی بڵێت ئەمە لوتی خۆمە و باپیرەم و داپیرەم بەمیرات بۆیان جێهێشتووم، لوتی بەدەستەسڕێکی ئاوریشمی سڕی، قژە خورماییە لولەکەی هەڵدایەوە، وەزیرێکی تر کە سنگێکی قوپاوی هەبوو لەدەرکەوتنیدا دوو پرتەقاڵی باخەکانی "خالص"یان لەسەر قوتببۆوە، چونکە ئەو لە بەغداد بەو نەشتەرگەرییە هەستابوو، ئیتر گۆرانی بێژ و شایەر و شاعیر و خەڵکی بەرنامەی بێتام و فەسادەکان هەر جارێک دەر دەکەوتن لەش و دەم وچاویان گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو، تەنانەت وەی خڕپاشاش خاڵەکانی سەر دەم وچاوی لابرد لەداخی ئەوەی ڕێگربوو لەخەندە ناشرینەکەی و دانە زەردباوەکانی دزێو نیشان دەدا ئێستا وەیخر پاشا ئەمری کردوە وێنە کۆنەکانیشی بە فۆتۆ شۆپ بۆچاک بکەن هەر خۆی وەیخر پاشا ووتی: دەبێ شتێک بکەم نەناسرێمەوە خاڵەکانی لابرد کە میراتی باوکی بوو لە پرمەی بەزیندا بەخشیبووی پێی ئاسەواری نەهێشت. جێگری سەرۆک وەزیران پەڵە سوتاویەکەی کە دایکی پێی دەناسێوە، دایکی ووتوبووی کوڕم گەر وونیش بووی بەو سوتاویە ی دەموچاوتدا دەتناسمەوە، هەموو ئەو میراتیانە ئاسەواریان نەما، کاتێکیش کە دەسەڵات و پارە هات گشتی بونە هەڵم. واز لە لچ و لێو بۆتۆکس و قونی بەڕازیلی و لوتی ئێرانیش بێنە، چونکە ئێستا ئەوەی نانی نییە بۆ ئەوەی سکی تێربکات، لە سەرەی ئەوەدایە جێگەیەکی چەکوشکاری بکات. لەهەمووی قەشمەرتر ئەو لێکۆڵەرە سیاسیەن، کە درۆ بەدەم سەرۆک و ماڵەباتی مافیاکانەوە دەکەن، هەموویان قژ و سمێڵ و برژانگ و برۆیان قەترانییە، جارێک لە پرسەیەکدا بووم هاوڕیەکم لاوەبوو "ئارام " قسەخۆش نوکتەی بۆ دەکردم لە پڕ مرۆڤێکی تێکسمڕاو دەرکەوت و هاتە لای ئارامەوە دانیشێت، ئارام پێی ووت "مەکینەکە چۆنە " کارەکانی باش دەکات ؟ لای منیش وایە ئۆتۆمبێلی پێفرۆشتوە ؟ ووتم کامە مەکینە؟ ووتی نای بینی چۆن سەر و چاوی لە وسمە ناوە کەڵتە کۆنە ؟ دەڵێێ لە بۆردێلەکانی بەغداد و دیمەشق کاری دەستکەوتوە.
هەر بەڕاستی کە سەیرم کرد نەمتوانی پێنەکەنم، بەو مرۆڤە کۆمێدیەی کەوا خۆی کردۆتە پەند چرچی لاملی و دەم و چاوی زۆر داماوی کردبوو، بەڵام کەوچکێک ڕۆنی حلەی لە سەر ڕومەتە قوپاوەکانی دابوو، ئەویش ڕەخنەگرێکی سەرسەختی دەسەڵاتە، بەڵام قسە ناکات ڕۆژی دوودەمژمێری ژیانی بەسەر و گوێلاکییەوە خەریک دەکات. ئەمە ئۆپۆزیسوێنێکە کە لەحوسنی موبارەک دەچێت لەش ولاری هەر بەڕاستی دەڵێ سێوێکن کراون بەدوو کەرتەوە.
![]() |
| ئەگەر ئێنیشتاین نەشتەرگەری لوت و دەموچاوی بکردایە، تۆ چ قسەیەکت لەسەری دەبوو؟ |
ئێستا تێدەگەن بۆچی دەسەڵات حساب بۆ ئۆپۆزیسیۆنەکانی پشتی کۆمپیوتەرەکان ناکات ؟ چونکە هەر خەریکی لوت و لێو قژی داماویانن، نەک هزریان، هەموو بە ئۆنلاین دەیانەوێت پارە پەیداکەن و ڕژێمیش هەر بەئۆنلاین بڕوخێنن. دواجار دوای نەشتەرگەرییەکانیان ئیتر دەکەونە فەوتانی وێنەکۆنەکانیان و ڤیدیۆ تۆمارکراوەکانیان وا دەزانن شێوە داماوەکەیان لە هزری خەڵکدا دەسڕێتەوە. دەسەڵات لە ئۆپۆزیسیۆن قەشمەرتر ە ئۆپۆزیسیۆن لە دەسەڵات قەشمەرتر، جا وەرە چۆن لەم جەنگەڵستانە ڕزگارمان دەبێت!؟-
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان









