سەردەمی هیچ و پووچی (2)
25/11/2025, 23:13 (GMT+1)

لەسەردەمی ئەخلاقبەرزی کۆمەڵگەی کوردەواریدا زۆر بە دەگمەن ئوستازەکی جامیعەت لەسەر شەقامەکان یاخود لەناو چایخانەیەک، تەنانەت لەشوێنێکی گشتیشیدا دەبینی. مامۆستای زانکۆ ئەوەندە بەشانوشەوکەتو هەیبەت و فەخامەت بوو، تەنها لەناو حەڕەمی جامیعەو لەکتێبخانە گشتییەکاندا دەبینران. دیارترینیان لەپەنجەی دوو دەست تێنەدەپەڕین کەوا خەڵک بیانناسن.
لەو سەردەمەی هیچووپووچی ئێستادا، مامۆستای زانکۆ بوویتە قەشمەڕی سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان، بۆ سووکایەتی کردن بە زانکۆش قسەی هیچووپووچانەو درۆودەڵەسەیان پێدەکەن. لەولاشەوە هەرچی منداڵی بەردەرکی سینەماکان هەیە بە بیست وەرقە شەهادەی ماجستێری پێدەدرێ و بە پەنجا وەرقەش شەهادەی دکتۆرا، ئەگەر کابرا تەزکییەی حیزبیشی پێبێ، ئەوە شەهادەکەی بە ( مرتبة الشرف ) پێدەبەخشرێ، لەکاتێکدا خۆی ( بێشەڕەفە) و شەهادەکەشی بەبێ شەڕەفانە وەرگرتووە. لەبۆیە ئێستا خاوەن دکتۆرا ژمارەیان لەدەسکە کەوەرو کەرەوزی بازاڕیش زیاترە !.
بە هەمان عەقلییەتی شێخ رەزای مودیر شوڕتەی ساڵانی حەفتایەکان کە هەرچی دزو شەقاوەکانی هەولێری وەکو شورتەی ( لا خەبەر) دامەزراند بە فەلسەفەی خۆی ( لەبەر دەستمان بن باشتر چاودێرییان دەکەین ) !. ئێستا کەسانێکی بەڵتەچی و پیاوکوژو سەرسەری کۆنە جاشوبەعسی بۆ جاسوسی و شەقوەشاندن لەدەزگا ئەمنیەکان دامەزراون بۆ ترساندن و چاوسوورکردنەوە لەخەڵک.
ئیعلامی جاران سەرباری ئەوەی حزبی بەعسی شۆفینیزم و قەومەچی بەڕێوەی دەبرد، بەڵام تەلەفزیۆنەکەیان بابەتی سوودمەنی بۆ خەڵک بڵاودەکردەوە ( العلم للجمیع، الثقافة الصحية، المجلة الثقافية، الارشاد الفلاحي ). ئێستا بێژەرەکانمان تەنانەت زمانی کوردیش نازانن و هەواڵەکانی سەعات هەشتی ئێوارەش بێشەرمانە باس لەشکانی ( زەکەری) پیاویش دەکەن !.
لەکابرایەکیان پرسی : وەزعی ژیان چۆن ئەبینی دوای دەرچوونت لەزیندان ؟. لەوەڵامدا ووتی : وەزعی ژیان وەکو نوێژەکەی ناو زیندانە، بانگدەرەکە ( دزە )، ئیمامەکەش ( حەشیشەخۆرە )، نوێژکەرەکانیش چەتەو رێگرەکانن !.
کۆمەڵگەی ئێمەش ئێستا لەهەمان قۆناغدایە. باقی وەلسەلام..
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان








