دوو حەمە لە دەوری میسرییەک
19/10/2026, 22:39 (GMT+1)

لە مارکسیزمەوە بۆ سایەی پارتی، لە دادپەروەرییەوە بۆ بێدەنگی!
خۆشەویستی گەل بە دروشم ناسەلمێندرێت، بەڵکو بە هەڵوێست لە کاتی تەنگانەدا دەردەکەوێت. ئەوانەی ڕۆژێک خۆیان بە هەڵگرانی ئاڵای مارکس و دادپەروەری دەزانی، ئەگەر ئەمڕۆ لە ژێر سایەی پارتیدا هەژاری و داماوی گەل نەبینن، ئەوا کێشەکە لە بیرۆکەکەدا نییە، لەو ویژدانەدایە کە بە پارە و دەسەڵات دەگۆڕێت.
مارکس لە کتێبەکاندا ماوەتەوە، بەڵام هەژار لە سەر شەقامەکاندا هێشتا لە نێوان برسێتی و بێهیواییدایە . دادپەروەری ئەوە نییە لە کۆڕ و دانیشتنەکاندا ناوی بهێنین، بەڵکو ئەوەیە دەستی هەژار بگرین و دەنگی بێدەنگکراوان بین.
داخەکە لەوەدایە، گەلێک کە بۆ ئازادی و دادپەروەری خەباتی کرد، ئەمڕۆ هەندێک لەوانەی بە ناوی ئەو خەباتە گەیشتنە پێگە ودەسەڵات ، لە ئازارەکانی گەلەکەیان دوور کەوتوونەتەوە، لەڕێگەی ئەم نووسەرانەوە جوان دەکرێن . مارکس لەبیرمان نەچێت، بەڵام با ئەوەش لەبیرمان نەچێت کە هیچ ئایدیۆلۆژیایەک لە فرمێسکی هەژار گەورەتر نییە، و هیچ پارتێک لە ویژدانی گەل پیرۆزتر نییە ، کە ئەم داماوانە لەسایەیدا ئاسودەن .
لە ڕەخنەگرییەوە بۆ بێدەنگی، لە دروشمی شۆڕشەوە بۆ ئوتێلی پڕ ئەستێرە و دانیشتن لەسەر چەربای تورکی کە بەداربەڕووی بڕاوەی نیشتمان دروستکراوە لەسایەی دەسەڵاتداراندا.
ئەوانەی ڕۆژێک ڕەخنەیان لە هەموو شتێک دەگرت، ئەمڕۆ لەبەرامبەر گەورەترین ئازار و نادادپەروەرییەکاندا چاویان داخستووە. نە دەنگی هەژار دەبیستن، نە برینی گەل دەبینن، نە دارە بڕاوەکانی نیشتمان بەبیر دێننەوە، وەک ئەوەی هەموو شتێک باش بێت، تەنها چونکە خۆیان لە سایەی دەسەڵاتدان ، هەست بەئاسودەیی دەکەن .
ئەوان لە ئوتێلە پڕ ئەستێرەکاندا دانیشتوون، لە ژێر سایەی دەسەڵات گفتوگۆ دەکەن و لە ژیانی خۆیان بەختەوەرن، بەڵام لە دەرەوە، گەلێک هەیە لە نێوان هەژاری و بێهیواییدا هەناسەی تەنگ دەدات. ئەوان باسی ڕابردوو دەکەن، بەڵام ڕابردوویان لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ دەیکەن ناکۆکە.وەک قاپقاپ و حوشتر وایە . " دەڵێی ڕەژوو دەشۆینەوە، سبێبەری ئەسپەشێ ، من نەیاری ڕوانگە بووم " گفتوگۆی ئەمانە بەتاڵە لە هەمووشت تەنها خەونێکە سەردەمێک زۆر کەسی کردە ژمارە .
بەلای منەوە خەیانەت تەنها ئەوە نییە نیشتمان بفرۆشیت، خەیانەت ئەوەشە بە دروشمی ڕزگاری گەل بگەیتە دەسەڵات پارەو ئاسودەیی ، پاشان ئازاری هەمان گەل لەبیر بکەیت.
ئەوانەی ڕۆژێک بە ناوی مارکس ڕەخنەیان لە زوڵم و چەوساندنەوە دەگرت، ئەگەر ئەمڕۆ لەبەرامبەر زوڵمدا بێدەنگن، با بزانن گۆڕانی ناونیشان و جل و بەرگ، ناتوانێت ڕاستییەکان بشارێتەوە.
مێژوو بە دروشمەکان دادوەری ناکات، بەوە دادوەری دەکات کە لەگەڵ گەلدا بوویت، یان لەگەڵ دەسەڵاتدا کەئێستا هەرڕۆژەی لەکەناڵێکی زۆلەوە لەگەڵ مەلادەیوسەکاندا دەردەکەون .
ئەو گەلەی هێشتا نرخی خەباتەکەی دەدات و بەڕێوەیە ئێوە بۆ بەرژەوەندی خۆتان جێتان هێشتن ، ئێوە ئەو داماوانەن کەبە ناوی خەبات گەیشتوونەتە پێگەیەکی لەرزۆک ، شەرم ناکەن کە ئێستا ئازارەکانی ئەو گەلە لە پشت پەنجەرەی ئوتێلە پڕ ئەستێرەکانەوە تەماشای دەکەن.
بێمانایییەکی گەورەیە کە هەندێک کەس بەردەوامن لە چەواشەکردن، نووسین و ئامۆژگاری خەڵک، وەک ئەوەی خۆیان پێشەنگی ڕاستی و دادپەروەری بن. لە کاتێکدا خۆیان پڕن لە کەموکوڕی، درۆ، بوختان و ترسنۆکی. کەسێک کە خۆی لە ڕاستیدا ناتوانێت بوەستێت و ببینێت کە ئازارەکان بەردەوامن ، چۆن دەتوانێت وانەی بوێری بە خەڵک بدات؟
ئەوانەی ڕۆژێک بە توندی ڕەخنەیان لە خەڵک دەگرت، ئەمڕۆ خۆیان لە پشتی پەردەی دروشم و قسەی جوان شاردووەتەوە. بۆ خەڵک ئامۆژگاری دەنووسن، بەڵام بۆ خۆیان هیچ پەندێک وەرناگرن، باسی دادپەروەری دەکەن، بەڵام کاتێک بەرژەوەندییەکانیان دەکەونە مەترسییەوە، بێدەنگی هەڵدەبژێرن. دادپەروەری لەو موچەپیسەدا دەبینن کەبۆیان بڕاوەتەوە .
ڕاستی ئەوەیە: قسەکردن لە سەر شەرەف ئاسانە، بەڵام پاراستنی شەرەف پێویستی بە ویژدان و ئازایەتی هەیە. نووسین لە بوێری ئاسانە، بەڵام بوێر بوون لە کاتی پێویستدا مەرجی پیاوەتییە.
گەل چیتر پێویستی بە مامۆستای دروشم نییە، پێویستی بە کردار، ڕاستگۆیی و کەسانێکە کە پێش ئەوەی خەڵک ئامۆژگاری بکەن، خۆیان لە دادگای ویژدانی خۆیاندا دادگایی بکەن.
ڕەنگە تەمەن ڕسوای کردبن، بەڵام ڕەنگە تەمەن تەنها پەردەی لەسەر ڕاستییەکە لابردبن، ڕاستییەک کە ئێمە بە دروشمە جوانەکانیان، بە قسەکانیان و بە مێژوویەکی پڕ لە بانگەشەوە نەمانبینیوە.
هەندێک کەس کاتێک گەنجن، بە ئاگرێکی گەرمەوە باسی دادپەروەری و ئازادی دەکەن، بەڵام کاتێک دەسەڵات و بەرژەوەندی دێتە مەیدان، پێوەرەکانیان دەگۆڕێت. هەندێکی دیکەش ڕەنگە لە سەرەتاوە ئەو کەسانە نەبووبن کە ئێمە وا بیرمان دەکردوە لێیان ، بەڵام ئێمە بە هیوا و باوەڕی خۆمان وێنەیەکی جوانمان لێیان دروست کردبوو.
تەمەن بە تەنها کەس ڕسوای ناکات،دەسەڵات، بەرژەوەندی و تاقیکردنەوەی کاتی تەنگانە مرۆڤەکان دەردەخات ، زۆرجار ئەو ڕووخسارە ڕاستەقینەیە ئاشکرا دەکەن کە ساڵانێک لە پشت دروشم و قسەی جوان شاردرابووەوە.
لەوانەیە ئێمەش هەڵەمان کردبێت، نەک لەبەر ئەوەی نەمانزانیبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی زۆرمان ویستووە باوەڕیان پێ بکەین.
چونکە گەورەترین خەسارەت ئەوە نییە کە کەسێک بگۆڕێت، گەورەترین خەسارەت ئەوەیە کە ئێمە بە ناوی خەبات و دادپەروەری و هیوا بۆ دواڕۆژی ڕووناک ، ساڵانێک باوەڕمان بە کەسانێک هەبێت کە لە کاتی تاقیکردنەوەدا، بەرژەوەندیی خۆیان لە بەختەوەریی گەل بەگرنگتر دەزانن.
مێژوو وانەیەکی گرنگمان پێ دەڵێت: مرۆڤەکان بەوە مەپێوە کە چی دەڵێن، بەوەیان بپێوە کە کاتێک ڕاستی و بەرژەوەندیی خۆیان لە بەرامبەر یەکتر ڕادەگرن ، کامەیان هەڵدەبژێرن.
ئەم نووسەرانە کتێبەکانیان پێش خۆیان مردار دەبنەوە!
دواجار، ئەوانەی ژیانێک بە نووسین و قسەکردن لە دادپەروەری، ئازادی و ڕزگاریی گەل بەسەر برد، ئەگەر کردارەکانیان پێچەوانەی قسەکانیان بێت، ئەو کتێب و دروشمانەش کە ڕۆژێک شانازییان پێوە دەکرد، دەبنە بەڵگەی ناکۆکیی نێوان قسە و کردارەکانیان.
فڕوفێڵ و تەفرەدان ڕەنگە ماوەیەک ڕاستی بشارێتەوە، درۆ ڕەنگە ماوەیەک شوێنی ڕاستگۆیی بگرێتەوە، بەڵام هیچ پەردەیەک هەتاهەتایی نییە.
کتێب بە قسە ناژیت، بە ڕاستیی ئەو پەیامە دەژیت کە هەڵیگرتووە،نووسەر بە ناوی خۆی نامێنێتەوە، بەوە دەمێنێتەوە کە لە کاتی تاقیکردنەوەدا چۆن لەگەڵ گەلەکەی ڕەفتاری کردووە و چۆن بێدەنگ بووە لەکاتێکدا ستەم حاکم بووە .
ئەگەر ئەوانەی ڕۆژێک ڕەخنەیان لە زوڵم و چەوساندنەوە دەگرت، ئەمڕۆ لەبەرامبەر هەژاری و بێدادیدا بێدەنگ بن، ئەوا قسەکانیان پێش خۆیان بێبایەخ دەبنەوە، کە لەڕاستیدا بوون ، چونکە گەل تەنها گوێ لە وشەکان ناگرێت، بەڵکو بە چاوی خۆی کردارەکانیش دەبینێت.
فڕوفێڵ تا سەر بڕ ناکات، دەسەڵاتیش هەمیشە نامێنێت، بەڵام یادەوەریی گەل دەتوانێت ساڵانێک درێژتر لە تەمەنی دەسەڵاتداران بژی. سێ نووسەر لەپیریدا لە ئوتێلێکی قەشەنگی شاری هەولێر بۆ بەدبەختی خۆیان باسی ڕابردووە دەکەن و حەبی نەخۆشێکانیان ڕادەمووسن .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان



















