سەردەمی هیچ و پووچی (1)

دکتۆر ئالان دۆنۆ کتێبێکی ناوازەی هەیە بە ناوی
(نظام التفاهة).واتا سیستەمی هیچ و وپووچی. ئەم کتێبە دەقاودەق لەگەڵ سەردەمی
ئێستای ئێمەدا دەگونجێ و هەروا هەست دەکەی کە باسی کۆمەڵگەی ئێمە دەکات. کتێبەکە لەم لینکەوە بە عەرەبی بخوێنەرەوە:
https://www.bookleaks.com/files/fhrst7/112.pdf
سەردەمانێک کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی
تەندروست بوو. سەرباری ئەوەی دایک و باوکەکانمان بە زۆرینە نەخوێندەوار بوون،
بەڵام بە مییراتی جوانی باب و باپیرانیان جیلی ئێمەیان پەروەردە کرد. ئەوەتا ئێستاش
ئەخلاقی ئەوان لەلای جیلی ئێمەدا ماوە و پێوەی پابەندین. بەداخەوە لەم سەردەمە
نەگرییسەدا زۆربەی جیلەکەی ئـێمە ئۆغریان کرد و ئەوانەی ماویشن چاوەڕێی سەفەری
کۆتایی دەکەن. کارەساتەکە لێرەدایە ئەوانەی رۆیشتن و ئێمەش کە دەڕۆین ئەخلاق
و قییىەمە جوانەکانی جارانیش لەگەڵ خۆمان دەبەینە ناو قەبرەکانمانەوە. لە دوای ئێمەش
تا حەددێک بەڵام زۆر کەم ئەو قییەم و ئەخلاقە جوانەی کوردەواریمان هێشتا لە کوڕ و
کچەکانماندا ماوە، دوای ئەوانیش دونیا تەفروتونا دەبێ و جیلێکی تازە دێتە پێش، کە
ئەسڵەن لە قییەم و ئەخلاقی کوردەواری دەشۆرێن. ئێستا هیچ وپووچی لە ناو کۆمەڵگەدا
نیشانەکانی دەرکەوتوون :
- سیاسەتمەداری جاران ئەخلاق و قییەمی هەبوو،
ژیانی خۆی بۆ خزمەتی خەڵک و کۆمەڵگە تەرخانکردبوو. رێزی لە قانون دەگرت، دەستی بۆ
سەروەت و سامانی دەوڵەت و میللەت نەدەبرد. ئێستا سیاسەتمەدار قانونی ئەرز و ئاسمان
دەخاتە ژێر پێیەکانی، نەک موڵکی دەوڵەت بەڵکو دەست بۆ نان و قووتی منداڵانیش دەبات.
- حزبایەتی جاران لە پێناو خزمەتی گشتی و
ئازادی وعەدالەت و خۆشگوزەرانی میللەت بوو، ئێستا حزب خزمەتی دەزگا ئەمنی و
مخابەراتی و جاسوسی لۆ دەوڵەتانی دراوسێ و، قەتڵ وعامی میللەت و زەوتکردنی
ئازادییەکان و برسیکردن و سەرانەوەرگرتنی کردووە بە دەستووری حزب و حکومەتەکەی.
- مامۆستای ئایینی جاران کاریان رێنیشاندان و
راستگۆیی وهاندانی کاری چاکە و پیاوەتی بوو، ئێستا زۆربەیان بوونەتە واعزی دەسەڵاتی
شەیتانی و کاریان بووە بە جوانکردنی دەسەڵاتی زاڵم وستەمکار و خزمەتی ئەجیندای
بێگانە.
- کاسبکاری جاران دەستپاک و ئەمین و بە
ویژدان بوون، ئێستا کاسبی بووەتە قۆڵبڕین و خۆ دەوڵەمەندکردن و ساختەچێتی و ژەهر
دەرخواردانی میللەت.
ئەوانە و هەزاران دیاردەی نامۆ و ناشرین لەناو
کۆمەڵەگەی ئەمڕۆدا بڵاوبوویتەوە کە بە قاموسێک جێگایان نابێتەوە. خوا ڕەحممان
پێبکات. باقی وەلسەلام.





