پارادۆکس و دژبەرییەکانی ئینتگراسیۆنیزم
27/10/2026, 20:46 (GMT+1)

تەنها خستنەڕووی چەند پرسیارێک:
وەک هەمووان دەزانین و بەپێی دووایین لێدوانی دوران کالکان-یش بێت، پێشنیاری عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئینگتراسیۆن بۆ هەموو کوردە و کالکان دەشڵێت، «باشووری کوردستان دەبێت پێش هەموو شوێنەکانی دیکە ئینتگرە ببێت».
هەرێمی کوردستان (باشووری کوردستان) تەنها شوێنێکی سەر ئەم زەوییەیە سەران و لایەنگران و ئەندامانی ئەم تەڤگەرە بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە تێیدا ئازادانە دەجووڵێنەوە، هەموو بنکە و بارەگا و چەک و دەزگای میدیاییان لێرەیە، سەرانی ڕۆژاڤا پێیان لە هەولێر و سلێمانیی نابڕێت.
ئەگەر ئینتگراسیۆن هێندە شتێکی باشە بۆ ئەو ئازادییەی لە باشوور بۆ سەرجەم سەرانی ئەم تەڤگەرە هاتووەتە ئاراوە، لە سوریادا بوونی نییە، ڕێک ئەو شوێنەی تێیدا ئینتگرە بوون؟ یەکەم مەرجی حکومەتی سوریا بۆ قبووڵکردنی ئەم هێزە لەنێو دەوڵەتی ناوەندییدا، ئەوە بوو هەموو ئەندامە ناسوورییەکانی ئەم تەڤگەرە خاکی سوریا بەجێبهێڵن. کەواتە ئەگەر ئینتگراسیۆن زۆر باشە، بۆ ئیلهام ئەحمەد و مەزڵوم عەبدیی هەموو ئەو گلەییانەی ڕۆژانە لە حکومەتی سووریی هەیانە، ناچن لە زانکۆی دیمەشق بیکەن، بەڵام لە هەولێر و لە زانکۆی سلێمانیی گلەییەکانیان دەکەن؟
ئەگەر ئینتگراسیۆن هێندە باشە، بۆ یەک تاقانە ئەندامی ئەم سەرانە نابینیت لە دیمەشق، تاران و ئەنقەرە بە ئازادیی بخولێنەوە، کەچی لە هەولێر و سلێمانیی دێن و دەچن، کەچی تەنها شوێنێک تێیدا ئازاد بن و ماڵی ڕاستەقینەیان بێت باشووری کوردستانە، کە داوای ئینتگرەکردنی ئێرەش دەکەن، واتا دوایین ماڵی ئازادی خۆیان، دەخەنە دۆخێکی نادیارەوە؟
وا لە شنگال ئینتگرە بوون، ماوەیەکی دیکە سەرجەمی سەرانی ئەم تەڤگەرە لە شنگالیش قەدەغە دەکرێن و بۆیان نییە بجووڵێنەوە و دەشبێت هەموو ئەندامە نا-عێراقییەکانی یەبەشە شەنگال چۆڵ بکەن. ئەمە بۆ قەندیلیش ڕاستە ئەگەر بەهاوبەشیی سوپای تورکیا، ئینتگرەی عێڕاقی بکەنەوە، دووایین بنکەی ژیانی خۆیان تەفروتونا دەکەن.
کەواتە ئەگەر ئینتگراسیۆن شتێکی زۆر باشە، بۆ لەو شوێنانەی ئینتگرە بوون، ناتوانن ئەو قسانە بکەن، کە لە هەولێر و سلێمانیی نا-ئینتیگرەبوو دەیکەن؟ کۆمەڵێک پرسیار.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











