<

ئاخۆ دینبازەکان هەر کەلتوری کوردی دەشێوێنن؟ یان ئەوان گوێ و چاو و دەمی دوژمنانیشن؟

16/08/2026, 17:21 (GMT+1)
- ئاخۆ دینبازەکان، ئایین وەک پەیژە و دوو ڕوویی بەکاردەهێنن؟
- بۆچی دەبێت ئایین ببێتە هۆی تێکدان و لەناوبردنی کەلتوری کوردی؟
- ئاخۆ دینبازەکان، ئاین دژی ناسنامەی نەتەوەیی بەکاردەهێنن؟
- ئاخۆ لەم ماوەی ڕابردوودا ئەو دوو پێوەرە دژبەیەکەی دینبازەکان چی بوو بێت؟
---------------------------
- ئاخۆ دینبازەکان،  ئایین وەک پەیژە و دوو ڕوویی بەکاردەهێنن؟
ئایین مێژوویەکی درێژی هەیە کە وەک ئامرزێک بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات و دینبازەکانە. لە کاتێکدا کە زۆربەی خەڵکی سادە لەسەر بنەمای باوەڕێک خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ خودای خۆیاندا، بەڵام دینبازەکان و دەسەڵاتدارانی  ناوچەکە ئایین وەک پەیژەیەک بەکاردێنن بۆ گەیشتن بە مەرامە سیاسی و گیرفان پرەکانیان و چێژی سێکسی خۆیان (دوو ژن یان زیاتر و کارە قێزنەونەکانیشیان). گەورەترین نموونەی ئەم دووڕووییەش لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا دەبینرێت. بۆنمونە دینبازەکان، ووڵاتانی ئەوروپا بە کافرو بێباوەڕ دەزانن و لەسەر مینبەرەکانەوە بە هاوارکردنیان مێشکی خەڵکی تێک دەدەن، و دەڵێن، کە ئەوان دژی هەموو  بێباوەڕن، کەچی هەر هەمان دینبازەکان، منداڵەکانی خۆیان دەنێرنە هەمان ئەو وڵاتە ئەوروپییانە بۆ خوێندن و چێژوەرگرتن لە ژیانێکی مۆدێرن و ئارام یان بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانیان!
- بۆچی دەبێت ئایین ببێتە هۆی تێکدان و لەناوبردنی کەلتور و زمانی کوردی؟
لەم هەفتەیەی ڕابردوودا هەندێک ڤیدیۆم بینی کە دینبازەکان تێیدا هانی گەنجان دەدەن کە  دیشداشەی عەرەبی بیابانەکان بپۆشن و ئەوان  بەرگی کوردیان بە کەم دەزانی و بێڕێزیان دەکرد! ەو هەندێکیشیان زیادەڕەویان دەکرد و دەیان ووت پێویستە نەڵێین (ڕۆژباش و بەیانیت باش و نیوەڕۆت باش یان شەوتباش) پێویستە بوترێت (السلام عليكم)!
کوردی بەشەرەف چاک دەزانێت کە کەلتوور و زمان و جلوبەرگ نیشانەی ناسنامەی کوردە! هەموو گەلان بە کەلتووری تایبەتی خۆیان دەناسرێنەوە، بۆیە پاراستنی کەلتووری کوردی واتە پاراستنی نەتەوەی کوردە.
ئەوەی جێگای سەرنجە، هەندێک دەنگی ئایینی و بەکرێگیراوانی ووڵاتانی دراوسێ و دینبازەکان هەوڵ دەدەن جلوبەرگی تایبەت بە کەلتووری کوردی بگۆڕن! وە جلوبەرگ دیشداشەی عەرەبی بۆ پیاوان بکەنە باو و مۆدە وە تۆوی باڵاپۆشی و لەچک و بورکای ئەفغانی بۆ ئافرەتانی سەربەرزی کورد لەجیاتی جلوبەرگی کوردی و مۆدێرن و داپۆشینی پرچی و کەزیەی  شۆڕەژنانی کورد، بڕوێنن لە مێشکی گەنجان و ئافرەتاندا، بەوەش کەلتوری کوردی تێک بدەن!
کاتێک گەنجێک فێردەکرێت کە جل و بەرگی نەتەوەیی خۆی بە کەم بزانێت، چونکە تەنها یەک شێوەی بەرگی عەرەبی دروستە بۆ ئایین و خوداپەرستی، ئەمە تەنها گۆڕینی جل نییە، بەڵکو بەشێکە لە لاوازکردنی هەستی ناسنامەی نەتەوەیی!
کورد کەلتوورێکی دەوڵەمەندی هەیە،  وە دەبێت ڕێگە نەدرێت کە ئایینە جیاوازەکان، کەلتووری گەلی بسڕێتەوە! گەنجان ئازادن کە باوەڕداربن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت  زمان و جل و کەلتووری نەتەوەی خۆیان بپارێزن!
مێژوو نیشان دەدات کە لەناوبردنی ناسنامە زۆرجار لە ڕێگەی دینبازەکانەوە بە هەنگاوی بچووک دەست پێدەکەن،  بۆیە پاراستنی کەلتوور دژایەتی ئایین نییە (وەک دینبازەکان دەڵێن)، بەڵکو پاراستنی مافی کورد بوون و کوردایەتی!
ئەمڕۆ گەنجانی کورد پێویستی بە زانست و تەکنەلۆژیا و بیرکردنەوەی ئازاد و ناسینی ڕەگ و ڕیشەی خۆیان هەیە، چونکە ناسینی کەلتوور لەلایەن گەنجانەوە، واتە هەنگاوێک بۆ کردنەوەی ئاسۆیەکی گەش بۆ دروستکردنی داهاتووی خۆیان و کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی!
- ئاخۆ دینبازەکان، ئاین دژی ناسنامەی نەتەوەیی بەکاردەهێنن؟
​نەتەوەی کورد کە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە جیهاندا، کاتێک کە داوای مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی دەکات، ئەوا هاوکێشەی دینبازەکان دەگۆڕێن! ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە عەرەبەکان خاوەنی ٢٢ دەوڵەتی سەربەخۆن و تورکیا و ئێرانیش قەوارەی نەتەوەیی و سیاسی خۆیان هەیە. بەڵام کاتێک کە کورد باسی مافەکانی دەکات، دەسەڵاتی ئەو ووڵاتانە و کلکەکانیان کە  دینبازەکانن لە کوردستاندا، یەکسەر باسی (برایەتی لە ئیسلامدا) دەکەن! ئەوان دەڵێن لە ئیسلامدا سنوور نییە و ئێمە هەموو براین، بەڵام ئەم قسەیە تەنها بۆ خەڵەتاندن و ڕێگریکردنە لە ڕزگاریی کورد و کوردستان!
ئەم دوو فاقی و دووڕووییە لە هەڵوێستی ئەم دەوڵەتانە بەرامبەر بە دۆزی فەڵەستین بە ڕوونی دەردەکەوێت. هەمان ئەو وڵاتانەی کە سەربەخۆیی بۆ کورد بە مەترسی و پیلانی دەرەکی دەزانن، هەمیشە لە ڕێگەی میدیا و وتاری مزگەوتەکانیانەوە هاوار بۆ سەربەخۆیی فەڵەستین دەکەن!
بەڵام لێرەدا چەند پرسیارێک خۆی قووت دەکاتەوە ئەویش:
- ئەگەر ئایین بنەمای یەکێتییە و دەوڵەتی نەتەوەیی ئەوەندە گرنگ نییە، بۆچی فەڵەستین پێویستی بە دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بەڵام بۆ کورد ئەو سەربەخۆییە حەرامە؟
- بۆچی هەر ٢٢ ووڵاتە عەرەبیەکان یەک ناگرن و ببنە یەک دەوڵەت؟
- یان ئەم پێوەرە دووڕووانە، ئەوە دەیسەلمێنێت کە ئایین لای ئەوان تەنها وەک  پەیژەیە بۆ دەستەڵات و چەکێکی سیاسییشە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و سەرکوتکردنی نەتەوەی کورد!
​ئەمانەش ئەو دووڕووییە گەورەیەیە کە پێویستە کۆمەڵگەی کوردی لێی بەئاگا بێت. چۆن دەبێت بۆ نەتەوەی عەرەب و تورک و فارس، سەبەخۆیی و دەوڵەت ڕەوا بێت، بەڵام بۆ کورد ببێتە (حەرام) و دژایەتی ڕێساکانی ئایین بکات؟
- ئاخۆ لەم ماوەی ڕابردوودا ئەو دوو پێوەرە دژبەیەکەی دینبازەکان چی بوو بێت؟
١ - کۆچی دوایی سیناتۆری دۆستی کورد (لیندسی گراهام)
کاتێک هەواڵی کۆچی دوایی سیناتۆری کۆماریی ئەمریکا، لیندسی گراهام بڵاوبووەوە، کە سیاسەتمەندێک بوو لە ساتە هەرە سەخت و ناهەموارەکاندا وەک دۆستێکی بەهێز و داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی کورد لە ناوەندی بڕیاری سیاسیی ئەمریکادا وەستایەوە، زۆربەی خەڵکی کوردستان خەم و پەژارەی خۆیان بۆ لەدەستدانی ئەو سیاسەتمەدارە دەربڕی. کەچی لە بەرامبەردا ئەوەدا، دینبازەکانی سەر بە ڕەوتی ئیخوان و توندڕەوەکان لە کوردستان، لەبری وەفا بۆ ئەو سیاسەتمەدارە، خۆشحاڵی خۆیان بە مردنی ئەو دەربڕی!
٢- ماتەمینی بۆ نەیارانی کورد:
بەڵام کاتێک هەواڵی مردنی محەمەد بن خەلیفە (میری پێشووی قەتەر) لە 12ی تەمموزی 2026 دا بڵاوبووەوە کە مێژووی ئەو تەنها پشتیوانیکردن بووە لە دوژمنانی کورد، کەچی دینبازە ئیخوانییەکان و توندڕەوەکان و تەنانەت داعش و ئەجێنداکانی ئەردۆغانی دژ بە کوردستان،  بینیمان چۆن ماتەمینییان بۆ گێڕا و شیوەنیان بۆ دەکرد!
کەواتە بەبۆچونی من،  ئەم جیاوازییە لە هەڵوێستدا، زەنگێکی مەترسیدارە! ناساندن و ناوبردنی دڵسۆزان و خەمخۆران و پارێزەرانی کورد بە کافرو لەولاوەشەوە ناوبردن و بە پیرۆزکردن و دەستخۆشی کردن لەوانەی کە چەک و پارەیان بۆ لەناوبردنی کورد و ووێرانکرنی کوردستان دەنارد، ئەمەش جۆرێکە لە خیانەتی ڕوونی فیکری، بۆیە دەبێت ئەم ڕاستییانە بخرێنە ڕوو هەتا دەستەڵاتدارانی کوردستان ڕێگری و سنورێک بۆ ئەو تێکدانەی کەلتوری کوردی دابنێن، وە هەتا خەڵکیش فێری جیاکردنەوەی هەڵوێستی دۆست و دووژمنی کوردستان و ڕەفتاری دینبازەکان بن!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست