ڕۆژئاوا لە نێوان پیلانگێڕی و هاوکێشەکاندا
04/09/2026, 16:38 (GMT+1)

چۆن تورکیا دۆخی سیاسیی ڕۆژئاوای گۆڕی؟
یاشار کەمال لە پەرتوکی "هاواری من"دا ڕووداوێکی تراژیدی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "دارستانی ناوچەی ئیسلاحییە دەسوتێت، هەواڵی سووتانی دارستانەکە دەگەیەننە والیی دیلۆک، کاتێک والی هەواڵەکەی پێ دەگات، بەرەو شوێنی ئاگرەکه دەکەوێتە ڕێ، لەگەڵ گەیشتنی باوەڕ بە چاوەکانی ناکات و دەبینێت دارستانەکە داری ساغی لێ نەماوە و هەمووی بووەتە خەڵووز، داستانەکە سووتابوو، بەڵام بۆ ئەوان ڕووداوێکی دڵخۆشکەریش ڕووی دابوو، لەگەڵ سووتانی دارستانەکە (11) گەریلاش سووتابوون، والی تەواوی ڕووداوەکەی پێ خۆش بوو، چونکە وەک ئەوە بوو بڵێت: "یەک لە ئێمە و یەک لە ئێوە!" ئێ خۆ چی تێدایە گەر دارستانێک بسووتێت؟! گرنگ ئەوەیە یازدە گەریلا سووتاون." دەوڵەتی تورک تەنیا بۆ ئەوەی گەریلا لە ناو دارستانەکاندا خۆی حەشار نەدات سەرتاپای دارستانێک دەسوتێنێت. ئەوان بۆ سڕینەوەی کورد، هەم خاک وێران دەکەن، هەم کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن. هەروەکو ئەوەی جەنڕاڵێکیان وتبوویی: "بۆ ڕاوکردنی ماسی دەریا ووشک دەکەین!" ئەو دەوڵەتە پیلانگێڕی دژی خۆرئاوا ئەنجامدا، دەوڵەتی تورک، ئەردۆغان + هاکان فیدان بەڵای سەری خۆرئاوا بوون.
ڕۆژئاوا لە جیۆگرافیایەکی بەعارەبکراوی لێکدابڕاوی هاوسنور به تورکیا لە نەبوونەوە هاتەبوون. تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی گەورەی دژی ئەنجامدا جگە لە پیلانگێڕی داعش. ئەو ئۆپەراسیۆنانەش بۆ دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی بوو بە قوڵایی (30کم).
تورکیا بۆ لەناوبردنی ئەزموونی ڕۆژئاوا، هەم پڕۆسەی تورکیایی بێ تیرۆری (ئاکەپه+مەهەپە)، (پڕۆسەی ئاشتی پەکەکە)، هەم پیلانگێڕی لە نێوبردنی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هێنانی ئەحمەد شەرعی بە پشتیوانی و هاوکاری ئەمەریکا، ئیسڕائیل، ئینگلیز، سعودیا و قەتەڕ پێشخست. بەواتایەکی دیکە هێرش و پەلاماری سەر خۆرئاوا گرێدراوی تورکیایی بێ تیرۆر بوو، تا ئەو پڕۆسەیە سەرپێ نەخرا هێرش و پەلامارەکان ئەنجامنەدران.
فاکتەرێکی دیکەی گەلەکۆمەکێی سەرخۆرئاوا و دواتر هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە، ڕێکەوتنی 6/1/2026 پاریسی نێوان سوریا و ئیسڕائیل بوو بە دەڵاڵی تۆم بارکی نێردەی تڕەمپ بوو و ئاگاداری تورکیا. لەو ڕێکەوتنەدا سوریایی نوێ کرایه پۆلیسی پاراستنی ئاسایشی ئیسڕائیل، تەواوی پەیوەندی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و حەشدی شیعی عێراق و ئێران پچڕا، ئیتر حزبوڵڵای دوای ڕێکەوتنی پاریس هەمان حزبوڵڵای پێشوو نەمایەوە و مەترسی زەمینی حزبوڵڵا لەسەر ئیسڕائیل بێ پاڵپشتی ئێران و حەشد زۆر کەمبویەوە. لێرەوە سوریا تیشکی سەوزی ئەمەریکا و بێ دەنگی ئیسڕائیل بە پاڵپشتی سوپایی تورکیایی مسۆگەرکرد.
تەنانەت دۆناڵد ترەمپ، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی حەوت كە لە فەرەنسا بەڕێوەچوو وتی: "ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کارێکی باش دەکات و خوازیارە بچێت شەڕی حزبوڵڵا بكات لە لوبنان. سوریا کارێکی باش لە دژی حزبوڵڵای لوبنان ئەنجام دەدات، پێویستە کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی لوبنان بکەین. پێشنیازم بۆ ئیسرائیل كردووە، رێگە بدەن سوریا چارەسەری كێشەی حزبوڵڵا بكەن، پێم وایە ئەوان كارەكە باشتر جێبەجێ دەكەن."
ئەو هاوکێشە سیاسیانە، بوونە هۆی تەوقدانی خۆرئاوا و کۆتایهاتنی هاوپەیمانی تاکتیکی ئەمەریکا و هەسەدە لە شەڕی دژی داعش دا، کاتێکیش ئیسڕائیل پارێزەری ئاسایشی زامنکرد، وەکو هەمیشە ئاڕاستەی دوژمنایەتی عارەبی دژی کورد گۆڕی،
پارەی سعودیا، پارە و ڕاگەیاندنی قەتەری برایەتی هۆزە عارەبەکانی ڕەققە و دێرەزوور و شەڕڤانە عارەبەکانی نێو هەسەدەی گۆڕی بۆ ناپاکی، هێزەکانی سوریا بە تیشکی سەوزی ئەمەریکا و ئیسڕائیل و پاڵپشتی تورکیا هێرش و پەلاماری خۆرئاوای کوردستانیان ئەنجامدا و سوریا و تورکیا نەک بە نیازی شکستی تەواوەتی خۆسەری خۆرئاوا و هەسەدە بوون، بەڵکو بەبێ دەنگی ناوچەیی و نێونەتەوەیی ئامانجی ئەنجامدانی چەند غەزە-یەکیان هەبوو لە قامیشلۆ، حەسەکە و کۆبانێ...
هاکان فیدانی نۆکەر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی پەردەی لە سەر سیاسەتی پیلانگێڕی تورکیا لەگەڵ هۆزە عارەبە ناپاکەکان دا هەڵدایەوە، کاتێک وتی: "پاشەکشەی هەسەدە بۆ ئێمە چاوەڕوانکراو بوو، واتە لەبەر ئەم هۆکارانە چاوەڕوانکراوبوو،، تەنها کاتی دەویست، پێویستی بە دەستپێکێک هەبوو، چونکە ئێمە ئەمەمان زۆر باش دەزانی، بەتایبەت دینامکی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن یەپەگە داگیرکرابوون، عەرەبنشینن، ئێمە ساڵانێکە تێگەیشتوین، پێکهاتەی عەشایەری، پرسی کەی و چۆن خێڵەکان لە چ بارودۆخێکدا ڕادەپەڕن؟ ئەم بابەتە هەمیشە لە زانیاری ئێمەدا هەبوو، ئێمە ئەمەمان لەگەڵ سوریا دا باس دەکرد. دواجار وەکو دەزانن لە 22 کانونی یەکەمی 2025 دا لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆکی میت لە شام بووین، بۆ کۆبونەوەیەکی هەماهەنگی، لە دوای ئەوەشەوە بە بەردەوامی پەیوەندیمان هەیە. واتە لەو شوێنەی عارەبی لێیە، کاتێک عارەبەکان ڕادەپەڕن، دژی ئەو هێزەی داگیریکردون، کاتێک دەزانن هێزەکانی حکومەت لە پشتیانەوەیە، کاتێکیش ئەمەریکییەکانیش پشتیوانییان لەم کارە هەڵەیە کشاندەوە، مانەوە لەوێ هیچ مانایەکی نییە. هاوکێشەیەک هەبوو، کە ئەمەی کردە ئەگەر، ئەو هاوکێشەیە چەند خاڵێکی هەبوو: کاتێک یەک بە یەک یاری بەو خاڵانە دەکەیت و لەو هاوکێشەیە دەریاندەهێنیت، هاوکێشەکە خۆی دەڕوخێت، ئێمە هەمیشە بە شیکاری سەیرمانکردوە، ساڵانێکە پەیوەندییەکی چڕمان لەگەڵ عەشیرەتەکاندا هەیە."
ئەگەرچی ئەنجامی ئەو هەموو گەلەکۆمەکێیە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە بوو، بەڵام کورد نەک ڕێگریکرد لە ڕوودانی چەند غەزەیەک، بۆ یەکەمجاریش بوو لە مێژوودا کورد شەڕی لە نێو ماڵی خۆی دوورخستەوە و خستییە نێو ماڵی دوژمنەوە، سەرەڕای ئەو هەموو گەلەکۆمەکێ و جەنگەش هێشتا شارە کوردییەکان ئاوەدانترن لە شار و ناوچە عەرەبییەکان.
لە کۆتاییدا، بە تێڕامانێک لە مێژووی هاوچەرخی کورد، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەوەی لە باشور و خۆرئاوا بەدەستهاتووە، لە چوارچێوەی قەدەرێکی سەپێندراودا، جۆرێکە لە تەحەداکردنی مەحاڵ؛ دەستکەوتێک کە لەگەڵ هەموو سنوورداری و دژایەتییەکاندا بەدەستهاتووە.
بەڵام لە باشور، مەترسییە سەرەکییەکە تەنها لە دەرەوە نییە؛ بەڵکو لە پیرۆزکردنی شەخس، بنەماڵەچێتی، جەردەسالاری، دوو زۆنی و پەکخستنی دامەزراوەکانەوە سەرچاوە دەگرێت؛ ئەو ڕەوتەی کە دامەزراوەکان لاواز دەکات و حکومەت لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا بەرەو خزمەتکردنی کەس و دەستە و بنەماڵە دەبات.
لە خۆرئاواش، مەترسییەکە جۆرێکی دیکەیە. لە سوریاێکی قاندراو بە ملیشیای توندڕەو و لە مەیدانی ململانێی بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیل و تورکیا، پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد و سەرکردایەتیی سیاسییەکەی ئەرکێکی ئاسان نییە؛ تەنانەت ئەگەری تیرۆرکردنی سەرکردەکانیش هیچ دوور و جێگە گومان نییە!
لە هەردوو بەشدا، ئەوەی پێویستە بپارێزرێت تەنها خاک و دامەزراوە نییە؛ ئەو دەستکەوتانەیە کە کورد بە خوێن بەدەستی هێناوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











