<

ئاخۆ گەورەترین مزگەوتی جیهان، لە کوردستان پێویستە؟

29/08/2026, 1:41 (GMT+1)
- ئاخۆ کورد پێویستی بە مزگەوتی گەورە و تازەی تر هەیە؟
- ئاخۆ مۆزەخانە و سەنتەرێکی زانستی و بنکەیەکی دروستکردنی درۆن، باشتر نەبوو لەو مزگەوتە؟
- تۆ بڵێی شانسی توندڕەوی زیاتر بێت، لەو شوێنانەی کە مزگەوتێکی گەورەی لێ بێت؟
- ئەگەر ئەو پرۆژەیە مزگەوت نەبوایە! ئایا خاڵە پۆزەتیڤەکانی زیاتر دەبوو؟
-----------------
- ئاخۆ کورد پێویستی بە مزگەوتی گەورە و تازەی تر هەیە؟
لە ٢١ حوزەیرانی ٢٠٢٦ دا مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی دانا بۆ گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی جیهان لە ڕووی ڕووبەرەوە!
با پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە، بە (بەڵێ) یان (نەخێر) بدەینەوە، با بەراوردێکی ژمارەی مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان بکەین بە دراوسێ ئیسلامیەکان وەک عێراق (کە بە سورەتی ئەنفال، کوردیان ئەنفال کرد)، وە تورکیا وەک منداڵدانی ئیخوانی ( کە بە سورەتی فەتح، کوردستانی ڕۆژئاڤایان وێران کرد)، وە بە ئێرانی عەمامە بەسەر کە ڕۆژانە، ڕۆڵەکانی کورد هەڵدەواسن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کوردستان ووێران دەکەن (بە ناوی اللە اکبرەوە)، وە بە سوریای ئەحمەد شەرع کە نەک هەر کورد بەڵکو ڕەشە کوژی کۆمەڵگەی سوریاش دەکات هەر لەژێر ناوی اللە اکبر.
یەکەم: عێراق
- هەرێمی کوردستان، دانیشتوانەکەی نزیکەی ٦ بۆ ٧ ملیۆنە، وە ژمارەی مزگەوتەکانیشی ٦٢٠٠ مزگەوتە،
واتە بە تێکڕا، نزیکەی یەک مزگەوت بۆ هەر ١٠٠٠ تا ١١٠٠ کەس
- عێراقی عەربی (بێجگە لە کوردستان)، دانیشتوانەکەی نزیکەی ٣٩ بۆ ٤٠ ملیۆن کەسە، وە ژمارەی مزگەوتەکانی ١٠٤٠٠ مزگەوتە،
واتە بە تێکڕا، نزیکەی یەک مزگەوت بۆ هەر ٣٧٠٠ بۆ ٣٩٠٠ کەس.
- کەواتە ژمارەی مزگەوتەکانی کوردستانی باشور زیاترە لە مزگەوتەکانی عێراقی بەشی عەربی!
دووەم: تورکیا
- تورکیای ئیخوانی و پاشماوەی عوسمانی (بەبێ کوردستانی باکور)، ٦٥ ملیۆن بۆ ٧٠ ملیۆن کەسە،
- وە ژمارەی مزگەوتەکانیشی ٦٥ هەزار بۆ ٧٠ هەزار مزگەوتە، واتە بە تێکڕا، نزیکەی یەک مزگەوت بۆ هەر ١٠٠٠ تا ١١٠٠ کەس
- کەواتە ژمارەی مزگەوتەکانی کوردستانی باشور =  ژمارەی مزگەوتەکانی تورکیای ئەردۆغان و میراتی دەوڵەتی عوسمانییەوە.
سێهەم: ئێرانی پەت و سێدارەی عەمامەکان (بەبێ کوردستانی ڕۆژهەڵات)، ٧٨ بۆ ٨٠ ملیۆن کەسە، وە ژمارەی مزگەوتەکانیشی ٤٦ هەزار بۆ ٥٢ هەزار مزگەوتە،
واتە بە تێکڕا، نزیکەی یەک مزگەوت بۆ هەر ١٥٠٠ تا ١٧٠٠ کەس
- کەواتە ژمارەی مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستانی باشور زیاترە لە مزگەوتەکانی ئێرانی عەمامە بەسەرەکان!
چوارهەم: سوریا
- سوریای عەرەبی  (بێجگە لە ڕۆژاڤا) ١٨ بۆ ٢٠ ملیۆن کەسە
وە ژمارەی مزگەوتەکانیشی ١١ هەزار بۆ ١٣ هەزار مزگەوتە، واتە بە تێکڕا، نزیکەی یەک مزگەوت بۆ هەر ١٥٠٠ تا ١٧٠٠ کەس
- کەواتە ژمارەی مزگەوتەکانی کوردستانی باشور زیاترە لە مزگەوتەکانی سوریای عەربی!
- کەواتە بەگوێرەی ئەو بەراوردەی سەرەوە،  کورد و هەرێمی کوردستان پێویستی بە مزگەوتی زیاتر و گەورەتر نییە!
- ئاخۆ مۆزەخانە و سەنتەرێکی زانستی و بنکەیەکی دروستکردنی درۆن، باشتر نەبوو لەو مزگەوتە؟
بینای مزگەوتی گەورەی بارزان و دیزاینەکەی زۆر جوانە، بەڵام خۆزگە، ئەو بینایە وەک مۆزەخانەی کوردی بۆپیشاندانی نەهامەتیەکانی کورد و کوردستان  و کیمیاباران و پەیکەرەکانی مێژووی کوردستان و شاری یاری و بنکەیەک بۆ مۆسیقا و کەلتور و شانۆ و سینەما، بەکاردەهێنرا یان با ئەو پارەیە بۆ ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی و سەربازی و دروستکردنی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بۆ پاراستنی کوردستان و بۆ هەلیکار و  خۆشگوزەرانی خەرج بکرایە، یان بۆ خەڵوەتگەی پیران و هەژاو لانەوازان و بەساڵاچووان. کەواتە بۆ دەبێت دەستەڵات ٢ ملیۆن مەتر دووجا بکاتە مزگەوت؟ کە زۆربەی کات لەبەردەمی ئەو مزگەوتەشدا، ژمارەیەک لە هەژاران دەست دەکەن بە سواڵکردن! یان ببێتە موگناتیسێکی گەورە و بەهێز بۆ ڕاکێشانی توندڕەوەکان بۆ کوردستان!
- تۆ بڵێی شانسی توندڕەوی زیاتر بێت، لەو شوێنانەی کە مزگەوتێکی گەورەی لێ بێت؟
کورد دەڵێت (لە کوێ دوکەڵت بینی، ئەوا لەوێ ئاگر هەیە!) کەواتە لە کوێش قومارخانەت بینی، شانسی قومارکردن زیاترە، هەروەک چۆن لە کوێش یانەی شوان هەبوو، شانسی چونەدەرەوە زیاترە! کەواتە لە هەرشوێنێکی مزگەوتێکی گەورە و سەرنجڕاکێش هەبێت، ئەوا شانسی توندڕەوی و ڕاکێشانی توندڕەوەکان بۆ ئەو ناوچەیە زیاتر دەبێت! چونکە ئێمە دەبینین لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆربەی مزگەوتەکان بۆ توندڕەوی و گێل کردن و مێشک لەقاڵبدانی کۆمەڵگایە، هەر بۆ نمونە ( ئایا گریان و شیوەن و لە خۆدان بۆ ئیمامی حسێنی شیعە، پێویستە؟ چونکە بە بۆچونی ئەوان ئیمامی حسێن لە بەهەشتدا دانیشتووە و لەگەڵ ٧٢ حۆریدا ڕادەبوێرێت! ئایا ئەو ژیانەی حسێن لە بەهەشتدا،  گریانی دەوێت یان ئاهەنگ؟)، وە مزگەوتەکان بۆ بەرژەوەندی دیکتاتۆری دەستەڵاتیش دروستکراوە بۆ نمونە لە تورکیا و ئێران و سوریا و عێراق و ئەفغانستان و سۆمالیا و یەمەن و سودان و لوبنان وە ووڵاتانی وەک سعودیە و بەحرێن و قەتەر کە ئەگەر کەمێک پێشکەوتن هەبێت، ئەوا بە هۆی مزگەوتەوە نییە! بەڵکو بەهۆی پارەی نەوتەوەیە، وەئەو ووڵاتانەی کەنداو پارەی نەوتیش دەدەن بەو ووڵاتانە کە مزگەوت بۆ توندڕەوی دروست دەکەن، کەواتە لە زۆربەی بوارەکاندا مزگەوت هەر بە نەگەتیڤ دەمێنێتەوە بۆ کۆمەڵگە! وە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت خوداپەرستی بکەن، ئەوا دەتوانێت لە ماڵیشەوە بیکەن و هیچ کەسێک ڕێگایان لێ ناگرێت!
- ئەگەر ئەو پرۆژەیە مزگەوت نەبوایە! ئایا خاڵە پۆزەتیڤەکانی زیاتر دەبوو؟
بە بۆچونی من، مزگەوتی زیاتر بە مانای گەشەپێدانی زیاتری کۆمەڵگە نییە! ئەوەش واقع و مێژووش ئەوەی نیشانی داوە کە پێشکەوتنی ئابووری و زانستی و باری کۆمەڵایەتی بە پلەی یەکەم لەم خاڵانەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە مزگەوتەکانەوە:
١- پەروەردەیەکی باش و زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە.
٢- چاودێری تەندروستی و تەکنەلۆجیا و پیشەسازی.
٣- دامەزراوە ئەمنییەکان و ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگە.
ئەو وڵاتانەی وەبەرهێنانیان لەم بوارانەدا کرودووە، ئەوا خێراتر گەشەیان کردووە، بەبێ گوێدانە ژمارەی مزگەوت یان کەنیسە یان پەرستگا ئاینییەکانی تر!
وە توندڕەویش بە پلەی یەکەم لەم خاڵانەوە  دروست دەبێت:
١- ستەمی سیاسی وەک تورکیا و ئێران و حەماس و ئەوانی تر.
٢- جەنگ و سەرهەڵدانی گروپی جیاوازی توندڕەو وەک لە ئەفغانستان و یەمەن و سوریا و سودان و ئەوانی تردا دەبینین!
٣ - هەژاری کە دەبێتە منداڵدانی توندڕەوی و ڕادیکاڵەکان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست