<

هێشتا دەیبینم

24/08/2026, 14:39 (GMT+1)
شەش دەیەی تەمەنم پڕ کردووە. شەش دەیە لە ڕۆژ و شەو، لە هەڵاتنی خۆر و ئاوابوونی، لە باران و بەفر، لە خۆشی و خەم، لە هیوابوون و ناومێدی، لە هاتن و ڕۆیشتنی مرۆڤەکان. ئەگەر لەم ماوەیەدا شتێک بە ڕوونی فێربووبووبم  ئەوەیە کە ژیان بە ژمارەی ساڵەکان ناپێورێت. ساڵەکان تەنها تێپەڕینی کاتن،  ئەوەی بە ژیان مانا دەدات، شێوەی بینینی ئێمەیە.
لە سەرەتای ژیاندا، مرۆڤ زۆرجار دەیەوێت بزانێت چەند ساڵی تر دەژی، بەڵام کاتێک ساڵەکان لە پشتەوە دەبنە یادەوەری، پرسیارەکە دەگۆڕێت: نەک چەند ساڵ ژیام؟
بەڵکو چۆن ژیام؟
من ئەم پرسیارە لە زۆر شوێن و لە زۆر ساتدا لە خۆمم کردووە.
لە دارستانەکاندا فێربووم کە بێدەنگی هەمیشە بە مانای بێ قسەکردن  نییە. کاتێک گوێم لە دەنگی باڵندەکان دەبێت ئیتر ژیان بەبێدەنگی نابینم ، لەدارستانەکانیشدا  هەست دەکەم هەواکە  خۆی دەستی بە گۆرانی کردووە، وەک ئەوەی سروشت بە زمانی خۆی قسەمان لەگەڵ بکات، بەڵام تەنها ئەو کەسەی بتوانێت بیبیستێت کە لە ناوخۆی خۆیدا ئارامییەکی بۆ دروست کردبێت و چێژ ببینێت لەناو ئەو بێدەنگیەی کە شتێک دەڵێت.
لە شەقامەکاندا، لە نێوان خەڵکدا، فێربووم کە هەر چاوێک کتێبێکی داخراوە. مرۆڤەکان لە تەنیشت یەکترەوە دەڕۆن، بەڵام هەر یەکەیان جیهانێکی تایبەتی لە ناخی خۆیدا هەڵدەگرێت، جیهانێک پڕ لە شادییە نەگوتراوەکان یان خەمەشاراوەکان  و برینە شاراوەکان، خەونە ونبووەکان و هیوا کۆنەکان. هەندێک جار تەنها نیگایەکی مرۆڤ دەیەتوانێت ئەوەمان پێ بڵێت کە زمان لە گوتنی بێدەنگە .
چیاکان فێریان کردم کە بەرزی تەنها بە دووری لە زەوی نییە،  هەندێک جار بەرزیی ڕۆحە. چیا بە هێمنیی خۆی وەک مامۆستایەک وەستاوە و فێرمان دەکات کە هەموو شتێک پێویستی بە خێرایی نییە. هەندێک شت تەنها لە ئارامیدا دە بینرێت .
دەریا فێری قووڵیی بیرکردنەوەی کردم. شەپۆلەکانی دێن و دەچن، و هیچ شەپۆلێک وەک شەپۆلی پێشوو نییە. بەڵام دەریا هەر دەریایە. لەوێ تێگەیشتم کە گۆڕان بە مانای لەدەستدانی ناسنامە نییە، مرۆڤ دەتوانێت بگۆڕێت و هێشتا خۆی بێت کەدەیەوێت .
ڕووبار زیاتر لە هەر شتێک فێری ئەوەی  کردم  کە ژیان گەڕانە. ڕووبار ئەگەر بوەستێت، چیتر ڕووبار نییە. ژیانیش هەروایە، دەبێت بڕوات، بگۆڕێت، بە بەرد و بەربەستەکاندا تێپەڕێت و هەرگیز چاوەڕێی ئەوە نەکات کە ڕێگاکە هەمیشە هەمان ڕێگا بێت کە لێوەی هاتووە .
هەڵاتنی خۆری هەموو بەیانییەک پەیامێکی سادەیە،  هیچ شەوێک بۆ هەمیشە نامێنێت. هەر تاریکییەک کۆتایی هەیە، و هەر بەیانییەک دەرفەتێکی نوێیە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە نوێوە دەست پێ بکات.
ئاوابوونی خۆریش پەیامێکی تری هەیە، ئەوەیە کە هەموو جوانییەکان بە درێژایی کات پێویستیان بە مانەوە نییە. هەندێک جوانی تەنها بۆ ئەوە جوانە کە تێدەپەڕێت. هەندێک سات لەبەر ئەوە بەنرخن کە ناتوانین بیانهێڵینەوە.
مانگ و ئەستێرەکان لە شەواندا تەنها ئاسمان ڕووناک ناکەنەوە، یادمان دەخەنەوە کە مرۆڤ هەتا لە تاریکترین کاتەکانیشدا دەتوانێت خاڵێکی ڕووناکی بدۆزێتەوە و ناوی بنێت "هیوا".
باران، وەک نیگایەکی میهرەبانیی ئاسمان بۆ زەوی، خاک دەشوات و ژیان نوێ دەکاتەوە. بەفر بە سپیی و بێدەنگیی خۆی جیهان دادەپۆشێت و بۆ ساتێک هەموو جیاوازییەکان لە ژێر پەردەی سپیی خۆیدا دەشارێتەوە. سروشت لە هەموو ئەمانەدا وانەیەکی سادەمان پێ دەڵێت: ژیان هەمیشە بە یەک شێوە نامێنێت، بەڵام دەتوانێت هەمیشە نوێ بێتەوە.
لە گۆڕستانەکاندا، لە نێوان گۆڕە خامۆشەکاندا، بێدەنگی بۆ من ترسناک نییە. ئەو بێدەنگییە قسە دەکات، بەڵام بە زمانی یادەوەری. لەوێ مرۆڤ زیاتر تێدەگات کە ژیان چەند ناسکە و کات چەند بێبەزەییە. گۆڕستان  منی فێری مردن نەکردووە، بەڵکو فێری بەها و گرنگیی ژیان کردووم.
لە زینداندا بیر لە ئازادی دەکەمەوە و دەزانم ئازادی چ شتێکی گرانبەهایە. لە نەخۆشخانەدا بیر لە تەندروستی دەکەمەوە و تێدەگەم ئەو شتەی زۆرجار بە ئاسایی وەری دەگرین، لە ڕاستیدا بناغەی هەموو شادییەکانمانە.
من لە گەشتەکانما ژیانم بینیوە ، بینیوومە کە   چۆن شەڕ، ترس،  برسێتی  ، نەخۆشی ، هەژاری  چ ناسۆرێکی لەسەر ڕوخساری مرۆڤەکان  جێهێشتووە  و پڕی کردوون لەتۆقین و گومان  . بینیومە چۆن هەندێک دڵ شکێنراون و هەندێک خەون لە ژێر بارودۆخە قورسەکاندا خامۆش بوون. بەڵام هەرگیز باوەڕم نەکردووە کە ڕووناکی  ناو دڵی مرۆڤ دەمرێت.
ئەو ڕووناکیەی هەمیشە هەیە. تەنها هەندێک جار خۆڵ و خۆڵەمێشی ڕۆژگار بەسەریدا دەکرێت . پێویستە چاوێکی نوێ هەبێت بۆ ئەوەی دووبارە ڕووناکێکە  بدرەوشێتەوە.
لەوێ بوو فێربووم هیوا شتێک نییە کە لە دەرەوەی ژیان بێت. هیوا لە دوای سەرکەوتن ناگات،  هیوا خۆی بەشێکە لە ڕێگایەکە. هیوا لەو چرکەیەدا دەردەکەوێت کە مرۆڤ، لەگەڵ هەموو قورسایییەکان، هێشتا توانای ئەوەی هەیە سەیری ڕووناکی بکات.
گوڵ کە شکۆفە دەکات ، پرسیار ناکات کێ دێت بۆ بینینی  کێ بۆنی دەکات و پڕدەبێت لەشادمانی  . تەنها شکۆفەدەکات . باران کە دەبارێت، جیاوازی لە نێوان دار و خاک و ڕووەک ناکات. مانگ بە هەمان ڕووناکی بۆ شاد و خەمگین دەڕوانێت. سروشت بە هەموو بوونەوەرەکان دەڵێت: بوون خۆی بەهای هەیە.
ئێستا، دوای شەش دەیە، ژیان بۆ من بووەتە هونەری بینین. بینینی ئەو جوانییە بچووکەی کە پێشتر لە  جوگرافیایەکی تەسکدا بوون و نەماندەبینین. بینینی دەستێکی یارمەتیدەر، نیگایەکی پڕ لە میهرەبانی، دەنگی باڵندەیەک لە بەیانی ڕۆژێکی نوێدا ، بۆنی خاکی دوای باران، ڕووناکیی مانگ لە شەوێکی بێدەنگدا ، و هەناسەیەکی سادە کە خۆی بەڵگەی بوونی ژیانە.
فێربووم کە ژیان پێویستی بە ترس نییە لەداهاتوو ، بەڵکو  ڕێزگرتن پێویستە. پێویستی بە ڕاکردن نییە بۆ نادیار  وەستان پێویستە. هەندێک جار پێویستە مرۆڤ بوەستێت، هەناسەیەکی قووڵ بدات و تەنها سەیری ئەوە بکات کە هەیە.
ئەگەر شتێک لەو شەش دەیەیەدا بە ڕوونی فێربووبم
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست