بێدەنگی لە بەرامبەر نادادپەروەری، ترس یان خۆپەرستی؟
12/08/2026, 15:27 (GMT+1)

هەموومان ناڕازین ، ئێمە چۆن بووین بە تەماشاکەری خراپبوونی وڵاتەکەمان؟
بێدەنگیی ئێمە تەنها ترسە، یان جۆرێکە لە خۆپەرستی؟
کاتێک مرۆڤ بۆ پاراستنی خۆی لە نادادپەروەری بێدەنگ دەبێت، لە کوێوە خۆی دەبێتە بەشێک لەو نادادپەروەرییە؟
لە کۆبوونەوەکاندا، لە ماڵەکانمان، لە قاوەخانەکان، لە گفتوگۆی نێوان هاوڕێکانماندا، بە دەنگێکی بەرز باس لەوە دەکەین کە وڵاتەکەمان بەرەو کوێ دەچێت؟ دەبینین چۆن سامانە گشتییەکان بەفیڕۆ دەدرێن، چۆن نادادپەروەری لەبەردەمماندا دەکرێتە شتێکی ئاسایی، چۆن گەندەڵی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەچێت و چۆن سیستەمێک کە دەبوو خزمەت بە مرۆڤەکان بکات، هەناسەی مرۆڤیەکان دەبڕێت و دەیان هێنێتە سەرچۆک .
ئێمە دەیبینین، دەیزانین. دەمانزانی چی ڕوودەدات.کەچی ، هیچ ناکەین.
ئەم هیچ نەکردنە»یە لەوانەیە لە هەموو گەندەڵییەکانیش قورستر بێت.
چونکە کێشەکە تەنها ئەو کەسانە نین کە نادادپەروەری دەکەن، کێشەکە ئەو کاتە قوڵدەبێتەوە کە مرۆڤ نادادپەروەری دەبینێت، دەیناسێتەوە، لە ناوخۆیدا تووڕە دەبێت، بەڵام لە دەرەوە بێدەنگی هەڵدەبژێرێت .
دەپرسین بۆچی؟ ئایا دەترسین؟
بەڵێ، ترس مرۆڤ دەبەستێتەوە. مرۆڤ کاتێک هەست بە مەترسی دەکات، زۆرجار پەنای بۆ پاراستنی خۆی دەبات. بەڵام ئایا هەموو شتێک بە"ترس" ڕوون دەکرێتەوە؟
لەوانەیە هەندێک جار ئەوەی بە ترس ناوی لێ دەبەین، ناوی ڕاستەقینەکەی خۆپەرستی بێت.
ئەو کاتەی دەڵێین: تا کێشەکە نەگاتە ماڵی من، با کەسێکی تر چارەسەری بکات. یان ئەو کاتەی نادادپەروەری بەرامبەر کەسێکی تر دەبینین و دەڵێین:
بە منەوە پەیوەندی نییە. لەئەو کاتەی مافێک لە مرۆڤێکی تر دەگیرێت و ئێمە بە بێدەنگییەوە سەیری دەکەین .
لەو ساتەدا، مرۆڤ تەنها تەماشاکەر نییە؛ دەکرێت بێدەنگییەکەی ببێتە بەشێک لەو سیستەمەی کە لێی ناڕازییە.
ئەمەش پرسیارێکی ناخۆشمان بۆ دروست دەکات:
ئایا دەکرێت مرۆڤ لە هەمان کاتدا هەم قوربانیی نادادپەروەری بێت، هەم بە بێدەنگیی خۆی یارمەتیدەری مانەوەی ئەو نادادپەروەرییە بدات ؟
دەشزانین کە ئەم پرسیارە ئاسان نییە.
چونکە ئێمە حەزمان لەوەیە هەموو تاوانەکان بخەینە سەر شانی "ئەوان"
ئەوان گەندەڵن، ئەوان دادپەروەر نین ئەوان وڵاتەکەمان هەراج دەکەن .
ئەوان:بەڵام کەمتر پرسیار لە خۆمان دەکەین:
من چیم پێدەکرێت ؟ من چیم ؟ چۆن لەناو ئەوهەمووهەرەسەدا ڕێگەبکەم ؟
لەوانەیە ئەم پرسیارانە لە هەموو پرسیارە سیاسییەکانی تر قورستر بێت.
چونکە کاتێک تۆ هەموو کێشەکە لە دەرەوەی خۆت دەبینیت، خۆت لە دادگای ویژدانت دەردەهێنیت. وەک قەشە ئەڵمانێکەی سەردەمی نازێکان .
بەڵام کاتێک لە خۆت دەپرسی: من لە کوێ بێدەنگ بووم؟
لە کوێ بۆ پاراستنی خۆم، مافی کەسێکی ترم پشتگوێ خست؟
لە کوێ نادادپەروەریم بینی و وتم: پەیوەندی بەمنەوەنییە؟
لێرەوەیە جەهەندەمە ترسناکە دەست پێدەکات .ئەوسا بابەتەکە دەگۆڕێت.
دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو تاکێک بەرپرسیاری گەندەڵی و دەسەڵات و نادادپەروەرییە.
نەخێر.
بەرپرسیارییەکان یەکسان نین. بەڵام مرۆڤ لە هەر شوێنێک بێت، هەرچەندە دەسەڵاتی کەم بێت، هێشتا توانای هەڵبژاردنی هەیە.
بێدەنگ بم، یان دەنگم هەبێت. بە تەماشاکردن ڕازی بم، یان بڵێم نەخێر .
تەنها خۆم بپارێزم، یان هەندێک جار بۆ مافی کەسێکی ترش بوەستم.
لەوانەیە کۆمەڵگا تەنها بە گەندەڵیی دەسەڵاتداران نەخۆش نەکەوێت ، بە بێدەنگیی خەڵکیش نەخۆش بێت.
چونکە گەندەڵی تەنها ئەو پارەیە نییە کە دەدزرێت. گەندەڵی ئەو کاتەشە کە مرۆڤ دەزانێت شتێک نادروستە، بەڵام بۆ سوودێکی کاتی خۆی لە نادروستییەکە تێدەپەڕێت.
وڵات تەنها بە دەستی ئەوانی سەرەوە هەراج ناکرێت، ئەگەر خەڵک هەموویان ببنە تەماشاکەر، بە هەزاران بێدەنگیی بچووک، هەراجەکە بەردەوام دەبێت. لەوانەیە بۆیە پێویستە جارێک لە جیاتی ئەوەی تەنها بڵێین
بۆچی ئەوان ئەمە دەکەن؟
بپرسین:بۆچی ئێمە ئەمە قبوڵ دەکەین؟ لە دوای ئەوەش پرسیارێکی ترسەرهەڵدەدات ...تا کەی؟
ڕەنگە گۆڕان لەو ڕۆژەوە دەست پێ نەکات کە کەسێکی بەهێز دێت و هەموو شتێک دەگۆڕێت. ڕەنگە لەو ساتەوە دەست پێ بکات کە مرۆڤێک لە ناوخۆی خۆیدا بڕیار دەدات کە چیتر نابێت بێدەنگیی خۆی بە ناوی ترس بشارێتەوە.
چونکە ترس بەمرۆڤەکان دەڵێت:"خۆت بپارێزە".
بەڵام ویژدان لەوانەیە بپرسێت:ئەگەر هەموومان تەنها خۆمان بپارێزین، کێ وڵاتەکەمان دەپارێزێت؟
لە کۆتاییدا، ڕەنگە پرسیاری سەرەکی ئەوە نەبێت کە:کێ وڵاتەکەی هەراج کرد؟
بەڵکوو ئەوە بێت:
کاتێک هەموومان بینیمان و هەموومان زانیمان، بۆچی هەموومان بێدەنگ بووین لەهەراچ و بەعەرەب کردنی نیشتمانەکەمان ؟
ئەمە پرسیارێکە کە وەڵامەکەی تەنها لە دەرەوەی ئێمە نییە. لەوانەیە بەشێکی وەڵامەکە لە ناو خۆماندا بێت.
پەیامی کۆتایی:
لەوانەیە نەتوانین هەموو شتێک بگۆڕین، بەڵام دەتوانین بڕیار بدەین لە بەرامبەر نادادپەروەری بێدەنگ نەبین. ترس ڕەنگە مرۆڤ بپارێزێت، بەڵام بێدەنگیی بەردەوام دەتوانێت نادادپەروەری بەهێزتر بکات. وڵات تەنها بە دەستی دەسەڵاتداران دروست یان وێران ناکرێت، بە هەڵوێستی هەر یەکێک لە ئێمەش پەیوەندیی هەیە. لە کۆتاییدا، پرسیارەکە ئەوە نییە تەنها "ئەوان چییان کرد"؟، بەڵکوو ئەوەیە: "ئێمە لە کوێدا بێدەنگ بووین"؟
چونکە گۆڕان لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە بێدەنگی چیتر بە ناوی ترس و ڕەفتاری ترسنۆکی ناشارینەوە.
وەک"مارتین لۆتەر کینگ" ووتی :
"ژیانمان لەو ڕۆژەوە دەست بە کۆتایی دەکات کە لەسەر ئەو شتانەی گرنگن بێدەنگ دەبین"
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان











