٨ی ئازار ڕۆژی جیهانی ژنانە، سەرنجی جیهانییش بۆ ژنانی کوردە؟
08/03/2026, 1:39 (GMT+1)

- ئایا ژنانی کورد سەرنجی سەرکردەکانی جیهانیان لە پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ئازایەتیەکەیان ڕاکێشاوە؟
- ئایا ئەو خاڵانە چین، کە تایبەتە بە ژنانی کورد، بەبەراورد بە ژنانی ناوچەکە؟
- ئایا ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن چی لە ژنانی کورد فێربن؟
- ئەی ئاخۆ ژنانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا، چی لە ژنانی کورد فێردەبن؟
- ئاخۆ چ تێکۆشانێکی ژنانی کورد، ئەوانی کردۆتە سیمبۆڵ بۆ ژنانی جیهانی؟
-----------
- ئایا ژنانی کورد سەرنجی سەرکردەکانی جیهانیان لە پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ئازایەتیەکەیان ڕاکێشاوە؟
لە ٨ی ئازاردا، کە ڕۆژی جیهانی ژنانە، جیهان چاوی لەو ژنانەیە کە نەک هەر بەرگری لە مافەکانی خۆیان دەکەن بەڵکو خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤایەتیش دەکەن! لەو نێوەندەدا ژنانی کورد وەک سیمبولێکی بەهێزی بەرخۆدان و ڕزگاری وەستاوە و دەدرەوشێتەوە بەتایبەتی لە ناوچەکانی وەک ڕۆژاڤا و لە کۆڕ و کۆڕبەندە سیاسییەکانی وەک کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و پەرلەمانی ئەوروپا، کە سەرنجی سەرۆکەکانی جیهانیان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە!
ژنانی کورد ڕۆڵێکی ناوازەیان بینیوە لە بەرگریکردن لە کۆمەڵگاکەیان لە بەرامبەر تیرۆر و فشاری ووڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و نایەکسانی ژنان بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا!
چونکە ژنانی کورد سەربەرزە و خۆیان لەماڵەوە و لەژێر حیجابدا نەشاردرابونەوە وەک لە فەلەستین و ووڵاتانی دەوروپشتدا دەبینرێت، بەڵکو لە هێڵی پێشەوەی شەڕی دەستەو یەخەدا بوون وەک پێشمەرگە و سەرکردە و پارێزەری کۆمەڵگاکانیان. لە هەمان کاتدا ژنانی کورد بەشداریان لە پرۆسەی دیپلۆماسی و سیاسیشدا کردووە و دەکەن، بۆ نمونە ژنانی کورد بە بڕوا بەخۆبوون و لێهاتوییەوە لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا دیدار و گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپادا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیەکان!
- ئایا ئەو خاڵانە چین، کە تایبەتە بە ژنانی کورد، بەبەراورد بە ژنانی ناوچەکە؟
ئەوەی ژنی کورد تایبەت دەکات ئەوەیە کە خەباتی ئەوان تەنیا بۆ مافە نەتەوەییەکان نییە، بەڵکوو بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و خۆبەڕێوەبەریەتی و یەکسانی واتە ژن و پیاو هاوبەشن لە ماف و کار و سەرکردایەتیدا، وە ڕێکخراوەکانی ژنانیش لەم بارەدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕن، وە بواری پەروەردەش وەک کلیلێکی ڕزگاری ژنان سەیر دەکرێت، کە ژنان مافی خوێندیان لە کوردستاندا هەیە، وە هەروەها ژنانی کورد دەتوانێت ئەو سنور و وێنەیە بشکێنێت، کە کۆنەپەرستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ژنانیان کردۆتە کۆت و زنجیر و کردویانەتە ملی ژنان، لەماڵەوە و لەدەرەوەش بونەتە قوربانی کۆمەڵگەیەکی داخراوی پیاوسالاری هەروەک چۆن دەبینرێت لە ئەفغانستان و ئێران و زۆربەی ووڵاتەکانی ئیسلامیەکاندا کە ژنان بە کەم عەقڵ و ڕۆڵیشیان تەنها بۆ چێژی سێکسی و بۆ جۆرەکانی نیکاح دەبینن!
ژنانی کورد نیشان دەدەن کە ئازادی ئافرەتان لە ڕێگەی کولتوور و کۆمەڵگا و هۆشیاری سیاسییەوە گەشە دەکات. ئەوان کەلتور و نەریت لەگەڵ ژیانی مۆدێرندا تێکەڵ دەکەن و بەرەنگاری ئەو پێکهاتە پیاوسالارانە دەبنەوە کە ڕۆڵی ژنانیان سنووردار کردووە!
- ئایا ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن چی لە ژنانی کورد فێربن؟
ژنانی کورد ئەوە پیشان دەدەن کە پێشکەوتنی ڕاستەقینە لە پەروەردە و خۆڕێکخستن و بەشداریکردن لە بڕیاردانەوە دەست پێدەکات.
ئەوان دەیسەلمێنن کە ژنان نابێت ڕۆڵی لاوەکی بۆ پشتیوانی لە کۆمەڵگادا بگێڕن، بەڵکو دەبێت ژنان هاوبەش و هاودروستکەری ئازادی و ئاشتی و سەقامگیری بن
- ئەی ئاخۆ ژنانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا، چی لە ژنانی کورد فێردەبن؟
ژنانی کورد وا لە ژنانی کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان دەکەن، کە دەبێت چاوکراوە بن و ئەوە چاک بزانن کە هەرگیز ئازادیەی کە ئەوان ئێستا هەیانە، لە خۆیەوە نەهاتووە، بەڵکو هەزاران کەس لە مێژووی ئەو ووڵاتانەدا خۆیاندا، بونەتە قوربانی و خوێنیان بۆ ڕشتووە، بۆیە پێویستە ژنانی ئێستای ڕۆژئاوا، ڕێزی لەو ئازادی و دیموکراتیە بگرن! وە ئەوەش بەئازایەتی و هاودەنگی و هاوکاری و بەرپرسیارێتی هەموان دەبێت کە دیموکراسی و یەکسانی پێویستی بە پابەندبوونی بەردەوام هەیە.
- ئاخۆ چ تێکۆشانێکی ژنانی کورد، ئەوانی کردۆتە سیمبۆڵ بۆ ژنانی جیهانی؟
خەباتی ژنانی کورد لە سنوورە نەتەوەییەکانی خۆیان تێپەڕیوە. چونکە ئەوان بەرگری لەو بەهایانە دەکەن کە لە سەرانسەری جیهاندا ناسراون، ئەویش کەرامەتی مرۆڤ و یەکسانی لەبەردەم یاسا و مافی خوێندن و سەربەخۆیی ئابووری و ئازادی و ڕاپەڕین دژی ستەم!
لەم ڕۆژە جیهانییەدا، ژنانی کورد شایەنی دانپێدانانن وەک پێشەنگی گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان لە جیهاندا بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بەتایبەتی!
دەنگی ژنانی کورد تەنیا دەنگی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت نییە، بەڵکو دەنگی ملیۆنان ژنە کە بۆ جیهانێکی دادپەروەر و ئازادی تێدەکۆشن!
بە بۆچونی من، کاتێک کە ژن ئازاد بێت، ئەوا کۆمەڵگاش ئازاد دەبێت! چونکە هەموان لە سکی ژناندا دروست دەبین و لەباوەشی ژنانیشدا پەروەردە دەبین!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





