<

چەند سەرنجێک سەبارەت بە خۆمان

02/06/2026, 11:48 (GMT+1)
ڕاسپاردە
بیرمەندی مەزنی کورد، مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت: ئەگەر نووسەر مرد، ئەوا دەمرێ، ئەگەر لە نووسین کەوت دەمرێ، ئەگەر ڕای خۆی بفرۆشێ دەمرێ، ئەگەر دووڕوویی کرد دەمرێ، ئەگەر جنێوفرۆش بێ دەمرێ، خۆ ئەگەر لە یەکێ لەمانەدا، جگە لە حاڵەتی یەکەم، نەمرد، دەبێ خوێنەران بیمرێنن!.
تۆ وەک خوێنەرێکی کورد، دەبێت ڕێز لە خۆت، بیرکردنەوەت، مرۆڤبوون و کورد بوونت بگریت، بۆیە دەبێت ئەو نووسەرە بمرێنیت، کە یەکێک لەو خەسڵەتانەی کە مامۆستا باسی کردوون، تێیدایە و هیچ نرخێک بۆ کوردبوون و بیرکردنەوەی تۆ دانانێت، بۆیە بێباکانە بەو جۆرە ڕەفتار دەکات و دەنووسێت!.
حیزب و نەتەوە
نەتەوەکە لە هەموو دەسەڵات، کۆبوونەوە، تاقم، دەستە و بزووتنەوە و بیرکردنەوەیەک مەزنترە و هەموو ئەو شتانە، دەبێت لە پێناوی
١- پاراستنی نەتەوەکە،
٢- ئازادی نەتەوەکە و
٣- سەربەخۆیی کوردستاندا بێت. ئەوان هەموویان لە نەتەوەکە بچووکترن و دەبێت خزمەتکاری نەتەوەکە بن چوونکە:" ئێمە نۆکەریی کەس ناکەین و ئەگەر قەرار بێت نۆکەری کەسێکیش بین، نۆکەریی خەڵکی خۆمان دەکەین/ شەهیدی نەتەوە کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی"، کەواتە ئەمە پرێنسیپی  کوردستانییە ئازادیخوازەکانەی نەتەوەی کوردە.
بەڵام بەو ئەزموونە دوورودرێژە کە لەگەڵ حیزبی کوردیدا هەمانە، هەموویان لە ڕووی بیرکردنەوەوە دەچنە قاڵبی کلاسیکی سەدەی بیستەمەوە، بۆ ئەم سەدەیە کە سەدەی بیست و یەکە و چارەکی یەکەمی ئەم سەدەیەمان تێپەڕاندووە، کارایی و کاریگەرییان لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەکە خراپ و نەگوونجاوە و لە زۆر حاڵەتدا دژی بەرژەوەندیی و ئاسایشی نیشتمانیی نەتەوەکەن.
- یەک سەرچاوەیی هزریی: ئەوان (بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات و باشووردا) لە هەناوی یەکترەوە لە دایکبوون، بۆیە توانای پێشکەشکردنی دیدگا و گوتارێکی نوێیان بۆ نەتەوەکە نەبووە/ نییە.
- چەکداری حیزب و بنەماڵە: لە چاوی ئەواندا، چەکدارەکانیان، چەکداری حیزب و سەرکردەیەتی حیزبن، نەک هێزی ڕزگاریی نیشتمان، ئەمەش بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە میلیشیا دەژمێردرێن، دەوڵەتانیش ئەوەمان پێدەڵێن کە خۆتان دەیبیستن، لە کاتێکدا کە بەرژەوەندیان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە دتێەوە، بە ئاشکرا بەو هێزە چەکدارە حیزبیانە دەڵێن میلیشیا، لە ڕاستیشدا بەوجۆرە ڕێخستنیان لە گرووپی سەر بە حیزبێکدا ئەو ئاماژەیە دەنێرن، چوونکە لە دنیای شارستانەتدا، حیزب گرووپێکی سیاسی بە بەرنامەیە بۆ کۆمەڵگا، هێزی چەکداریش سپایەکە کە بەرژەوەندی نەتەوەیی دەپارێزێ، با ئەوانیش نەیڵێن، خۆ ئەزموونی خۆمان لەگەڵ هێزە حیزبییەکان ئەوەمان پێدەڵێت، با هەندێک لە خۆشمان تەنگە بیانگرێت، ئەوە واقیعە ڕاستەقینەکەیە، ئەوان میلیشیای حیزبن کە نەتەوەکەیان گرفتاری سەدان نەهامەتی کردووە.
ئەرکی مێژوویی پێشمەرگە:
پێشمەرگەکان، کە زۆرینەیان تێکۆشەری ئازادیخواز و کوردستانین(هیوادارم)، دەبێت خۆیان لەم بازنە تەسکەی میلیشیابوونە ڕزگار بکەن. ئەرکی مێژوویی پێشمەرگە ئازادیخوازەکانە کە ڕووبەڕووی سەرکردایەتییەکان ببنەوە و بڵێن: ئێمە پارێزەری ئاسایشی نەتەوەین یان دەبێت سپای ڕزگاریی کوردستان (سرک) دابمەزرێنن، یان چیدی نابینە سووتەمەنی پاراستنی بەرژەوەندیی حیزب و بەرپرسانی حیزبی.
سپای ڕزگاریی کوردستان
- ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بەر لە هەموو ئەرکە نەتەوەییەکانە، کە هەموو کوردێکی شەرافەتمەندی کوردستانی دەبێت بۆ بنیاتنان و  دووان لە بارەیەوە، بە ئەرکی ڕۆژانەی خۆی بزانێ، باسی بکات، گفتوگۆی لەسەر بکات، کات و بڕێک توانای خۆی بۆ تەرخان بکات، وەک چوارچێوەیەکی یاسایی هێزێکی کوردستانی بینرخێنێ. من دەزانم کە ئەمە ئەرکی حوکوومەت و دەوڵەتە، بەڵام تۆ نە دەوڵەتێکت هەیە کە ئەرکەکانی خۆی بناسێ، نە حوکوومەتێکت هەیە کارا و  کوردستانی کە ئەرکە بنەماییەکان بۆی گرنگ بن کە لە پێشەنگیانەوە، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەکەی!!. کەواتە خۆت دەبێت ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگریت و لە ڕووی دەروونییەوە خۆتی بۆ ئامادە بکەیت و هەوڵ بدەیت کەسانی دڵسۆز لەدەوری ئەم (هزرکردنە) کۆبکەیتەوە، لە ئەنجامی گفتوگۆی بە بڕشت و جددیشدا ڕێگاکانی و مەترسییەکان لەسەری و چۆنێتی کارکردن بۆی ڕوون دەبنەوە و بۆت ئاشکرا دەبن، گرنگ وەک دەڵێن: هیمەتی دەستبەکاربوونتە. ئەمە بەتایبەت بۆ پێشمەرگە دێرینەکان و چەکداری سەرکردەیەتی حیزبەکان. ئەگەر هەست بەم پێویستییە بنەڕەتییە بکەن، چەند هەنگاو دەیانباتە پێشەوە، بەهۆی ئەزموونی پێشەمەرگانەیانەوە. ڕایەڵەی بنەڕەتی پەیوەندی تۆ و من، کوردبوونمانە، بۆ ئەوەش ئەم ڕایەڵەیە پتەوبێت، دەبێت ئاگاداری یەکتر بین، بەتەنگ یەکترەوە بین و کاری هاوبەشی بکەین، واتە نرخێک و بەهایەکی گرنگ، ئێمە پێکەوە گرێدەدات، کە بەرژەوەندی هەردووکمان ئەوە دەخوازێت، هێزێکی هاوبەشمان هەبێت، شارستانی، بە دسپلین و کوردستانی، کە بتوانێت، پارێزگاری لەم ڕایەڵەیەی نێوانمان بکات.
ئەو هێزانەی ئێستا کە کوردن و حیزبەکان بەسەر خۆیاندا دابەشیان کردوون، لە نادیاریی و نەزانیی و بە زانایی، بەهۆی سیاسەتی سەقەت و کلاسیکی سەرکردەیەتییەکانیانەوە، وەک پرۆکسی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، خەریکن سیاسەت و بەرژەوەندی سیاسی و مادیی ئەو دوژمنە دێرینانەی کورد جێبەجێ دەکەن.
بەربەستی زۆر هەیە لە سەر ڕێگامان و لە بەراییانەوە خواستی کەسێتی سەرکردەیەتی حیزب و بنەماڵەن، بێگوومان ئەوان کە (پاشای عەرشی دەسەڵاتی سێ شار و لە تێکن و فەرمانڕانی حیزبی گەورە، مامناونجی و بچووکن) و  بینیمانن لەماوەی ئەم ٣٥ ساڵەدا چۆن ڕەفتاری شاهانەیان بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان دەستەبەرکرد، بەم هزر و بزووتنە دڵشاد نابن، ئەوان تیاچوونی خۆیان لەهەموو هزرکرنێکی نوێدا دەبینن، ئەگەرچی لەسەرەتاوە بنەماکە ئەوەبوو: بەکارکردنی گشتمان ئازادی، ئاسایش و چاکژیان بۆ گشت نەتەوەکە دەستەبەر بکەین، بەڵام بینیمان گشتەکە نزیکەی تیاچوو، کەمینەیەک بەری ڕەنجی گشتیان، لە بانک و کۆمپانیا و  خۆشگوزەرانی مادی و دنیاییدا بۆخۆیان خڕکردەوە و هێزی سەرکوتگەریان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان بەڕێخست، واتە کوردایەتی خەڵک و تێداچوونی گشت ئێمە: بوویە گۆڕینەوەی ستەمگەری بێگانە بە سەربڕی خۆماڵی!.
ئێمە دەبێت، ئەو هێزەکوردیانە، کە حیزبەکان لە نەتەوەکەیان دابڕیوون، وەربگرینەوە و بسەنینەوە. ئەم کارکردنانە سەرەتاکەی تاکەکەسی و لە خۆمانەوە دەستپێدەکات، وشیاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆمان دەبێت گەشەپێبدەین و لە بازنە و چوارچێوەی حیزب ـ خێڵ، بنەماڵە و عەشیرەت دەرباز بین، زۆر بیر و ڕەفتار هەیە کە دەبێ گەشەی پێبدەین و فراوانی بکەین، وەک (بە ئازادی بژین و بە ئازادی ڕای خۆمان دەرببڕین) هەمیشە لە گشتەوە بگەرێینەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی تاک، ئەگەر تاک بەرژەوەندی خۆی لە بەرژەوەندی گشتدا نەبینێتەوە، ئەوە بەکەڵکی ئەمکارە نایەت و سەرئەنجام و بەناچاریی بۆ هەمیشە یا دەچێتە بەرەی دژ بە نەتەوەکە و دەستوداوێنگری دەسەڵات دەبێت، کە ئەمەش کورتخایەن دەبێت، واتە ئەنجامەکەی هەر ڕسوابوون و لەدەستدانی ڕەنگە ژیانیشی لێ بکەوێتەوە، یا وەک کەسایەتییەکی بێ هەڵوێست ژیانێکی کولەمەرگی هەڵدەبژێرێت، لەسەر هیچ خوارییەک دەنگی لێوەنایەت، کە ئەمەش جۆرێک مردنی لەسەرخۆیە.
دژایەتی بەرژەوەندی گشتی، خۆی لە خۆیدا مانای ونکردنی پشتیوانی زۆرینەی نەتەوەکەیە، ئێستا  یا لە درێژخایەن و کۆتایدا بێت، چوونکە بەرژەوەندی سیاسی ـ ژیانی مادی، هەرئەوەندە بڕ دەکات تا ڕووخسار و چەند و چوونایەتی و لایەنی بەرژەوەندییەکە دەگۆڕێن، ئێدی هەموو هاوکێشەکان قڵپ دەبنەوە و مایەپووچی تاک بەرهەم دێنێ. یاریکردنیش لەسەر پەتی جیاواز، کەوتنەخوارەی جوودای لێ دەکەوێتەوە، تا پەتەکانیش زیاتر بن، ژمارەی ئەگەری کەوتنەخوارەوەی زۆرتری لێ چاوەڕوان دەکرێت، تا پەیژەکەت بەرزتر بێت، کەوتنەخوارەوەکەت بە ئازارتر دەبێت! ئەمە هاوکێشەیەکی بەڵگە نەویستە!.
ئەزموونی هەرێم
- هەرێم لەو دابەشکرانە سیاسییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا(جگە لە کۆمەڵگای ئیسرائیل کە ئەوان بۆ ناخۆی خۆیان، کۆمەڵگایەکی دیمۆکراسی و دامەزراوەیین)، شۆڕشێکی بنەڕەتی و گۆڕانکارییەکی چوونایەتی مەزن بوو، جا وەک ئەزموونێک بووبێت یا ڕوانگەیەکی بنەمایی، هێزێکی بەدەسەڵاتی وەک ئەمێریکا، چووە ناو ئەم تاقیکردەوە سیاسی- کۆمەڵایەتییەوە، ئەوەی کە دەڵێن: بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەمەی کردووە، ئەگەر بەرژەوەندی خۆی لەبەرچاو نەگرتبێ، دیارە کە ئەمێریکا نەبووە، دووکاندارێکی وردەواڵەفرۆش بەرژەوەندی کارەکەی خۆی لەبەرچاو بگرێت، بەڵام چاوەڕوان بیت لە هێزێکی وەک ئەمێریکا ئەمە نەکات، ڕوانینێکی ساویلکانەیە. من لە ڕانگەی کوردییەوە باسی دەکەم:
لە دوای کۆڵۆنیالیزمی بەریتانییەوە کە عێراقی سەروبن کرد، ئەمە دووەم گۆڕانکاریی بنچینەیی بوو لە عێراقدا، کە لەوەی بەریتانیا زۆر فراوانتر بوو، چوونکە نیشانەی لەهەموو دەسەڵاتە عەرەبییەکان گرتبۆوە بێ ئەوەی باسی بکات. دەرفەتێکی ئەوەندە فراوان بوو بۆ کورد، کە بە خەویش بەبیریدا نەهاتبوو، بێزووی پێوەدەکرد، بەڵام ئەم ژانی لەدایکبوونە، بوونەوەرێکی خاوەن پداویستییە تایبەتییەکانی هێنایە دنیا، ئەوانەی مامانی ئەم لەدایکبوونە بوون، هەو نەبوون، لەبەر تامەزرۆیی نەتەوەکەش، کە مەستی کردبوو، لەو سەرەتایانەوە خوارییەکان نەبینران و مامانی نەزان و دایەنی خۆویست، ئەم منداڵەیان پیشانی پزیشکێکی شارەزا نەدا، تا زوو بە فریای کەوێت و پەروەردەیەکی ڕاست و چارەسەرێکی زانستیانەی بکات.
- مەلاکانی ئێرانی وەخۆکەوتن و یارییەکەیان شێواند، دەنا ئەو گۆڕانکارییە لە کۆمەڵگایەکدا ڕوویدا کە، چەتوونترین و فاشیسترین ڕژێمی ڕەگەزپەرستیی عارەبان، ڕەگ و ڕیشەی تێدا داکوتابوو، پاڵەوانی کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفالەکان بوو. ئەوکارەساتانەی کە تەنانەت یەک دەسەڵاتی عارەبی و ڕۆشنبیری و ئاینیت تیایاندا نەدەدۆزییەوە کە لە دڵەوە ئەم کارەساتانەی ڕەتکردبێتەوە و هەڵوێستی بووبێت، هەر چوارداگیرکەرەکەی کوردستان، بە خۆیان و ڕۆشنبیریان و کۆمەڵایەتیانەوە، چەپ و ڕاست، مەلا و سوختە، ژن و پیاو، دەوڵەمند و سواڵکەر،  زانا و نەخوێندەوار، هاوبەشی ئەم ئاهەنگی سەرکەوتنەی سەددام بوون.
- دەسەڵاتەعەرەبییەکان، ئەم فیدرالییەی عێراقیان وەک پەتایەک دەبینی کە درەنگ یا زوو داوێنی ئەوانیش دەگرێتەوە، بۆیە وەک مۆریانە کەوتنە گیانی ئەم بنیاتنانە نوێیەوە و وەک شەیتانی شاخدار باسیانکرد و دەمی هەڵەوڕ و زمانی درێژی ڕاگەیاندنەکانیان لێ بەرەڵاکرد و تا توانیان وێرانیان کرد. ئەوا ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانە بۆتەوە و خەریکە خۆیان وێراندەکات.
- هەر نرخ و بەهاو قووربانییەک، ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی بۆ پاککردنەوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەربەستە ئایدیۆلۆژی و کۆمەڵایەتییە ناپاکە پیسەی کە ناوی ئێرانە بدرێت، دەهێنێ.
- ئەوەی کە نەتەوەکە لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە، لەبەر مەستبوونی بە بارودۆخە ئازادبووەکە دەبوو بیکات و نەیکرد، ئێستا دەبێت، هەنگاوی جددی بۆ بنێت، کە بنچینەکە بنیاتنانی هێزێکی کوردستانییە کە نەتەوەکە بپارێزێ.
- هیچ کام لە پێکهاتە سیاسییەکانی نە کورد و نە عارەب، لە ئاست ئەو سیستەمە نوێیەدا نەبوون کە عێراقی لەسەر بنیات نرایەوە، جوگرافیا ڕۆڵی نەبوو لە ئاڵۆزکردنی ئەم سیستەمە بەنرخەدا بەڵکو خێڵگەرایی و بنەماڵەپەرستی و بیروڕای ئاینی دەسەڵاتخواز ئەم سیستەمەیان سووک و ڕسواکرد. سەرکردەیەتییە پاڵەوانەکانی شاخی ئێمە کە دابەزین و نەتەوەکە قبووڵی کردن وەک خۆیان کە(بوون)، لە جیاتی داواکردنی مافی هەڵەبجە و ئەنفالکراوەکان، یەک مەرجیان هەبوو: ئەو بڕەپارەیەی بریمەر بۆی دەناردن، با بەفیاتی سەد دۆلاریی بێت نەک پەنجا دۆلاریی!.

- ئەوەتەی مەلایی و جەلالی یەخەی ئەم نەتەوەیەیان گرتووە، هەمیشە سەرکردایەتییەکەیان( کەمینەیەکیان نەبێت) پرۆکسی یەکێک لەو ڕژێمانە بوون، کە بەشێک لە خاکی کوردستانیان داگیرکردووە و ڕاوی کوردیان پێکراوە، بە شانازییەوە پێش لەشکری داگیرکەران کەوتوون و ئازادیخوازانی کوردیان کوشتووە، تایبەتی لە ڕۆژهەڵات و باشوور، یا بە جووتە پەلاماری ئازادیخوازانی باکووریان داوە، مەرگی شەرافەتمەندانەی (بێریتان)، کە نەیویست بە زیندوویی بکەوێتە دەست پیاوەکانی جەلالی و قیادەکان هەتا نەتەوەکە مابێ، تاوانێکە بە ئاوی هەموو زەریاکانی جیهان لە ناوچەوانی مێژووی بۆنکردووی ئەم دوو دەستەیە ناسڕدرێتەوە. گیانی تیرۆرکراوی سەدان لاوی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵات و باکوور لە باشووری دوو بنەماڵەدا، هەمیشە شایەتی زیندووی دادگای گەلی ئێمەن کە ڕۆژی خۆی شایەتی لە تاوانەکانی دەستەو تاقمەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات دەدەن مافی خۆیان پێدەدەن و مافی نەتەوەکەیان لێ وەردەگرنەوە، لە زنجیرەی ئەو تاوانە نەتەوەییانەی دەرهەق بە نەتەوەکەمان ئەنجامیان داوە.
لە سەردەمێکدا کە شارستانەتی مرۆڤایەتی( ڕۆژئاوا)، بیر لەوە دەکاتەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی ژیان بۆ بۆشایی ئاسمان هەڵکێشێ و وا بکات کە سیستەمە دیجیتاڵی و تۆڕەکانی توانای چارەسەری گرفتەکانی خۆیان هەبێت بەبێ دەستيوەردانی مرۆڤ، ئێمە لە سایەی حیزبی مەلایی و جەلالیدا، ئەو بەشە لە نەتەوەکەمان لەباشوور لە (عارەبان) سواڵ دەکات و بۆ قووتی ژیانی ئەبێت سەر کزبکات و لارە مل چاوەڕێی بڕیارەکانی بەغدا بێت، لە کاتێکدا کە ئەفەدییەکان دەیان فەرموو:  بەغدا ئیفلاسی کردووە... .
- من بە پێچەوانەی هەموو قەڵەفرۆشانەوە کە یەکێک لەو پێناسانەی مامۆستا دەیانگرێتەوە و دۆستی دەزگا سیخوڕخانەکانی کورد و دوژمنانی دێرینەی کوردن، بیرکردنەوەی ئێستای نەتەوەکە لە باشترین حاڵەتیدا دەبینم و هێزێکی شاراوە و وزەیەکی خامۆشکراو لە ناخی لاوی کورددا هەست پێدەکەم، کە ڕۆژی بڕیاردراو دەبنە هێزی ڕاماڵین و ئاوەداکردنەوەی نیشتمانی کورد.
- بەدرێژایی ئەم مێژووە سەختەی تێکۆشانی نەتەوەکە، هیچ بەهانە و مەرجێکم بۆ پەیدا نەبوون، کە وام لێ بکات ناوەندی تێکۆشانی خۆم و وزەی لاوانی کورد، لەوەدا سەرف بکەم، کە ئەو نەتەوانەی ڕژێمەکانیان لەوانن، بکەمە کۆمەڵگای دیمۆکراسی و جا بۆ گەیشتن بە مافی خۆم، لێیان بپاڕێمەوە کە مافەکانی خۆم پێ بدەن! بەئەرکی خۆمی نازانم لاری و خوارییەکانی کەڵەکەبووی بیر و هزری کۆمەڵگای ئەوان کە داگیرکەری منن، لە ئەستۆ بگرم و وشە و دەربڕینی بۆ ساز بکەم، نەخێر، وێنەکە ئاوایە: ئەوان داگیرکەری بەشێکی نیشتمانی منن، ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخوازیی ئەوانیش، مەرام و خواستەکانی لەگەڵ مەرام و خواستە نەتەوەییەکانی مندا جوودان، چەند پاتکردنەوەی ئەم مێژووە کە لە کۆتایدا من (قووربانی) یەکە بم، سەردەمی بەسەر چووە و ڕێگانی ناچنەوە سەر یەک ناوەند و مەبەست، من وێنەی نیشتمانێکی دابەشکرا و دەبینم و ئەوان وێنەی دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز، کە ئەو نەخشەیە دەپارێزێ کە بەشێک لە نیشتمانی من دەڤەرێکی بەزۆر لکێنراوە بەو نەخشە مۆنتاجکراوەوە!.
- ئەو گەلانەی وەکی من خاکیان دابەشکراوە، دۆست و هاومەرامی منن، کە هەڵوەشاندنەوەی ئەو نەخشە ساختەیەیە. ئەگەر ویستیان هەر یەکە لە دەڤەری خۆیەوە، دەتوانین هاوکار و پشتیوانی یەکتر بین، بۆ سەندنەوەی هەرگەلە بەشە نیشتمانی خۆی، ئەمە دەگونجێت، بەڵام نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت کە نیشتمانی کورد، هەتا ئێستا، جگە لەو هێڵەسوورانەی سەر نەخشە کاغەزییەکان، هیچ بەربەستێک لە نێوان پارچە دابەشکراوەکانیدا نیین.
ئەوانەی کە بەهۆی هزرکردنیانەوە کە (لەخۆشیان کردوە بەئاینێکی دۆگما ئاسا) و بەهانەی ئەوە دێننەوە کە ئەوە سەدانساڵە ئێمە لەگەڵ ئەواندا دەژین و تێکەڵ بووین و کلتوورمان تێکەڵە، ئەو نەفرەتەی کە ئەوان ئێمەیان داگیرکردووە، لەق ناکات و نایسڕێتەوە. جگە لە داگیرکەر و داگیرکراو، ناتوانم پەیوەندییەکی دی پێش ئەمە بخەمەوە، کەی ئەمە نەما و گەلانی ناو ئەو نەخشە مۆنتاجکراوانە توانیان بە ئازادی بڕیار لە (چارەنووس)ی خۆیان بدەن، ئەوە قۆناغێکی دییە کە ئەوسا قسەی خۆی دەبێ، نەک لە حاڵەتی ئێستای منی داگیرکراو و ئەوانی داگیرکەردا !.
تۆ کە منداڵەکانت ناچار بکرێن بە زمانی داگیرکەر بخوێنن و بنووسن، چۆن قسەی هەبوونی پەیوەندیی کلتووری نێوان گەلی داگیرکراوی خۆت و گەلی داگیرکەری ئەواندا دەکەیت، بناغەی کلتوور زمانێکی ئازاد کراوە، چ پەیوەندییەک لە نێوان ئەشکەنجەدەر و ئەشکەنجەدراودا هەیە، جگە لە پەیوەندی ئەشکەنجەدان؟!.
بەڵێ داگیرکردن دەتوانێ هەندێ هزر و بیرکردنەوەی تاکی داگیرکراو، نەخۆش بخات و بوونەوەرێکی سەیر و سەمەرە لە تاکی داگیرکراو کە دەبێتە کۆپییەکی قەڵبی داگیرکەر بخوڵقێنێ، کە لەخۆی دابماڵرێت و لە نەتەوەکەی نامۆ ببێت، ئەمە بنەمایەک و دەرئەنجامێکی خواستی داگیرکردنەکەیە، بەڵام، ئەسڵ نییە و ماکی نەخۆشی داگیرکردنە، کە بەردەوام بوونی داگیرکردنەکە لە ناو تاکی نەتەوە داگیرکراوەکەدا، بڵاوی دەکاتەوە.
بۆ نموونە ئەگەر کابرای کوردە ژنەکەی فارس بێت، یا مێردەکەی فارس بێت، کە هەردووکیان عەیبە و کەمایەسین بۆ ئێستای کورد، لەبەر ئەو خاترە، خۆی تووشی ئەم نەخۆشیانەش دەکات، من باسی گشتی دەکەم و تاقانە نموونە، نوێنەرایەتی حاڵەتی گەلی داگیکراو و گەلی داگیرکەر ناکات، لەبەر ئەوە خۆت ماندوو مەکە و نموونەی وا بەرانبەر بەم نووسینەی من لە زەینتدا قووت مەکەرەوە، نەفرەتی داگیرکردن بە نموونەی وا ناسڕڕێتەوە.
باشووری بێ حکوومەت
- ئەوە لە دوو ساڵی تێبەڕاند و حیزبی بنەماڵە و دوکانە بچووکەکانی دەوریان، نەیانتوانی پەرلەمانێک و دەستەیەکی حوکوومەت پێک بێنن بۆ ڕایکردنی بەرژەوەندی بنەماڵەکانیان.
ئەمە شتێکی سەلماند: ئەگەر هەرێم دووساڵ و نیو بێ حوکوومەت بەڕێوەچووبێت، کەوایە (ئەم ئەفسانەی حوکمدارییەی بە حساب کوردییە) بەتاڵ بۆتەوە و خەڵک خۆی خۆی بەڕێوە دەبات!!! پرسیارێک هەیە لەم
کاتانەدا خۆی ڕەپێش دەخات: دوای ئەم ئەزموونەی کە خەڵک خۆی بەڕێوە دەبات، بڵێی مابن کەسانێک لە باشووردا، کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بە مەلایی و جەلالیی یا دوکاندارەکانی دەوریان بدەنەوە؟!
یا چارەسەرەکە لەوەدایە جێگرەوەیەکی کوردستانی کە هێزێکی کوردستانی دەیپارێزێ، کاتی  خۆ دەرخستنی هاتووە؟!
- هەڵوێستت بەرانبەر بە هەموو لاری و خوارییەکی بچووک و گەورە، پێناسەی مرۆڤبوون، تایبەتر کوردبوونی تۆ دەکات، ئاستی هوشیاریی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی زیندووبوونی تۆ پیشان دەدات. لەم بارودۆخەی کوردستاندا ئەگەر هەڵوێستت نەبێت، مانای ئەوەیە تۆ (کورد) ێکی مردوویت، جا هەرچی جلێکی لەبەر دەکەیت، بیکە: کوردبوون، کوردایەتی کردن، ئازادیخوازیی و زیندووبوون و.... هەڵوێستی تۆیە بەرانبەر خواری و لارییەکان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست