ئایا زانست دروستبوونی مرۆڤ لە قوڕ پشتڕاست دەکاتەوە؟

30/12/2025, 0:36 (GMT+1)
مرۆڤ کەی، لەکوێ، چۆن و لەچییەوە هاتووەتە بوون؟ وەک پرسیارگەلەک دەربارەی بنچینە و سەرچاوەی بوونمان هەمیشە نهێنییەکی ئاڵۆز بووە، مرۆڤ سەرەتا هەوڵی داوە لەڕێی ئەفسانە و ئاینەکان، لەم دواییانەشدا بە زانست و تۆژینەوەکانی بگاتە وەڵامێکی گونجاو بۆیان.
لە نێوان کۆمەڵێک بیرۆکەی دروستبوون لەلای شارستانیەتە کۆنەکان، دروستبوونی مرۆڤ لە قوڕەوە یەکجار زۆر ناسراو و باوە، دەگمەنە ئاینێک یاخۆ بیروباوەڕێک لە مێژوودا بدۆزینەوە چیرۆکێکی نەبێت لەسەر خواوەندی دروستکەری مرۆڤ لە قوڕ.
هۆکاری هەڵبژاردنی خۆڵ و قوڕ لە نەبوونی ڕاڤە زانستییەکان بەندە بە تێبینییە ژینگەیی و سروشتییەکانی دەوروبەری مرۆڤ، لەبەرئەوەی خۆڵ بە ڕێژەیەکی زۆر بەردەستە و کاتێکیش لەگەڵ ئاودا دەبێت بە قوڕ، ئەوا بەئاسانی شێوەی دەگۆڕدرێت و شتانێکی جۆراوجۆری لێ دروست دەکرێت. ئەو دەمەشی کەسێک دەمرێت بینیوویانە کە بە شیبوونەوە لاشەکەی پاش ماوەیەک دەبێتەوە بە خۆڵ، بەمەش بیریان بۆ ئەوە چووە کە دەشێ سەرچاوەکەشی هەر خۆڵ بووبێت.

 ئەفسانەی دروستبوونی مرۆڤ لە قوڕەوە 

ئەفسانەکانی کۆن دەبێژن خواوەندی مەزن مرۆڤی لە شێوەی خۆی لە قوڕ دروست کردووە، بەم ناوانە: سەرەتا و پێش هەمووان لەلای سۆمەرییەکان خواوەند ئەنکی، مەردۆخ لەلای بابلییەکان، خەنومی میسرییەکان، پرۆمیتیۆسی گریکییەکان، یەهوە یاخۆ ئەلۆهینی جووەکان و کرستیانەکان، ئەڵای موسڵمانان. بە خواوەند و ناوی دیکە ئەفریکاییەکان و هیندە سوورەکانیش بە شێوەی جۆراوجۆر، ئەفسانەی دروستبوونی مرۆڤیان هەبووە لە قوڕ و خۆڵ.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، ئەو موسڵمانەی دروستبوونی مرۆڤ لە قوڕ وەک دەرئاسایەک بۆ قورئان دەبینێت، دەبێ بزانێ کە ئەمە ڕاست نییە و جۆرێکە لە چەواشەکردن، لەبەرئەوەی زۆرینەی شارستانییەتەکانی پێش ئیسلام چیرۆکیکی وایان هەبووە.
ئاینەکان بەتایبەتیش ئیسلام، زانیاری زانستی و ڕای زانا و فەیلەسووفەکانیان وەرگرتووە و تێکەڵ بە باوەڕ و دەقە ئاینییەکانیان کردووە، بۆ ئەمەشیان لە سەرەتادا بیرۆکەیەکی سادەی فەیلەسووفە گریکییە کۆنەکان بووە، لەلایەن جووەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ تەورات و دوای ئەوان بۆ قورئان. بابەتەکەش ئەوەیە کە گریکییەکان وای بۆ دەچوون هەموو شتێکی ئەم بوونە بە لەشی مرۆڤیشەوە لە چوار توخم، یاخۆ ئاوێتە پێک دێت: خۆڵ و ئاو و ئاگر و هەوا. بێگومان دەمێکە زانست ئەم بیرۆکە ناڕاست و ساویلکەیەی بەهەڵەی خستووەتەوە.
ئەگەر بەچاکی بڕوانینە ئاینی ئیسلام، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە دروستبوونی مرۆڤ لە خۆڵەوە دەقاودەق لەسەر هەمان بیروڕای فەیلەسووفانی گریکییەکان دامەزراوە:
دروستکردنی مرۆڤ لە خۆڵەوە (توخمی یەکەم)، پاشان زێدەکردنی ئاو (توخمی دووەم) دەبێتە قوڕ، دوای ئەوە بە ئاگر (توخمی سێیەم) وشک دەبێت وەک گڵێنە، بەمە داڕێژگەی پەیکەرێک بەدەست دێت، دواجار نۆرەی هەوایە (توخمی چوارەم) لەڕێی فووکردنەوە واتە ڕۆح بەبەرداکردن دەبێتە مرۆڤێکی تەواو.
شایەنی گوتنە، وشەی (روح) لە (رواخ)ی زمانی ئارامی وەرگیراوە و واتای (ریح)یش دەدا و بە کوردی دەبێتە با، وشەی (نفش) هەیە بووەتە (نفس)ی عەرەبی کە ئەویش هەوایە و هەڵدەمژرێت لە کاتی هەناسەدان.

بەراوردکردنی پێکهاتەی لەشی مرۆڤ و خۆڵ

خۆڵ توخم و ماددەیەکی دیارکراوی نییە، بەڵکوو پێکهاتەیەکی ئاوێتەیییە لە ژمارەیەک لە توخمی جۆراوجۆر، بە گۆڕانی شوێن و بوونی ئاو و هەلومەرجی کەشوهەوا و ڕووداوە سروشتییەکان دەگۆڕێت، واتە خۆڵی ئەو ناوچانەی گڕکانی لێیە جیاوازە لەگەڵ خۆڵی ڕووبەرێکی سەهۆڵین و یەکێکی دیکەی بیابانی، یاخۆ کشتوکاڵی. بەمە کاتێک لە دروسبوون لە خۆڵ دەدوێین ڕاستەوخۆ پرسیارێک دێتە پێشمان: مەبەست لە کامە خۆڵە؟ ئایا خۆڵە سەهۆڵینەکەی ئایسلەندایە، یان خۆڵە ڕەشەکەی وڵاتی میسرە، یانیش سوورە خۆڵی ژاپۆن؟
لەشی مرۆڤ لە ژمارەیەک توخمە کیمیاییەکان پێک دێت، بە ڕێژەیەکی یەکجار بەرز لە ئۆکسیجن و هایردۆجن و کاربۆن و نایترۆجن و کالسیوم، ئەوانەی دەمێننەوە وەک ئاسن و زینک و کاربۆهیدرات بەشێک نین لە پێکهاتەی لەش، بەڵکوو مرۆڤ لەڕێی خواردن وەری دەگرێت. لە ڕووی دیکەوە گشت لەشی مرۆڤ لە خانە پێک هاتووە، خانەش پڕۆتینە کە ئەویش لە چەند ترشێکی ئەمینی بنیات نراوە، ترشە ئەمینییەکانیش خۆیان پێکاتەیەکن لە توخمی کاربۆن و نایترۆجن و کەمێک لە ئاوێتەکانی فۆسفات، بەبێ پرۆتین لەش کار ناکات و پەکی دەکەوێت. 
ئەی باشە هاتنمان لە قوڕ ئەوە ناگەینێت کە کاربۆن لە بنچینەدا لە خۆڵەوە هاتووە و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ خۆڵ؟ وەڵامەکەمان نەخێرە!
ئاشکرایە ژیانی گشت زیندەوەران بەندە بە بوونی کاربۆن (ژیانی کاربۆنی)، تێکڕای کاربۆنی لەشمان هەر لە بنەڕەتەوە لە ڕوەکەکان و خواردنی ئاژەڵەکان وەرگرتووە، سەرجەم ڕوەکەکانی زەویش کاربۆنیان لە خاکەکەیانەوە بەدەست نەهێناوە، بگرە لە هەواوە هەڵی دەمژن بەشێوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2) و بەهۆی کارلێکی ڕۆشنەپێکهاتن دەی گۆڕن بۆ ئاوێتە زیندەکییەکان، بێگومان ئەمەش زانیارییەکە هەر هەموومان لە خوێندنگەکانماندا پێی ئاشنا بووینە. 
ئەو دەمەی ئێمەی مرۆڤ و ئاژەڵەکان بە ڕوەکەکانیشەوە دەمرین، بەرەبەرە لەژێر خاک (هەروەها لە کاتی سووتاندنی تەرمەکانیش) لەشمان شی دەبێتەوە بۆ ئاوێتە و ماددە جیاجیاکان، دەرنجام کاربۆنی لەشمان جارێکی دی دەچێتەوە ناو هەوا و خوولێکی دیکەی کاربۆن چەندبارە دەبێتەوە. ئەم بابەتەی بوونی کاربۆن بەڵگەی ئەوەیە ئێـمە لەڕووی کیمایییەوە هیچ پێوەندییەکمان بە خۆڵ و قوڕەوە نییە (بڕوانە وێنەکە بۆ بەراوردکردنی ماددەی لەشی مرۆڤ و خۆڵ).
دیسانەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پێکهاتەی لەشی مرۆڤ و خۆڵ ئەگەرچی تا ڕادەیەک بە ڕێژەی ناهاوتا لە هەندێ ماددەشدا هاوبەش بن، بەڵام جیاوازی ڕیشەیییان لەنێواندا هەیە. خۆڵ بەشێکی لە دووەم ئۆکسیدی سلیکۆنە و بەبێ بوونی هایدرۆجن لەگەڵ ڕێژەیەکی یەکجار کەم لە کاربۆن و نیترۆجن، هاوکات چەند توخم و ئاوێتەیەک لە خۆڵدا هەیە وەک، ئەلومنیوم سیلکات و توخمی کوارتز و تیتانیوم کە نەک بوونیان نییە لە لەش، بگرە گەلەک ژاراوی و زیانبەخشن بۆ مرۆڤ.
لەشی مرۆڤ ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی ئەستێرەکانی بەرەی دووەمی گەردوونە، لەبەرئەوەی مرۆڤ لە زەویدا سەری هەڵداوە ئەوا ئاسایییە ئەو ماددانەی سروشتی تێدا هەبێت. واتە ئەگەر مرۆڤ لە زەویدا پەرەی نەسەندبێ و لە شوێنێکی دیکە دروست کرابێ و هەڵدرابێتە سەر زەوی، دەبووایە ماددەکانی لەشی لەسەر زەویدا بوونیان نەبێت. بەپێچەوانەشەوە ئەگەر مرۆڤ لە خۆڵ و قوڕی زەوییە وەک ئەفسانە و ئاینەکان دەیڵێن، پێویست بوو ماددەکانی لەشی بە ڕێژەی تەواو و پڕاوپڕ لەگەڵ خۆڵدا هاویەک بوونایە.

پەرەسەندن بەرانبەر بە دروستبوون لە قوڕ

گریمانەی دروستبوونی مرۆڤ لە قوڕ بیرۆکەیەکە بۆ سەردەمانێک دەگەڕێتەوە مرۆڤ تێیدا نووقمی نەزانین و ئەفسانە ببوو، ئەم بیرۆکە سادە و ساویلکەیە بەرە بەرە ژمارەیەکی یەکجار زۆر چیرۆکی لەسەر داندرا و لەلای گەلەک لە شارستانییەتەکاندا بڵاو بووەوە و لە ئاینەکان پەسەند کرا و بووە کاری خواوەندەکان لە دروستکردنی مرۆڤ.
هەرچەندە زانست لەمێژە بۆچوونی لە قوڕەوە دروستبوونی بەهەڵە خستووەتەوە، بەڵام ئاینداران ناتوانن دەستبەرداری ببن و بە هەموو شێوەیەک بیرۆکەکە پینە دەکەن و بە تۆژینەوەی ساختە و بیروڕا و گوتەی هەڵبەستراو بەناوی زاناکان، دەکەنە پاڵپشت بۆ سەلماندنی ئەم چیرۆکە خوارافیایی و ئەفسانەیییە. 
لەپێناو بەرگریکردن لە ئاینەکانیان ئاینداران زۆر بەتووندی دژایەتی بیردۆزی پەرەسەندن دەکەن، ئەوی کۆمەڵێک بەڵگەی یەکلاییکەرەوەی هەیە و پشت دەبەستێت بە پتر لە ملیۆنێک تۆژینەوەی زانستی. گومانی تێدا نییە ئەمڕۆکە ئەم بیردۆزە بووەتە تاکە ڕاڤەی ڕاستەقینەی دیاردەی هەمەجۆری ژیان و سەرهەڵدانی زیندەوەرە ئاڵۆزەکان و لەسەرووی هەمووشیانەوە مرۆڤ. ئاینداران بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە زانست سەلماندوویەتی ڕێژەی ماددەکانی لەشی مرۆڤی لێ پێک هاتووە هەمان ئەو ماددانەیە لە خۆڵدا هەن، پێیان وایە ئەمە بەڵگەیە لەسەر دروستبوونی مرۆڤ لە خۆڵ و قوڕ. کەچی بەرانبەر بەوە پەرەسەندن پێمان دەڵێت تێکڕای ماددە و ئاوێتەکانی لەشی مرۆڤ تەواو هاویەکە لەگەڵ لەشی سەرجەم ئاژەڵەکان بەتایبەتیش شیردەرەکان، ئەمەش بووەتە ڕاستییەکی زانستی بەهێز و پتەو بۆ هاتنی جۆرەکان لە یەکدییەوە و پەرەسەندنی مرۆڤ لە بوونەوەرێکی پێش خۆی (پێشینەکان). 
بەگوێرەی زانیارییە زانستییە هاوچەرخەکان، پاش دروستبوونی کۆمەڵەی خۆر بە زەوییەوە، ئینجا ژیان سەری هەڵداوە نەک بە پێچەوانەوە. بنچینەی پەرەسەندن و مانەوەی زیندەوەران گونجان و سازان بووە لەگەڵ ژینگەکەیان، بۆیەش پێکهاتنی لەشی بوونەوەری زیندوو بەندە بە شوێنی ژیانیان بۆ وەرگرتنی ماددەی پێویست بۆ پێکەوەنانی لەشیان، ئەوەشە هۆکاری هاویەکییەکی پڕاوپڕی لەشی مرۆڤ و ئاژەڵانی دیکە لە شیردەر و خشۆکەکان. بە نموونە، ماددەی لەشی مرۆڤ و مەیموونە باڵاکان 99-100% وەک یەکن، بە رێژەیەکی هاوشێوەش لەگەڵ مانگا، مشک، بزن، شێر، فیل و هی دیکە.
گریمانەی خۆڵ و قوڕ جگە لە ئەفسانەیەک هیچی دیکە نییە و لە هەر لایەنێکییەوە لێی بڕوانیت لەگەڵ دۆزەوە زانستییەکاندا یەک ناگرێتەوە و ناتوانێت ڕاڤەی دیاردە سروشتی و تێبینییە بایۆلۆژییەکانی پێکهاتەی لەشی زیندەوەران بکات.
بۆ نموونە، بیردۆزی پەرەسەندن پێی دەکرێ زۆر بەچاکی بوونی گۆی مەمکەکان لە پیاواندا لەڕێی کاری جینەکان و میکانیزمە جۆراوجۆرەکانه ڕاڤە بکات، بەهەمان شێوە پەرەسەندن تاکە بوارە هۆکاری هەڵەی جینەکی و نەخۆشییە بۆماوەیییەکانمان بۆ دەستنیشان دەکات، ئەی باشە گریمانەی خۆڵ چی هەیە بۆ ئەمانە؟ 
بەهەمان تێڕوانین، بیرۆکەی قوڕ و گڵ چیمان پێ دەڵێت دەربارەی بوونی جینی بەرپرس لە دروستکردنی ڤیتامین سی لە جینۆمی مرۆڤ، بەڵام بەشێوەی جینێکی پەککەوتوو و سست و بێ فەرمان کە بەوەش مرۆڤ ناچار دەبێت لە ڕێی خۆراکەوە ئەو جۆرە ڤیتامینە وەربگرێت؟ ئەم جۆرە بۆچوونە چۆن دەکارێ شیکردنەوەیەکمان بخاتە بەردەست بۆ هۆیەکانی هەبوونی 80%ی جینە پەککەوتوو و مردووەکان لەناو خانەکانی لەش، ئەوانەی لەلای ئاژەڵانی دیکە کارا و چالاکن وەک، جینی بۆنکردنە یەکجار بەهێزەکەی سەگ، جینی کلک و چڕنووکی ئاژەڵان، جینی پەڕ دروستکردن لەلای باڵندەکان؟
دواجار دەڵێین کە هاوتابوونی پێكهاتەی لەشی مرۆڤ و خۆڵ هەڵەیەکی زەقە، لەبەرئەوەی هەر یەکێک ئەگەر بیەوێت بە پشکنین و گەڕانێکی کورت لە ماڵپەڕە زانستییە ڕاستەقینەکان (نەک ماڵپەڕەکانی دەرئاسای زانستی و بانگخوازان و بازرگانانی ئاین)، بۆی بەدەر دەکەوێت ئەم بۆچوونە چەندە دوورە لە ڕاستی.
.................................

سەرچاوەکان؛