بیرکردنەوە لە پرسی بوونی خوا و ئاینەکان
23/02/2026, 0:49 (GMT+1)
ئەینشتاین: من باوەڕم بە خوای هیچ ئاینێک نییە، ئەوەشی لەمندا بە ئاینداری ناو دەنرێت سەرسامبوونمە بە یاسا و رێساکانی گەردوون بەو شێوەیەی زانست بۆمانی ڕوون دەکاتەوە.
- پێویستبوون بە ئاینەکان
هەر لە سەرەتاوە دەڵێین بوونی خوا وەک پرسێکی هزری و فەلسەفی لەلای زۆربەی هەرە زۆری مرۆڤەکاندا دەبیندرێت، باوەڕداری بە خوا لە دەرەوەی ئاینەکان، یان وەک پێوەندییەک و پێویستییەکی دەروونی هیچ کێشە و گرفتێک پەیدا ناکات، بەڵام کاتێک دەکرێتە بیانوویەک بۆ لێکدابڕان و دژایەتی کردن و قووڵکردنەوەی جیاوازیییەکان، ئەوا دەبێتە گەورەترین کارەسات.
ئەگەر ئاین لە چاخە کۆنەکان لە کۆمەڵگە بچووکەکان و هۆزە سەرەتایییەکاندا بۆ لێکگرێدانی تاکەکان و ڕێکخستنی کۆمەڵە مرۆڤێک بووبێ، ئەوا دەشێ لەو دەمەدا سوودێکی لێ بینرابێ، بەڵام بۆ ئەم سەردەمەمان ناشێ، لەبەرئەوەی ئەمڕۆکە سەردەمی یەکگرتن و دامەزراندنی یەکێتییەکان و بەجیهانیبوون و نێزیکبوونەوەی گشت مرۆڤەکانە.
هەستکردنی مرۆڤ بەوەی بوونەوەرێکی بچووکە لەو گەردوونە بێسنوورە، بوونی ترسێکی زۆر لە گشت ئەو هەڕەشە ڕاستەقینە و ئەندێشەیییانەی هەن، سەرباری خۆزگەکانی بەرەو نەمریی و ژیانی دواڕۆژ وایان لێ دەکات خوایەک دروست بکات و پەنای بۆ ببات بە مەبەستی یاریدەدان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی دووچاری دەبن. ئەمەش هیوایەکی پێ ببەخشێ بۆ سەرکەوتن پاش هەر شکستێک، چاکبوونەوە پاش هەر نەخۆشییەک، دەرەنجام پاش مردنیشی بە بەهەشت شاد ببێتەوە.
ئەم جۆرە بیرکردنەوانە هەموویان دروستین و نابێ لاریمان لێیان هەبێت، گشت مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە ترس و دڵەڕاوکێ و ئاسوودەبوون شێوازێکی تایبەتی لە ژیاندا هەڵبژێرێت بۆ دەستەبەرکردنی بەها مەزنەکانی مرۆڤ لە ڕەوشتبەرزی و پێکەوژیان و ڕێزگرتن لە یەکدی. بەڵام دیسانەوە دەیڵیینەوە کێشە و گرفتی گەورە ئەو کاتە دەستپێ دەکات گەر بێین و خواکەی خۆمان بکەینە ئامرازێک کە مافی ئەوەمان پێ بدات بڕیار لەسەر چۆنەتی ژیانی ئەوانەی دی بدەین، یان بیروبۆچوونەکانمان بەزۆردارەکی بەسەریاندا بسەپێنین، یاخۆ مافی کوشتنی کەسانێکمان هەبێ کە باوەڕیان بە ئاین و خواکەی ئێمە نییە.
- خوای ئاین، یاخۆ دروستکەری گەردوون؟
کاتێک فەیلەسوفانی خۆرئاوا دەیانەوێت بەگشتی بوونی خوایەک وەک داهێنەری گەردوون بسەلمێنن، ئاینداران لێیان وەردەگرن و دەیڵێنەوە کە هیچی بۆ خوایەکەی ئەوان نییە، ئەگەر لێکدانەوە و شیکردنەوەکانیان جوانیش بن، ئەوە لە دروستکەرێکی گەردوون دەدوێن، ئەمەش هەرگیز نابێتە بەڵگە بۆ خوای هیچ ئاینێک.
وای دابنیین خوا هەشبێت مانای وا نییە، ئاینەکان ڕاستن، ئەو کاتە ئاینێک ڕاست دەبێت، گەر خوا خۆی بێتە دەنگ و بڵێ ئەمەیان ئاینی ڕاستەقینەی منە. لەلایەکی دیکەوە ئەگەر خوا خۆشی نیشان بدات، یان بەهەر شێوەیەک بوونی خۆی بسەلمێنێت، دیسانەوە ئەوە ناگەینێت ئەو گەردوون، یان ژیان و مرۆڤی دروست کردووە، یاخۆ ئاینەکان هی ئەون، هەر ئەویش پێغەمبەرانی ناردووە، مەبەست ئەوەیە خۆنیشاندانی تەنیا بەڵگەیە بۆ بوونی ئەو و هیچی دی.
گەلەک لە ئاینداران گوتە و بیروڕای زاناکان دەکەنە بەڵگە بۆ بوونی خوای ئاینەکەیان، بەڵام وای دابنێین کەسێکی وەک ئەینشتاین باوەڕی بە خوا هەبێت (هەرگیز خوای ئەینشتاین خوای ئاینەکان نییە)، چی لە پرسی بوونی خوا دەگۆڕێت؟ مەبەست لێرەدا ئەوەیە ئەو لە ئێمە زیرەکترە دەبێت وامان لێ بکات بڵێین کەواتە خوا هەیە، ئەمە بەهەڵەبردنێکی لۆژیکییە (پەنابردنە بەر دەسەڵاتداریەتی)، نابێ بەکاری بهێنین، چونکە ئەو کاتەی ئەینشتاین ڕای خۆی بگۆڕێت و باوەڕ بە خواکەی هیندۆسییەکان بکات، ئایە دەبێ ئێمەش هاوڕای بین و بڵێین ئیسلام ئاینێکی ڕاست نییە؟
ئەگەر نەخشەسازی بلیمەت و هەمووتوان ئەم گەردوونەی دروست کردبێ، نابێتە بەڵگە بۆ بوونی هیچ یەکێک لە خواکان، بۆیە باوەڕداران دەبێ بیر لەوە بکەنەوە دەشێ خوایەکی دیکەش هەبێ گەردوونێکی دی دروست کردبێ، واتە هەر خوایەک گەردوونێکی تایبەت بەخۆی هەیە و سەرپەرشتی دەکات، یاخۆ لەوانەیە ئەو خوایەی تۆ باوەڕت پێی هەیە، نوێنەری خوایەکی دیکەی بەهێزتر بێت. هەروەها دەبێ باش لەوە تێ بگەین جیاوازی هەیە لە نێوان دروستکەر و خوا، مەبەست ئەوەیە جگە لەم ئەگەرانەی ئاماژەمان پێیان کرد، هاوکات دەشێ ئەم گەردوونەمان لەلایەن شارستانیەتێکی زۆر پێشکەوتوو لە کارگەیەکدا دروست کرابێ، ئەو شارستانیەتییەش پێناسە نییە بۆ هیچ خوایەک.
ئەگەر خوا ئەم گەردوونەی لە پێناو ئێمەی مرۆڤ دروست کردوە، ئەی بۆچی ناتوانین لەسەر ئەستێرە و هەسارەی دیکە بژین، بۆچی لەشمان بەرگەی پلەی گەرمی زۆر بەرز و نزم ناگرێت، بۆچی ئەم گەردوونە بێسنوورە دروست کراوە، لە کاتێدا تەنیا یەک خاڵ تێیدا بەکار هێنراوە، ئەو زێدەڕۆیییەی بۆچییە، هیچ نەخشەساز و ئەندازیارێکی ژیر هەیە نەخشەی خانوێکی ملیار ژووری بکێشێت تەنیا یەک دانە ژووری بۆ نیشتەجێبوون بشێ؟ ئەوە لە کاتێکدایە زاناکان دەڵێن، ئەوەی لەو گەردوونەماندا دەیبینین تەنیا بەشێکی یەکجار کەمە لەوەی هەیە، ئەوەی دیکە هەمووی نەبینراو و شاراوەیە هەم لە مەزنییەکەی و هەمیش لە پێکهاتەکەی (هاوشێوەی ماددە و وزەی تاریک).
- مرۆڤ و پێناسەی خوا
خوا چییە و بەچی پێناسە دەکرێ؟ دەڵێن دروستکەر، دروستکەری چی بووە بەر لە بوونی گەردوون؟ دەڵێن، بەخشندە، بەبەزەیی، دادپەروەر و هەموو ئەو ڕەفتارانەی دیکە، لێرەشدا دەپرسین، پێش هەبوونی زیندەوەران و مرۆڤ، بەخشندە و بەزەیی بەرانبەر بە کێ؟ واتە پێناسەی خوا بەندە بە بوونی ژیان و بە پلەی یەکەمیش مرۆڤ. پاشان سزادەری خاوەن دۆزەخ، بەزەیی و بەخشندەی بێپایان چۆن لە یەک شتدا کۆ دەبنەوە، ئەگەر بەخشندەی بێسنوور و بێپایان بێت، دەبێ لە هەموو کەسێک ببەخشێ، ئەوەشی کرد ئەی ئەو سزا و دۆزەخە بۆ کێیە، گەر بەخشندەی بێپایەنە بۆ لە هەڵەی ئادەم و حەوای نەبەخشی، تا هەموومان لە بەهەشت بمێننەوە؟
ئەگەر خوا هەیە چاکەکاری بێپایانە ئەی ئەو هەموو خراپەکارییەی هەیە چی لە مرۆڤەوە بێت لە کوشتن و بڕین، یاخۆ لەسروشتەوە بێ لە بوومەلەزە و لافاو و نەخۆشییە درمەکان و شێرپەنجە و چەندان کارەساتی دیکە کە بە دەیان و سەدان هەزار کەس دەکوژێت، لە کوێوە هاتووە و کێ لێی بەرپرسیارە؟
ژیانێکی هێندە کورت ناکاتە یەک چرکە لە تەمەنی گەردوون، کەچی سزاکەی ئێش و ئازار و سوتاندنێکە هەرگیز کۆتایی نایەت و هەتاهەتایە درێژ دەبێتەوە، ئایە ئەمە ڕاستە و کارێکی دادپەروەرانەیە؟ خۆ من ئازادیش بم لە بڕیارەکانم، بەڵام ئازاد نەبوومە لە بوونم، من بڕوا بە خوا نەکەم بچمە دۆزەخ، بۆ تاوانەکەی لە ئەستۆی من بێت، ئەو دەیزانی من لە بێباوەڕان دەبم و دەچمە دۆزەخ، بەبێ پرس پێکردنم منی دروست کرد، هیچ کاتێکیش من بەڵێنی ئەوەم پێ نەداوە ئەگەر دروستی کردم دەی پەرەستم. تەنیا ئەوەش نییە، بڵێ ئەگەر باوەڕ بە ئاینی من بکەی دەتبەمە بەهەشت، گەر باوەڕیش نەکەی ناڵی ئارەزووی خۆتە و بەهەشتت لەدەست دەچێ، نەخێر، هەتاهەتایە دەچیتە ناو دۆزەخ. وەک ئەوەیە یەکێک داوای کڕینی کاڵایەکی نایابت لێ دەکات، پێت دەڵێ دەکڕی ئەوا سوودی لێ دەبینیت، بەڵام ئەگەر نەیکڕی ئەوا دەتسوتێنم!
مەبەستی خوا لە دروستکردن چییە؟ دروستکردن و داهێنانی هەر شتێک دەبێ داخوازی و پێویستییەکی تێدا هەبێت، ئەوە چی سوودێکی بۆ خوا هەیە، خوا هەموو سەرەتا و کۆتاییەکان و دەرەنجامەکان بزانێت، ئەمە بۆچی دەکات؟ بۆ ئێمەی مرۆڤیش گەر لەسەر بنچینەی سوودەوە بڕوانینە خوا و ئاینەکان دەکرێ بپرسین، سوودی بوونی خوا و باوەڕپێهێنانی بۆ مرۆڤ چییە؟ نەخۆشی، لەشساغی، هەژاری، دەوڵەمەندی، ئازار و خۆشی بەشی هەمووانە چ خواپەرست ببین، یان نەبین، ئەمەش ئەوە دەگەینێت باوەڕداری هیچ تایبەتمەنییەکی پەسندکراو بە خاوەنەکەی نابەخشێت.
لەبارەی دروستبوونی مرۆڤەوەش، زانست وەڵامی زۆر پرسیار دەداتەوە کە لەمێژە ئاین خۆی لێ کردبووە دەمڕاست، هەرچەندە وەڵامێکی ڕاست و گونجاویشی نەبووە. زەویناسی و زەویکۆڵزانی و زانستەکانی ژیان گەلێک بەڵگەی گرینگی پێمان داوە بۆ سەلماندنی ئەوەی مرۆڤ هەرگیز بەشێوەی ئێستەی هۆشمەند و ژیر سەری هەڵ نەداوە، بگرە بە مێژووێکی یەکجار دوورودرێژی ملیۆنان ساڵ تێپەڕیووە لە گۆڕان و پەرەسەندن وەک هەموو ئەو ئاژەڵ و ڕوەکانەی پێشان هەبوون و ئەوانەی ئەمڕۆکە هەن. ئەم زانیارییانە دەرەنجامی چەندان تۆژینەوە و پشکنینی یەک لەدوای یەکن و لە زانستی هاوچەرخدا بەتەواوی چەسپاون، بێگومان ئەمانەش بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو بیروڕا ئاینییانە یەک ناگرنەوە کە مرۆڤ ڕاستەوخۆ و بەشێوەی ئێستاکەی لەلایەن خواوە دروست کراوە، ئەوەی بەندە بە چیرۆکی تاوانەکانی ئادەم و حەوا و شەیتان و سێوی بەهەشت.
- شوێنی پێغەمبەران و تواناکانی خوا
باشە بۆچی ئاینەکانی بەناو ئاسمانیی بەر لە چەند هەزار ساڵێک تەنیا لە ڕووبەرێکی زۆر تەسکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دواکەوتوو سەری هەڵداوە و خوا چەندان پێغەمبەری یەک بەدوای یەک بۆ مرۆڤایەتی ناردووە؟ بۆچی لەو دەمەدا بۆ چینییەکان پێغەمبەرێک نەهات کە خاوەنی شارستانیەت بوون و خوێندن و نووسینیان هەبووە، ژمارەشیان بە سەدان جار لەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەراست پتر بووە، ئایا ئەو دەمە ناوی فریشتەکانی خواش لەبری سریانی و عیبری، چینی نەدەبوون؟
نازانین بۆ پێغەمبەرەکانی خوا هیچیان ئەندازیارێک، یاخۆ پزیشکێک یان فەیلەسوفێکی ناودار نەبوونە؟ بۆ خوا سەردەمی نەزانین و تاریکی هەڵبژارد بۆ ناردنی ئاین و پەیامبەرەکانی، بۆ ئەمڕۆ یەکێک نانێرێت بکارین گفتوگۆی لەگەڵدا بکەین و بزانین تا چی ڕادەیەک بەڵگەکانی ڕاستن؟
باوەڕدارانی پێشوو کۆمەڵە مرۆڤێک بوون باوەڕیان بەوانە کردووە کە وەک خۆیان مرۆڤ بوونە، ئەوانیش بە کۆمەڵەیەکی پێشووتر، تا دەگاتە ئەوانەی باوەڕیان بە کەسێک کردووە گوایە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبووە بە خوا. بەڕادەیەک ئەگەر ئەوان دەرئاسای (موعجیزە) پێغەمبەرانیشیان بینیبێ، من چۆن دەتوانم باوەڕ بە شتێکی ناسروشتی بهێنم، دەرئاساش ئەگەر لە ڕاستیشدا هەبووبێ بۆمن چییە کە خۆم نەی بینم، یان بۆ ئەمڕۆکە موعجیزەیەک نانێرێت؟ یاخۆ بۆ خوا هیچ موعجیزەیەکی وای نەنارد تا ئەم کاتەمان بمێنێت و ببێتە بەڵگەیەکی پتەو بۆ تێکڕای مرۆکانی جیهان؟ کەچی ئەوانەی مرۆڤ دروستی کردوون و جێی سەرسڕمانن وەک هەرەمەکانی میسر و شوورەی مەزنی چین کە ئێستەش ماون.
هەوڵدانی خوا بۆ ئەوەی باوەڕی پێ بهێنین لەپێناو چییە، بۆ ئەو هەموو پەیامبەرە دەنێرێت بۆ هەڕەشە و ترساندن، ئایا ئاسانتر نەدەبوو بە هەر شێوازێک بیەوێ وامان لێ بکات ببینە باوەڕدار؟ ئەگەر من ئاوا گرینگم و نوێنەری خوام لەسەر زەوی بۆچی ڕووبەڕوو لەگەڵم نادوێت؟ ئایە خوا ناتوانێت، لەگەڵ هەریەکێکمان بەجیا بدوێت و پێمان بڵێت پێویستە چی بکەین و چی نەکەین؟ بۆچی گفتوگۆکانی خوا لەگەڵ نێردراوەکان و گەیاندنی گوتەکانی بەنهێنی بووە و کەس نەی بینیووە، ئایە ناکرێ خوا لە پێش چاوی هەمووان پێغەمبەرەکەی هەڵ ببژێرێت، بشڵێت ئەوانەی لە ڕێڕەو و فەرمانەکانی ئەم کەسە لا بدەن ئەمە و ئەوەیان بەسەردا دێت؟
بیرمان لەوە کردۆتەوە ئەوەی شەڕی لەسەر دەکەین، ئاینێکە لە پێشینان و باب و باپیرانەوە بۆمان ماوەتەوە، لەبەرئەوەی ئەگەر لە هیندستان ببین دەبینە بووزی، یان سیخی، یا هیندۆسی، لە ئەورپاش بین ئەوا یان جوو، یانیش کرستیانین. هەرگیز ئاین و باوەڕداری بەتەواوی بژاردەی کەسەکان نییە، ئەی چی بەوانە بڵێین بێئاینی و بێخوایی لە دایک و باوکیانەوە وەردەگرن؟
%99.99ی باوەڕداران لە جیهان باوەڕیان بەو ئاینە هەیە لە کۆمەڵگەکەیاندا هەیە نەک بە تێگەیشتن و لێکۆڵینەوەی خۆیان، هەمووشی پێی وایە بەختەکەی باش بووە و دەبێت سوپاسی خواکەی بکات خستییە ئەو کۆمەڵگەیە، ئەمەش نەک لە ئاینەکان بگرە لە ئاینزا و مەزهەبەکانیشدا هەر وایە. دەڵێن تەنیا ئێمە ڕاستین و گەلی هەڵبژێراوی خواین و خوا بەزمانی ئێمە دەدوێت، سەرلەبەری مرۆڤانی ئاینەکانی دی گومڕا و خوانەناسن. تێکڕای ئەفسانە و شتگەلە ناسروشتیی و چەمکە نالۆژیکیییەی لە ئاینەکەی خۆیاندا هەیە هەستی پێ ناکەن، کەچی ئەوانەی ئاینەکانی دیکە زۆر بەزەقی دەبینن و ڕەخنەیان لێ دەگرن و گاڵتەیان بە گوتە و کتێبە ئاینیییەکانیان دێت. کەس لەخۆی ناپرسێت، گەر هەمووی ئاینی خۆی پێ ڕاست بێت، ئایە ئەگەری ڕاستبوونی ئاینەکەی من دەبێت چەند بێت؟
- ئاین و سەرچاوەی ڕەوشت
کەسانێک هەن بێخوان، هاوکات مرۆڤی چاکیشن، ئەوەش وامان لێ دەکات بڵێین، چاکەکاری و بەرزەڕەوشتی پێوەندی بە ئاینەوە نییە، بگرە گشت ڕەفتارێک لە خودی مرۆڤەوەیە، بەوەی من لەهەر کۆمەڵگەیەکدا بژیم لەتەک ئەو مافانەی هەمە گەلەک ئەرکیشم لەسەرە.
ڕەوشتبەرزی پێداویستییەکی گرینگە بۆ بەردەوام بوونی ژیان، ئەمەش لە کۆنەوە و پێش بوونی ئاینەکانیش مرۆڤ پێی زانیووە، فەلسەفەکانی یۆنانی کۆنیش پڕیەتی لە بنەماکانی ڕەوشت کە لەناوەوەی مرۆڤەوە هەڵقووڵاون، نەک خوا فەرمانی پێ کردبن، ئەم بنەمایانە لە هەموو شوێنێک و سەردەمێکدا هەمان بنەمان. پێویستیم بە هیچ کتێبێک نییە، فێرم بکات درۆ نەکەم، نەکوژم، دزی نەکەم و کەس فریو نەدەم، ئەمانەشم لەبەرئەوە نییە، لە خوا دەترسم بۆیە وا دەکەم، بگرە ویژدانم داوام لێ دەکات، بۆ ئەوەمە ببمە مرۆڤێک لەگەڵ کۆمەڵگەکەمدا خۆم بگونجێنم و ڕێزم هەبێت. مەبەستیش ئەوە نییە، بڵێین مرۆڤێک هەبێ و هیچ کارێکی خەراپی نەکردبێ، هەموو کەسێک دەشێ لەتەک چاکە بەدکاریشی کردبێ.
بە کەسێکی بێخوا مەڵێ گەر باوەڕت بە خوا نییە، بۆ خەڵک ناکوژی؟ لەوانەیە باوەڕداران ئەم کارە نەکەن، تەنیا لەبەرئەوەی لە سزای خواکەیان دەترسن، بەڵام هۆکاری نەکردنی ئەمە لەلای بێباوەڕ بەندە بە بەرزەڕەوشتی و مرۆڤبوونەکەی، بەڵگەی ئەمەش زۆر بەزەقی لەوەدا بەدەردەکەوێ، کاتێ ئاینێک ڕێی کوشتن بە بڕوادارانیان دەدات، دەبینین چۆن دەبنە دڕندەترین بوونەوەر بۆ سەربڕینی ئەوانەی دی.
باوەڕداران پێیان وایە گشت کردارێکی چاک و ڕەوشتێکی بەرز لە ئاینەکانەوە سەرچاوە دەگرێت و بەندە بە بوونی خوا، کەواتە هەر کۆمەڵگەیەک خاوەنی ئاین نەبێت، مرۆڤەکانی بەدڕەوشت دەبن. بەڵام لێرەدا پرسیارێک خۆی دێنێتە پێش ئەویش، گەر ئەم بۆچوونە ڕاستە بۆ ئەو وڵاتانەی باوەڕدار و ئاینداری زۆرە (وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست) پڕیەتی لە کوشتن، دزین، درۆ و گەندەڵی، بەراورد بەوانەی (ژاپۆن و وڵاتانی ئەسکەندەنافی) ڕێژەی بێئاینیان بەرزە؟
فەیلەسووف کانت دەڵێت: نەک تەنیا ئاینەکان، بگرە هۆشمانیش وامان لێ دەکات بەڕەوشت بین و هەست بە لێپرسینەوە بکەین بەرانبەر بە کەسانی دیکە و چاکەیان لەگەڵدا بکەین، ڕەوشتی بەرز کردارێکی هۆشەکییە، نەک تەنیا فەرمانێکی خوایی بێت. مەبەستی کانت ئەوەیە گەلەک هەڵسوکەوت و ئاکار هەن دەشێ بکرێنە یاسایەکی جیهانی لە تێکڕای کۆمەڵگەکاندا پێڕەو بکرێن، بەبێ ئەوەی ناکۆکیش پەیدا ببێت لەگەڵ بەرژەوەندییە گشتییەکان. پێش کانتیش ئەریستۆ کتێبێکی دربارەی ڕەوشت نووسیووە، بەبێ ئەوەی یەک وشەی تێدا هاتبێت لەسەر خوا و بەهەشت و سووتاندنی ناو دۆزەخ. لەوانەش گرینگتر گوتە زانستییەکەی (داروین)ە کە دەڵێت: هەڵبژاردنی سروشتیی بنچینەی سەرەکیی ڕەوشتە، ئەو کردەوە چاکانە زۆرجار بەبێ بوونی هۆشێکی ئاگا و هەستکردن بەخۆشی ئەنجامیان دەدەین، دەرنجام سوودی بۆ جۆرەکەمان کە مرۆڤە دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوەی زۆرترینی ئەوانە لە ژیاندا دەمێننەوە باشترین و زیاترین توانایان هەیە بۆ مانەوە، ئەم بنەمایە هەموو شتەکان دەگرێتەوە کە ڕەوشتیش بەشێکە لێی.
هەواڵی تر
هەواڵی بەناوبانگ















