مرۆناسی و سەرهەڵدانی ئاین و بیرۆکەی بوونی خوا

15/02/2026, 22:49 (GMT+1)
زانستی مرۆڤ، یاخۆ مرۆناسی (Anthropology)، تۆژینەوەیەکی زانستی هەمەلایەنە لەبارەی مرۆڤ: ڕەفتار و هەڵسوکەوتی، پەرەسەندن و خۆگونجان و توانی لەشی و هەمەجۆری ڕەچەڵەکانی لە ڕابردوو و ئێستەیدا، کۆمەڵگەکەی و داب و نەریت و بیروباوەڕەکانی، مێژوو و شوێنەوار و کەلوپەلی بەجێماوی، زمان و کاریگەری لەسەر فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییەکەی، گەلەک بابەتی دیکەی پەیوەست بە مرۆڤ. هەموو ئەمانەش بۆ تێگەیشتن لە جۆراوجۆری و تایبەتمەندییە جیاجیاکانی مرۆڤ و پێشکەوتنی شارستانییەتەکان.
بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستە، دەمانەوێت زۆر بەکورتی ئاماژە بدەین بە تێڕوانینی مرۆناسێکی ناودار بۆ سەرهەڵدانی بیرۆکەی بوونی خوا و ئاینەکان.
بەگوێرەی زانای مرۆناسی ئینگلیزی تەیلەر (E.B.Taylor : 1832 – 1917)، گیانگەرایی (ڕوحانییەت) ئاینی ڕاستەقینەی سروشتییە، بنچینەی گشت بڕوادارییەکە، پێناسەکەشی باوەرهێنانە بە بوونی گیان لە بوونەوەراندا کە زیندوویییان پێ دەدات. ئەم زانایە زنجیرەیەکی مێژوویی یەک بەدوای یەکی بۆ پەرەسەندنی ئاین پێشنیار دەکرد، سەرەتاکەی لە گیانگەرایییەوە دەستی پێ دەکرد و تێپەربوون بە فرەخوایی، تا دەگاتە بوونی یەک خوا و یەکتاپەرستی، ئەمەشی بە هەوڵێکی هۆشمەندنانە دەبینی بۆ مرۆکانی کۆن، هەرچەندە هەڵەش بوون.
تەیلەر لە درێژەی لێکۆڵینەوەکانیدا دەڵێت، مرۆڤە سەرەتایییەکان زۆر سادە و ساکار بوونە لە بیرکردنەوەیدا، بەتایبەتیش تێگەیشتنیان لە دیاردە سروشتییەکانی وەک، شەو و ڕۆژ، باران و بروسک و گرمەی هەور و چەندانی دیکە. هەموو ئەوانەش جێی مەترسی بووە بۆیان، کاتێکیش نەیان دەتوانی ڕاڤەیان بکەن و هۆکارەکانی ڕوودانیان بزانن، ناچار دەبوون پەنا ببەنە بەر هێزێکی نادیار و شاراوە. دەرەنجام بیرۆکەی بوونی بوونەوەرێکی خاوەن گیان سەری هەڵدا، هۆیەکەشی بۆ چەند هەستێکی دەروونی دەگەڕێتەوە لەلای مرۆڤدا دروست دەبێت، ئەو دەمەی دەخەوێ و خەون دەبینێت و دەچێتە شوێنە دوورەکان، یان چاوی بە مردنی مرۆڤانی دیکە دەکەوێت. ئەمانە وایان لێ کرد باوەڕیان بەوە هەبێت، گیان بوونێکی سەربەخۆی هەیە و دەشێ لەدەرەوەی لەشدا بژیێت، هۆکاری چەسپانی ئەم چەمکەش پتر بەند بوو بە ئەزموونی نێزیکبوونەوە لە مردن و وڕێنەکردن.
مرۆڤی کۆن توانای خۆێندن و نووسینی نەبووە، بۆیە لە لەڕێی باب و باپیر و پێشینانییەوە فێرە هەموو شتێک دەبوو، پێشینان لای ئەو سەرچاوەی گشت زانیاریییەکن، گوتەکانیان پیرۆز دەکران و دەبوونە یاسا و ڕێسایەکی گرینگ و بەهادار. لێرەدا ئەوەی لە هەمووان بەهێز و زاناترە دەبێتە گەورە و دەسەڵاتداری هۆزەکەیان، چارەسەی نەخۆشەکان دەکات، هەر کاتێکیش کێشە و ئاژاوە لە نێوان ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە ڕوو دەدات، دەبێتە ناوبژیەوان و چی بەڕاست بزانێ بە ئەنجامی دەگەینێت، هەموو لایەکیش دەبێ گوێڕایەڵی ئەو بن و لە گوتە و فەرمانەکانی لا نەدەن. بێگومان مردنی کەسێکی لەم جۆرەش گرفت و کارەساتێکی مەزنە بۆ ئەو هۆزە، بۆ دڵدانەوە و پڕکردنەوەی ئەو زیانە گەورەیە، وا بیر دەکەنەوە گیانی ئەو کەسە ئێستەش لەناویاندا دەژی و بەردەوامیشە لە ڕێنماییکردنیان.
پاشان بەمە چەمکی "پێشینانپەرستی" سەری هەڵدا، بەوەی هەر دەمێک ئەوانە دووچاری نەخۆشی، یان ڕووداوێکی نەخوازراو دەبنەوە، یەکسەر بۆ تووڕەبوونی گیانی یەکێک لەو پێشینانە دەبەنەوە و پێویستە شتێک بکەن بۆ ئاشت کردنەوەی ئەو گیانە وەک، سەماکردن و دیاریی و قوربانی پێشکەشکردن. ئاشکارشە قوربانیدان زۆر لەمێژە بووتە بنچینەی هەڵسوکەوتێکی سەرەکیی لە ئاینەکاندا. زۆر جار گیانی پێشینەکان خۆی لە شتێکی هاوشێوەی بەردێک، یان دارێکی گەورە دەنوێنێت و لەناوجەرگەی شوێنی ژیان و گوندەکەیندا دانراوە. پاشان پیرۆزیی درا بەو بەرد و دارە بە وێنەی هێمایەک بۆ ئەو گیانەی کە لەخۆی گرتووە، بەرەبەرە وای لێهات ئەو جۆرە شتانە ببنە جێی پەرستن، دەرەنجام بتپەرستی هاتە کایەوە.
هەندێک هۆز و کۆمەڵە پێیان وا بووە دیاردە سروشتییەکانیش خاوەنی گیانێکی شاراوەن، بەمەش بەرەو ئەوەیانی برد ئەستێرەکان و خۆر و مانگ بکەن بە خواوەند. خۆر و مانگ یەکەمین ئەو تەنە ئاسمانییانەن سەرنجی مرۆڤیان ڕاکێشاوە، خۆر لەبەرئەوەی سەرچاوەی ژیانی زیندەوەرانە بە ڕوەک و ئاژەڵەکانیەوە، مانگیش بێگومان لە شەوی تاریکی ئەو ساتانەدا نرخ و بەهایەکی زۆری هەبووە. لە دواییدا ئەم دوو تەنە ئاسمانییە گەلەک پێناسەی جۆربەجۆریان پێدرا لەوانەی بە خواوەندەکان دەبەخشرێن، ئەوانەی زۆر دوور بوون لەو تایبەتمەندییە ماددەیی و سروشتییانەی هەیانە، بەمە بوونە سەرچاوەی هێزێکی نەدیار و ناوازە کە کەس نەتوانێت لە چییەتییان تێ بگات.
لە سەردەمکیشدا مرۆڤ فێری کشتوکاڵ بوو، ئاوی ڕووبار و باران بوونە بنچینەی سەرەکیی بژیوی، ئەمەشیان زەوی و پیتییەکەی کردە نموونەی دایکێک کە منداڵی زۆر دەنێتەوە، دەرەنجام لە زۆر شارستانییەتە دیرینەکاندا بیرۆکەی بوونی "خواوەندی دایک" لەلای مرۆڤدا پەیدا بوو. نێزیکەی 4.000 ساڵ بەر لە زایین شارستانییەتە یەکجار مەزنەکەی سۆمەرییەکان دێتە پەیدابوون، گەلەک شار و چەندان پەرستگەی گەورە بۆ خواوەندەکانیان دروست دەکەن. پاش ئەوانە بابلییەکان (باب ئەیل: ئەیل خواوەندی سامیییە کۆنەکان) دێن کە خاوەنی کۆمەڵێک چیرۆکن لەسەر پەیدابوونی گەردوون و ژیان و مرۆڤ. بە بۆچوونی بابلییەکان خواوەندەکان لە سەرەتاوە لەو ئاوە پیرۆزەی لە کۆنی هەرە کۆنەوە هەبووە سەریان هەڵ داوە، لەلایەن ئەوانیشەوە خوای ئاو و خوای زەوی، خوای ئاسمان و خوای دەریا، پاشان خوای خۆر دێتە هەبوون، دواجار ئەو خواوەندی خۆر (مەردۆخ) مرۆڤ دروست دەکات. ئەگەری زۆرە ئەو ئەفسانەیەی مەردۆخ کاری لە نیشتەجێبووانی ئەو شوێنانە کردبێ (خاکی کەنعان) کە ئاینی جووەکانی لێ پەیدا بووە، لەبەرئەوەی ئەوانیش سەرەتا چەند خواوەندێکیان هەبووە، گەورەکەشیان ناو ناوە بە (ئەل)، بۆ ئەوەشی لە بیری مرۆڤی نێزیک بکەنەوە چەندان بتیان لە شێوەی جیاجیا بۆ داتاشیووە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەش مرۆڤ هەمیشە بیری لە دروستکەری سەرەتا، یاخۆ خواوەندی یەکەم کردۆتەوە، بەوەی بەهێز و بەتوانایە و هەموو شتێک لەبن دەستی ئەوە و سەرچاوەی سەرەکی بوونی گشت بوونەوەرانە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە پێیان وابووە ئەو خواوەندە هەرچەندە مەزن و بەهێزیش بووە، بەڵام هەر پێویستی بە یارمەتیدەر هەیە بۆ ڕێنیشاندان و ڕێکخستنی ژیانی سەر زەوی. بە پێشکەوتنی مرۆڤ ئاینەکانیش گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، ئەمەش وای لێیان کردووە بیریان بۆ ئەوە بچێ دەشێ خوا فریشتەی هەبێ و یارمەتی بدەن بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان، هاوکات یەکێکیش وەک نێردراوێکی خۆی دەستنیشان بکات تا ڕێی ڕاست و چەوت بۆ مرۆڤەکان ڕوون بکاتەوە، پاشان بیرۆکەی پەیامبەر (ئیبراهیم)ی باوکی پەیامبەرەکان دێتە ئاراوە. دوای ئەمیش چەندان پەیامبەری دیکە هاتن هەریەکەیان خۆی بە نەوەی ئیبراهیم دادەنا، دەرەنجام ئەو سێ ئاینە سەریان هەڵدا کە هەر هەموویان خۆیان بە ئاینداری ڕاستەقینەی خوا دەزانن، ئەوانەی دیکەش بە گومڕا و ساختەکار دادەنێن.

سەرچاوەکان؛