هاویەکی لە زیندەوەراندا: بۆچی لەشی مرۆڤ و زۆربەی ئاژەڵان لە دوو نیوەی هاوشێوە پێک دێت؟
21/01/2026, 23:13 (GMT+1)
هەر دەمێک لەم سروشتە دەڕوانین، دەبینین هەموو لایەکمان پڕە لە جۆر و شێوە لێکچووەکان، ئەوانەی بەهێمنی و بەوردی چەندبارە دەبنەوە، لە گەڵای دارەکانەوە بگرە تا دەگاتە لەشی بوونەوەرەکان و ئەو ڕووخسارە جوانانەی کە خۆشمان دەوێن. لێکچوونەکان ڕێکەوت نین و بەندن بە بنەمایەک و تایبەتمەندییەکی بنەڕەتی کە ناو دەنرێت بە "هاویەکی"، ئەوەی بووەتە یەکێک لە قووڵترین و جوانترین نهێنییەکانی گەردوون.
دەشێ بپرسین، بۆچی زۆربەی بوونەوەرە زیندووەکانی وەک، مرۆڤ، سەگ، شێر، ماسییەکان و مێش و مەگەزەکانیش هاویەکی هەیە لە لەشیاندا؟ ئایا دەبێ ئەو هاویەکییە سوودێکی هەبێت و وای لە هەڵبژاردنی سروشتی کردبێ پەسندی بکات و بیهێڵیتەوە؟
هاویەکی لە ئاستە هەرە بچووکانیشدا بوونی هەیە لە پێکهاتە نیوچە گۆیییەکانی گەلەک لە میکرۆبەکان، جینەکان، یەکە هاوشێوە بۆماوەیییەکان و پڕۆتینە جۆراوجۆرەکان.
ئەوەی جێی سەرنجە بوونەوەرە ئاسمانییە ئەندێشەیییەکانیش زۆر جار لە مێشکماندا لەشیان هاویەک وێنا دەکەین، بەڵام ئاخۆ ناشێت جێنشینانی هەسارەکانی دیکەی گەردوون (ئەگەر بوونیان هەبێ) هیچ هاویەکییەک لە لەشیاندا نەبێت؟
زۆر لەمێژە مرۆڤ لە گشت بوارێکدا هاویەکی دەخاتە دروستکراوەکانی، بەتایبەتیش لە تەلارسازی خانوو و کۆشک و پەرستگەکانیدا، لە دارتاشی و کەرەستە و ئامرازە گڵینەکان، لە هونەر و موزیک.
یاسا و ڕێسایە فیزیکییەکان دەی سەپێنن، بەوەی هەر کاتێک تەنێک دووچاری هێزی کێشکردن دەبێتەوە، پێویستە لە لایەکانییەوە بەرەو تەوەرەی ستوونییەکەی هاویەکییەکی تێدا هەبێت. ئەو دەمەی سەیری ئۆتۆمبیلێک دەکەین، دەبینین لە زۆرینەی بەشەکانی هاویەکە، لەبەرئەوەی داهێنەر و نەخشەسازەکەی جگە لە پێدانی جوانی، هەوڵ دەدات جێگیری و هاوسەنگییەکی دینامیکی و میکانیکی بەدەست بهێنێت.
هاویەکی وامان هەیە هێندە ناسراوە کە نەتوانین بەبێ ئاگایی و وردبوونەوە جیای بکەینەوە، ئاوێنە نموونەیەکی گەلەک باوە بۆ دروستکردنی هاویەکی و هەڵگێڕانەوەی دوو لای شتەکان، بەوەی لای ڕاست دەکاتە چەپ و چەپیش دەکاتە ڕاست.
هاویەکی (التناظر - (Symmetry، لە (summetría) گریکی کۆن وەرگیراوە بە واتای لێکچوون و گونجانی دوورییەکان، ڕێکهاتنەوە و ڕیزبوون، هاوسەنگی و جوانی لە ژیانی ڕۆژانەدا.
لە لۆژیک و زانستەکانیشدا هاویەکی بوونی هەیە، بەتایبەتی لە ماتماتیکدا پێناسەیەکی وردی بۆ دانراوە و ئەو دەمە بەکار دەهێندرێت کە تەنێک جێگیر و نەگۆڕ بمێنیتەوە کاتێک هەندێ شتی لێ ڕوو بدات هاوشێوەی، گواستنەوە و خوولاندنەوە، یاخۆ هەڵگێڕانەو و لەتکردن. بۆ نموونە، سووڕاندنی چوارگۆشەیەک بە 90 پلە بۆ هەر لایەکی هەست بە هیچ گۆڕانێک ناکەین.

هاویەکی لە بوونەوەرانی زیندوودا
زانست پێمان دەڵێت کە ژیان نێزیکەی 3.8 ملیار ساڵە سەری هەڵداوە لە شێوەی بوونەوەرە یەک خانەکان، ئەوانەی بەبێ گۆڕانێکی گەورە مانەوە تا پێش ملیارێک ساڵیش، ئەو دەمەی هەندێ زیندەوەری یەک خانەیی جیاواز پەیدا بوون کە بە "قامچیدارەکان" دەناسرێن، واتە ئەوانەی قامچی، یاخۆ کلکەکانیان بەکار دەهێنن بۆ جووڵەیان. هۆکاری جیاوازییان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کاتێک کۆ دەبوونەوە جۆرە تۆپەڵێک یان خانووێکی گۆیییان پێک دەهێنا. بەڵگەکان ئاماژە دەدەن بەوەی ئەمانە پێشینەی هەرە کۆنی ئاژەڵە فرەخانەکانن کە پێش 700 ملیۆن ساڵ لەسەر زەویدا ژیاون، پاشان بە هەموو لایەکی جیهاندا بڵاو بوونەوە. ئاشکراشە کە گۆ لە خودی خۆیدا چەندان جۆرە هاویەکییەکی تێدا هەیە، هاویەکی دوولایی ئەگەر بە تیرەیەک لە ناوەڕاستییەوە دوولەتی بکەین، ئەوا نیوە بەشی تەواو هاوتا و هاوشێوەی نیوەکەی دیکەی دەبێت.لە زیندەوەرزانیدا وێکچوونی شێوەی بەشەکانی لەش لە شوێن و ئاراستە جیاجیاکان پێناسەیە بۆ هاویەکی لە ئاژەڵەکاندا. بەگوێرەی ئەم هاویەکییە دەتوانین ئاژەڵەکان پۆلێن بکەین بۆ ئاژەڵە هاویەکە دوولایییەکان (Bilateral Symmetry)، هاویەکە تیرێژەیییەکان (Radial Symmetry)، هاویەکە گۆیییەکان (Spherical Symmetry)، ئاژەڵە ناهاویەکەکان (Asymmetry).

ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لێرەدا ڕوونی بکەینەوە گرینگی بوونی هاویەکییە لەلای زیندەوەران، بۆ ئەمەش زاناکان دەڵێن، هۆکاری هاویەکی لە ئاژەڵاندا بوونی هەندێ یاسای فیزیکییە کە دەتوانن ڕاڤەیەکمان پێ بدەن بۆ مانەوە و بەردەوامبوونی ئەو تایبەتمەندییە. وەک پسپۆڕان ڕوونی دەکەنەوە کە جووڵەی سەرجەم بوونەوەرانی زیندوو بەندە با یاساکانی فیزیک، لەبەرئەوەی دەگوترێت کە ژیان لە ئاوەوە دەستی پێ کردووە، ئەوا لۆژیکییە سەیری چۆنەتی مەلەکردنی ماسییەکان بکەین، دەبینین جارێک لایەکی لەشیان گرژ دەکەنەوە پاشان لایەکەی دیکەیان، بەمەش تێ دەگەین هاویەکی چەندە گرینگە بۆ زیندەوەران.
زۆربەی ئاژەڵان هاویەکییەکی ئاوێنەیییان هەیە، هەرچەندە ئەندامەکانی ناوەوەیان بە هاویەکییەکی تەواویش ڕیز نەبوونە.
ئەو ئاژەڵانەی دەکرێ دابەش بکرێنە دوو بەشی یەکسان لە چەپ و ڕاست، ئەگەر لە ئاستی ستوونی بە تەوەرەی ناوەڕاستی لەش، وەک کرمە تەپیوەکان و مرۆڤ و گەلەکی دیکە بە هاویەکە دوولاییەکان دەناسرێن. ئەوانەشی بشێ ببنە دوو نیوەی هاویەک لە هەر ئاستێکی تیرێژییەوە، پێیان دەگوترێت هاویەکە تیرێژەکان، بە نموونە لالەی دەریا و مەرجان و ئەستێرەی دەریاکان. کاتێکیش ئاژەڵێک بۆ دوو بەشی هاویەک دابەش نەکرێت بە ئاژەڵە ناهاویەکەکان ناو دەنرێت وەک ئیسفەنج.
ئاژەڵەکانی بە یەک ئاراستە دەجوولێنەوە پێویست بە بوونی بەشی سەروو و ژێرەوە و دوا ئەندامەکانی سەر و کلک هەیە، واتە ڕاست و چەپ، سەر تایبەتە بە دەم و ئەندامەکانی هەست، لەشیش دەبێتە هاویەکییەکی دوو لایەنی بە مەبەستی جووڵە و ڕۆیین، لەگەڵ دووانەیەکی هاویەک لە ماسوولکە و بەشەکانی ئێسکەپەیکەر.

زۆرینەی ڕوەک و ئاژەڵە جێگیر و پێک بەستراوەکان وەک ئەستێرەی دەریا و ژیژکی دەریا هاویەکییەکەیان تیرێژی و بازنەیییە، ئەمانەش گونجاون بۆ ئەگەری هاتنی خۆراک و هەڕەشەکان لە هەموو لایەکەوە.
هاویەکی پێداویستییەکی پیشەیی گرینگە لە زیندەوەراندا و هۆکارێکە بۆ پترکردنی سازان و توانا لەشییەکانیان، بە نموونە هاویەکی باڵەکان مەرجی سەرەکی فڕینە لە باڵندەکان، لە مرۆڤیشدا ڕۆیین و هاتوچۆکردن گەلەک سەخت و دژوار دەبێ ئەو دەمەی پێیەک کورتتر بێت لەوەی دی. نەبوون و شکاندنی هاویەکی دوولا پێناسەیە بۆ لێک نەچوونی نیوەبەشی چەپ و ڕاست، وەک ئەوەی لە جۆرە تەختە ماسیەکدا دەبیندرێت ناسراوە بە ماسی (plaice fish) ئەوەی هەردوو چاوی لە یەک لای سەریەوەیە، یاخۆ نێرە قڕژاڵی کەمانجە (fiddler crabs) کە جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان پەلێک و یەکێکی دیکەی.

سوودەکانی بوونی هاویەکی لە زیندەوەراندا
هاویەکی لە زیندەوەران کۆمەڵێک تایبەتمەندی سوودبەخش بەدەستەوە دەدات، بەتایبەتیش هاویەکی دوولایی لە ئاژەڵاندا ژمارەیەکی زۆر لە نیشانەی ئەرێنی دەهێنێتە کایەوە، ئەوانەی کاریگەرییەکیان هەیە بۆ زۆربوون و پڕۆسەی پەرەسەندن.- چاککردنی جووڵە و هاتوچۆ: هاویەکی دوولایی گەلەک ساز و گونجاوە بۆ جووڵەی ڕێکوپێک بە ئاراستەیەکی دیارکراو، ئەمەش یەکجار گرینگە بۆ ڕاوکردن و ڕاکردن لە ئاژەڵە ڕاوکەرەکانیان.
- هاوسەنگی و جێگیری: بوونی لەشێکی هاوسەنگ لەگەڵ پەل و باڵ و پەڕە دووانەیی توانایییەکی چاکە بۆ هاوسەنگی بەپلەی یەکەم بۆ ئاژەڵەکانی سەر زەوی، ئەوانەی لەکاتی جووڵەیان پێویستیان بە جێگیری لەش هەیە.
- لێهاتوویی: ئاشکرایە کە لەشە هاویەکەکان لە جووڵە و هاتوچۆیاندا وزەی کەمتر بەکار دەبەن بەراورد بە شێوە ناهاویەکەکان.
- باشترکردنی ئاراستەی هەستەکان: هاویەکی دوولایی وردیی و چالاکی ئەندامەکانی هەست لە بەشی پێشەوەی لەشدا پتر دەکات. بۆ نموونە، بە دوو چاو ڕووبەرێکی فرەوانتر و چڕتر دەبیندرێ و بە دوو گوێش هاوشێوەی ئامێرەکانی بیستن (Headphones) باشتر و ڕوونتر دەبیسترێت، ئەمەش سووددارە بۆ ئاگایی دەوروبەریان لە ژینگەیاندا.
- ناسینەوەی خێرا: بە ژمارەیەک ئەزموونی زانستی سەلمێندراوە کە هاویەکی بەتایبەتیش هاویەکی دوولایی بە دەوری تەوەرەیەکی ئەستوونی، خێراترین شتە بۆ هەست پێکردن، هەروەها ئاسانترین شێوەیە بتواندرێ لە مێشک و یادگەدا بەبەرهەم بهێندرێت. ئەم توانا هەستەکییە ناسینەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان لە ئاژەڵەکاندا وردتر و خێراتر دەکات، هاوکات دەبێتە هۆی زێدەکردنی هەلی دۆزینەوەی خۆراک.
- سادەیی جینەکی: خاڵێکی دیکەی یەکجار گرینگ، پەیکەر و پێکهاتە لەشییە هاویەکەکان هێماکردنی زانیارییە جینەکییەکانیان بۆ پێکەوەنانی ئەندامەکان ئاسانترە لە ناهاویەکەکان، ئەمانەش زۆر گونجاون بۆ بەڕێوەچوونی میکانیزمەکانی پەرەسەندن کە هەمیشە ئارەزووی سادەیی و شتگەلە ئاسانەکانە. بۆ ڕوونکردنەوە، زاناکان دەزانن کە دروستبوونی یەک دەست هێماکردنێکی جینەکی لەڕادەبەدەر ئاڵۆز دەخوازێت، ئەگەر بمانەوێت دەستێکی دیکەی زۆر جیاواز بێتە پێکهاتن ئەوا پێویستمان بە کۆمەڵە جینێکی دی دەبێت، بەڵام هاوشێوەی ئەوەی پێشوو و بە هەمان ئەو جینانە دەتوانین ببینە خاوەن دەستێکی تەواو هاویەک، ئەمەیان ڕێکارێکی لۆژیکییە بۆ بەدستهێنانی ئەندامەکان بە کەمترین ژمارە لە هێما بۆماوەیییەکان.
- داڕشتنە پێوانەکییەکان: بە هاویەکی دەتواندرێ پەیکەری گەلەک ئاڵۆز و دژوار لە چەندجارەبوونەوەی یەکە سادە و ساکارەکان دابڕێژرێن، بەمەش پەرەسەندن چالاکتر بەردەوام دەبێت. دەکرێ بیر لە شەشپاڵووەکانی لیگۆی یاری منداڵان (Lego Duplo) بکەینەوە کە چۆن بە کۆبوونەوە و لێک بەستنیان هەموو شێوەکانمان لێیان دروست دەکرد.
- خۆگونجاندن و هەمەجۆری: هاویەکی بنچینەیەکە بۆ زێدەکردنی تایبەتمەندییەکان و جۆراوجۆری لە هێڵکاری لەش، ئەوانەی دەبنە هۆکاری خۆگونجاندن و هاتنەکایەی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە شێوە و جۆری جیاجیای ئاژەڵەکانی ئەمڕۆکە دەیان بینین.
- جوانی و ڕێکوپێکی: لە زۆرینەی ئاژەڵان هاویەکی دوولایی ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە خۆدەرخستن و ئارەزووی زاوزێکردن، هاویەکییش نیشانەیەکی جوان و سەرنجڕاکێشە. گەلەک لە تۆژینەوەکان پێمان دەڵێن، زۆرینەی ئاژەڵان و بە مرۆڤیشەوە ڕەگەزەکەی دیکە چەندە ڕووخساریان و شێوەی لەشیان هاویەکی پتر بێت هێندە پەسندتر دەبێت لەلایان، ئەمەش بنچینەیەکی خۆرسکی هەیە و خوازراو نییە. ئەوەشی زاناکان زیاتر پێیان سەیر بوو ڕێژەی چێژ وەرگرتنیش لە سێکسکردن لە مرۆڤدا لەگەڵ هاوسەرێکی زێدە هاویەک بەرزتر دەبوو، دەرەنجام ئەگەری نەوەنانەوەی زۆرتری لێ بەبەرهەم دێت.
- توانای زاوزێکردن: ئاشکرایە کە زاوزێکردن بە پلەی یەکەم دێت لە تێکڕای پڕۆسەی پەرەسەندنی زیندەوەران، هاویەکیش بەشدارییەکی بنەڕەتییە بۆ پتربوونی ڕێژەی زاوزێکردن و ئاسانکردنی کرداری جووتبوون کە دواجار لە قازانجی بوونەوەرانە و هەلی مانەوەیان لە ژیاندا هەڵ دەکشێت.
ئەوەی شایەنی ئاماژە پێ کردنە دەربارەی زاوزێ و کاری کرۆمۆسۆمەکان، زاناکان گەیشتوونەتە ئەوەی جینۆمی کرمۆسۆمەکانی Y بە پشت بەستن بە زنجیرە هاویەکەکان دەتوانن زیاتر بەرگری لەناوچوون بکەن. بینییان 6 ملیۆن لە کۆی 50 ملیۆن لە یەکەکانی ترشی ناوکەیی جینۆمی Y کار دەکەن لەسەر پێکهێنانی زنجیرە هاویەکەکان، ئەو شێوە هاویەکییە ئاوێنەیییانە یاریدەرن لەو کاتانەی بازدانە جینەکییە زیاندەرەکان بوونیان هەبێت.

لەڕاستیدا بنەمای هاویەکی لە سروشتدا گرینگییەکی یەکجار گەورەی هەیە، تا ئەو ڕادەیەی گەلەک لە زاناکان وای بۆ دەچن، هاویەکی بنچینە و سەرچاوەی یاساکانە لە گەردووندا.
ئەوەشی پلە و ئاستی سەرسامبوونمان بەرەو هەڵکشان دەبات، هاویەکی لە هەموو بوار و کایەکانی ئەم سروشتەماندایە، ئەوەی لە بوونەوەرە زیندووەکاندا دەیبینین تەواو ڕەنگدانەوەی گەردوونی فیزیکییە، هەر لە تەنۆلکە فرە وردەکانەوە بگرە، تا دەگاتە شێوە پێچەڵپێچەکانی گەلەستێرە زەبەلاحەکان.
دواجار دەکارین بڵێین، دەشێ ئەو هاویەکییەی لە سروشتدا هەیە تەنیا تایبەتمەندییەکە لەڕووی جوانی، یاخۆ فڕوفێڵێکە لە پڕۆسەی پەرەسەندن، بەڵام بێگومان لە ناخیدا جۆرە زمانێکی ناوازەیە لە شێوەی بەڵگەیەک لەسەر بوونی یاسا و ڕێسایەکی گەردوونیی هاوتا و یەکتا، لە جیهانە بچووکەکەی کوانتەمەوە بۆ گەلەستێرە مەزنەکان. ئەو دەمەی لە جوانی گوڵێک یان هاویەکی ڕووخساری مرۆڤێک ورد دەبینەوە، ئەوا جگە لە بینینی سروشت، گوێمان لە دەنگدانەوەی ئاوازێکی گەردوونی گەورەتر دەبێت، ئەوەی زانستەکانمان لە هەوڵی بەردەوامن لە هەڵهێنانی مەتەڵە سەخت و ئاڵۆزەکەی.
..........................................
سەرچاوەکان؛
هەواڵی تر
هەواڵی بەناوبانگ















