كولاندنه‌وه‌ی برینی جێرمایه و به‌یار
13/04/2012, 12:00 (GMT+1)

من به‌ش به‌حاڵی خۆم چه‌ندین شتم بڵاوكردۆته‌وه له‌سه‌ری و ڕاستیشه دانم به‌گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌دا ناوه، به‌ڵام نه‌شم ویستووه ڕاستی له‌كه‌س بشارمه‌وه، له‌وانه‌شه زۆر ڕاستی تر مابێت كه هێشتا نهدركێنرابن، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌م به‌خۆم نه‌داوه كه خوانه‌خواسته ناوی به‌یار به‌خراپه ببه‌م و هه‌میشه ڕووی گله‌یی و لۆمه‌م له‌خێزانه‌كه‌ی كردووه‌و وتوومه كه چۆن جێرمایه بوو به‌قوربانی ده‌ستی به‌یار، ئه‌وا به‌یاریش خۆی قوربانی ئه‌و په‌روه‌رده سه‌قه‌ته‌ی كۆمهڵگاو خێزانه‌كه‌یه‌تی كه چه‌ك بكه‌نه جوانترین و به‌نرخترین دیاری بۆ ڕۆڵه‌كانیان و به‌یارێكی هه‌ژده ساڵ فێری هه‌ڵگرتن و ته‌قاندنی چه‌ك بكه‌ن.
دیاره ده‌مانچه هه‌ڵگرتنه‌كه‌ی به‌یار هیچ گرنگی نییه به‌لای دكتۆر سه‌روه‌ره‌وه، چونكه ئه‌ڵێت ڕۆژگارهكه وای لێهاتووه كه هه‌موو كه‌سێك ئه‌بێت چه‌كی هه‌بێت له‌ماڵه‌وه، ئه‌ی باشه كاك دكتۆر كه به‌یار هێشتا منداڵه‌و ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵی ته‌واونه‌كردووه، ئه‌ی بۆچی هێشتت له‌گه‌ڵ خاڵه‌كانیدا بچێت بۆ ڕاهێنان له‌ده‌زگای دژه تیرۆر، ئه‌ی باشه وه‌ك خاڵه‌كانی فێری چه‌ك ته‌قاندنیان كرد، بۆچی هێشتت ده‌مانچه هه‌ڵبگرێت و بـیـباته ناو خوێندنگاوه.
یان هه‌ر ڕۆژی ناشتنه‌كه‌ی جێرمایه له‌هۆڵه‌كه وتت، كێشه‌كه‌ی به‌یارو جێرمایه كۆنه‌و وه‌ك خۆت ده‌ڵێیت (مزمن) بووه‌و ئه‌و ڕۆژه‌ش به‌یار وانه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م زۆر ئاسایی بووه‌و به‌یار وانه‌ی خۆی خوێندووه، به‌ڵێ ڕاسته وا بوو به‌یار ئه‌و ڕۆژه زۆر ئاسایی بووه‌و وه‌ك ڕۆژانی تر سڵاوی له‌هاوڕێكانی كردووه، ڕه‌نگه به‌یاریش خۆی بۆ ئه‌و كاره ئاماده‌نه‌كردبێت، به‌ڵام ڕووداوه‌كه كت و پڕ وانه‌ی سێیه‌م ڕوویداوه، كه‌واته به‌ڕێزم كاك دكتۆر به‌یاری كوڕت هه‌میشه چه‌كی هه‌ڵگرتووه‌و چه‌كی پێ بووه له‌ناو خوێندنگادا، ئیتر نازانم ئێوه ئاگادارن یا نا.
یان دایكی به‌یار ئه‌ڵێت هه‌رگیز شتی لێ نهشاردوومهتهوهو هه‌موو ڕۆژێك باسی ڕووداوه‌كانی خوێندنگه‌ی بۆ گێڕاومه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌كاتێكدا باوكی ئه‌ڵێت به‌یار شتی له‌دڵی خۆیدا شاردۆته‌وه‌و پێشتر به‌یار گرفتی هه‌بووه به‌ڵام باسی نه‌كردووه.
ئه‌ی چۆن ناوی ئه‌و خوێندكارانه‌ی تر ناده‌یت به‌كه‌سوكاره‌كانیان كه بوونه‌ته مه‌سیحی و ناوه‌كانیان لای تۆ پارێزراون، ئه‌ی تۆ ناڵێیت به‌یار بووه قوربانی و فیتنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌م شاره‌دا كوژانده‌وه، ده با ئه‌م جاره‌یان كه‌سی تر نه‌بێته قوربانی ده‌ستی خێزانه‌كانیان، ناوی ئه‌و خوێندكارانه بهخێزانهكانیان بڵێ با به‌هێمنی و به‌خۆشی مناڵه‌كانیان په‌شیمان بكه‌نه‌وه له‌مه‌سیحیه‌ت.
بۆیه ئێستاش ڕووی ده‌مم ئه‌كه‌مه خێزانه‌كه‌ی به‌یارو پێیان ئه‌ڵێم هه‌موو كه‌س و كاری خوێندكاران و مامۆستایانی خوێندنگاكه له‌به‌ر قورسی و دڵته‌زێنی كاره‌ساته‌كه هیچ وه‌ڵامێكیان بۆ ئێوه نه‌بوو، چونكه ئێوه‌ش وه‌ك خێزانی جێرمایه قوربانیتان دا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێده‌نگی لێ نه‌كه‌ن ئه‌وا هه‌موو كه‌س ده‌ستی گله‌یی و لۆمه‌تان بۆ درێژده‌كات و پێتان ئه‌ڵێت كه ئێوه كوڕه‌كه‌تان فێری چه‌ك ته‌قاندن و پیاوكوشتن كرد، به‌ڵام خێزانی جێرمایه كوڕه‌كه‌یان فێری خزمه‌تكردن و لێبوورده‌یی كرد.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان






















