لە باکۆوە بۆ ئیستەنبوڵ
پێش 16h

ئەو جیهادەی فێر بوو بە زمانی مارکسیستیی بدوێت
دوێنێ لە شاری ئیستەنبوڵ کۆنفرانسی نێونەتەوەیی دەربارەی «یەکڕیزیی ئوممەی ئیسلامیی» بەسترا، تێیدا عەلی باپیریش بەشدار بوو، و تێیدا کۆمیتەی پشتیوانیی و ڕزگاریی فەڵەستین ڕاگەیەنرا و پشتیوانیی جیهانی ئیسلامیی بۆ یەمەن و سودانیش ڕاگەیەنرا، لەمەشدا کورد خرایە سفری پاش فاریزەوە. جگە لەوەی جیهانی ئیسلامیی بە فراوانیی پێشوازیی لێکرد، هەروەها دەزگا میدیاییە ئیسلامییەکانی وڵاتانی خۆرئاواش، لە کوردستانیش یەکگرتووی ئیسلامیی، بەشێک لە چەپەکانیش پێشوازییان لێکرد، لەوانە، «ئیشچی هابەر» (هەواڵی کرێکاریی) و چەندین پلاتفۆرمی دیکە، بەشێوەی هەڵبژاردەیی پشتیوانیان لێکردووە. هۆکارەکەشی بۆ هەبوونی ناوی «فەڵەستین» دەگەڕێتەوە. کەواتە با بپرسین چۆن فەڵەستین دەبێتە پردی پەیوەندیی نێوان چەپ و ئیسلامیزم؟ و بۆ کورد تێیدا جێی نابێتەوە؟
یەک: ئامانج پێش نەتەوە
فەڵەستین سەرەتا دەیویست باسی حیکایەتی خاک بکات، بەڵام بە حیکایەتی ئیمان دەستیپێکرد. پرسی فەڵەستینیی لە دەیەکانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠دا وەک پرسێکی ئیسلامیی داهێنرا. لە ٣١ی مارچی ١٩٣٣ ئەمین حوسەینیی موفتی گەورەی ئۆرشەلیم سەردانی کونسوڵی ئەڵمانیای نازیی دەکات لە ئۆرشەلیم و بە باڵوێز دەڵێت، «ئێمەی ئیسلامیی هەر لە یەکەم ڕۆژی سەرهەڵدانەوە دژی دیموکراسیی بووین و ڕقمان لە جووەکان بووە، بۆیە پێشوازیی لە حکومەتەکەی هیتلەر دەکەین» و پاشان لە ١ی ئەپریلی هەمان ساڵدا، یەک ڕۆژ دواتر، موفتیی خۆی دەکاتەوە بە کونسوڵدا و دەڵێت، «پشتیوانیی لە بایکۆتکردنی سەرمایەگوزاریی جوو دەکەین وەک ئێوە ڕاتانگەیاندووە». لە جێنیوەری ١٩٤١دا لە بەرلین بە دیداری هیتلەر دەگات و ساڵی ١٩٤٢ دەبێتە بەرپرسی دامەزراندنی سوپای موسڵمانانی نازیی لە بۆسنیا و هێرتزۆگۆڤینا و سوپاکەی دوو ئەرک ئەنجام دەدات: ڕاوکردنی جووەکان لە باڵکان و بلۆکی ڕۆژهەڵات و هەروەها ڕێگریکردن لە ڕاکردن و هەڵاتنی جووەکان بۆ فەڵەستین و لە تۆمارەکانیدا لەگەڵ هیتلەر و لە وانە ڕادیۆییەکانیشیدا بە زمانی عەرەبیی لە بەرلینەوە دەڵێت ئامانجی نازیزم و عەرەب بریتییە لە «قڕکردن و لەناوبردنی جوو» لە پانتایی جیهانی عەرەبییدا. پاشان حەسەن بەنا زمانی مەرگ «پیشەسازیی و هونەری مەرگ» دەخاتە بەردەستی ئایدیۆلۆژیای فەڵەستینیزم، سەید قوت ڕەهەندی مێتافیزیکیی. لەم گەردوونەی هاوپەیمانیی ئیسلامیی-نازییەدا دەوڵەت-نەتەوە، سەروەریی جەماوەریی و تەنانەت خودی بیرۆکەی «دەوڵەت»ێکی فەڵەستینیی وەک داهێنراوێکی ژەهراویی «خۆرئاوا» دەبینرێت. دامەزرێنەرانی حەماس خۆیان بە ڕاشکاویی دەڵێن: پرس و ئامانجی فەڵەستین «دەربارەی خاک و خۆڵ نییە، بەڵکو ئیمان و باوەڕە».
دوو: چەپ وەک وەرگێڕ
ئەوە چەپ بوو ناوی چەمکی جیهادی گۆڕی بۆ «خەباتی ڕزگارییخوازیی». هاوشێوەی سەید قوتب کە جیهانی دابەشکردبوو بۆ خانەی جەنگ/کوفر و خانەی ئیسلام/ئیمان، لینین-یش جیهان و مرۆڤایەتیی بۆ گەلانی چەوساوە و چەوسێنەر لە ١٩٢٠دا دابەش دەکات و لە کۆنفرانسی باکو کە موسڵمانان پێکهێنەری سەرەکیی بوون، زینۆڤیڤ بە نوێنەرایەتیی لینین داوای «جیهاد» دەکات دژی سەرمایەی بریتانیی و فەڕەنسیی. واتا بەگەڕخستنی جیهادی ئیسلامیی، یەکەمجار بە ئایدیای لینین دەستپێدەکات. لە ساڵی ١٩٦٨دا ئەزهەر باس لە «نازیزمی زایۆنیی» دەکات و لە ١٩٧٠یشدا کۆسۆمۆلسکایا پراڤدای زمانحاڵی یەکێتیی سۆڤێت باس لە «فاشیزم لەژێر ئەستێرەی داوود»دا دەکات و دوو دەق، یەکێکیان لە مزگەوتەوە و ئەویدیکەشیان لە کۆمیتەمەرکەزیی حزبی کۆمۆنیستەوە، هەمان شت دەڵێن. چەپی خۆرئاوا تا ساڵی ١٩٦٧ هاوسۆزیی لەگەڵ ئیسرائیل هەبوو، جووی وەک قوربانیی خۆشدەویست، بەڵام دوای شەڕی شەش ڕۆژە و سەرشۆڕیی عەرەب بەرانبەر ئیسرائیل، چیتر جوو قوربانیی و لاواز نامێنێت شایانی بەزەیی بێت. چەپ هاوشێوەی ئیسلامیی، دەوڵەت-نەتەوە بەگشتیی وەک دیاردەیەکی خۆرئاوایی و بۆرژوازیی دەبینێت و ئیسرائیلیش وەک دەوڵەتێکی خۆرئاوایی و ئەمڕۆ وەک کۆڵۆنیالیزمی نیشتەجێکەر، بۆیە بۆ شکاندنی دەوڵەت-نەتەوە و گەڕاندنەوەی شکۆی ئیسلامیی، دەبێت ئیسرائیل لەڕەگەوە هەڵبکێشرێت. ئێستا فەڵەستینیی و ئیسلامیی شوێنی پرۆلیتاریای کلاسیک دەگرنەوە و دەبنە شۆڕشگێڕانی ڕاستەقینە. بێ هۆ نییە جودیت بەتلەر دەڵێت حەماس و حزبوڵا «بەشێکن لە چەپی جیهانیی»، تەنانەت سەرپۆشی بەزۆری ژنانی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، لای بەتلەر شایانی ستایشە، چونکە دژی نیگای «پیاوی سپیی خۆرئاواییە». ژان-پۆل سارتەر-یش دیدگایەکی وەهای هەیە و جەبرێکی ئەخلاقیی دەخاتە پاڵ تیرۆری ئیسلامییەوە، بەتایبەت لە سەروبەندی جەنگی جەزائیردا: «تیرۆریزم چەکی هەژارانە». ئێستا چینی کرێکار خۆی «ئێجگار سپی» و «ئێجگار کۆنەپارێز» بووە و بووە بە چینی ناوەڕاست، واتا دوژمنی چەپ، کەواتە چەپ پێویستی بە ڕزگاریکەرێکی نوێ هەیە: فەڵەستینییەکان. کاتێک کچێک/کوڕێک/لیسبیانێک/گەیەک/ترانسێکی ئەوروپیی/ئەمریکیی دەڵێت، «فەڵەستین هەمووانمان ئازاد دەکات» و «تا فەڵەستین ئازاد نەبێت کەس ئازاد نییە»، ئەم گوتارە ئایینییە تازەیەی چەپە لە ڕووخساری فەڵەستینییدا بۆی دەگەڕێت. ڕۆژگارێک لە ئەڵمانیای نازیی و بەگشتیی لە ئەوروپادا، جوو بریتی بوو لە «مشەخۆر و پاراسایتی خۆرهەڵاتیی» و ئێستا لە گوتاری چەپ/ئیسلامییدا بووە بە «چەوسێنەری کۆلۆنیالیستی سپیی خۆرئاوایی». ئەمە باشترین بیتاقەیە بۆ جیهانی ئیسلامیی دەرچووە.
سێ: ئەو ئوممەیەی کورد نابینێت
ڕەنگە دیسان بپرسن ئەی بۆ کۆنفرانسەکە باس لە فەڵەستین، یەمەن و سودان دەکات و ئەو هەموو کوردەش لەوێ هەن، کەچی ناوی کورد ناهێنرێت؟ من لە پۆدکاستەکەمدا لەگەڵ هەرەس بە وردیی باسی ئەم بابەتەم کردووە و لە چەندین نووسینی دیکەشدا. کورد لە گوتاری چەپ/ئیسلامییدا نەک وەک چەوسێنراوە و قوربانیی نابینرێت، بەڵکو هەر هەوڵێکی کورد بۆ ڕزگاربوون لەو چوارچێوەیەی جیهانی ئیسلامیی دژە-دەوڵەت-نەتەوە و دژە-ناسیۆنالیزم، دەبێتە بەشێک لە گوتار و ڕووخساری «خۆرئاوا» و «زایۆنیزم». هەموو هەوڵێکی کورد بۆ دەوڵەت و تەنانەت بۆ خۆبەڕێوەبەریی و فیدرالیزمیش وەک زایۆنیزم و شکاندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لاوازکردنی بلۆکی ئیسلامیی دەبینرێت. بۆ نموونە لە میشێل عەفلەق و سەدام حوسێنەوە بۆ خامەنەیی و گوتاری ئێرانیی، لە ئێدوارد سەعید و حەمید دەباشییەوە بۆ تاریق عەلی، لە داعشەوە بۆ ئەردۆغان، هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی هەم دەوڵەت-نەتەوە دیاردەیەکی سەپێنراوی ئەوروپیی/بەتایبەت بریتانییە و هەم ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی خۆرئاواییە و دژی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ئوممەی ئیسلامیی/عەرەبییە. هەر هەوڵێکی کورد بۆ دەرچوون لەمە، دوژمنکارییە. لەم ڕووەوە بۆ ئەوەی مەترسیی کورد لەسەر جیهانی ئیسلامیی، وەک تاقانە مەترسیی لاببرێت و نەچێتە پاڵ ئیسرائیل، یاخود لانیکەم لە خەیاڵیشدا وەک ڕەهەندی ئیسرائیلیی نەبینرێت، پێویستە کورد بێلایەن و ئینتگرەی ناو جیهانی ئیسلامیی بکرێتەوە. جیهانی ئیسلامیی و ئوممەی ئیسلامیی پێیوانییە کورد دەچەوسێنرێتەوە، بەڵکو وەک منداڵێکی لاسار دەیبینێت، لەڕێگە لایداوە و دەبێت بگەڕێنرێتەوە نێو ماڵە گەورەکە و باوەش و دڵی ئیسلامییەوە. هەر دەرچوونێک لەمە، مەحکومە و دەبێت لێی بدرێت. ئەوانەی تا ئێستا لە قووڵایی ئەمە تێناگەن، هەرگیز ناتوانن هەم لەو شتە تێبگەن کە ئێستا ڕوودەدات و هەم لە قووڵایی پرسی کوردستانیش تێبگەن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان














