<

سوریای نوێ و کورد؛ ڕێکەوتنێک بێ‌گەرەنتی

09/09/2026, 21:33 (GMT+1)
(لە پاشەکشەی سیاسییەوە تا مەترسیی تۆڵەسەندنەوە)
لە ناو ئەو گۆڕانکارییە خێرا و ئاڵۆزانەی سوریادا، کە هێشتا مەترسییەکانی جەنگ و توندڕەوی نەڕەوینەتەوە و سوپا و کۆمەڵگەی سوری بە میلیشیا و گروپە توندئاژۆ دینییەکان قان دراوە، خۆرئاواوی کوردستان لەبەردەم قۆناغێکی نوێی پڕ لە مەترسیدایە. مەترسییەکە تەنها لە شەڕێکی ئاشکرادا نییە؛ بەڵکو لە گۆڕینی هاوسەنگییە سیاسی و ناوچەییەکان و لەوەدایە کە دوژمنانی دوێنێ، بە ناوی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکانەوە، ئێستا خاوەن هێزن.
دەبێت ئەو ڕاستییە بڵێین: کە لە هەردوو دۆخی جەنگ و ڕێکەوتندا، کورد لە خۆرئاوا دووچاری مەترسییەکی قورس دەبوو و دەبێتەوە. لە جەنگدا، چەند غەزەیەک لە شارەکانی خۆرئاوای کوردستاندا ڕوویدەدا؛ لە ڕێکەوتنەشدا، کورد هەم پاشەکشەی کەلتوری و سیاسی دەکات، هەم دووچاری شەڕی پچڕپچڕ، کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوە دەبێتەوە. چونکە بەشێکی زۆری سوپا و دەسەڵاتدارانی سوریا یان ئەندامی داعش و گروپە توندڕەوەکان بوون، بەشێکی گەورەیان لە کەمپەکانێی هەسەدە دا زیندانی بوون، یان کەسوکاری داعش بوون و بەدوای تۆڵەوەن لە کورد؛ بەتایبەت کە ئێستا خاوەن دەوڵەت و سوپای فەرمیی دانپێدانراوی ناوچەیی و نێودەوڵەتین. لە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٦دا، ئەمەریکا سوریای لە لیستی دەوڵەتانی پاڵپشتی تیرۆر دەرکرد؛ پێشتر، لە ٨ی تەمموزی ٢٠٢٥دا، ناساندنی هەیئەت تەحریر الشام (HTS) وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هەڵوەشاندبووەوە.
لە بەرامبەردا، کورد هیچ گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی و دەستوریی نییە بۆ پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی لە سوریای نوێدا. ئەوەی هەیە، تەنها ڕێکەوتنێکی سیاسییە؛ ڕێکەوتنێک کە نە چاودێرییەکی نێودەوڵەتیی بەهێزی لەسەرە، نە گەرەنتییەکی یاسایی و دەستوریی بەهێز لەپشتەوەیە. لە هەر دۆخێکدا، ئەگەر هاوسەنگییە سیاسی و ناوچەییەکان زیاتر بگۆڕێن، ئەو ڕێکەوتنەش دەکرێت زۆر بە ئاسانی پێشێل بکرێت لەبەرئەوە، ئەم دەسەڵات و سوپایە، کە پێشتر لەگەڵ گروپە توندڕەو و تیرۆریستییەکاندا پەیوەندییان هەبوو، ئێستا بە ناوی دەوڵەت و سوپای فەرمییەوە، بەدوای تۆڵەی تێکشکانی خەلافەت و کۆنتڕۆڵکردنی ڕەققە-ی پایتەختی خەلافەت-ەکەیانەوەن لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدە-وە. مەرج نییە ئەو تۆڵەسەندنەوەیە تەنها لە لایەنی چەکداری و سەربازییەوە بێت، بەڵکو لە ڕێگەی پیادەکردنی سیاسەتێکی فاشستی مەزهەبی ناوەندگەراییەوە نکۆڵیکاری ڕەگەزی، کەلتوری و گەمارۆی ئابووری و سزایی یاسایی دەسەپێندرێت. لێرەوە لە ڕوانگەی ئەوەی ئەمەریکا دۆستی درێژخایەنی نییە، بەرژەوەندی درێژخایەنی هەیە و کوردیش دابەشکاری بۆتە قەدەری سەپێندراو، نرخی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمەریکا هەمیشە قورستر بووە لەو ئارامییەی کە لە سایەی ئەو هاوپەیمانییەوە بەدەستی هێناوە!
لە کۆتاییدا، ئەوەی لە خۆرئاواوی کوردستان ڕوودەدات، تەنها کۆتاییەکانی شەڕ نییە؛ بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ملمێلانێیە. ئەگەر کورد لە نێوان پاشەکشەی سیاسی، نەبوونی گەرەنتیی نێودەوڵەتی و دەستوریی نەبوونی مافەکانی و مەترسیی تۆڵەسەندنەوەدا بێ‌ پشتوان بمێنێتەوە، ئەو دەستکەوتانەی بە خوێن و قوربانی بەدەستی هێناون، بۆ هەمیشە دەکرێنە قوربانی سازش و ڕێکەوتنی نێوان زلهێزەکان و دەسەڵاتە ناوچەییەکان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست