<

باوک لە خزمەتی بەعسدا و کوڕ لە تاڵانکردنی وڵاتدا؛ سەرگوزەشتەی بنەماڵەیەک

01/10/2026, 19:33 (GMT+1)
کاتێک سامانی گشتی دەبێتە «ڕۆڵز ڕۆیس» و بەرتیلی تیکتۆکچییەکان
ڕاپۆرتێکی بەدواداچوون
لە کاتێکدا هاووڵاتییانی کوردستان لەژێر باری قورسی قەیرانی دارایی، بێمووچەیی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا دەناڵێنن، دەرکەوتنی سامانی خەیاڵیی بنەماڵەی بەرپرسە حیزبییەکان، پەردە لەسەر قووڵیی گەندەڵی و تاڵانکردنی سامانی گشتی لادەدات. چیرۆکی دەسەڵاتداری لە هەرێمی کوردستان، تەنها قۆرخکارییەکی ئابووری نییە، بەڵکو گوزارشتە لە داڕمانێکی گەورەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی.
ڕەگوڕیشەی دەسەڵات؛ لە مێژوویەکی تاریکەوە بۆ قۆناغی قۆرخکاری
مێژووی سیاسی و خێزانیی عەلی حسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، بۆ زۆربەی خەڵکی ناوچەکە شاراوە نییە. باوکی، کە بە (حسێن فاتیمە خان) ناسراوە، وەک چەکدارێکی ڕژێمی بەعس لەژێر فەرماندەیی محەمەد قادر ئاغای باتاسدا کاری کردووە. ناوبراو لە سەردەمی شەڕی عێراق-ئێراندا، لە ناوچەی گردمەندیل کەوتە بەر دەستڕێژی گوللە و کوژرا، دواتریش هەر بە ناو و نیشانی سەربازیی بەعسەوە نێژرا.
پاش کوژرانی باوکی، عەلی حسێن هەمان ڕێچکەی گرتەبەر و لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کرا بە «ئامر سریە»ـی هەمان مەفرەزەی چەکدارەکان. سەرەڕای هەوڵەکانی ساڵانی دوایی بۆ سڕینەوەی ئەم مێژووە و داڕشتنی سیناریۆی جۆراوجۆر وەک «پەیوەندیکردن بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە»، بەڵام ڕاستییە مێژووییەکان بە هەڵمەتی میدیایی و دروستکردنی کەسایەتیی ساختە ناسڕێنەوە.

ئابڕووچوون لە سۆشیاڵ میدیا و «تەنازول» لەپێناو پەردەپۆشکردندا
لە مانگی ڕابردوودا، شەپۆلێک لە زانیاری و بەڵگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە، کە تێیاندا پەردە لەسەر ڕەفتار و خەرجییە خەیاڵییەکانی (نێچیرڤانی عەلی حسێن)، کوڕی ئەو بەرپرسە باڵایەی پارتی لادرا. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن چەندین چالاکوان و لایڤچیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە (لەوانە کەسانی وەک ئـ، قـ. هەولێری، فـ. هەریری و سـ. سورچی)، کوڕی ئەو بەرپرسە بڕێکی زۆر لە سامانی گشتیی بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی گرانبەهای وەک «جی کڵاس» و بەخشینەوەی پارە بە مۆدێلەکان خەرج کردووە.
کاردانەوەکانی ئەم ئابڕووچوونە، تەنها هاووڵاتییانی ئاسایی تووڕە نەکرد، بەڵکو ناڕەزایەتیی قووڵی لەناو خودی کادیرانی حیزبەکەشدا لێکەوتەوە. بەپێی بەدواداچوونەکان، لەبری ئەوەی لێپرسینەوە بکرێت یان ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی بدرێت، بەرپرسە باڵاکەی حیزب پەنای بۆ پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ بە لایڤچییەکانی تیکتۆک و فەیسبووکەوە بردووە تاوەکو دەنگی ناڕەزایەتییەکان کپ بکاتەوە. هەندێک لەو لایڤچییانە بە پارە و بەرتیل، و هەندێکی دیکەشیان بە پاڕانەوە و تکاکاری، ناچار کراون پۆست و قسەکانیان بسڕنەوە.
ئەمەش وێنەیەکی ڕوونی دارووخانی بەهای دامەزراوەیی حیزبی و سیاسییە؛ کاتێک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبێکی فەرمانڕەوا، ئامادەیە لەپێناو شاردنەوەی ئابڕووچوونەکانی کوڕەکەیدا، لەبەردەم کەسانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تەنازول بکات.
لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئۆتۆمبێلی «ڕۆڵز ڕۆیسی مۆدێل ٢٠٢٦» و ئەو خەرجییە ملیۆنییانە لە کوێوە هاتوون، لە کاتێکدا خەزێنەی گشتی بەتاڵە و هاووڵاتییان لە چاوەڕوانیی مووچەیەکی بڕاودان؟

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست