<

نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری پەیکەری وابەستەیی و داڕمانی سەروەری نەتەوەیی

20/10/2026, 1:40 (GMT+1)
عارف شێخ ئەحمەدی
لێکۆڵینەوەیەکی بێپەردە و قووڵی هەواڵگریی لەسەر تۆڕە ژێرزەمینییەکانی نفووزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە باشووری کوردستان
چ کاتێک نیشتمان دەبێتە سەنگەری پاشکۆیەتی و بازرگانیکردن بە سەروەرییەوە؟!
لە تێڕامانی فەلسەفی و زانستیی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، چەمکی "سەروەری (Sovereignty)" بنچینەی بوون و مانەوەی هەر قەوارەیەکی سیاسیە. کاتێک گەلێک بە قوربانیی گەورە و سەدان هەزار شەهید، ئەنفال و کیمیاباران، قەوارەیەکی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆ بۆ خۆی دەستەبەر دەکات، چاوەڕوان دەکرێت کە دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکانی پارێزەران و پاسەوانانی ئەم خاکە بن.
بەڵام کاتێک هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە و چینێك لە دەسەڵاتداران و خێزانە سیاسییەکان لە ترسی جێهێشتنی کورسی و لەدەستدانی سامانی کۆکراوە لە ڕێی دزیی و دەغەڵی، متمانە و بقای خۆیان دەبەستنەوە بە دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتانی داگیرکەر و دراوسێ، قەوارەکە تووشی "داڕمانی ڕیشەیی و مۆراڵی" دەبێت.
لە باشووری کوردستاندا، باڵی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، توانیویەتی لە ڕێگەی دروستکردنی تۆڕێکی زەبەلاح و پڕ لە ئاڵۆزییەوە، جومگە هەواڵگریی، ئابووریی، سەربازیی و ئایینییەکان کۆنترۆڵ بکات. ئەم توێژینەوەیەی بەندە بە پشتبەستن بە وردترین فاکتە مێژووییەکان، زانیارییە هەواڵگرییەکان و شیکاریی پڕۆسەی سیاسەت، بێپەردە و بە تێر و تەسەلی باس لەو کەسایەتییانە دەکات کە چۆن بوونەتە مۆرە و کرێگرتەی تاران، و چۆن خاکی کوردستانیان کردووەتە قوربانیی بەرژەوەندیی خێزانی و حیزبیی خۆیان.
بەشی یەکەم: نێچیرڤان بارزانی؛ ژیاننامەی قووڵ، ساڵانی ئاوارەیی لە عەزیمیەی کرج، خوێندن لە زانکۆی تاران و لوتکەی سەوداماملێکردن
١. منداڵی، ئاشبەتاڵی ۱۹۷۵ و هەڵاتن بۆ ئایدیۆلۆژیای جیهانیی ئێران
نێچیرڤان ئیدریس بارزانی لە ۲۱ی ئەیلوولی ۱۹۶۶ لە ناوچەی بارزان لە دایک بووە. ناوبراو کوڕی ئیدریس بارزانییە، کەسایەتییەکی دیار و خاوەن پێگەی نێوەندگیر و میانڕەو لە مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستاندا. منداڵیی نێچیرڤان هاوکات بوو لەگەڵ گەرمەی شۆڕشی ئەیلوول و ململانێ ناوخۆییەکانی نێوان بەرەی کوردی شۆڕشگێڕ و ڕژێمی بەعسی عێراق.
بەڵام خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی دەروونی، فیکری و سیاسیی ناوبراو، کارەساتی ئاشبەتاڵی ئازاری ۱۹۷۵، پاش واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە نێوان شای ئێران (مەحەمەد ڕەزا پهلەوی) و سەددام حسێن. لەو کاتەدا، بنەماڵەی بارزانی و هەزاران خێزانی پێشمەرگە ناچار بوون بەرەو وڵاتی ئێران ڕەوو بکەن و لە کەمپەکان و ناوچە جیاوازەکاندا نیشتەجێ بوون. نێچیرڤان کە لەو کاتەدا تەمەنی تەنها ۹ ساڵ بوو، لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گواسترایەوە بۆ شاری کەرەج لە نزیک پایتەخت (تاران).

٢. ساڵانی گەورەبوون لە گەڕەکی عەزیمیەی کرج و تێکەڵاوبوون لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی
ماڵباتی ئیدریس بارزانی لە شاری کەرەج، لە گەڕەکی ناسراو و خۆشگوزەرانی عەزیمیە نیشتەجێ بوون. عەزیمیە لەو سەردەمەدا (سەردەمی پاشایەتی و پاشان ساڵانی یەکەمی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ۱۹۷۹)، ناوەندێکی گرنگی نیشتەجێبوونی چینی باڵا، ئەفسەرانی پێشووی ساواک و پاشان ناوەندەکانی بڕیارداریی کۆماری ئیسلامی بوو. نێچیرڤان بارزانی قۆناغی هەرزکاری و گەنجی لەم ژینگەیەدا بەسەر برد. ناوبراو فێری زمانی فارسی بوو و بە تەواوەتی لەگەڵ نەریت و کلتووری کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێرانیەکان تێکەڵ بوو.
دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی، نێچیرڤان چووە زانکۆی تاران و لە بەشی زانستە سیاسییەکان وەرگیرا. لەو قۆناغەدا، لە ڕێگەی پێگەی تایبەتی باوکییەوە (ئیدریس بارزانی)، کە پەیوەندییەکی ستراتیژیی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان هەبوو لە پێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی شۆڕش، نێچیرڤان تێکەڵاوی ڕاستەوخۆ و قووڵی لەگەڵ بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکان و سوپای پاسداران پەیدا کرد. کۆچی دوایی کتوپڕی ئیدریس بارزانی لە شاری ورمێ لە ساڵی ۱۹۸۷، بۆشاییەکی گەورەی دروست کرد، بەڵام دەزگا ئەمنییەکانی ئێران دەستبەجێ نێچیرڤان بارزانییان وەک "کادرێکی دۆست، نەرم و قابلی بەکارهێنان" لە هەناویی حیزبەکەیدا قبووڵ کرد و پارێزگارییان لێ کرد.

٣. هەڵکشان بۆ دەسەڵات، دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی ئابووری و سات و سەودا و مامەڵەکردنی گەورەی ئابووریی- سیاسی
دوای ڕاپەڕینی بەهاری ۱۹۹۱ی باشووری کوردستان، نێچیرڤان بارزانی خێرا پێگە حیزبییەکانی بڕی و لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا جێگیر بوو. لە ساڵی ۱۹۹۶دا، لە کابینەی یەکگرتووی حکومەتی هەرێمدا بووە جێگری سەرۆکی حکومەت، و لە ساڵی ۱۹۹۹وە بۆ چەندین کابینە (چوارەم، پێنجەم، حەوتەم و هەشتەم) وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری کرد، و لە ساڵی ۲۰۱۹وە تا ئێستا پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی پێ سپێردراوە.
لە پشت پرۆتۆکۆلە فەرمی و دەمامکە دیپلۆماسییەکەیەوە، نێچیرڤان بارزانی ئیمپراتۆریەتێکی زەبەلاحی ئابووریی لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی نەوت، گواستنەوە، بانک و بازرگانیی نایاسایی لەگەڵ کۆمپانیا سێبەرییەکانی خاتمو لئەنبیایی سوپای پاسداران لە تاران دروست کرد. ناوبراو بۆ خۆپاراستن لە هەر مەترسیەکی ناوخۆیی، هەموو ئاسانکارییەکی ئابووری و لۆجستیکی بۆ کۆمپانیاکانی ئێران دابین دەکرد و بوو بە متمانەپێکراوترین ئەکتەری تاران لە جەرگەی هەولێردا.
ناوبراو بەشداری ڕاستەوخۆ بوو لە پرۆسەی بە تاڵانبردنی سامانی خەڵکی باشووری کوردستان و گواستنەوەی نەوتی قاچاخ بۆ ئێران، ئاسانکاری بۆ کۆمپانیا ئێرانیەکان لە هەرێمی کوردستان و هاوکات کردنەوەی دەرگا بە ڕووی باڵی قودسی سوپای پاسداران و هاوکاریی قووڵی ئەمنیەتی بەرچاوی دەگەڵ دەوڵەتی ئاخوندەکان لە تاران دەستپێکرد.
٤. پەیوەندیی تایبەت لەگەڵ سەردار ئەحمەد وەحیدی، قاسم سلیمانی و عەلی خامنەیی
ئاستی وابەستەییی سیاسی و ئەمنیی نێچیرڤان بارزانی بە تارانەوە لە سنووری بازرگانی تێپەڕی و گەیشتە ئاستی هاوپەیمانیی ستراتیژی لەگەڵ باڵاکانی سەرجەم باڵە کوریی و عەڕەبیەکانی سوپای قودس. ناوبراو پەیوەندییەکی زۆر توندوتۆڵی لەگەڵ سەردار ئەحمەد وەحیدی (یەکەم فەرماندەی فەیلەقی قودس، و پاشان وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی) هەبوو، کە وەک نەخشەداڕێژەری سەرەکیی نفووزی ئێران لە هەموو عێراق ناسراوە.

هەروەها، لەگەڵ پاسدار قاسم سلیمانی (فەرماندەی کوژراوی سوپای قودس)، نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی هێڵی ڕاستەوخۆی هەبوو؛ لە هەموو قەیرانە قورسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، یان لە کێشمەکێشە ناوخۆییەکانی پارتی و یەکێتیدا، قاسم سلیمانی وەک ناوبژیوان و پشتیوانی سەرەکیی نێچیرڤان دەهاتە پێشەوە و کێشەکانی بە قازانجی ناوبراو و پارتی چارەسەر دەکرد.
ئاستی ئەم وابەستەیییە گەیشتە لوتکە لە کاتێکدا نێچیرڤان بارزانی لە چەندین سەردانی نهێنی و فەرمیدا بۆ تاران، چاوی بە حەزرەتی ئاقا - عەلی خامنەیی (ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران) کەوتووە. لەو دیدارە باڵایانەدا، سوێندی وەفاداری بۆ ڕێنماییە ئەمنییەکانی تاران دووپات کراوەتەوە و بەڵێن دراوە کە هەولێر نەک هەر نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر تاران، بەڵکو ببێتە پەنادەری ئارام بۆ کارە ئابووری و هەواڵگرییەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەکە.
تەنانەت کۆماری ئیسلامی بۆ پاڵپشتی کردنی لۆجێستیکی حیزبوڵڵای لوبنان لە ڕێگەی سووریاوە، بە تایبەت نێچیرڤان بارزانی نارد بۆ لای سەرۆک کۆماری سووریا - ئەحمەد شەرع، تاوەکوو نە تەنیا هەرێمی کوردستان ڕێگری نەکات لە قاچاخ و هەناردەکردنی چەک بۆ لوبنان، بەڵکوو سەرۆکی سووریاش ڕەزامەند بێت کە کۆماری ئیسلامی بە نهێنی ئەم چالاکیە نیزامیە ئەنجام بدات. لەپاڵ ئەمەشدا کۆماری ئیسلامی چیدی پاڵپشتی ئەفسەرانی سوپای پێشووی سووریا بە سەرۆکایەتی ماهیر ئەسەد (برای بەشار ئەسەد) نەکات کە لە ناوچە عەلەوییەکان و ڕۆژئاڤای کوردستان لە دژی دەسەڵاتی سیاسی ئێستای سووریا کێشە بنێنەوە.

بەشی دووەم: کێشمەکێشمی ئەمنیی ناوخۆ؛ لادانی نەزەت حالی دۆڵەمەری لە پاراستن و دانانی محسن گەردی
تێوەگلانی ئاشکرا و نهێنیی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سوپای قودسی ئێران، بێ باج نەبوو لە ناوخۆی بنەماڵەی بارزانی و دەزگای هەواڵگریی حیزبەکەی (دەزگای پاراستن). ئەم ململانێیە بووە هۆی دروستبوونی درزێکی قووڵ و بێ ڕێگری لە نێوان باڵی نێچیرڤان بارزانی و باڵی مەسرور بارزانی (سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی پارتی).
دۆسیەی نەزەت حالی (دۆڵەمەری): نەزەت حالی یەکێک بوو لە فەرماندە و بەرپرسە دیارەکانی ناو دەزگای پاراستن و کەسایەتییەکی زۆر نزیک و جێمتمانەی نێچیرڤان بارزانی بوو. ناوبراو لە ڕێگەی پێگەکەیەوە، سەرپەرشتیی ئاراستەکردنی کەناڵە ئەمنییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی نهێنی لەگەڵ ئەفسەرانی پێشووی سوپای بەعسی عێراق دەکرد و توانیبووی دەزگای پاراستن لە ڕێگەی ڕێنمایی و زانیاری تایبەتی ئەفسەرانی هەواگریی حکومەتی بەعسی ڕووخاو، زۆر مودێڕن و چالاک بکات و هاوکات ئاگاداری جمووجۆڵی تەواوی سوپای قودسی ئێرانی لە هەولێر و هەرێمی کوردستان بوو.

حالی دولەمەری- باوکی نەزەت حالی
فشاری مەسرور بارزانی و بڕیاری مەسعود بارزانی: مەسرور بارزانی، لە ڕواڵەتدا هەمیشە هەڵوێستێکی تووند و نەتەوەیی بەرامبەر بە دەستوەردان و هەژموونی ئێران هەبووە، ئەم تۆڕە سەربەخۆییەی بە مەترسیی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی سەروەریی حیزب و حکومەت دەزانی. مەسرور فشاری قورسی خستە سەر مەسعود بارزانی باوکی تا لە کۆتاییدا مەسعود بارزانی فەرمانی دەرکردن و دوورخستنەوەی یەکجاریی نەزەت حالی لە دەزگای پاراستن ڕاگەیاند.
قەدەغەکردنی پەڕینەوە بۆ ئێران: دوای لادانی، لەسەر بڕیاری توندی باڵی مەسرور بارزانی، ڕێگریی تەواو کرا لەوەی نەزەت حالی دۆڵەمەری بپەڕێتەوە بۆ ئێران یان پەیوەندییە هەواڵگرییەکانی لەگەڵ تاران نوێ بکاتەوە، تاوەکو نهێنییە حساسییەکانی دەزگاکە نەدۆڕێن و تۆڕەکە بە تەواوی هەڵوەشێتەوە.

دانانی محسن کوردی(گەردیی): بۆ بڕینی تەواوەتیی دەستی نێچیرڤان بارزانی لە جومگە ئەمنییەکان، محسن گەردی وەک بەڕێوەبەر و سەرۆکی نوێی دەزگای پاراستن دەستنیشان کرا. ئەم گۆڕانکارییە وای کرد کە تەواوی ئامێری هەواڵگریی پارتی بکەوێتەوە ژێر کۆنترۆڵی توند و یەکلاوەی باڵی مەسرور بارزانییەوە و چیدی نێچیرڤان بارزانی و دەست و پێوەندەکانی نەتوانن نهێنی زانیاریی و هەواگریی تایبەت بە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک جاران وەدەستخەن.
بەشی سێیەم: هێرش بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی؛ سیناریۆی دروستکراوی موساد و قوربانیدان بۆ ڕەزامەندیی خامنەیی
مووشەکبارانکردنی کوشندەی کۆشکی بازرگانی ناسراو پێشڕەو دزەیی (خاوەنی کۆمپانیاکانی فالکۆن و ئیمپایر) لە شاری هەولێر لە ۱۵ی کانوونی دووەمی ۲۰۲۴ لەلایەن بەکرێگیراوانی عێراقی سوپای قودسی پاسدارانەوە، لوتکەی دڕندەیی و سەودا و ماملەکردنی ئەمنی بوو لەسەر خوێنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
1. بانگەشەی ڕواڵەتیی تاران: سوپای پاسداران دەستبەجێ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ماڵی پێشڕەو دزەیی بنکەیەکی سەرەکیی دەزگای سیخوڕیی ئیسرائیل (موساد) بووە و لەوێوە پیلان دژی تاران گێڕدراوە.
2. شیکاریی هەواڵگریی پشتپەردە: پێشڕەو دزەیی وەک بازرگانێکی گەورە لە هەناوی تۆڕە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکاندا کاری دەکرد. دوای کوژرانی چەندین فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە سوریا و عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە، تاران تووشی شۆکێکی گەورەی ناوخۆیی بوو و پێویستی بەوە هەبوو سەرکەوتنێکی وەهمی و خێرا و ئامانجێکی گەورە لە ناو هەولێردا بپێکێت تا وەڵامی فشاری تووڕەییی ناوخۆی ئێران بداتەوە.

3. قوربانیدانی کارتەکان: زانیارییە شوێنی و لۆجستیکییە وردەکانی پێشڕەو دزەیی بە بێدەنگی و ڕەزامەندیی چەند لایەنێک ڕادەستی سوپای قودسی پاسداران کران تا وەک قوربانییەک و کارتێکی سووتاو پێشکەش بە عەلی خامنەیی بکرێت. ئامانجی ئەم فیداکردنە قێزەوەنە ئەوە بوو کە لە لایەکەوە ڕژیمی ئێران ڕازی بکرێت، و لە لایەکی دیکەشەوە، چاوی تاران لەسەر پەیوەندییە ئابووری و سەرمایەدارییە نهێنییەکانی دیکەی بەرپرسانی باڵای هەولێر داخرێت.
بەشی چوارەم: ئەدهەم بارزانی؛ لە "قیادە موەقەت" و دامەزراندنی "حزبوڵای شۆڕشگێڕ"ەوە تاوەکوو هاوکاری تەواوی باڵی سوپای قودسی پاسداران
ئەدھەم شێخ عوسمان بارزانی (ئامۆزای مەسعود بارزانی) یەکێکە لەو کەسایەتییە خێزانییانەی کە مێژوویەکی توند، پڕ لە گۆڕانکاری و وابەستەییی لەگەڵ هەواڵگریی ئێراندا هەیە:
ڕەگ و ڕیشە لە سەردەمی قیادە موەقەت: لە دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ۱۹۷۵، کاتێک بنەماڵەی بارزانی لە ئێران نیشتەجێ بوون، ئەدهەم بارزانی لە قۆناغی گەنجیدا کەوتە ژێر کاریگەریی توندی ڕەوتە شیعە سیاسییەکان، گرووپە چەکدارە ئێرانییەکان و ناوەندە حوکمییەکانی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران.

دامەزراندنی حیزبوڵڵای شۆڕشگێڕی کوردستان: لە ساڵی ۱۹۸۸، بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆ، دابینکردنی بودجە، چەک، تەقەمەنی و بونیادنانی لۆجستیکی لەلایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانەوە، ئەدهەم بارزانی ڕێکخراوی "حیزبوڵڵای شۆڕشگێڕی کوردستان"ی دامەزراند. ئەم ڕێکخراوە وەک بازووی ئەمنی، توندوتیژی و سیخوڕیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان دژی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی حکومەتی بەعسی عێراق کار و چالاکی دەکرد.

هەڵوەشاندنەوە و گەڕانەوە و پاشکۆیەتیی ئێستا: دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ۲۰۰۴، ئەم حیزبە بە فەرمی و قانوونی هەڵوەشایەوە و ئەدهەم بارزانی گەڕایەوە ناو پارتی. بەڵام بەهۆی ناکۆکیی قووڵ لەگەڵ باڵی مەسرور بارزانی، و لەوانە لە سەر چەند کێشەی تایبەت وەک باروودۆخی بەندکراوانی بادینان و پشتگیری باڵی شێخەکانی ناوچەی بارزان لە دژی هێژەمۆنی سیاسی و ئابووریی ماڵی مەسعوود بارزانی، ناوبراو دووبارە ڕووی لە سلێمانی و قیبلەی تاران کردەوە. لە ئێستادا ئەدهەم بارزانی وەک باڵێکی سیاسی و ئەمنیی سەر بە سوپای قودس دژی دەسەڵاتی زۆنی زەرد کار دەکات و پاراستن و هاوکاریی دارایی بەرچاو لە تارانەوە وەردەگرێت.
بەشی پێنجەم: تۆڕی سیخوڕیی تەکیەی کەسنەزانی؛ شێخ محەمەد و شێخ نەهرۆ لە خزمەتی CIA و بەعس و سوپای قودسدا
خانەوادەی کەسنەزانی (سەرکردەکانی تەریقەتی قادریی کەسنەزانی) نموونەیەکی بێ وێنە و مەترسیداری بەکارهێنانی پێگەی ئایینی، سۆفیگەری و جەماوەرییە بۆ ئەنجامدانی گەورەترین ئەرکی هەواڵگریی دووفاقە:
شێخ محەمەد کەسنەزانی (باوک): لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، شێخ محەمەد خاوەنی تۆڕێکی زەبەلاحی مورید، موریدخانە و پەیڕەو بوو لە سەرانسەری عێراق. ناوبراو لە لایەکەوە پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی بەعس (استخبارات و أمن عام) هەبوو بۆ پارێزگاریکردن لە پێگەی تایبەتی خۆی، و لە لایەکی دیکەشەوە کەناڵی نهێنی لەگەڵ دەزگا بیانییەکان و ئۆپۆزسیۆنی عێراقی هەبووە و زانیاریی پێ فرۆشتوون.

شێخ نەهرۆ کەسنەزانی (کوڕ): دوای کۆچی دوایی باوکی، شێخ نەهرۆ هەوساری تەریقەتەکەی گرتە دەست و ئیمپراتۆریەتێکی ئابووریی، کۆمپانیای زەبەلاح، زانکۆ و هێزی چەکداریی تایبەتی دروست کرد. ناوبراو تۆڕێکی فراوانی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری لە بەغدا و هەروەها لە بواری نێودەوڵەتیدا قایم کرد.
سیخوڕیی دووفاقە (CIA و فەیلەقی قودس): شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لە کاتی پرۆسەی ئازادیی عێراق و پاشان لە قۆناغی حوکمڕانیی نوێدا، وەک بریکار و سیخوڕێکی دووفاقە کارمەندی کردووە؛ لە لایەکەوە لە ڕێگەی پێگەی تەریقەتەکەیەوە زانیاریی هەواڵگریی حساسی بۆ دەزگای سیخوڕیی ئەمریکا (CIA) دابین کردووە، و لە لایەکی دیکەشەوە، هاوبەشی دارایی، سپیکەرەوەی پۆل و بازرگانیکەری سەرەکیی باڵی قودسی سوپای پاسداران بووە بۆ جێبەجێکردنی پلانە ئەمنی و سیاسییەکانی ئێران لە ناوەڕاست و باشووری عێراق.
بەشی شەشەم: تۆڕی بەرفراوانی مووچەخۆران و ئەندامانی فەرمیی فەیلەقی قودس لە باشووری کوردستان
تەواوکاریی ئەم نەخشە هەواڵگرییە لە باشووردا، لە ڕێگەی دابینکردنی بودجەی مانگانەی نەقدی، چەک، ئاسانکاریی سیاسی و لۆجستیکی بۆ ئەم کەسایەتییانە ڕێکخراوە:
1. محەمەد حاجی مەحمود (کاک حەمە): ناوچەی شارەزوور و بارەگا سەرەکییەکەی لە گوڵەخانە کردووەتە بنکەیەکی ئارامی لۆجستیکی بۆ پلان و پیلانی هێزەکانی سوپای پاسداران، و چەندین جار بە ئاشکرا دانی بە وەرگرتنی پشتیوانیی دارایی و سەربازیی ڕاستەوخۆ لە ئێران و شەخسی قاسم سلیمانی داناوە.
2. ئاراس شێخ جەنگی: ئەندامێکی کرداری و فەرمی لە تۆڕی ئەمنیی سوپای قودسدا؛ ئەندازیاری سەرەکیی شەوی ١٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ و ڕادەستکردنی کەرکووک بە ڕێنومایی سەربازیی تاران و هەماهەنگی قاسم سولەیمانی و حەشدی شەعبی.

3. ئالا تاڵەبانی: بازووی سیاسی، پەرلەمانی و ڕاگەیاندنی سوپای قودس لە بەغدا؛ کارکردنی بەردەوام بۆ لاوازکردنی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر وەرگرتنی پشتیوانیی سیاسی و دارایی لە تاران.
4. شێخ عیسا بەرزنجی: کەسایەتییەکی ئایینی و ئەمنی کە پردی پەیوەندیی نهێنییە لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و ناوچە کوردییەکاندا، و مووچەخۆر و وەرگری بودجەی تایبەتە لە تارانەوە بۆ بڵاوکردنەوەی شیعەگەریی ئاخوندەکان لە هەرێمی کوردستان.
5. عەلی باپیر (ئەمیری کۆمەڵی دادگەری): نوێنەری باڵی ئایدۆلۆژی و سیاسیی ئێران لە ناو ڕەوتی ئیسلامیدا؛ بەشێکی بەرچاو لە بودجە و هاوکارییەکانی حیزبەکەی لە ڕێگەی دەزگا تایبەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دابین دەکرێت و ئەمیش پشکی شێری بەردەکەوێت کە پێوەندی دەگەڵ سوپای قودسی پاسداران.
6. مەحموود سەنگاوی: فەرماندەی سەربازی لە ناوچەکانی گەرمیان و دیالە؛ دابینکەری ڕێڕەوی لۆجستیکی بۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و وەرگری چەک و پشتیوانیی سەربازیی تایبەت.

دەرئەنجام و شیکاریی کۆتایی
مێژووی نیشتمان بە خوێنی شەهیدان دەنووسرێت، بەڵام بڕیاری ژیانی بە لوولەی دەمانچەی بێگانە دەفرۆشرێت؛ ئەو کاتەی خێزان و حیزب دەبنە خاوەنی خاک، گەل تەنها شایەتی دۆڕانی خۆیەتی نەک زیاتر.
هەوڵدەدەم لە داهاتوودا ئەم لێکۆڵینەوە پڕ تێروتەسەلە، بە پشتبەستن بە وردەکارییەکان، یەک ڕاستی تاڵ و حاشاوهەڵنەگر ڕوون بکەمەوە و بە هەموان بسەلمێنم کە: قەوارەی هەرێمی کوردستان و کایەی سیاسیی باشوور تووشی داڕمانی ڕیشەیی سەروەری بووە. کاتێک نێچیرڤان بارزانی لە عەزیمیەی کرجەوە تا دیدارەکانی لەگەڵ عەلی خامنەیی و سەردار وەحیدی کایەی حوکمڕانی بەکار دەهێنێت؛ کاتێک ئەدهەم بارزانی لە دامەزراندنی "حیزبوڵڵای شۆڕشگێڕ"ەوە تا پاشکۆیەتیی ئێستا درێژە بە کار دەدات؛ کاتێک شێخ نەهرۆ کەسنەزانی و باوکی تۆڕی سیخوڕیی دووفاقە بۆ CIA و فەیلەقی قودس بەڕێوە دەبەن؛ و کاتێک نەزەت حالی لەسەر ناکۆکیی هەواڵگری و بنەماڵەیی لادەبرێت و بازرگانێکی وەک پێشڕەو دزەیی دەکرێتە قوربانی بۆ ڕەزامەندیی تاران؛ لە پاڵ تۆڕی بەرفراوانی مووچەخۆرانی زۆنی سەوزدا، دەرئەنجامەکە ئەوەیە کە:

سەرکردە و ڕێبەرە سێبەرەکانی باشووری کوردستان، سەروەریی خاک و ئاسایشی نەتەوەییان کردووەتە قوربانیی مافیاگەریی و پاراستنی کورسی، سامانی خێزانی و مانەوە لە ژێر ڕەزامەندی و چاودێریی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و میتی تورکیا و هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان.
ڤیدیۆی تایبەت:
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست