<

ئایا کورد مافی مۆسیقا و هەڵپەڕکێی ماوە؟

08/08/2026, 19:49 (GMT+1)
لە دوای ئەو هەموو خەباتە، ئەو هەموو ئەنفالە، ژینۆسایدە، بەهۆی نەبوونی سەرکردەی ژییر و هۆشیار، حوکمی بنەماڵە و ئەقڵی کەللە ڕەقیی و خێڵایەتیی، ئیسلامی سیاسیی، دزی و گەندەڵیی، نەبوونی پرۆژەی هاوبەش، بە تایبەتیی ناکۆکی نێوان کوردان، دەڵێین داخۆ کەی مافی گۆرانی گووتن و هەڵپەڕكێ لە کوردان دەسێننەوە!
کاتێک دەبینیت پەرلەمانی ئەرمینیا یادی ژینۆسایدی ئێزیدیەکان دەکاتەوە بەڵام لەم ڕۆژەدا نێچیرڤان بارزانی سەردانی جۆلانێ دەکات، ناهەقی ئێزیدیەکان ناگرین کە حاشا لە کوردوبوونی خۆیان دەکەن.
کاتێک دەقی پرۆژەی یاسای چارەسەریی کورد دەخوێنینەوە لە تورکیا، گریانت دێ؛ دەقێکە بۆ ترساندنی کورد و بە هیچ جۆرێک نەک ناوی کورد نەبراوە نە باسی مافی کورد و نە کێشەی کوردی تێدا باس نە کراوە. لەولاشەوە بۆ ئەوەی دەروێشەکانی پەکەکە بێ هیوا نەبن باس لە ئەگەری ئازادکردنی ئۆجەلان و دەمیرتاش دەکرێت.
کەرە مەمرە بەهارە
هەموومان ئاگادار بووین کە بە ڕەزامەندی تورکیا پەکەکە چووە قەندیل وەک چارەسەرێکی کاتیی، هەر ئاواش جەیشی تورکیی بەدوای خۆیدا هێنا بۆ باشور و ئێستاکە کە دەیانەوێت جارێکی تر بە بۆنەی پرۆژەی چارەسەرییەوە ئەندامانی پەکەکە لە سلێمانی جێگیر بکەن، وەها دیارە کە پلانی داهاتووی تورکیا وەک چۆن بەرەو قەندیل ڕۆشت لە داهاتوودا بەرە و سلێمانی و ئینجا کەرکوک دەڕوات بە بیانوی ڕاونانی ئەندامانی پەکەکە.
پارێزگای کەرکوک بە ئاشکرا هاوار دەکات کەرکوک شارێکی تورکیە و دژی مادەی سەد و چل دەوەستێتەوە بەڵام نەک مەسعود یەک بەرپرس؛ ئەوانەی کردیان بە پرێزگار ورتەیان لێوە نایەت.
ئارەقی شەمەزاری دەردەدەیت
مسعود دەڵێت لە دوای من قەوارەی هەرێم بپارێزن، وەک ئەوەی مەسعود خۆی قەوارەی هەرێمی دروستکردبێت، لە کاتێکدا هەموو دەستکەوتەکانی باشور ئەمەریکا و ئەورپا بۆیان خستنە سەر سینی حازر و ئێوەی جاشی تورکیا تێکتان داو جارێکی تر هەلێکی زێڕینی وەها هەڵناکەوێتەوە بۆ کوردان بەداخەوە.
خەنجەرم لێ بدە خوێنم لێ نایەت!
کاتێک دەبینیت بەپارەی دزی و گەندەڵی ژنێکی بورقە لەبەر لە ناوجەرگەی سلێمانیدا دووکانی جلکی ئیسلامیی دەکاتەوە، دەڵێین داخۆ دوواڕۆژمان بەرەو کوێ؟
چۆن گەیشتین بەم ئاستە نزمە؟
گەرمبوونەوەی کەش و هەوا بۆتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی ناوچە گەرمەکان لە جیهاندا بەرە و کوێستان، بۆیەکا کوردستان بۆتە خەونی عەرەبی ئێراقی و لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆچ بە لێشاو دەکەن، بەڵام هیچ یاسایەک بۆ پارێزگارییکردن لەم کێشەیە ئامادە نەکراوە و تەنها کەرتی تایبەتی چاوچنۆک بڕیار دەدا.
ئێمە خەباتی خۆمان کرد و قوربانی زۆرمان دا، ژیانی خۆمان خستە بەر مەترسیی، ئیدی نازانم جیلی داهاتوو چ جۆرە خەباتێک هەڵدەبژێرن بۆ پاراستنی خاک و کولتوور و زمانی کوردان !
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست