<

بۆ ئەوەی بەختەوەر بین دەبێت تورک بین

06/09/2026, 19:33 (GMT+1)
ئەمە دروشمی تورکەکانە. لەسەردەمی ئەتاتورکەوە و بەو دروشمە سیاسەتیان کردوە و کوردانیان سەرکوت کردووە، بەجۆرێک کە کوردبوون سەخت بووە بۆیەکا بەرامبەر بەوە ئۆجەلان دەیگووت ڕاکردن لێی نامەردیە، ئەوە بوو لەم دواییانەدا لە پرۆسەی نەهێشتنی تیرۆردا ئەو دروشمانەیان سڕییەوە لە شارە کوردەکاندا وەک یەکەم هەنگاوی پرۆسەکە.
کاتێک مەسعود سەردانی تورکیای کرد بە گاردەکانیەوە بە ئاڵای کوردستان لەسەر شانیان،  بوو بە هاوار لە تورکیا؛ چۆن ڕێگە بەوە دراوە؟ لە پۆستێکما لەسەر فەیسبووک ئەم ڕووداوەم وەک سیاسەتێکی تورک ناساند کە چۆن ئۆردوگان نیشانی ئاپۆی دەدات ئەگەر ئەوان سازش نەکەن و سەریان دانەنوێنن ئەوا دەسەڵاتی زیاتر دەدەن بە مەسعود، ئەو مەسعودەی کە ئاپۆ هەرگیز چارەی نەویستوە و ناهەقیشی نییە، نەک لەبەر ئەوەی کە ئەو پرۆژەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک پەیڕەوی ناکات بەڵکو لەبەر ئەوەی هەمیشە وەک سەرەک خێڵێک بە لۆژیک دژی هەنگاوەکانی ئاپۆیە ئەگەریش هاوڕابن، چونکا وەک دوو کەڵەشیر هەمیشە بە گژ یەکتریدا دەچنەوە کە کێ سەرۆکایەتی کوردان دەکات!
ئەوەتا ئێستاکە ئۆردوگان قسەکانی ئاپۆ دووبارە دەکاتەوە و بە ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە بارزانی دەکات کە دژی ئەنتێگراسیۆنی قەسەدە بوون لە جەیشی سوریا. ئۆردوگان دەستبەرداری والیەکی بووە و ئێستاکە والیەکی بەتواناتری هەس.
وەک سەرنج دەدەین تورکیا هیچ هەنگاوێکی نەناوە لە پرۆسەی ئاشتیدا چونکا ئەو ناوی ناوە پرۆسەی نەهێشتنی تیرۆر واتە چەک دانان. بە پێی هەواڵەکانیش پەکەکە هیچ داواکاریەکی فەرمیان بۆ مافی کوردان نەکردووە لەم پرۆسەیەدا. وەک دەبینین سیاسەتی قەیوم بەردەوامە و تەنانەت ئەحمەد تورکیش نەکراوەتەوە بە سەرۆکی شاروانی ئامەد. بەڵام سەرانی پەکەکە یەک بەیەک دەچن بۆ ئیمراڵی بۆ لای سەرۆک نەک بۆ گفتوگۆکردن بەڵکو بۆ گوێگرتن لە دواهەمین تیۆریەکانی ئاپۆ دەربارەی ئەنتێگراسیۆنی دیموراتیک و چۆن ئاپۆ ئەم پرۆسەیە دەبات بەڕێوە.
لە ڕۆمانی تاوان و سزای دۆستۆیڤسکیدا، کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە تاوانێکی ئەنجامداوە و بەو هۆیەوە لە گێژاوی دەرونیی بەتیندا دەژیێی بەجۆرێک کە ژیان بۆ ئەو مەحاڵە ئەگەر دان نەنێت بە تاوانەکیدا و خۆی بەدەستەوە نەدا. دوای تێپەڕین بە ئەشکەنجەیەکی بەتین هەتا ئاستی شێتیی، ئیدی کوتوپڕ لە ناوەڕاستی ئەو خەڵکەدا لەناو ئۆفیسی پۆلیسدا هاوار دەکات؛
من پیرەژنەکە و خوشکەکەیم کوشت!
ئاپۆش هەر ئەوەی ماوە بەدەنگی بەرز هاوار بکات و بڵیت؛
بۆ ئەوەی بەختەوەر بین دەبێت تورک بین!
لە پۆستی داهاتوودا لەسەر ئەم بابەتە دەنوسم لەبەر ڕۆشنایی ئەو دیالۆگانەی کە ئاپۆ ئەنجامی داوە لەگەڵ سێ سەرکردەی پەکەکە. کاک کەمالی جەمالی موختاری ئازیز بە سێ بەش دای ناوە لەسەر کوردستان پۆست. لینکەکەی لە خوارەوە دادەنێم، خوێندنەوەی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە هزری ئاپۆ و باری دەروونیی ئاپۆ.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست